لەسەر داوای ڕێکخراوی ئویریبرۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سوید، ڕۆژی١٠/٩/٢٠١٦ بەشداریی سمینارێکم کرد و سەبارەت بە ساڵیادی دامەزراندنی ٧٠ ساڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان
وتارێکم پێشکەش بە کوردانی دانیشتووی شاری ئۆیریبرۆ لە وڵاتی سوید کرد. لەو سیمینارەدا بە گوێرەی بەڵگە مێژووییە سەلماندراوەکان ئاماژەم بە مێژووی ژیانی پارتی دیموکرات و شکان و سەرکەوتنەکانی و کۆسپەکانی بەردەمی لە سەردەمی ئێستادا کرد. لە ڕەوتی وتەکانمدا، بەشداران چەندان جار بە چەپڵە لێدان پێشوازیان لە وتارەکەم کرد و دوای کۆتایی سیمینارەکەش، زیاتر لە ٣٠ کەس بە سوپاسەوە، داوایانکرد وێنەم لەگەڵ بگرن.
هەروەک چۆن من لە وتار و کتێبەکەنمدا لایەنی ڕاشکاویم لە دەربڕینی ڕاستییەکان کردوەتە ئامانج، لەو سیمینارەشدا بە پشت بەستن بەم ئەسڵە، ئاماژەم بە چەند ڕاستییەک لە مێژووی پارتی دیموکرات و بزووتنەوەی کورد لە باشوری کوردستان کرد. لەناو ئەو کۆمەڵە خەڵکە زۆرەدا کەسێک بەناوی ”محەمەد مەندەلاوی” کە گوایە نوێنەری کەرتی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە لە ئویریبرۆ لەگەڵ هاوڕێیەکی وتەکانمیان بەدڵ نەبوو. مەندەلاوی گوتی سەرتاپای وتەکانت درۆن و من بە نوسین وەڵامت دەدەمەوە!
٢٦/٩/٢٠١٦ وەڵامەکەیم بەناوی ”بەشی ڕاگەیاندنی کەرتی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پارێزگای ئوربرو” لە ڕۆژنامەیەکی عەرەبی زمان ”جمعیة کانیاسبیی الثقافیة و الآجتماعیة” بینی. هەرچەندە ناوبراو بە داب و سروشتی پەروەردە بوونی چەندان بێڕێزی بەمن کردوە، بەڵام من بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان و تێکۆشەرانی بە ئەمەک و نیشتمانپەروەریی یەکێتی نیشتمانی تەنیا وتارەکەی خۆم و وەڵامەکەی ئەو بڵاودەکەمەوە لەگەڵ چەند کۆپلەیەک لە وتاری ڕۆژی ٢/٧/٢٠١٦ی خۆی کە دەربارەی چەواشەکارییەکانی حیزبەکەی بڵاویکردوەتەوە و ئەرکی دادوەریی ئەو هەڵوێستانەی مەندەوی بە خۆی و بە خوێنەران و کوردەکانی دانیشتووی شاری ئۆیریبرۆ دەسپێرم و ئەگەر بەڕێزیشیان دەیەوێت بەڵگەی ڕاستینی وتەکانی من لەو سیمینارەدا ببینێت، پێشنیازی پێ دەکەم، ئەم کتێبانەی من بخوێنێتەوە و بەڵگەکان ببینێت: کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، ڕاپۆرت دەربارەی هەڵبژاردن و پەرلەمانی کوردستان، کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان. باشوری کوردستان لەنێوان دوو هەڵبژاردندا. تراویکەی پیلانەکان دژبە نەتەوەی کورد. چەواشەکەرانی مێژووی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان لە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە تا جەمیل بایک.
سیمیناری یادکردنەوەی ٧٠ ساڵەی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان
باس کردنی لە مێژووی ٧٠ ساڵەی پارتی دیموکرات کاتێکی زۆری پێویستە. بۆ ئەوەی من بتوانم لە ماوەی دیاریکراودا بابەتەکەم پێشکەش بە ئێوەی بەڕێز بکەم، وتارەکەم بە ٦ قۆناخی ژیانی پارتی دیموکرات بەستەوە کە کاتێکی کەمتری بوێت. هیوادارم سودی لێ ببینن:
قۆناخی یەکەم: هەموومان دەزانین کە مەلا مستەفا بارزانی دوای شەڕێکی دوو ساڵە و شکانی شۆڕشی دووەمی بارزان، ڕۆژی ١١/١٠/١٩٤٥ ناچار بوو لەگەڵ شێخ ئەحمەد و زۆربەی عەشیرەتی بارزان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاشەکشە بکات. ئەوەش دەزانین کە مەلا مستەفا تەنیا کەسایەتییەک بوو کە ڕۆژی ٢٢/١/١٩٤٦ وەک میوان بەشداریی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستانی کرد. لە مەودای نێوان ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، تا ٢٨/٢/١٩٤٦، بارزانی بە دوو کارەوە سەرقاڵ بوو:
یەکەم: وتووێژ کردن لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد و ڕێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بارزانییەکان بە چ پەیمانێک بەشداریی کۆمار بکەن.
دووەم: کۆبوونەوە و وتووێژی بارزانی لەگەڵ ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی ئازادی کوردستان کە پارتێکی هاوشێوەی حیزبی دیموکرات بۆ باشوری کوردستان دامەزرێنن کە ئاکامی هەردوو خەباتەی بارزانی ئەرێنی بوون.
بۆ مەبەستی دووەم، بارزانی بە پشتبەستن بە چوار ئەزموونی وەک:
١- شەڕی خەلیفەکانی عوسمانی، دژی شێخانی بارزان.
٢- شۆڕشی یەکەم و دووەمی بارزان.
٣- ئەزموونی پارتی ئازادی کوردستان کە مەلا مستەفا ڕۆژی ١٥/١/١٩٤٥ دایمەزراندبوو.
٤- ئەزموونی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە دامەزرابوو.
بارزانی لەگەڵ ڕێبەرانی پارتی ئازادی کوردستان بڕیاری دامەزراندنی پارتی دیموکراتیان دا. بۆ ئەو مەبەستە بارزانی ڕەوانشاد هەمزە عەبدوڵای ڕەوانەی باشوری کوردستان کردەوە کە بە گوێرەی هەلومەرج، کۆنگرەیەک پێک بێنێت و پارتی دیموکراتی کورد ڕابگەیەنێت. ئەو کۆنگرەیە بە گوێرەی بەرنامە لە ڕۆژی ١٦ی ئاب واتا ٢٥ی گەلاوێژی ١٩٤٦دا بە نهێنی لە بەغدا پێکهات و پارتی دیموکراتی کورد دامەزرا.
مەبەست لە دیاری کردنی ٢٥ی گەلاوێژ، بۆ ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکرات، بە باوەڕی من، باوەڕهێنانی بارزانی و سەرکردەکانی ئەو سەردەمەی باشوری کوردستان بوو بۆ ڕۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان کە هاوپەیمانی خەباتی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
بۆ مەبەستی یەکەم: ڕێککەوتنی بارزانی لەگەڵ پێشەوا کە خاڵی جەوهەریی بووە لە داڕشتنی بیری مەلا مستەفا کە تا ئێستاش پارتی دیموکرات وەک ئامانجی ستراتیژیی خەبات، بۆخۆی دیاریی کردوە. ئاکامی ئەو وتووێژانەی نێوان پێشەوا قازی محەمەد و سەرکردەکانی حیزبی دیموکرات لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی بەگشتی ئەم چوار خاڵانەی خوارەوە بوو کە لە دوا کۆبوونەوەی پێشەوا و بارزانی لە کانگای حیزبی دیموکرات دا لەلایەن محەمەد محمود قودسی هاوڕێی بارزانی خوێندرایەوە:
١- کۆماری کوردستان سەربەخۆ بێت
٢- کۆماری کوردستان بەشێوەی دیموکراتی بەڕێوە بچێت
٣- کۆماری کوردستان هەوڵ ڕزگارکردنی بەشە داگیرکراوەکانی تری کوردستان بدات
٤- کۆماری کوردستان هەوڵبدات بژیوی خەڵک بەرێتە سەر و ئابووریی کوردستان ببوژێنێتەوە
ڕۆژنامهی کوردستان دهقی ئەو ڕێککەوتنەی له ژمارهی ٢٣یدا، بڵاوکردهوه.
دوایی ئەو ڕێککەوتنە، بارزانییەکانی باڵی سەربازیی کۆماریان لە ئەستۆ گرت و لە قاراوا و بەرزاییەکانی ملقەرەنی و میراوێ چەند شانازیان دەستکەوت.
