Hoppa till innehåll
Hem » بڵێی خێرێکی بۆ ئێمە تێدابێ؟! ، مەلا برایم مەجیدپوور

بڵێی خێرێکی بۆ ئێمە تێدابێ؟! ، مەلا برایم مەجیدپوور

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئـەمریکا بە جۆش و خڕۆش و پڕوپاگەندەیەکی چڕو پڕی پاڵێوراوانی ڕکەبەر بە شێوەیەکی هێمن و ئارام دوایی هات.mela_biraym1

دوای دەربڕینی بۆچونی جیاواز لە سەر ئەوەی کامەیان دەیبەنەوە، دەرکەوت کـە خانمی کلینتۆن دۆڕاندی و ئاغای تڕامپ بردیەوە. پاش ڕاگەیاندنی دۆڕاو و براوەش ئەوجار نۆرەی ڕادەربڕین سەبارەت بە بەرنامەی کاری ڕێبەری براوەی یەکێک لە زلهێزەکانی جیهان بە تایبەت بـۆ دەرەوەی وڵات هات. هەر وڵاتێک بـە پێی لـە بـەرچـاو گرتنی بـەرژەوەنـدی وڵاتەکەی خۆی هەوڵدەدا پێوەندی دێپڵۆماسی و پێوەندیەکانیتر دەگەڵ ئەو وڵاتە نـوێژەن بکاتەوە. هێندێک زۆر بەخێراو هێندێکیش سەبرو بە تێبینیەوە پێرۆز باییان لێکرد و سەرکەوتنیان بۆ بەئاوات خواست. سرنج ڕاکێش ئەوەبوو کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەلەش خێراتر لە جێگای پیرۆزبایی دژکردەوەی خۆی نـیشانداو کوتی: ئـێـمـە ئامادەین بۆ بەرەو ڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک!! لێرەدا نامەوێ لەسەر ئەوە بڕۆم، هەرئەوەندە دەڵێم: ( دز لە هەموو خشپەیەک دەترسێ و بە گومانە). ئێمەی گەلی کوردیش لـە بـەرانبەر ئـەو هەڵبژاردن و سەر کەوتن و ئـاڵوگۆڕە بێدەنگ و بێلایەن نین، چونکە پێمانوایە ئـاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سیاسی هـەرکام لـەو زلهێزانە لە مەسەلەکەی ئێمەشدا کار تێکەری هەیەو دەشڵێین: بڵێی بۆ ئێمەش خێرێکی تێدابێ؟! هەمـومـان چاوەڕوان و ئـاواتـە خوازین بـۆ دۆزە ڕەواکەی گەلەکەمان و وەدیهاتنی ئامانجەکەمان شتێکی باشی تێدا گونجابێ . هێندێک هیوادارن و بڕێکیش بێ هیوا، بەڵام بەشبەحاڵی خۆم نە لە ڕابردوو نە لە ئێستاو نەلە داهاتوشدا ، نـە بەو سەرکەوتنانـە شاگەشکە دە بم و نە بەو دۆڕاندنانە توشی لێوەلەرزە بووم. نە پشتم بە قەول و بەڵێنیەکانیان بە ستووە و نە لە پشتیوانی نەکردنیان توشی ناهۆمێدی بووم. پێموایە گەلی کورد بەگشتی و حیزبە سیاسیەکان بەتایبەتی دەبێ بە پشت بەستن بەگەل و هەوڵ و تێکۆشانیان ئەو هەل و دەرفەتە ڕەخساوە، ژیـرانـە بـقۆزنـەوەو بـەقازانیجی خەبـاتە ڕەواکەمـان وەریگرن و لێکیدەنەوە. لەو ئاوە لێڵەی ناوچەکەمان لێزانانە ماسی مەبەستیان بگرن. نابێی بەقسەی سەرکۆمارێک کە دەڵێ: کورد مافی هەیەو دەبێ بیدرێتێ دڵنیابن و پاڵی لێبدەنەوە . ئێمە دەزانین و ئەزمونیشمان هەیە کە لە کۆنەوە ئەو زلهێزانە سات و سەودایان بەکورد و مەسەلەکەیان کردوە ! هەر کە بەرژەوەندی خۆیانیان لە لای دوژمنەکانی کورد شک بردبێ ، کورد و داوا و خەباتەکەیان وەلا ناوە و هەرزان فرۆشیان کردوە، مەگەر نازانن یەکێک لە سەرەکیترین هۆی ڕوخانی کۆماری کوردستان خۆگێل کردن و پشت گوێی خستنی یەکیەتی جەماهیری شۆڕەوی بوو لە مەسەلەی کورد. دەبێ بە ئاوڕدانەوەیەکی وردو واقعبینانە لە ڕابـردوو هەڵسەنگاندنی لێزانـانەی بارو دۆخی ئێستا و دروستکردنی هێزێکی نەتەوەیی یەکگرتوی بـەرچاو نیشانی بـدەین کە ئـێمە هێزێکین دەتوانین پارسەنگی مەسەلەو ڕوداوەکان بـەملاو ئـەوەلادا دابشکێنین .

ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست مەڵبەندێکی هەم دەوڵەمەندو هەم ئاڵۆزو پر لە کێشەو ململانە یەو، زلهێزەکانی دنیاش هەوڵدەدەن زۆرترین جێی پێی بۆ خۆیان بکەنەوە ، هەر بۆیە دەگەڕێن بەشوێن هێزێکدا کە بتوانێی پارسەنگی هێزەکان رابگرێی ،یان بەلای ئەوانیدا بشکێنێتەوە . بەباوەری من کورد ئەگەر یەکگرتوبێی دەتوانێی ئەو هێزەبێی . کاتێک بەو قەناعەتە گەیشتن کە کورد ئەو هێزەیە ، بەهەمو توانایانەوە پشتیوانی مادیو مەعنەوی لێدەکەنو گشت پیداویستیەکانی بۆ دابین دەکەن . بەکوردیو کورتی : یەکڕیزیو هاوئاهەنگی کوردفاکتـەری سەرەکی گەیشتنی کوردە بەمافەکانی ، نەک هەڵبژاردنی فڵانو فیسارە کەس بۆ سەر کۆماری ئەم وڵاتو ئەو وڵات. دەبێی بزانین هەمو ئەو زلهێزانە دۆستایەتیو پیوەندیو یارمەتیدانیشیان لە پێش هەمو شتێکدا بـە مـەبەستی پـاراستنی بـەرژەوەنـدو گەیشتن بـەئامانجی خۆیانە نەک چاوی جوانی ئەمو ئەو !! مخابن ئەو پرشو بڵاویو ناتەباییو هاوکاری نەکردنەی ئێمەو، نەبونی شتڕاتیژیەکی نەتەوەیی یەکگرتویە کە ئیعتیبارو مـوتمانەی دنیای دەرەوەی ئـەگەر لـەنـاویش نـەبردبێی لاوازیـکردوەو ، تـەنـانـەت گەلەکەشمانی توشی سەر لێشیواویو گومـانـو دڕدۆنـگی کردوە . ئـێـمـە دەبێێ وەک سوپایەکی یەکگرتوی نەتەوەیی تەیار بەچەکی بیرو باوەڕ بە ئازادیو سەربەخۆیی بەبەرنامەیەکی توکمەی داڕژاو بۆ بەرژەوەندی گەلو وڵات لە گۆڕەپانەکەدا خۆمان بنوێنین ، ئـەوکاتەیە پشتیوانیو یـارمەتی دنیای ئـازاد وەدەست دێنینو ،مـلکەچی هـیـچ دەسەڵاتێکو سیاسەتێکی بێگانان نابین . ئەگەر هێندێکمان لە ژێر چەتری ئیدەو ئایینێ جۆراو جۆرو دژ بەیەکو ، هێندێکیتر لە ژێر ناوی شیعەو سوننەو ئەوجار بەناوی جۆراو جۆری لکو پۆپەکانیان کە بۆوخۆمان دروستمانکردون ، نەک ناتوانین بەرەنگاری ئەو دوژمنە ڕەنگاو ڕەنگو دڕندانەمان بین ، بەڵکو لە ناوخۆماندا توشی ململانەو کەڵەوەکێشیو سەرئەنجام دەرگیریش دەبین ، نـەدەتوانین دوژمن بـەچۆک دابێنو ملیان پێڕاکێشین، نـەدەتوانین بیروڕای گشتیش بەقازانجی خۆمان بجوڵێنین . دەکەوینە ناو شەپۆلی شەڕێکی ئیدەییو ئایینیو سەر لە خۆمانو گەلەکەشمان دەشێوێنین . ئەوەندە بێهێز دەبین کەتەنیا بیرلەخۆ پاراستنیش ناکەینەوە . دنیای دەرەوەش لە هێز دەگەرێی بـۆ دابـەزاندنی پـڕۆسەو بەرنامەی خۆیو دابیکردنی بەرژەوەندیەکانی . مخابن ئەو هەمو ئیدەو ئایینە جیاوازانەی کە لێکیان کردوینو بەگژ یەکیان داکردوین ، بە چاوی خۆمان دیتومانە جگە لە دژایەتیو ماڵویرانیو دوبەرەکیو دورخستنەوە لە ئامانج بەرو بویەکیتریان بۆ ئێمەی کورد نەبوەو ناشبێو هەر دوژمنەکانمان کەڵکێان لێوەر گرتوە . هەر بۆیە دەبێی ئەو هەلو دەرفەتانە ژیـرانە دەرک بکەینو پشت بەگەڵ ببەستینو لـەسەر پێی خـۆمـان راوەستینو لـەهـەر دەرفەتێکی ڕەخساو بـەشی خـۆمـان وەدەست بـێـنـیـن . وەک گەلێکی بـەشمەینەتی زێد داگیر کراوی لە ئازادی