Hoppa till innehåll
Hem » بۆ چی رەوایە حدکا لە گەڵ عەرەبستانی سعودی پێوەندى هەبێت و یارمەتی وەر بگریت؟، عومەر شەریفزادە

بۆ چی رەوایە حدکا لە گەڵ عەرەبستانی سعودی پێوەندى هەبێت و یارمەتی وەر بگریت؟، عومەر شەریفزادە

” ئیمە لە ناکۆکی و تەزادی دوژمنانمان بە مەبەستی قازانجی بزوتنەوە و درێژەى خەبات بە پاراستنیی مافى سەربەخۆیی لە بریار دانمان، کەڵک وەر دەگرین  ( دۆکتور قاسملوو )omer_sherifzade

ماویەکە لێرە و لەوێ بڕێک بە تانە و غەرەز و بڕێکیش لە روى دڵسوزیەوە باسیی ئەوە دەکەن کە گوایا حیزبی دێموکراتی کوردستان ئیران لە گەڵ وڵاتی عەرەبستانی سعودی پەیوەندی دامەزاندوە و لەو وڵاتەش یارمەتى وەردەگرێت بەهەر عەمەڵیاتێکی چەکدارانەش کە لە ناۆخۆى وەڵات لە لایەن پێشمەرگەکانی ئەم حیزبەوە ئەنجام دەدرێت تەنورى ئەم دەنگویانەش گەرم و پەرە دەستێنن با هەر لە سەرەتاوە ئەمە بگودرێت هەتا ئیستا نە حیزبی دێموکرات باسی پەیوەندی خۆی لە گەڵ عەربستانی سعودی کردوە و نە ئەم دەنگۆ دروست کەرانەش بەڵگە یان ئارگۆمینتێکی جێی متمانەیان بۆ سەلماندنیی دەنگۆکانیان بڵاو کردوەتەوە تەنیا ئەوە نەبێت وەک طوطى قسەکانی سوپای پاسداران دووپات و کاوێژ دەکەنەوە.

کاتێک مرۆڤ تەواشای تەرکیبی ئەو کەسانە دەکات کە ئەو دەنگۆیانە بڵاو دەکەنەوە لە بیری ساڵەکانی دەیەى هەشتای زاینیی دەکەوێتەوە، ئەو سەردەمەش حیزبەکانی ئەم ئەفرادە وەک حیزبی تودەی ئیران، حیزبى کمۆنیستى ئێران، ڕێکخراوى ئەکسەریەت، حیزبە بە ناو میللى بەڵام لە ئەساس دا شویینیزمەکانى ئێران، کۆنگرە چواریەکان  هتد…  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بە تایبەت شەخسی بەڕێز کاک دوکتور قاسملوویان وەبەر شاڵاوى رەخنە ئەدا کە لە گەڵ حکوومەتی عێراق پەیوەندى هەیە و لە دەوڵەتی بەعس یارمەتی وەردەگرێت، تەنانەت تۆمەتی چەکوو و چۆڵ و پوڵ وەرگرتن لە ناتۆشیان دەخستە پاڵ حدکا و بە تایبەت شەخسی دوکتور قاسملوو،  بەڵام زۆری نەخایاند هەر ئەو حیزبانە بۆ خۆیان نەتەنیا پەیوەندیان بە عیراقەوە گرت بگرە لە پەیوەندی گرتن ئەوندە چوونە پێش کە زۆر جاران هێڵی سوریشیان دەبەزاند (وەک منصوری حکمت و حیزبى کمۆنیستی ئێرانی ئەو دەم)

سەرچاوەى ئەسڵى ئەم دەنگۆیانە سوپای پاسداران واتە ڕێژیمى کۆماری ئیسلامی ئێرانە هەڵبەت ئەگەر هەرکەس رەخنە لە پەیوەندی حدکا لە گەڵ عەرەبستانی سعودی بگرێت، ریژیمی کۆمارى ئیسلامی ئێران مافی نیە رەخنە بگرێت لە بەر ئەوەی هیچ گروپ و دەستەى چەکدار و بێ چەک لە رۆژهەڵاتی نیوەراست نیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران  راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە گەڵی پێوەندى نەبێت و یارمەتی نەدات.