بارزانییەکان هاوکات لە بوارەکانی پەروەردەی سەربازیی و خوێندن و بەڕێوەبەرایەتیدا هاوکاریی کۆماریان کرد.
قۆناخی دووەم: ژیانی پارتی دیموکرات و سەرۆک مستەفا بارزانی، دوای هەرەسهێنانی کۆمار، لە ساڵی ١٩٤٧ وە دەستی پێکرد:
لەو قۆناخەدا بارزانییەکان، لە ڕۆژی ٣/٣/١٩٤٧ و تا ١٧/٦/١٩٤٧ لە ناوچەکانی قاڕنێ، نەڵۆس، گۆجاڕ، دەشتی شنۆیە، هەڤرین و هەلەج لە بەرەی مەرگەوەڕ، نێرگێ، قتور و پردی ماکۆ تا دەگاتە سەر لێواری ئاراس توشی کۆمەڵێک شەڕی دژاوا بوون و ٢٧ پێشمەرگەیان شەهید بوون.
بارزانی و هەڤاڵانی دوای ئەو شەڕانە، چوون لە خاکی یەکیەتی سۆڤیەتەوە و بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لە یەکیەتی سۆڤیەت مانەوە بارزانی ١١ و پێشمەرگەکان ١٢ ساڵ. لەو ماوەیەدا مەلا مستەفا و زۆربەی بارزانییەکان لە بەشەکانی تیکنیک، پزیشکی، میکانیک، کشتوکاڵ و سیاسەت دا خوێندیان .
من شانازیی ئەوەم هەبوو هەفتەی ڕابردوو سەردانی ئەو ماڵە بکەم کە بارزانی لە مۆسکۆ خوێندنی تێدا تەواو کردبوو، و هەر لەوێش مام جەلال سەردانی کرد بوو لە ساڵی ١٩٥٧ دا.
دوای کودەتای ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ – ١٤/٧/١٩٥٨، بارزانی بە ڕۆمانیای و چیکۆسلۆڤاکیای و میسردا گەڕایەوە بۆ عێراق. ”ئەنتۆنی نۆڤۆتینی” سەرۆکی چیکۆسلۆڤاکی و ئەنوەر سادات سەرۆکی میسر خۆیان پێشوازیان لە بارزانی کرد و ئەویان لە پلەی سەرۆکێکی قارەمانی کورد، بە حورمەتەوە بەڕێ کردەوە بۆ عێراق.
کاتێک بارزانی گەیشتەوە بەغدا پارتی دیموکرات، حیزبێکی قەدەغە کراو و نهێنی و زۆر لاواز بوو، بەڵام توانیبووی جگەلە کۆنگرەی یەکەم، دوو کۆنگرەی تر لە ساڵانی ١٩٥١ و ١٩٥٣ لە بەغدا و کەرکوک پێک بێنێت. لەو سەردەمەدا هەمزە عەبدوڵا سکرتێری پارتی بوو.
قۆناخی سێیەم: بە ساڵی ١٩٥٨ و گەڕانەوە بارزانی بۆ عێراق دەبەستێرێتەوە، لەو ساڵەدا، چالاکییەکانی پارتی دیموکرات ئازاد کرا و بارزانی ئیمتیازی ڕۆژنامەی خەباتی بۆ پارتی وەرگرت و کۆمەڵانی خەڵک هاتن لە پارتیدا کۆبوونەوە. هەروەک گوتم ئەو کاتە هەمزە عەبدوڵا سکرتێری پارتی بوو. ئەو و ئیبرایم ئەحمەدی زاوای کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بوو لە کێشەیەکی قوڵ دا بوون. کێشەکەیان لە سەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حیزب بوو. هەمزە عەبدوڵا لایەنگریی لە تیۆریی مارکسی لێنینی دەکرد و ئیبراهیم ئەحمەد لایەنگری بەڕێوە بردنی حیزب بوو بە تیۆریی ماو تستۆنگ. کێشەی ئەو دووانە و لایەنگرانیان کێشرایە کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکرات. لەو کۆنگرەیەدا کە یەکەم کۆنگرەی پارتی بوو کە ڕۆژی ٣/١٠/١٩٥٩ لە بەغدا پێکهات و سەرۆک پارتی واتا بارزانی خۆی بەشداریی تێدا کرد. بارزانی پشتی ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵانی گرت و لە ئاکامدا هەمزە عەبدوڵا، خەسرەو تۆفیق، نەژاد ئەحمەد، حەمید عوسمان و ساڵح حەیدەری بە دەنگی زۆرینە لە پارتی دیموکرات دەرکران. بە دەرچوونی هەمزە عەبدوڵا و هەڤاڵانی لە پارتی، کێشە لە ڕیزەکانی پارتیدا بە کۆتا نەهات و کێشەیەکی مەزنتر ڕوویدا کە دەتوانم بێڵم هەتا ئێستاش بەردەوامە.
ئیبرایم ئەحمەد دەیویست خۆی وەک سکرتێری پارتی ئەرکی سیاسی پارتی بەڕێوەبەرێت و مەلا مستەفا بەرپرسی باڵی سەربازی پارتی بێت. ئەمە جێی پەسەند نەبوو، چونکە ئەوکاتە بارزانی وەک سەرۆک و قارەمانێکی نەتەوەیی گەڕابووەوە بۆ عێراق و کاریگەریی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازیی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا هەبوو.
لە ڕەوت و بەردەوامیی ئەو کێشەیەدا ڕۆژی ١١/٩/١٩٦١ شۆڕشی ئەیلول سەری هەڵدا. ئەو کاتە بارزانی لە گوندی بارزان بوو. لەگەڵ ڕاگەیاندنی شۆڕش نەبوو، بەڵام پێنج ڕۆژ دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، لە ڕۆژی ١٦/٩/١٩٦١، چوار فڕۆکە خۆیان گەیاندە سەر گوندی بارزان و گوندەکانی ناوچە و هاوینە هەواری ”بەبانیان” لە چیای شیرین بۆمباران کرد و لەوێوە بارزانی سەرۆکایەتی شۆڕشی کرد.
لە ڕەوتی شۆڕشی ئەیلول دا، ئیبراهیم ئەحمەد کەڵکی لە هەل وەرگرت و ڕۆژی ٤/٤/١٩٦٤ بە بەشداریی نزیکەی ٨٠ ئەندام کۆنگرەیەکی لە ماوەت پێکهات و لەو کۆنگرەیەدا بارزانی لە حیزب دەرکرد. لە بەرامبەردا، بارزانی و کۆمیتەی چاودێری پارتی، ڕۆژی ١/٧/١٩٦٤ بە بەشداری ٦٠٠ ئەندام کۆنگرەی شەشەمیان لە ناوچەی قەڵادزێ پێکهات و داوایان لە ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵانی کرد کە بێن لە کۆنگرەدا کێشەکەیان چارەسەر بکەن، کە ئەوان ڕازی نەبوو. لە ئاکامدا ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵانی لە پارتی دەرکران. کۆنگرەی بڕیاری دا دەزگای چاپەمەنی و ڕادیۆی شۆڕش کە لە ماوەت بوو لەو گروپە بستێنێتەوە. کاتێک پێشمەرگە گەیشتنە ماوەت، ئیبراهیم ئەحمەد کە پێشتر لەگەڵ شای ئێران پێوەندیی دامەزراند بوو، چوو بۆ تاران و ڕژێمی ئێرانیش هەڤاڵانی نارد بۆ هەمەدان، بەڵام پێشمەرگە هاوڕێکانیان کە ٦٩٠ کەس بوون، بەرە بەرە گەڕانەوە لای شۆڕش و بارزانی.
بارزانی ساڵی ١٩٦٥ ئەو گروپەی بەخشی. جگەلە ئیبراهیم ئەحمەد، ئەوانی تر گەڕانەوە بۆ حاجی ئۆمەران. بەشێکیان لە پارتیدا کاریان وەرگرتەوە و بەشێکیشیان لە دۆڵەڕەقە لە ناوچەی ڕانیە نیشتەجێ بوون. ئەوانەی دۆڵەڕەقە، لەژێرەوە پێوەندیان بە ڕژێمی عێراقەوە گرت و لە یەکەم ڕۆژی ساڵی ١٩٦٦دا ڕایانکرد و چوون دژی پێشمەرگە چەکیان بۆ ڕژێمی عێراق هەڵگرت. بنکەیان لە بەکرەجۆ دانا و لەگەڵ سوپای عێراق پەلاماری پێشمەرگەکانی پارتیان لە ناوچەی قەرەداغ و چەند ناوچەی سلێمانی دا و زیاتر ٢٠ کەسیان شەهید و بریندار و بەدیل گرت. بەڵام نەیانتوانی لە بەرامبەر ڕای گشتی گەلی کورددا دەوام بێنن.
شۆڕشی ئەیلول سێ دەستکەوتی زۆر مەزنی بۆ کورد هەبوو:
یەکەمیان: پارتی دیموکرات ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی پێکهێنا و سیستەمی حکومەتی لەنێو شۆڕشدا دامەزراند و بە شێوەی حکومەت، دەزگاکانی لە بوارەکانی خوێندن، تەندروستی، کۆمەڵایەتی، شارەوانییەکان، سەربازیی و ئیداریی ڕێکخستەوە. ئەو سیستەمەی ئێستا لە کوردستان و بەتایبەتی لە بادینان و هەولێر و زۆنی زەرد هەیە، بەشێکی ئەزموونی شۆڕشی ئەیلولی ئاوێتەیە.
دووەم: شۆڕشی ئەیلول بۆ یەکەم جار لە ژیانی سیاسی نەتەوەی کورددا ڕۆژی ١١/٣/١٩٧٠ ئوتۆنۆمییەکی یاسایی لە حکومەتی عێراق بۆ کورد وەرگرت و ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵانی لە بەغداوە گەڕانەوە نێو شۆڕش، بەڵام ئەمجارەیان، ڕۆژی ١٠/٦/١٩٧٠ بەنهێنی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی کوردستانیان لە دڵی پارتی و شۆڕشی ئەیلولدا دامەزراند و کاریان بۆ ئەو ڕێکخراوەیە دەکرد.
لە شۆڕشی ئەیلول دا ڕژێمی عێراق سێ جار هەوڵی تیرۆری سەرۆک بارزانی و ئیدریس و مەسعود بارزانی دا:
یەکەم: ڕۆژی ٦/١٢/١٩٧٠ لە بەغدا جاشەکانی سەربە ڕژێمی عێراق ویستیان ئیدریس بارزانی بکوژن. لەو کارە تیرۆریستییەدا حەمید بەرواری بەرکەوت، بەڵام نەمرد. هات بۆ سوید و تا ڕۆژی مردنی بە کەمئەندامی مایەوە.
دووەم: ڕۆژی ٢٩/٩/١٩٧١ لە دانیشتنێکی بارزانی و دوکتۆر مەحمود عوسمان کە لەگەڵ ٧ مەلا کە لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە بەو ناوانەی خوارەوە ڕەوانە کرابوون، هەوڵی تیرۆری بارزانی درا، بەڵام بارزانی و دوکتۆر مەحمود بەرنەکەوتن: عەبدولجەبار ئەعزەمی، ئیبراهیم خوزاعی هەڵگری بۆمبەکە، ئەحمەد عەبدوڵا یاسین هیتی، عەبدولوەهاب ئەعزەمی، ئەحمەد محەمەد قاسم، باقر موزەفەر و سەید نووری حوسێنی.
سێیەم: ڕۆژی ١٥/٧/١٩٧٢، ئیستخباراتی عێراق، کوردێکی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانی بەناوی ئیبراهیم گاباری بە هەگبەیەکی پڕلە TNT ناردە حاجی ئۆمەران کە ئەگەر کرا بارزانی بکوژێت و ئەگەرنا ئیدریس یان مەسعود تیرۆر بکات کە گاباری خۆی چوو و پیلانەکەی بە پاراستنی شۆڕش ڕاگەیاند.
قۆناخی چوارەم: شۆڕشی ئەیلول دوای ١٤ ساڵ، لە ١١/٣/١٩٧٥، بە پلانێکی نێودەوڵەتی و دەستێووەردانی ڕاستەوخۆی شای ئێران ڕاوەستا، پێشمەرگە بڵاوبوونەوە، بەڵام شەوی ٢٥ لەسەر ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦ لەژێر ناوی شۆڕشی گوڵان سەریهەڵدایەوە. لەو ڕۆژەدا مەفرەزەیەکی چوار کەسیی بە فەرماندەیی سەید عەبدوڵا حاجی ئۆمەرانی لە پێگەی ”گردی سەڵاواتان” لە ناوچەی حاجی ئۆمەران کە بەشوێن دوژمنەوە بوون، خۆیان لە کەمینی دوژمن کەوتن و لە ئاکامدا سەید عەبدوڵا شەهید بوو. لە ڕەوتی شۆڕشی گوڵاندا پارتی دیموکرات سەرکردایەتی کاتی (قیادەی موەقەت) پێکهێنا. لەو قۆناخەدا، پارتی دیموکرات توشی چەند کارەساتی دڵتەزێن بووە کە بریتی بوون لە:
١- سەرۆک بارزانی کە لە شۆڕشی ئەیلولدا توشی شێرپەنجە ببوو، ڕۆژی ١/٣/١٩٧٩ کۆچی دوایی کرد.
٢- سامی عەبدولڕەحمان لەگەڵ کۆمەڵێک، دوای کۆنگرەی نۆیەم لە ٤/١٠/١٩٧٩ لە پارتی جیابووەوە. کاک سامی سەرەتا بەناوی قیادەی موەقەت و دواتر بەناوی پارتی گەل خەباتی کرد و دواتر گەڕایەوە ڕیزی پارتی ئەرکی سکرتێری پارتی گرتە ئەستۆ.
٤- تیرۆریستەکانی ڕژێمی عێراق ڕۆژی ڕۆژی ٨/١/١٩٧٩ لە ڤیەن بە پلانێکی پێشوەخت تەقەیان مەسعود بارزانی کرد کە دوو لە کادرەکانی پارتی بەناوەکانی پیرۆت ئەحمەد و ئازاد بەرواریی بەرکەوتن، بەڵام لە مەرگ ڕزگاریان بوو.
٥- پاکتاوکردنی کوردی فەیلی و بێ ناسنامە کردنیان.
٦- ئەنفالی بارزانییەکان لە کۆمەڵگاکانی قوشتەپە و هەریر لە ٣١ی تەموزی ساڵی ١٩٨٣ و کیمیابارانی هەڵەبجە، شێخ وەسان و بادینان لە ساڵی ١٩٨٨دا
٧- شەڕی گوندی بازێ لە ناوچەی هەکاری، ناسراو بە شەڕی هەکاری. لەو شەڕەدا یەکێتی نیشتمانی ١٠٠٠ پێشمەرگەی بە چەک و بێچەکی بەناو بۆ چەک هێنان لە سوریا ڕەوانە کردبوو، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ پاککردنەوەی ٢٥٠ پێشمەرگەی پارتی دیموکرات لە ناوچەی بادینان بوو کە سەرەتا عەشیرەتەکانی سندی، گولی، بەواری و هەرکی بنەجێ و دواتریش پارتی بەرەنگاریان بوونەوە. بۆ ئاگاداریی ئێوە، بەرلەوەی کە مام جەلال بگەڕێتەوە بۆ نۆکان لەگەڵ کاک مەسعود لە دیمەشق بڕیاریان دابوو، هەرکام لەو دوو حیزبە، کاتی هێنانی چەک لە سوریا، یەکتر ئاگادار بکەنەوە، کە نەکات لە کەمینی یەکتر بکەون، کە یەکێتی ئەو ڕێککەوتنەوەی لەبەر چاو نەگرت.
٨- کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیی سەرکردە لە رۆژی ٣١/١/١٩٨٧، لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا، کە زیانێکی گەورە بوو بۆ پارتی دیموکرات.
لە هەمان کاتیشدا پارتی سێ دەستکەوتی بەدەست هێنا:
١- ئاشتبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٨٦.
٢- دامەزراندنی بەرەی کوردستان ڕۆژی ٢/٥/١٩٨٨.
٣- درێژەدان بە خەباتی چەکدارانە دژی ڕژێمی عێراق.
قۆناخی پێنجەم: بەرەی کوردستانی دەستکەوتی گەورەی بۆ کورد هەبوو:
بەرەی کوردستانی بە سەرۆکایەتی، سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی ڕاپەڕینی ٥ی ئەیاری ساڵی ١٩٩١ شار و گوندەکانی باشوری کوردستانی کرد. سەرۆک مەسعود بارزانی ڕۆژی ٢٠ی ئادار لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی شاری کۆیەدا، داوای دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا و هەلبژاردنی کرد.
هەڵبژاردنی ڕۆژی ١٩/٥/١٩٩٢ کرا، پارتی ٥١ % و یەکێتی نیشتمانی ٤٩% دەنگیان هێنایەوە. یەکێتی ئاکامی هەڵبژاردنەکەی قبووڵ نەکرد، پارتی ملی دا بە پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی ٥٠% بە ٥٠%.
بە ڕای من، ئەو تەسلیم بوونەی پارتی کە بۆ ئاشتی ڕیزەکانی کورد کردی، کێشەیەکی زۆری بۆ کورد دروست کرد و هەتا ئێستاش بەردەوامە.
لە سەرەتای ژیانی پەرلەمانیدا، پەرلەمانی کوردستان وەبەر پەلاماری پەکەکە کەوت. دواتر لەنێوان یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی و حیزبی شیوعی و سەرئەنجام لەنێوان یەکێتی و پارتیدا شەڕ هەڵگیرسا. شەڕی نێوان پارتی یەکێتی، ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و دوو ئیدارەی لێکەوتەوە. ٣١ی ئاب دەسکەوتی مێژووی بۆ پارتی دیموکرات دەستەبەر کرد و هەولێری لە ئاڵۆزیی و ئاژاوە ڕزگار کرد.
ساڵی ١٩٩٧، پارتی و یەکێتی پەیمانی ئاشتیان واژۆ کرد، حکومەتی هاوبەشیان پێکهێنا و دواتر پەیمانی ستراتیژیان واژۆ کرد، بەڵام جیابوونەوەی گۆڕان لە یەکێتی لە ٢٠٠٩دا، بە کردەوە دوو ئیدارەیی زیندوو کردەوە.
ڕۆژى ١/٢/٢٠٠٤ پارتی دیموکرات لە کردهوهیهكى تیرۆريستیدا سامی عهبدولرهحمان، شهوکهت شێخ یهزدين، سهعد عهبدوڵا، مهحمود هالۆ . ئهكرهم مهنتك پارێزگارى ههولێر، مههدى خۆشناو جێگرى پارێزى ههولێر و سهرۆکى یهكێتى نوسهرانی لقى ههولێر، عهميد نهريمان عهبدولحميد سهرۆکى پۆليسى گشتی ههولێر، ئهحمهد ڕۆژبهيانی قايمقامى ناوهنديى ههولێری لە دەست دا و یهكێتى نيشتمانی كوردستانیش دوو ئەندامی سەرکردایەتی خۆی بە ناوەکانی شاخهوان عهباس و خهسرهو شێره لە دەست چوو.
قۆناخی شەشەم: لەگەڵ ئەوەدا پارتی دیموکرات لە قۆناخی ئازاد بوونی باشوری کوردستاندا توانی ئەم دەستکەوتانەی خوارەوەی هەبێت:
– هەڵکردنی ئاڵای کوردستان.
– دەرهێنانی نەوت و گاز بۆ کوردستان.
– دامەزراندنی پێوەندیی دیپلۆماسی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و بەستنەوەی کوردستان بە دیپلۆماسی دنیا.
– فەرماندەیی کردنی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش لەلایەن سەرۆکی پارتی دیموکرات کە سەرۆکی هەرێمیشە.
بە لێکدانەوەی من، پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ لە ٧٠ ساڵەی ژیانیدا، ڕووبەڕووی ئەم کێشانەی خوارەوەیە و پێویستە سەرکردایەتی پارتی هەوڵی چارەسەر کردنیان بدات.
١- بەگەڕ خستنەوەی پەرلەمانی کوردستان، هەموومان دەزانین پەرلەمان و حکومەت بە تەوافوق پێکهاتن، بەڵام یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان ئەو تەوافوقەی شکاند و بۆ قازانجی حیزبەکەی کودەتای بەسەر پارتیدا کرد، بەڵام سەرنەکەوت.
٢- کێشەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان بە ڕاپرسی یان بەبێ ڕاپرسی؟
– ئەگەر بە ڕاپرسی بێت، بەڵگەی یاسایی دەکەوێتە دەست گەلی کورد و هیچ دەوڵەتێک ناتوانی دژی ڕای گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان بوەستێت.
– ئەگەر بەبێ ڕاپرسی بێت، دەوڵەتی عێراق دەتوانێ بەرەنگاری بێتەوە و کێشە بۆ کورد دروست بکات و ئێران و تورکیا و سوریاش هاوکاریی دەکەن.
٣- کێشەی ناسەقامگیریی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. کۆسپی گەورەی بەردەم پارتی دیموکراتە، چونکە پارتی خۆی ناتوانێت بەبێ یەکێتی زۆنی سەوز ئیدارە بکات. پێویستە پارتی دیموکرات هەوڵ بدات یەکێتی بە یەکگرتووی بمێنێتەوە.
٤- کێشەی پەکەکە، کە گرفتی سەرەکییە بۆ باشوری کوردستان. پەکەکە نزیکەی ٨٠ گوندی باشوری کوردستانی لە قەندیل داگیرکردوە. لە ناوچەکانی سیدەکان، برادۆست، مزوریی، نێروە، ڕێکان، بەرواریی، گولی و سندی نەیهێشتوە هاووڵاتیانی باشوری کوردستان نزیکەی ٤٠٠ گوند ئاوەدان بکەنەوە. لە شەنگال و بەتایبەتی چیای شەنگال کە شوێنێکی ستراتیژییە، کۆسپی گەورەیە بۆ دوای ڕۆژی باشوری کوردستان کە بە پلانی دوو ڕژێمی ئێران و عێراق بەڕێوەی دەبات و بەناوی دامەزراندنی حشدی شەعبی پارە لە عێراق وەردەگرێت.
٥- شەڕی داعش کە بودجەیەکی زۆری کوردستان بەفیڕۆ دەدات.
٦- کێشەی ١ ملیۆن ٨٠٠ هەزار ئاوارە کە بەشی زۆریان لە دهۆکن و پێویستیان بە ئاو، کارەبا، پێڕاگەیشتنی تەندروستی و پارێزگاریی هەیە.
٧- کێشەی بڕینی بودجەی کوردستان و پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠١٤وە لە لایەن بەغدا.
٨- حشدی شەعبی کە ئەزموونی سوپای پاسدارانی ئێرانە و بۆ دەسەڵاتی زیاتری شیعە لە عێراق دامەزراوە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ باشوری کوردستان لە دواڕۆژدا.
با هەموومان بۆ نوێ بوونەوە، دادپەروەریی و پێکەوە ژیان تێبکۆشن
بە سوپاسەوە: حامید گەوهەری
………………
ئەمەش دەقی وەڵامەکەی محەمەد مەندەلاوی بە بێ دەسکاریی کردن:
میوانداری گروهبان حامیدی گەوهەری بە بۆنەی ١٦ی ئابەوە بە ناوی مێژوونووس!!
خوێنەری هێژا، پێشەکی ویستمان ئەوە بڵێن، کە پارتەکەی ئێمە، کە ”یەکێتیی نیشتمانی کوردستان”ە هەڵگڕی بیری کوردستانیە،
هەر لە ناوەکەیەوە دیارە، کە ناوی هیچ وڵاتیکی داگێرکەر پێوەی نەلکاوە، چونکە لای ئێمە نە خێڵ نە بنەماڵە هەرگیز لە کورد و کوردستان پیرۆز تر نیین. هەمیشە لە رێبازی مێژووی یەکێتییەکەمان دا لایەن گری مافی ماف خۆراو بووینە، هەرگیز بوختان کردن و تاوانبار کردنی بێ پایەو دوور لە ڕاستی دژ بە هەر کەسێک یان لایانیک بێ لای ئێمە جێ قایلبوون نەبووە و نییە. چونکە ئێمە لەناو یەکێتیی وەها پەروەردە کراوین، کە قسەی نا حەق و درۆ قەبوول ناکەین لە هەر کەسێک یان لایانیک بێ بۆ مانا ومەبەست گۆڕین و ناوزڕاندن؟. خوێنەری بەڕێز، ئەو چەند دێڕەی سەرەوە پێشەکێکی زۆر کورت بوو بۆ ناساندنی ڕەوشتی یەکێتیی لە ڕێگای خەباتی کوردایەتی دا.