بە شبڕاو بە هێزێکی یەکگرتوی نەتەوەیی بێینە مەیدانو بەدنیای بسەلمێنین کە جیاوازی بیرو بۆ چونمان کار ناکاتە سەر یەکگرتویی نەتەوەییمان، چونکە پێش ئەوەی بگەینە تەمەنی بلوغو مافو ئەرکمان بێتە سەرشان ،کە مەرجی ئەو ئەرکو مافانەش ئەوەیە ( باڵغو ئـاقـڵو ئـازاد ) بین، هـەر کە لەدایـکمان بـوین کـوردو هاو نەژادو ڕۆڵەی یەک نیشتمان بوین . ئەو هەمو پاشتەرکو پێشتەرکو خەتو نیشانانەی لە ژێر ناوی جوراو جۆر بۆمان دروستکراوە تەنیاو تەنیا بۆ ئەوەیە یەک نەگرینو نەبینە هێزێک کە بتوانین بەرگریـو پارێزگاری لە مافی رەوای خۆمان بکەین. دەگەڵ ڕێزم بۆ هەمو ئیدەو ئایینەکان ، بەڵام باوەرم وایە هەر کامەیان مافی نەتەوایەتیم لێقەدەغە بکاو یان وەدوای خۆی بخا قبوڵم نیە و پێموایە هەمو ئیدەو ئایینەکان دەبێی ئامانجیان بەخەتەوەری گەلان بێی نەک ڕۆژ ڕەشیو ماڵوێرانی ، دەبێی ئامانجیان دابینکردنی مافی گەلان بێی نەک پێشێل کردنی . لە کوردستانێکی ئاوەداندا گەلێکی ئازادو سەر بەخۆ دەتوانێ بەسەرجەم ئاواتەکانی بگا. ئێمەی کورد دەبێی پێش هەموشتێک کەسایەتی نەتەوەییمانو زێدەکەمان دیارو ئازادو پارێزراو بێی ، جا ئەوجار ، ئیدە یان ئایین بۆ خۆمان هەڵبژێرین. ئێمە کە ڕێگەی بە ئازادی نشتەجێبونو تەنانەت گەڕانەوەشمان لێگیراوە ، لە کوێی سۆسیالیزم یان ئیسلام دابەزێنینو کاریان پێبکەین ؟! گەلێکی ئازادو سەربەخۆ دوای سەرکەوتنیش دەبێی ئەو هەمو ئیدەو ئایینانە بۆ ئاوەدانی وڵاتو بەختەوەری گەل دەکار دێنین نەک بۆ ڕۆژ ڕەشیو ماڵوێران کردنی، تٶوی برایەتیو هاوکاری بچێنێ نەک ئاژاوەو دوبەرەکی .هەر ئیدەو ئایینێک ئەگەر لەخزمەتی گەلدا نەبێی بۆ قبوڵکردنو دەکار هێنان نابێی. بە باوەڕی من پێداگری لەسەر بەرژەوەندی حیزبو تاک دەمانخاتە ناو لیستەی ئەو کەسو حیزبانە کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەرەسیان بەکۆشکی بـەرزی ئازادی نیشتمانو گەل هێناوە، ڕەنجو مەینەتی گەلو ئەو گشتە خوێنە ڕژاوەیان لەبەر چاو نـەگرتوەو بـە فیڕۆ داوە. هیوادارم کارێک نەکەین کە [ زوێـڵە چەرمەکە ئـاو بیباو ئێمەش هەر پەکویەکمان بۆ بمێنێتەوە! ] چاوەروانی ئەوەنەبین کە خەڵک مافمان بۆدیاری بکاو بمانداتێو بیپارێزێی ، بەڵکو دەبێی بە خۆمان پشت ئەستور بینو هەمو مافـخۆرەکان ناچار بە چۆلکردنی زیدەکەمان بکەین . سوپاسی هەمو ئەوانەش بکەین کە یارمەتیمان دەدەنو هاوکاریمان دەکەن.

ئـاواتە خـوازم گەورەترین دەسکەوت لـەو دەرفەتانە وەدەست بێنین ، بـەبێی ئـەوەی خۆمـان بدۆڕێنین . چونکە دۆڕاندن هەر چەنـد قیمەتی بـۆ دانرابێی ، بێبایخەو هـیچ بەهایەکی واقعی نیەو بەرو بۆکەی سەرئەنجام پەشیمانیو سەر شۆڕیە. لە دوایین قسەدا دەڵێم : ئەگەر بۆ خۆمان بونو مەجودیەتی خۆمان نەسەلمێنین دەبێی یەکێک دروستمان بکاو ئەویش بە پێی بەرژەوەندی خۆی سازمان دەکاو لە کارمان دێنێ !!

براتان مەلا برایمی مە جید پور ١٣/ ١١ / ٢٠١٦