ماهییەتى سیستمی سیاسی رێژیمی ئیسلامی ئێران و عەرەبستانی سعودی وەک یەکە هەر دوو رێژیم دینی، دواکەوتو، دژى ئازادی و دژى ئینسانین جیاوازی ئەم دوو رێژیمە لەوە دایە کە حکومەتی ئیسلامی ئێران بە کۆمەڵ کوردی کۆشتووە و دەکوژێ، رێبەرانی ئیمەى کوردی تێرۆر کردوە، دەستی بە خوێنی خەڵکی کورد سورە و بە گشتی کارنامەی بۆ خەڵکى کورد گەلێک رەشە بەڵام عەرەبستانی سعودی خۆ هەتا ئێستا کوردی نەکۆشتووە.

لە ئەساس دا ئەم دەنگۆیانە پەیوەندی راستەوخۆیان لە گەڵ بریاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دەست پێکردنەوە بە خەباتی چەکدارى (راسان) هەیە واتە لە سەرەتای ساڵى نوێ کاتێک سکرتێری گشتی حدکا بریارى دەست پێکردنەوە بە خەباتى چەکدارانەی ڕاگەیاند، ئەم دەنگۆیانەش هاتنە ئاراوە بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە چونکە حیزبە کوردیەکانى دیکە کە باسی خەباتی چەکدارى ناکەن ئەم دەنگۆیانەشیان لەسەر بڵاو ناکریتەوە.

بڕیاری حدکا بۆ خەباتى چەکدارى، ئیدەیەکى نوێ نیە بەڵام بڕیاریکى گرنگ و مێژویە، گرنگە لە بەر ئەوەى دەکرێ و دەتوانرێت سەرەتاى قۆناغیکى تازە بێت وەک لە قسەکانى کاک مستەفاى هیجرى لە وتووێژ لە گەڵ بى.بى.سى دەردەکەوێت راسان تەنیا ئیقدامێکى چەکدارانەى کۆرت خاین نابێت بەڵکوو فرەرەهەند دەبێت و وەک ستراتژى نوێی موبارزاتی حدکا بە مانایەکى دیکە رنسانسى ئەم حیزبە دەژمێردرێت.

رێبەرایەتى حدکا نابێ تەسلیمی پروپاگەندەی ئەو کەسانە بن لە راسان یان پەیوەندى گرتن بە سعودیەکانەوە دوو دڵ یان پاشگەز ببنەوە بەڵکوو دەبێ جیددیتر لە سەرى ڕاوەستن و درێژەى پێ بدەن. دەبێ هەر وەک چۆن بەڕێز کاک دوکتور قاسملووش لە کاتی خۆی تەسلیمی فڕوفیشاڵی نەیارانی حیزبی دێموکرات نەبوو بە ئامانجى درێژەى خەبات دژى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە عیراق یارمەتی وەرگرت دواتر مێژوو دروست بوونى بریارى حیزبى دێموکراتى سەلماند بۆ حاشا کردن نابێت ئاکامی پەیوەندیەکانى حیزبی دێموکرات لە گەڵ وڵاتی عێڕاق هەم بە قازانجی حیزب و هەمیش بە قازانجی بزوتنەوەی نەتەویی کورد لە کوردستانى ئێران تەواو بوو.

ئیتفاقەن مەسەلەی پیوەندی حدکا لە گەڵ عەرەبستانی سعودی زۆر لەوە گرنگترە کە چوار نەفەر کۆنە تودەیی بیانەوێت بە واهیمە دروست کردن بۆ خەڵک مانیعى بن یان ئەحیانەن تێکى بدەن گرنگە لە بەر ئەوەى ئەم باسە و دەس پێ کردنەوە بە خەباتى چەکادارى پێکەوە لێک گرێ دڕاون و تەنیا بەشێک لە بەرنامەیەکى گەورەترن کە قەرارە لە داهاتو بە بەشدارى چالاکانەى سعودیەکان لە ناوچەکانى دەور و بەرى کوردستان روو بدات باسیی دروست کردنى هەریمیکى سوننى مەزهەب لە تەنیشتى هەریمى باشورى کوردستان بە بەشدارى تورکیە و عەرەبستان و هاۆئاهەنگى لە گەڵ کاک مسعود بارزانی چى دیکە باسێکى شاراوە و قسەى پشتیی پەردە نین بەڵکو گەڵالەیەکی داڕژراوى جیددیە کە زۆر بە وردى کارناسانی ئەمنیەتى و سیاسى کارى لە سەر دەکەن.

باسى پێوەندى حدکا و عەرەبستانى سعودى گرنگ و لە جێ خۆى دایە لە بەر ئەوەى دوژمنایەتى ئەم وڵاتە لە گەڵ کۆمارى ئیسلامى تا رادەیەک چوەتە پێش کە گڕانەوەى بۆ نیە تەنورى شەڕی مەزهەبی، شەری سیاسی، شەری نەوت و ئابووری، شەری نیابەتی ، شەرى هیژمون تەڵەبی، شەرى رەوانی و تەبلیغاتی لە نێوان وان بە تەواوى گەرم و هەر ئیستەش قوناغی دەس تێوەردان لە نێوخۆی یەکتر دەستى پێ کردوە کۆمارى ئیسلامێ ئیران بە راشکاویی خەریکى ڕێکخستنى شیعەکانى ناوچەی کەنداوە دژى عەرەبستانى سعودیە. لە لایەکی دیکەوە ناکۆکى و دژمنایەتى ئەم دوو وەڵاتە گەورە و کۆنە پەرەستەى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست  لە قازانج و بەرژەوەندى وەڵاتانى رۆژئاو لە ئوروپا و ئەمریکایە پێش ئەوەى ئاڵوزى لە نێوان ئەم دوو وڵاتە بەم چەشنە پەرەبستینێت قیمەتى هەر بەرمیلێکى نەوت لە سەرەوەى سەد دولار بوو بەڵام ئێستە لە خوارەوەى پەنجا دوڵارە (ئوروپا رۆژانە نیزیک بە پانزدە مێلیون بەرمیل نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست وارد دەکات) هەر چەند فاکتورى دیکەش بۆ دابەزینەى قیمەتى نەوت هەن بەڵام پەرە گرتن و قووڵ بوونەوەى ناکۆکیەکانى ئەم دو وڵاتە سەرەکیترین هوکارە.

لە ئاکامى ئەم تێڕوانینە دایە دامەزراندنى پێوەندى حدکا و وەڵاتى سعودیە لە بەرژەوەندى خەڵکى کورد و حدکا بەرئاورد دەکرێت چونکە ئەگەرى دروست بوونى سیناریویەک بە مۆدیلى رۆژئاواى کوردستان لانى کەم بۆ بەشێک لە کوردستان ئیران لە ئاکامى دژمنایەتى عەرەبستان و ئیران دوور لە چاۆەروانیی نیە.

دیارە ئەگەر حدکا بە هوی مۆلاحیزاتی سیاسی بە فرمی ئیعتراف بە پیوەندی خۆى لە گەڵ عەرەبستانی سعودی نەکات ، جێ ئیراد نیە بەڵام جێ ئیراد دەبێت ئەگەر ئەم حیزبە بە فرمى کەتمانى دامەزراندنى پێوەندى خۆى لە گەڵ عەرەبستان و یان مەحکوومى بکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران رەوایە لە گەڵ عەرەبستانی سعودی پێوەندى هەبێت و هەر جورە یارمەتێک لەو وەڵاتە وەربگرێت لە بەر ئەوەى :

یەکەم ـ سرۆشتی خەباتی نەتەوایەتى و چەکداری وایە بە بێ یارمەتی دەرەکی بە رێوە ناچیت بە ناچار پیویستى بە یارمەتیی دەرەکى دەبێت ئەم ئەسڵە تەنیا شامیلى کورد نابێت بەڵکوو لە هەموو جێگایەک هەر بەم رەواڵە بوە شورشى فەلەستین لە نیزیکی کوردستان لەم بارەوە باشترین بەڵگەیە رێبەرانى فەلەستین بە تایبەت یاسر عەرەفات دەستى یارمەتیی بۆ زۆربەى هەرە زۆرى وەڵاتان بە تایبەت عەرەبستانى سعودى درێژ کرد و لە یارمەتى ئەوان کەڵکى وەر گرت ئەگەر پێوەندى گرتن و یارمەتیی وەرگرتن لە سعودیە بۆ یاسرعەرەفات رەوا بێت دەلیلى نیە بۆ خەڵکى کورد نارەوا بێت بەڕیز کاک مسعود بارزانی بە شانازیەوە باسیی پێوەندی خۆی لە گەڵ عەرەبستانی سعودێ دەکات بۆ ئەو وەڵاتە سەفەر دەکات و لە بەر چاۆى دوربینەکانەوە لە گەڵ بەرپرسانێ سەرەوەى عەرەبستان کۆ دەبیتەوە ، ئەگەر پێوەندی بارزانی لە گەڵ عەرەبستان رەوایە ئەى بۆ نابێ بۆ حدکا رەوا بێت ؟! ریسکى پیوەندى لە گەڵ سعودیەکان بۆ حدکا کاتێک کەم دەبێت و زیاتر بە قازانج دەبێت کە ئەم حیزبە راست و خۆ واتە بە بێ واسیتە لە گەڵ عەرەبستان پیوەندى هەبێت هەر چند رەنگ بێت لە سەرتاوە لە کاناڵى بەڕیز بارزانیەوە پیوەندى دابمەزرێت.

دووهەم ـ هیچ حیزبێکی گەورە و ناسراوی کورد نیە لە درێژەى دەورانى خەباتى خۆى لە گەڵ وەڵاتانی زاڵ بە سەر کوردستان یان دەور وبەری کوردستان پێوەندى نەبوو بێت یان یارمەتیی وەر نەگردبێت ( تەنانەت شورشە میژویەکانى کوردیش هەر وا)  پارتى دێموکراتی کوردستان و یەکیەتی نیشتیمانى لە رێژیمەکانی شا و کۆماری ئیسلامی یارمەتی جوراو جوریان وەر گرت پارتى کریکارانی کوردستان ( پ.ک.ک ) بە لێشاۆ لە دەۆڵەتی حافیز ئەسەد لە سوریە هەموو یارمەتیەکی وەر گرت تەنانەت ئەو حیزبانە لە پێۆەندی لە گەڵ دەۆڵەتەکان زۆر جاریش چرا سوریان رەد دەکرد هەر خۆدی حیزبی دێموکرات کوردستانی ئیرانیش ساڵانێکی دوور و درێژ لە حکومەتی سەدام حوسین یارمەتی وەر گرت لە حاڵێک دا ماهیەتیی دژی کوردی ، دژى ئینسان و دژى ئازادى ئەو دەۆڵەتانە ئەگەر لە ماهیەتی عەربستانی سعودی خراپتر نە بێت باشتریش نیە.

سەرەراى هەموو ئەوەى لە سەرەوە بە نیسبەتى رەۆا بوونی پێوەندی حدکا و وەڵاتی عەرەبستانی سعودی و بە حوق بووننی ڕاسان باس کرا ، بە بروای نوسەری ئەم دێڕانە هەم پێوەندی لە گەڵ عەرەبستان و هەمیش بەرنامەکانى راسان لە سێ حاڵەت دا سەرکەۆتو نابن حاڵەتی یەکەم ئەوەیە کە حدکا لە دامەزراندن و بەرێوە بردنیی پێوەندی لە گەڵ سعودیەکان ئەو قسە بە نرخەى کاک دۆکتور قاسملوو کە لە سەرەتاى ئەم بابەتە هاتوە لە بەر چاۆ نەگێرێت ، لە حاڵەتێ دووهەم دا راسان سەکەۆتو نابێت ئەگەر خەباتى چەکدارى ببیتە هوى زاڵ بوونى رادیکالیزم سیاسیی واتە حێزبى دێموکرات بە هوى راسانەوە لە کۆمەڵگاى مەدەنى و خەباتى مەدەنی لە گەڵ نێوخۆى کوردستانى ئیران دوور بکەویتەوە لە حالەتى سیهەم دا نە پیوەندى لە گەڵ عەرەبستان سعودى و نە راسان سەرکەۆتو نابن مادام کە ئەم قۆناغە نویە لە گەڵ حیزبى دێموکراتى کوردستان دابەش نەکرێت و پێکەوە بەرێوەى نەبەن.

وەک دوست و دڵسوزى حیزبى دێموکرات پیشنیار دەکەم، حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران لە بەستنى کۆنگرە،  کۆبونەوەکانى کۆمیتەى ناوەندى و تەنانەت ئەو کۆبونەوانەش کە بە بۆنەکانى حیزبى پێک دێن لە باشورى کوردستان خۆ بپارێژێت رێژیمى دینی ئێران لە فیکرى زەربە لێدانە، دەبێ رێبەرایەتى حیزب وەک رێبەرانى پارتى کریکارانى کوردستان (پ.ک.ک) یان رێبەرانی موجاهدینی خەڵک رەوشتى خەباتى نەهینی رچاو بکەن.  چونکە بە سەر فەرشى سورەوە دانیشتن خەباتى چەکدارى ناکرێت جگە لەمەش رێبەرى حیزبى دێموکرات نابێ فەراموش بکات دیوارى کورد کۆرتە.

ع ـ شریف زادە ـ ٢٨ى سیپتامبرى ٢٠١٦ى زاینیی ـ ئاڵمان