هەڤاڵان، بابەتەکەی ئەمڕۆمان وڵامێکە بۆ گروهبان یەکەمی سوپای شای نەفرین کراو، کە برادەرانی پارتی لە شاری ”ئوربرو – Örebro” مێواداریی کردبوون بە بۆنەی یادی ١٦ی ئابەوە ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێمەیش وکو لایانیکی ڕامیاری کوردستانی داواکرابووین، داواکەیان بە ڕێزەوە قەبوول کرا و بە چەپکێی گوڵەوە هاوبەشیمان کرد لە یادەکە و ووتاری خۆمان خوێندەوە و پیرۆزبایی گەرمیش ئاراستەی سەرۆک و ئەندامان و لایانگرانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کرد، کە ئەمە پێشەکی وتارەکەمان بوو: ئامادەبووانی هێژا، کوردانی سەر بەرز و ئازا (٧٠) ساڵ لەمەو پێش لە ڕۆژیکی سەخت و دژواردا کە هەوری ڕەش باڵی کێشا بوو بە سەر کوردستانەکەمان، لە ساتیکی مێژووی دا لە سەر دەستی پۆلیک لە ڕۆڵەکانی کوردی تێکۆشەری ئەو سەردەمە، لەسەر هەموویانەوە سەرکردەی نەمر (مصطفى بەرزانی) پارتی دیموکراتی کوردستان هاتە دامەزراندن، بە بوونەی هاتنی ئەم ڕۆژە شکۆدارە بەناوی کەرتی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای ”ئوربرو” پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی سەرۆک و ئەندامان و لایانگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین و هیوادارین پارتەکەتان بەردەوام لە گەشەکردن و پێشکەوتن دا بێ، هەتادوایی. پاش ئێمەیش چەند پارتیکی تری کوردستانی وتاری خۆیان خوێندەوە و پیرۆزبایی کوردانە ئاراستەی سەر جەم ئەندامانی پارتی و سەرۆک (مەسعوود بەرزانی) کردن. بەڵام لەوێ بێحورمەتییەکە دەستی پێ کرد دژ بە یەکێتییەکەمان کاتی کە گروهبانیکی دەورانی شای ئێران بە ناوی مێژوونووس چووە سەر دوانگەکە و دەستی کرد بە قسەی حەلق و مەلەق و بێ مانا، بێگومان وتەکانی دەتوانی هەر شتێک بێ بێجگە لە مێژوو، چونکە مێژوو زانستە، مرۆڤی پسپۆڕ و دەرچووی زانکۆ دەتوانی لاپەرەکانی باش بخوێنیتەوە و شیکردنەوەی بێلایەن و هەڵسەنگاندنی ڕاستگۆیانە بۆی بۆ بکا نە گروهبانیکی (سێ خەت = عَريف) دەرچووی سەربازگەی شای گۆر بەگۆر، کە دڵێ پڕە لە ڕق وکینەی ڕامیاری و پارتیگەری و هی تر؟. ئەگەر بە ڕاست مێژوونووسە پێویستە باش بزانی کە مەبەست گۆڕینی مێژوو کردارێکی بێئابڕووە. خوێنەری هێژا، بەگوێرەی وتەکەی گروهبان یەکەم گەوهەری: ئەگەر ٣١ی ئاب ڕوو نەدایا شتی گەورە تر ڕوو ئەدا” عەزیزان، ئەم کابرایە ئەگەر ئەلیف و بای ڕامیاری تێبگا، نەدەبوایە ئەم قسە بازاریە یا ئەم بەهانەیە بەم شێوە.. باسی بکردبا، لەبەر ئەوەی کە بەو چۆنیەتیەی کە باسێ کرد تاوانباری خۆی و ئەو لایانە کرد کە بێ شەرمانە پاکانە بۆی کرد لە وتەکانی دا، ئەگەر ڕاست ئەڵێ، بۆ بە ئامادبووانی یادەکە نەگوت ئەو شتە گەورەیە چێ بوو کە ڕۆژە ڕەشەکەی ٣١ی ئابی نەهێشت ڕوو بدا!!. باشە جەنابی گەوهەری، تۆ چێ دەڵێ ئەمرۆ بە ئەو لایانەی مێوانداریت کرد لەبەر ئەو ١٦ بنکەی سوپا و میتی تورکییە کە لە دەڤەری بەهدینانن؟؟. خوێنەری بەڕێز، ئێمە لەبەر ڕێز و حورمەتی خەڵکەکە، کە ئامادەی بۆنەکە بوون و بەهۆی ڕێزگرتنمان لە برادەرانی پارتی – هەر چەند برادەرانی پارتی بێ وژدانیان کرد لەو بۆنە دا نیسبەت بە یەکێتیی- بەڵام ئێمە نەمان وویست قسە قۆڕەکانی پێ ببرین، ڕێگاماندا تا تەواوی بکا. کاتی کە تەواوی کرد و بوو بە پڕسیار کردن ئێمەیش دوو ئەنداممان بەدوای یەکدا هەڵسانە سەر پێ و پێم گوتن: یەکەم شت تۆ هیچ شیکردنەوەیکت نییە بۆ٣١ی ئاب..، دووەم تۆ ”کۆمپیوتەریک” لە بەر دەستتە لێ دەخوێنی و دیسان درۆ ئەکەی. ئیتر کاک (سۆران قەرەداغی) کە سیمینارەکە بە ڕێوە دەبرد ڕێ نەدا گۆفتگۆ لەگەڵیا دا بکەین؟. بەڵام پێش ئەوەی دوو ئەندامەکانی ئێمە بنیشن لەجێگای خۆیان پێان ڕاگەیاند ئێمە وڵامەت ئەدەینەوە. پاشان بەو خۆشکان و برادەرانەی ئامادەی بۆنەکە بوون دوو ئەندامەکانمان پیان گوتن: ئەگەر ٣١ی ئاب و داوای سوپای داگێرکەری عێراق بۆ داگێرکردنی پایتەختی باشووری کوردستان وەکو گروهبان گەوهەری پاکانە بۆی ئەکا ڕووداویکی گرنگە و پڕۆژەیکی سود بەخشە بۆ نەتەوەی کورد، بۆ پارتی ساڵانە یادی ناکاتەوە و جەژنی بۆی بگری؟؟. ئایا گروهبان گەوهەری قانونی ئازاد بوونی عێراقی نە خوێندیە؟، کە کۆنگرسی ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٩٨ دەری کرد؟ کە لە بەندی ٨ی ئەڵێ: ”میری عێراق زۆر لە ئوپوزسیونی عێراقی نابوود کرد کاتی کە لەسەر داوای لایانیکی کوردی؟ چووە ناو شاری هەلێر، پایتەختی هەرێمی کوردی”. ئەگەر بەکرێگیراوان بیماری لەبیرچوونیان هەیە، بەڵام بیری گەلی کورد ئەوەندە تێژە هەرگیز ئەو رۆژە ڕەش لە بیر ناکا؟ کاتی کە بینی دەبابەکانی سەدامی تاوانبار لە ناو هەولێر ئەسورانەوە و سوپاکەیشی کاری بێ حورمەتی لە بەرامبەر خەڵکی هەولێری خۆراگر ئەنجام دا. چونکە لە داب و نەریتی عەرەب وایە، کە کاتی پەلاماری (غزو) وڵاتیک یا شاریک ئەدەن ئەو شارە یان ئەو وڵاتە تا چەند ڕۆژیک ئازادە بۆ ئەو سوپایە هەرچی پێ ئەکا و هەر ڕەفتاریکی.. لەگەڵ دانیشتوانەکەی ئەکا؟؟. خوێنەوەری هێژا، لە درێژەی وتە بازاریەکانی گروهبانی مێژوونووس، گوت: ”کاتی پارتی هەولێری گرت ئیتر دزی لە شارەکە نەما”. مەبەستی گروهبان ئەوە بوو، کە لەسەردەمی بەڕێوەبردنی یەکێتیی بۆ شاری هەولێر دزی زۆر بوو لە شارەکە!!. ئا ئەمە قسەی مرۆڤیکە کە ڕێز لە خۆی بگری!!، ئا ئەمە ئاخاوتنە!!، لە کوی جیهان دا چەند لەشکری (فرقە) داگێرکەر بە ٦٠٠ دبابە شاریک داگێر دەکاو تاڵانی نەکا!! عەرەبی گوتن ”إذا لم تستحي فافعل ما شئت = ئەگەر ئابڕووەت نییە هەرچێ پێت ئەکڕی بێکە؟؟”. خۆشکان و برایان، قسەی ئەم کابرایە دژی ژیربێژی (علم المنطق) نییە؟؟. شاریک بەدەستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە بێ دزی تیا زۆر بوو!!، بەڵام کاتی کە سوپای داگێرکەری عەرەب، ئەو سوپایە کە ئەنفالی خەڵکی کوردی کرد و ١٨٢٠٠٠ هاوڵاتی کورد زیندوبەچاڵ کرد، ئەو سوپایە کە بە بۆمبی شیمی لە هەلەبجە و شار و گوندەکانی تری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، ئەو سوپایە کە ٨٠٠٠ هەزار بارزانی بێ گوناه زیندە بەچاڵیان کرد، ئەو سوپایە کە ١٠٠٠٠ هەزار ڕۆلەی فەیلی بێ سەر وشوێن کرد کە تا ئێستە گۆرەکانیان دیار نییە هتد، ئایا ئەم سوپایە لەگەڵ ئەو لایانە کە بوو بە ڕێزان، ڕێ نیشان کەری سوپای داگێر کەری عێراق بۆ ناو شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە گوێرەی حامیدی گەوهەری لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمینتر و دڵسوز ترن لە سەر شاری هەولێر و خەڵکی هەولێر!!، ئاخر ئەمە چ مەنتقێکە جەنابی گروهبان..؟؟. خوێنەری هێژا، ئەبێ گەوهەری نەزانی ئەنفال چیە!!. ئەبێ نەزانی بۆ سەدام حوسەینی نەفرەت لێکراو ئەم ناوە لە هێڕشەکەی نا کاتی کە پەلاماری گەلی کورد بێ چەک و بێ تاوان دا لەباشووری کوردستان!!. دیارە هەڤاڵ گەوهەری خەبەری نییە، کە ئەنفال سوورەتیکە لە ١١٤ سوورەتەکەی قورئان دا. جەنابی گروهبان، هەر ئەم سوورەتەیە کە حەق بەموسەڵمانان ئەدا هێڕش بکەنە سەر خەڵکانی تر، کە موسەڵمان نیین؟ تا موڵک و ماڵ و داراییان بە ژن و مندالانیانەوە تاڵان بکەن و بە دیل ببەن.
هەڤاڵ گەوهەری، مەگەر ئەو ئەنفالچیانە عەرەب نەبوون لە سەدەی ٢٠ بەناوی ئەنفال هێڕش کردنە سەر کوردی ئاشتی خۆاز و کچەکانیان بە دیل بردن و لە بازاری کۆیلە فرۆشان لە میسر و میر نشینەکانی کەنداوی فارس فرۆشت؟؟. ئاخر چۆن ئەم ئادەم کوژانە لە گەڵ ئەو لایانە کوردیە کە مێژووەکەی خۆی بەم کردەوە ئابڕوبەرە لەکەدارکرد لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی دڵسۆزتر و بە وەفا ترن بۆ کورد و کوردستان!!. باوەرتان بێ، ئەم کردەوەی پارتیە لە ووڵاتانی جیهان ئابڕوو کوردی برد. مەگەر حامیدی گەوهەری لە وڵاتی سوێد نیشتەجێ نییە، لەبیری چوو یەک رۆژ پاش داگێر کردنی هەولێر، لە پەرلەمانی سوێد کورد بوو بە گاڵتە، کاتی پەرلەمانتاریکی ئوپوزسیون یاری کرد لە گەڵ بەپەرلەمانتاریکی میری و گوت پێ دژم مەوستە وەئیلا داوای سوپای عێراق بۆت ئەکەم. سوێدیەکە لە کوتایی دا گوت بێگومان ئەمە ڕسوابوونە، بە سوێدی پێ ئەڵێن: ”skam”. خوێنەری هێژا، بمانبوورە بۆ درێژە دانی بابەتەکە، چونکە گروهبان گەوهەری چەند خاڵیک باس کرد پێوستی بە وڵامدانەوەیە، لەبەر ئەوەی ئەو بێجگە لە پارتی هێڕش کردە سەر زۆربەی لایانە خەباتکەرە کوردستانیەکان لە باشوور و باکوور و رۆژئاوا. هەڤاڵان، لە درێژەی وتە ناجۆرەکانی گەوهەری گوت: ئەو شەرە کە لە نێوان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان ڕوویدا بە هۆی قازیک بوو!!. ئا ئەم قسەیە چی ڕاستە؟!. تۆ خوا ئەمە پێوست ئەکا کەسێک خۆی بە مێژوونووس لە قەڵەم بدا بەم شێوە هەرزانە درۆ بکا، هەر لە شێوەزاری داڕشتنی وتەکەی دیارە کە ئەمە ڕاست نییە. دیسان باسی ئاشتبوونەوی یەکێتیی و پارتی کرد کە لە ساڵی ١٩٨٦ لە ئێران واژۆ کرا. جەنابی گەوهەری، خوالێخۆشبوو ئیدریس بەرزانی کرد بە ئەندازیاری ئاشتبوونەوەکە!!. بەڵام بە پێچەوانەی وتەکانی گەوهەری کاتی خۆی لە تەلەفیزیونی ئێران بینیین، کە ئەو وڵاتە ناو براوە ئاشتیان کردەوە. خوێنەری بەڕێز، مێژوونووس کاتی شت دەنووسی یا قسە دەکا لە سیمیناریک پێویستە زۆر بە وردی و دڵسۆزانە کاری خۆی بکا تا نەکەویتە ناو هەڵە، بەڵام هەڤاڵی گروهبان چەندها جار لە ناو قسەکانی باسی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانی کرد، بەڵام ئەوەی من خوێندومە لە سەرچاوەکان دا ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردە نە کوردستان؟ کورت کراوەکەی ”ژ.ک”ە بە مانای ژیانەوەی کورد. بە عەرەبیش ئەبێ بە ” عصبة الإحياء الكوردي”. لەبەر ئەوەی جیاوازی لەنێوان کورد و کوردستان زۆرە، گروهبان پێویستە بزانی کە کورد نەتەوەیە و کوردستان نیشتمانە؟؟. دیسانەوە هەڤاڵ گەوهەری باسی یەکەم هەڵبژاردنی هەرێم کرد کە لە ساڵی ١٩٩٢ ئەنجام درا، پاش هەندی ناکۆکی لە کۆتایی پارتی و یەکێتیی ڕێکەوتن لە سەر بە پنجا بە پەنجای دەنگەکان. بەڵام ئەم کابرایە دیارە چاوانی لە پشتی سەریە و پێشەوەی خۆ نابینی؟؟. ئەگەر وەهایە بۆ باسی دەڤەری بەهدینان ناکە کە مردووەکانیش زیندوو بوونەوە و دەنگیان دا بە پارتی؟؟. با شتیک هینی ئەمرۆ بیخەمە بەر دیدەی ئێوەی هێژا. هەر وەکو هەمووتان ئەزانن کە نە یەکێتیی و نە گۆڕان لە هەڵبژاردنی دواییدا هیچی لەدەنگەکانی پارتی یا پارتیکی تر نەبردون، چونکە دیارە، ئەوە لە بەهدینان لە دهۆک وەکو جاران یەکێتیی و گۆڕان چەند هەزار دەنگیک هاوردن، ئێوە ئەزانن یەکێتیی و گۆڕان دەنگ دەرەکانی هەردووکیان دەنگدەری یەکێتیین، ئەوەیە لە پەرلەمانی کوردستان ٤٢ کورسیان هەیە لە بەرامبەر پارتی ٣٨ کورسیی هەیە؟. ئایا ئەمە نیشانە نییە کە هەڵبژاردنەکەی ١٩٩٢ دەسکاری کرا لە لایان پارتیەوە؟ بیجگە لەو هەموو سەرپێچیە کە توومار کرا و لە ڕۆژنامەکانی ئەو کات باس کرا؟؟. خوێنەری کوردی، لە قسەکانی بەڕێز حامیدی گەوهەری دیار بوو، کە پاکانە ئەکا بۆ پارتی، بۆ ئەو هەڵانە کە پاش ئازاد بوونی هەرێمی کوردستان کردی. بۆ نموونە، باسی وتووێژکەی دوبلنی (Dublin)کرد لە نێوان یەکێتیی و پارتی، بەڵام باسی ئەوە نەکرد کە کاتی لە وتووێژ دا بوون لەو ووڵاتە ئەوروپیە پارتی لە هەرێم هێڕشی کردە سەر پێشمەرگەکانی یەکێتیی؟؟!!. دیسانەوە، باسی تاوانەکەی هەکاری کرد، کە هیچ کەس ناتوانی پاکانەی بۆی بکا، چونکە دیارە لای گەلی کورد کێ تاوان بارە؟؟. بەڵام بەپێچەوانەی ڕاست و ڕەوان، گەوهەری ویستی تاوان باری تووشبووەکان بکا!!. دیارە نازانی (سەید کاکە) پێش مانگیک مێوانی بەرنامەی ”پەنجەمۆر” بوو کە کاناڵی ”ڕووداو” پێشکەشی دەکا، لە وڵامی پڕسیاریکی کەناڵەکە لە سەر تاوانەکەی ”هەکاری” (سەید کاکە) بە بێ چون و چرا یەکسەر گوتی سامی سنجاری لێی بەرپرسە؟؟. ئەو کاتیش سامی یەکیک بوو لە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (قیادە مووەقەتە). لە درێژەی وتەکانی گەوهەری گوت: ”٧٣٪ی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە مەسعوود بەرزانی داوە”. ئیمجا کێ ئەڵێ ئەمە ڕاست نییە؟! زۆر ڕاست و دروستە کە جەنابی کاک (مەسعوود) ئەو دەنگانە هاورد لە هەڵبژاردنەکەی پێشوو.
