"an independent online kurdish website

لە بیرکراوی ئەمجارەمان شەهید عەلی نەزەری کوڕی کوێخا فتح اللە خەڵکی جوانڕۆیە.ali-nezeri-shehid-0

شەهید عەلی یەکێک لەو لاوانەیی گەلەکەمان بوو کە بەشێوەیەکی زۆر لێبڕاو و نەترسانە بۆ ماف و ئازادی نەتەوەکەی هەوڵیدەداو لە هیچ چەشنە تێکۆشانێک کۆتایی نەدەکرد و کەسێک بوو کە وێرای فیداکردنی گیان لە پێناو ئامانجدا بەشێکی هەرە زۆری وزەی تەمەنی کورتی منداڵی و ولاوی خۆی تەرخانکرد بۆ باسکردن لە سەر مافی نەتەوەکەی لە ناوەندەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و کۆتایی (دەبیرستان)، هەروەها بەردەوامی چالاکییەکانی دەبردە نێو کۆمەڵانی خەڵک لە گەڕەک و کۆڵانەکانی جوانڕۆدا، ئەو کادرە تێکۆشەر و هەڵسوڕی حیزب لە ئاکامدا سەری خۆی فیدای ئازادی و سەربەستیی کرد.

شەهید عەلی کەسێک بوو کە لە تەمەنی منداڵییەوە توانی بووی مافی نەتەوەکەی بناسێت و بە بڕوایەکی قوڵەوە لە هیچ تێکۆشانێک بۆ گەیشتن بەئامانج کۆتایی نەکات، کۆسپەکانی سەر ڕێگای نەیانتوانی شەهید عەلی بەچۆکدا بێنن، چەندها جار ڕژیمی داماوی حاکم بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەو شەهید سوورخەڵات و نەبەزەیی بۆ لێپرسینەوە برد بۆ شوێنە تایبەتەکانی لێپرسینەوە لە جێگا جیاجیاکانی هەرێمی کرماشاندا، بەدەیان جار بۆ ماوەی کورت کورت دەستبەسەریانکرد بەڵام لێپرسینەوە، هەڕەشە و بەندیخانە لە ئاست هەست و ئایدیایی شەهید عەلی ماندوو ببوون و کارتێکرنی بەپێچەوانەی دەدایە دەست، زۆر لە داگیرکارانی کوردستان و خۆفرۆشانی خۆجەیی وەک ئاستنگێکی زۆر بەتوان و هێمای گۆڕانکاری بەپێچەوانەی ویستی نەرێنی خۆیان چاویان لە شەهید عەلی دەکرد و بەدوای ئەوەدا بوون تا بەڵکو بتوانن بۆ هەمیشە بێدەنگی بکەن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی دژی گەلی خۆیان پلانی تایبەتیان داڕشتبوو.

هەروەک لە شوێنێکدا لە کتێبی کورتەیی بیرەوەرییەکانی خۆمدا باسم کردووە شەهید عەلی لە تەمەنی زۆر منداڵییەوە تێکۆشانی لە ڕیزی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتدا دەستپێکرد و زۆر نەترسانەش خەباتی دەکرد و پێوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ شەهید مەحمود دێموکڕات بناغە دانابوو.

شەهید عەلی وەک کاردێکی نەهێنی حیزب لە قەڵایی جوانڕۆدا هەڵسور کاری دەکرد، کاتێک کە شەهید مەحمود لە تەشکیلاتی هەورامان یان سەلاسدا هەڵسوڕاو بوو دیسان پێوەندی لەگەڵ شەهید عەلی لە جوانڕۆ کردبوو بەڵام بەداخەوە هەوڵ و تێکۆشانە لێبڕاوەکانی شەهیدان هۆکارێک دەبێت تا ڕژیمی ئاخوندەکان بتوانن لە ڕێگای خۆفرۆشانی خۆجەییەوە دزە بکەنە نێو ڕێکخستنی (تەشکیلات) حیزب لە جوانڕۆ و لە زۆر نەهێنی تەشکیلاتی سەر دەربەهێنن و ئاگادار بنەوە کە شەهید مەحمود و شەهید عەلی و چەند کەسی دیکە لە هەوڵی گرتنی کۆبوونەوەیەکی بەریندان لە قەڵایی جوانڕۆدا و شەهید مەحمود وەک کادری کومیتەی شارستان و بەرپرسی ڕێکخستن دێت بۆ شاری جوانڕۆ کە ئاکامەکەی دەبێت بە دەستبەسەرکردنی شەهید مەحمود و هاوکات هێرشێکی بەربەڵاو دەکەنە سەر ڕێکخستنی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکێکی زۆر ئەسیری دەستی تاوانکاران و تاوانباران دەبن کە بەشێک لەو خەڵکە بە زیندانی کورت و درێژخایان مەحکوم کران، دوای نزیک بە ساڵێک ئەشکەنجەو ئازار لە ئاکامدا لەو ڕێکەوتەدا کە لە سەر کێلی قەبەرەکەدا دێخوێننەوە لە دێزلئاوای کرماشان شەهید عەلیان ئیعدام کرد و تەرمەکەیان لە گوڕستانێکی تایبەتدا کە ئێستاکە ناوی باغی فردەوسی لێنراوە لە کرماشان بە بێ ڕێزی ناشت.

لێرەدا دەبێت عەرزتان بکەم و بڵێم کە زۆر لە شەهیدانی سوورخەڵات نەتەوەکەمان لە بیرکراون یان بە لە بیرکراویان دەزانن بەڵام خەباتکارانی ڕاستی ڕێگای ئازادی و سەربەستی نابێت ئیجازە بدەن کە شەهیدان بەگشتی و شەهیدانی وەک شەهید عەلی بەتایبەتی لە بیر بکرێن و ناویان بە مێژوو بسپێرن، تەلەفیزیۆن و ڕادیومان نییە بەڵام بە زمان و کۆلکە قەڵمەکانمان دەتوانین ناویان بەرز بنرخێنین.

لە کۆتایی دا دەڵێم نە بە ئۆپۆرتۆنیست دەحەسێمەوە، نە هەرگیز لەگەڵ ئەوانە سازش دەکەم کە بەشێوەی نازانستیانە دوای بەرژەوەندی دەکەون، بەرژەوەندی و ژیان و مافی خەڵک فیدای پارە، پۆست، مەقام و بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەکەن.

هەمووکاتێک و سەردەمێک سەردادەنەوێنم بۆ هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕێگای ئازادی، مرۆڤایەتیی و سەربەستیی بەتایبەتیی شەهیدانی سوورخەڵاتی نەتەوەکەم. شەهیدان و بنەماڵەکانیان سەربەرزن.

ali-nezeri-shehid-glko


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی