شەوی دووشەممە ١١ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لەسەر سنووری پیڕانشار سێ کۆڵبەری کورد لە بەرزاییەکانی بەربزین و دوو چۆمان بە هۆی بەفری زۆرەوە ڕێگەیان لێ دەگیرێ و یەکێکیان بە ناوی ئومێد خزریان ئازەر گیانی لە دەست ئەدا.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی بارینی بەفر ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتۆتەوە و بۆتە هۆی گیرانی ڕێگا و بانی نێوان شار و گوندەکان و هەر بەو هۆیەشەوە بە دەیان کەس لە کۆڵبەرانی کورد لە سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات گیریان خواردووە و ژمارەیەکیش بە هۆی سەرما و هەرەسی رنووی بەفرەوە گیانیان لە دەست داوە.
ڕۆژی هەینی ٨ی ڕێبەندان چوار شاخەوانی کورد لە چیای قوڵقوڵەی شاری سەقز دەکەونە ژێر هەرەسی رنووی بەفر و بە هۆیەوە دوو کەسیان بە ناوەکانی” هەژیر قادریان خەڵکی بۆکان” و “محێدین سەلیمی کوڕی شەهید رەشید سەلیمی کادری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی بۆکان” گیانیان لە دەست دا.
ڕۆژی شەممەش لە نزیک گوندی بێورانی سەردەشت پازدە کۆڵبەری کورد کەوتنە ژێر رنووی بەفر و بەو هۆیەشەوە چوار کۆڵبەر گیانیان لە دەست دا و پێنج کۆڵبەریش بریندار بوون.
هەر بە هۆی هەرسەهێنانی بەفرەوە ، دوو کارمەندی ئیدارەی بەرقیش کە خەڵکی ئاوایی سەوڵاوا بوون گیانیان لە دەست دا. لە شارەکانی ماکۆ و مەهابادیش دوو کەسی ڕاوچی گیانیان لە دەست داوە.
ئەمڕۆش بە پێی هەواڵێکی ناوەندی ڕۆژی کورد کە کەمێک پێش ئێستا بڵاوی کردۆتەوە، لە ناوچەی خەلیفانی شاری مەهابادیش چەندین کەس کەوتوونەتە ژێر رنووی بەفرەوە کە هەواڵێک لە چارەنووسیان لە بەر دەستدا نییە.
پیشەی کۆڵبەری کە لە ئاکامی هێشتنەوەی کوردستان لە ژێر هێڵی سفر لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەری هەڵداوە و کۆڵبەرانی کورد وەک تاکە ڕێگای مانەوە لە ژیان ئەو ڕێگە دژوار و پڕ مەترسییە دەگرنە بەر، بۆتە مۆتەکەی مەرگی کاسبکارانی کورد و بەڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامی و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیەوە گیانیان لێ ئەستێندرێ و یان بە هۆی سەرما و هەرەسی بەفرەوە گیان لە دەست ئەدەن.