بەڵام ئەوەی کە دروست نییە و کە دیارە جەنابی گەوهەری نازانی خەڵکی هەرێم ئەو دەنگانە بە کاک مەسعوود بەخشین بۆ چوار ساڵ بوو، بەڵام ئەو چوار ساڵە تەواو بوو و نزیکە چواری تریش تێپەر ئەکا، بە کورت و پوختی کاتی سەرۆکایەتیەکی تەواو بووە؟؟ یەعنی بەگوێرەی قانون شەرعییەتی نەماوە؟؟. هەڤاڵ گروهبان خەڵک ئەو دەنگانەی پێ بەخشا بۆ چوار ساڵ بوو نە بۆ هەتاهەتایی!!. هەڤاڵی گروهبان گەوهەری، سرۆکیک پاش ئەوەی کە کاتی سرۆکایتیەکەی تەواو بێ پێ ئەڵێن سرۆکی کار بەڕێکەر ” تصريف أعمال” مافی نییە سەفەری وڵاتان بکا و ڕێکەوتن لە گەڵیان واژو بکا؟؟. هیوادارم کە ئێستە تێ گەشتی هەڤاڵی گروهبانی یەک، کات یەعنی چێ، کار بەڕێکەر یەعنی چێ. لە بەشێک لە قسەکانی باسی ئەو کوردە ساواکیە کرد کە ناوی ”عیسا پژمان” بوو، دیسانەوە ویستی بە قسەی هەڵبژاردە پەیوەندیەکانی شۆڕشی ئەیلول لەگەڵ ساواکی ئێرانی شاه بخاتە ئەستۆیی (ئیبراهیم ئەحمەد) و کەسانی تر. قسەکانی حامیدی گەوهەری بە ڕاشکاوی دیار بوون چیە، ویستی ناوی بەرزانیەکان لەو (ناپاکیە) دوور بخاتەوە، بەڵام ئەمە مەحاڵە، ئێمە ناڵێم کەسانی تر لە باشوور پەیوەندیان لە گەڵ ”ساواک” نەبووە، بەڵام هەر کەس بەگوێرە بەرپرسیاربونی لە شۆڕشی ئەیلول دا بەرپرسیارە لەو پەیوەندیە و ئەنجامەکەی چێ بوو بۆ کورد و کوردستان؟؟. ئەگەر گروهبان گەوهەری گەرەکیە بە درێژی باسی ”عیسا پژمان” و ئێران بکەین ئێمە ئامادەین، بەڵام با بزانی ئەو کات هەموو شت لەسەر مێز دانری، هیچ شتێک شاراوە نا مینی؟؟. جەنابی گەوهەری لە نێوان وتەکانی دا چەند تیریکی ژەهراوی برەو باکوور و خۆرئاوای کوردستانیش هاویشت، کاتی کە ڕۆڵێ پارێزەری شەیتان بینی و گوت:” بە بۆنەی سیاسەتی پارتی کرێکارانی کوردستان ”پ ک ک”ە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان خاپوور بوون”. ئێمە نازانین شۆڕش لای گەوهەری چیە و چۆنە!!، مەگەر ئەم شار و ماڵ کاول کردنە لە هەموو کوردستان ڕوو نادا بەدەستی داگێکەرانی فارس و عەرەب و تورکەوە، چ لە ڕۆژهەڵات چ لە باکوور چ لە ڕۆژئاوا چ لە باشوور!!. دیسان لە بیری چوو کە لە ماوەی شۆڕشی ئەیلول دا، کە لە ساڵێ ١٩٦١ دەستی پێ کرد تا ساڵی ١٩٧٥هەرەسی هێنا زۆربەی شار و گوندەکانی باشووری کوردستان خاپوور و وێران کران و بە چەکی جۆراوجۆری قەدەغەکراو سووتان و سەدها هەزار کەس لە خەڵکەکەی بێ ڕەحمانە لە لایانی سوپای عێراقی تاوانبار و داگێرکەر کوژران و لە ناوبران؟؟. بەڵام لەکۆتایی دا توانایی خەڵک و شۆڕش سەر کەوت بەسەر داگێرکەر و بەشێک لە کوردستان ئازاد کرا. ئێمەیش بە جەنابی گروهبان ئەڵێن، پەلە نەکە، لە باکووریش هێشتا شۆڕش درێژەی هەیە، بێگومان لە کۆتایی دا ئەگەیە ئامانجە پیرۆزەکەی و سەرئەکەوی و ڕوو ڕەشی هەمیشەیی بۆ قەوارەی تورکیای تورانی ئەمینی. دیسان گروهبان باسی بوونی ”پ ک ک”ە کرد لە باشووری کوردستان و بەدەنگیکی پڕ لە کینە و قین گوت، بۆ باشوور بە جێ ناهێلن. ئێمە دیسانەوە عەینی پرسیار لە خۆی ئەکەین، بۆ پارتی، رۆژهەڵاتی کوردستانی بە جێ نەهیشت!!. ئایا لەبیرت نییە کە کاتی خۆی جەنابی کاک مەسعوود گوت ئەمە خاکی کوردستانە، ئێمەی پارتی مافی خۆمانە لەهەر کوێ کوردستان بوین؟؟. قسەکەی کاک مەسعوود زۆر ڕاستە، کوردستان هی هەموو کوردانە موڵکی بابی هیچ کەسێک نییە؟؟. لێرا پرسیار ئەکەین، ئەوان، مەبەستمان ”پ ک ک” یە و لایانی تر، مەگەر لەسەر دەمی سەدامی گۆربەگۆر لە باشوور نەبوون، بۆ سەدام پیان نەگوت ئەم خاکە بە جێ بهێلن، ئایا سەدام حوسەینی ڕەگەزپەرەست لە گروهبان گەوهەری کورد تر بوو!!. دیسان لە نێوان وتەکانی تیریک بەرەو هەدەپیش (پارتی گەلان) هاویشت، کاتی کە هێڕشی ناڕەوا کردە سەریان و وەکو قورەچی بە نا حەق لایانی تورکیای تورانی داگێرکەر گرت، ئەو تورکیا تورانیە کە هەزاران کورد و غەیری کورد بە دەست و پێ بەستراو خستیانە بەندیخانە، هەر دوێنی بە ڕەفتاریکی تاک ڕەوانە ئەردۆغان ٢٤ شارەوانی کورد لەسەر کارەکانیان لادا و ٢٤ قایمەقامی (فەرماندار) سەر بە پارتەکی خۆی لە شوێنیان جیگێرکرد!! پێش ئەمەیش دەها بنکە هەدەپی داخست بە درۆ هەڵبەستن و بوختان کردن بە سەریان دا. خوێنەری هێژا، ئەم کابرایە مەبەستم گەوهەریە دوور لە هەموو هەستیکی نەتەوایەتی لە کاتە سەخت و دژوارە دا هێڕشی نا حەق کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان دا!! هەتا داخستنی رێڕەوی سیمیلکا خستە ئەستۆی ڕۆژئاوا!!. ئەم کابرایە دیارە نە ڕۆژنامە ئەخوێنی و نە تەلەفیزیون تەماشا ئەکا و نە گوێ لە ڕادیۆ ئەگری، تا بە چاوی خۆی ببینی و بەگوێ خۆی ببیستی چۆن گەلی کورد لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندان کردن و ئەکەن وداوا لە پارتی ئەکەن رێڕەوی سیمیلکا باز بکا لە ڕوو خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، بە تایبەت لە ڕوو بیمارەکان، ئەوانی کە پێویستیان بە بیمارستانە و بە دەرمان، یان بە کەلوپەلی پێویست. چیرۆکی خەندەق کەندنکەی لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوا هەر باسی ناکەین چونکە جێ شەرمەزاریە بۆ ئەو لایانەی کەندیتی.
تێبیینی: ووتارەکەی یەکێتیی کە خوێندرایەوە لە لوتکەی برادەری و دۆستایەتیی بوو، بەڵام بەداخەوە ئەوان لە ڕێ گروهبانیک وڵاممان دانەوە بە درۆ و کۆمەڵیک تاوانبارکردنی ناڕەوا. با برادەرانی پارتی لە ناوەوە و لەدەرەوەی کوردستان واز بێنن لەو ڕەفتارە پێزانراوە، کە قسە و کاری خۆیان دەکەن بە کەسێک یان لایانیک، پاشان ئاشت بوونەوە لە گەڵی، یان داوای لێبوردن ڵێ دەکە، لایان وایە کە ئەوان ئەوەک گەرەکیانە کردیان و پاشان بە دوو قسەی خۆش لە بیری ئەکەن، ئەمە شێوەزاری ڕامیاری سەردەمی عوسمانیە بە کەڵکی سەدەی٢١ ناخوا؟؟. لەبارەی حامیدی گەوهەریەوە، ئەگەر لەسەرەتایا برادەرانی پارتی نەهیشتبوون ئەو کابرا ئاژاوگێرە کە ناو مێژوونووس لە خۆی ناوە قسەی ناشرین و ناحەق بە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کرد نەکردبایا ئەو کات بوو بە خاڵیکی بەڵگەدار بۆ پارتی و دیسانەوە برادەرانی یەکێتییش وڵامی نەدانەوە و پێوستیش بەم نووسینە دوورودرێژەیش نەکرد، بەڵام ئێمە ناچار بووین ئەم وڵامە بنووسین و بڵاوی لە ویبسایتەکان بکەینەوە. بێگومان ئەمە مافی خۆمانە، چونکە ئێمە لایانیکین شەڕ پێمان فرۆشراوە (معتدى عليه) ئێوە کەسیک هاوردبوون بێ ڕێزی و بێ حورمەتی لە بەرامبەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد. هەڤاڵان، دیسان گەوهەری باسی هەندی خاڵی دیو باشوور کرد، کە خەباتگەری تێکۆشەری کورد لەوێ دانشتبوو، کە بەڕێزی لە ناو ئەو ڕووداوانە بوو کە گەوهەری دوور لە ڕاستی باسی کرد، ئەوەیش مامۆستای بەڕێز و خەباتگەری تێکۆشەری گەلەکەمان (سعید کوێستانی) بوو. دیسانەوە باسی هەندی خاڵ کرد کە پاش کودەتای قاسم ڕوودا، بەتایبەت پاش هاتنەوەی هەڤاڵ (مصطفى بارزانی) بۆ عێراق و نیشتەجێ بوونی لە بەغدا لە ماڵەکەی سرۆک وەزیرانی سەردەمی پاشایەتی ”نوری سعید” کە قاسم پێ بەخشی لە گەڵ مووچەی مانگانە (٥٠٠) دیناری عێراقی؟؟. هەڤاڵان، گروهبان گەوهەری بە شێوەیکی هەڵبژاردە و بڕراو باسی ئەو خاڵانە کرد لەبەر ئەمە ئێمە هێمامان بۆی کرد، ئەگەر ئەو ئەم قسانە نەکرد بێ ئێمەیش نامانەوی زۆر لەسەری بوستین. بۆ نموونە، گوت خەڵک لە بەغدا چوونە لای بارزانی، بەڵام نە گوت ئەوانە کێ بوون!! هەموو گەلی کورد باش ئەزانی زۆربەی کوردانی بەغدا کوردە فەیلییەکان و کوردە شیعەکانن، بۆ گەوهەری ناویان نەگوت؟؟. دیسان باسی ئەو مۆڵەتە کرد کە قاسم بە پارتی و ڕۆژنامەی کوردی دا، بەلام نەگوت کە هەر خۆدی ”عبد الكريم قاسم” بوو ئەو مۆڵەتە کە بە پارتی دا بوو گەڕانیەوە و ڕۆژنامەکەی داخست و فەرمانی دەست گێر کردنی (ئیبراهیم ئەحمەد)ی دەرکرد و جەنگی ناڕەوا دژی نەتەوەی کورد هەڵگیرسان!!.
بەشی ڕاگەیاندنی کەرتی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان/ پارێزگای ”ئوربرو- Örebro” ٢٥ ٠٩ ٢٠١٦
ئەمەش چوار کۆپلە لە وتاری ڕۆژی ٢/٧/٢٠١٦ی محەمەد مەندەلاوی کە دەربارەی حیزبەکەی خۆی و ڕێزدار جەلال تاڵەبانی بڵاویکردوەتەوە:
١- (بایستی بەرنامەی ئەو پارتە بەدەردانەوەی (انعكاس) خۆزگەکانی کۆمەڵگاکەی بێ، گوێگری کێشەکانی و دەربراوی (معبر) بێ. نە لە سەرەتا دا بۆ چەواشە کردنی خەڵک بڵێ تەنانەت من کوردستانیم و نە شتی تر، کەچی پاش (٣٠) ساڵ چواردە جار (١٤) لە ناو پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ کاتی کە باسی باشووری کوردستانی ئەکا بە ناوی ”کوردستانی عێراق” توماری ئەکا!!. دیسانەو، پاش (٤٠) ساڵ شاندیک ڕەوانەی بەغدا ئەکا تا سوێند بە قورئان بخۆن بۆ عەرەبەکان کە بە هیچ شێوەیک لە عێراق جیا نا بنەوە!!. پاشانیش، دەسەڵات دارانی بەغدا، بڕوانامەی ڕەوشت باشی بە سەر تاک تاکی ئەو شاندە دابەش کرد بەدەستی دوژمنی گەلی کورد ئەو کۆنە بەعسیە کە ناوی حەنان فەتلاویە ؟؟!!)
٢- (بە ووتەی خۆیان حزبیکی سۆسیال دیموکراتن،هیچ کەسیک یان لایانیک لایان پیرۆز نییە و لەسەرەوەی ڕەخنەیش نییە، ئەوەی کە لایان پیرۆز و گرنگە و جێ ڕێزە تەنها هزرە (فکر) نە شتی تر. بەڵام بە کردەوە ئەمە ڕاست نییە، ئەوە کەسایەتی جلال تاڵەبانیە وەکو کەسیکی پیرۆز ڕەفتار لەگەیا ئەکەن!!. بێجگە لەمەیش، بە پێچەوانەی بنەمای ڕەفتاری دیموکراتیانە، ئەم کابرایە ئەمە چڵ ساڵە هەر خۆی سکرتێری پارتەکەیە!! هەتا ئێستایش، کە ئیفلیج بووە وقسەیش پێ ناکڕی، کەچی هەر کەسی یەکەمە لە ناو یەکێتیی دا!!.
٣- (بەداخەوە، ڕۆژ بە دوای ڕۆژ ئەم ڕێبازە نەتەوایەتیە لە ناو یەکێتیی کز دەبێتەوە و عێراقچێەتی جای ئەگری. ئەمەیش بەپێچەوانە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەم حیزبەیە. بێگومان ئەگەر کەسیک لە بیریە کاتیک یەکێتیی دامەزرینرا ناوی عێراق پییەو نەبوو کە ئێستایش نییە، سەرکردەکانی ئەو کاتە گوتن نیشتمانی ئێمە کوردستانە عێراق نییە، بۆ ئێمە بین بە هەڵگری ناوی عێراق؟؟. ئەوە پارتیە ناوی ”حزبی دیموکراتی کوردستانی- عێراق”ە. بەڵام، چ ئێستا پارتی وازی لە ناو عێراقەکە هاوردووە و یەکێتیی چەسپاندیانە بە کوردستانەوە، لە ناو پەیڕەووەکەی ناوخۆ چواردە جار بە ڕاشکاوی هاتووە، کوردستانی عێراق!!. هەر ئەم ناونانەیە کە هەموو حیزبەکەی یەکێتیی بە قیادە و قاعدەوە تێ ناگەن کە باشووری کوردستان بەشێک لە عێراق دا نییە!!. کاتی کە تۆ ئەڵی عێراقی ئیتحادی ئەمە ئەگێنی کە عێراق لە دوو بەش پێکهاتووە بەشی کوردی و بەشی عەرەبێ ئەگەر عێراق یەک بەش بێ ئەو کات پێ ئەڵێن عێراقی موحەد نە ئیتحادی؟؟؟.)
٤- (هەر وەکۆ هەڤاڵ نەوشێروان موستەفا ڕێکخەری گۆڕان، ڕۆژیک گوێم ڵێ بوو لە تەلەفیزیۆن گوت ” ئەگەر کەرکووک بایگەوە سەر هەرێم” ئەم ئەگەرە نیشان ئەدا کە ئەم کابرایە دڵنیا نییە کە کەرکووک دیایگەوە سەر هەرێم یان نە؟. یان هەندی لە سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ووشەی عەجیب وغەریب بە کار ئەبەن، وەکۆ ئێمە نەتەوەی ژمارە دووین. یان کوردستانی عێراق. یان ئێمە کەمایەتیین وعەرەب زۆرینەیە، یان کوردستان سەر بە عێراقە، هەتادوایی)
پێشمەرگەکان: نووسەران کاک حامید و کاک محەممەد ، خۆیان بەرپرسن لە نووسینەکانیان و ئێمە وەک خۆی بڵاومان کردوونەتەوە.