ئەسڵێکی فەلسەفی هەیە کە دەڵێ ” تا شتێ زەرورەت (وجوب) پەیدا نەکات ، بوون(وجوود) پەیدا ناکات. لەم پرنسیپە عەقڵی و لۆژیکییەوە بەو ئاکامە دەگەین کە پێکنەهاتنی شتێک
، لە قووڵایی دا مانای ئەوەیە کە زەروورەتی پێکهاتنی لە ئارادا نەبوە . ئەم پرنسیپە هەم لە جیهانی فیزیکی و مادی دا ، وەڕاست دەگەڕێ ، هەم لە جیهانی مرۆڤانی و کۆمەڵایەتیدا.
کەواتە بە سانایی و لەرێڕەوی لۆژیکەوە بە ئاسانی دەتوانین بەو دەرەنجامە بگەین کە هۆکاری سەرەکیی پێکنەهاتنی ” بەرەی کوردستانی لە رۆژهەڵات ” دا ، ئامادە نەبوونی زەروورەتی پێکهاتنیەتی.
رەنگە زۆر کەس ، بڵێن چۆن ” بەرەی کوردستانی ” زەروورەتی نیە ؟ مەگەر ” یەکیەتی و تەبایی” هەمیشە زەرووری و پێویست نەبوە و نیە؟ وەڵامی بەندەش بۆ ئەو پرسیارە ” ئەرێنی ” یە ، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەو زەروورەتە ، زەروورەتێکی ”سۆبژکتیڤ و هزرییە ” نەک زەروورەتێکی ” ئۆبژکتییڤ -دەرەکی و بابەتی ”.
بۆ نموونە و باشتر تێگەیشتن لەو دوو جۆرە لە زەروورەت دەتوانین بڵێین ” کاتێ زۆربەی مرۆڤەکان بە قسەی خۆیان دژی چەوسانەوە و لایەنگری دادپەروەرین ، بۆچی جیهان پڕە لە چەوساندنەوەو نادادی ؟ ”
وەڵامیش بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە کە زەروورەتی ” سۆبژکتیڤ-زەینی” ناتوانێ ” گۆڕین ” بەدی بێنێ ، بەڵکو ” هەرچەشنە ئایدیایەک ” تا نەبێتە زەروورەتێکی ” ئۆبژکتیڤ-عینی-دەرەکی” و لەهێزی مادی و کۆمەڵایەتی دا خۆی دەرنەخات ، ئیمکانی بەدیهاتنی نیە.
زەروورەتی ئۆبژکتیڤی ” پێکهاتنی بەرەی کوردستانی ” ئەوەیە کە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە جیهانی واقعی دا و نە لە زەین دا بەو ئاکامە بگەن کە ئەگەر ” بەرەی کوردستانی ” پێکنەهێنن ، هەموویان رەنج بەخەسار دەبن. کەچی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، زیاتر لەوەی لە جیهانی واقعی(خەباتی توندوتیژ لەگەڵ داگیرکەردا” بن ، لە جیهانی خەیاڵیی خەبات بەدژی داگیرکەر ” دان . واتا زەروورەتی سۆبژکتیڤی خەبات ، نەبۆتە زەروورەتی ئۆبژکتیڤی خەبات و تا ئەو گوزارە لە زەینەوە بۆ ”عین و جیهانی دەرەکی” روونەدات ، باسکردن لەبەرەی کوردستانی تەنیا خولانەوەیە بەدەوری بازنەیەکی بۆش دا ، ئەویش نەک بازنەیەکی مادی و دەرەکی ، بەڵکو بازنەیەکی زەینی و خەیاڵی.
پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، تەنانەت لە هزریش دا ، بەو رادەیە لێکنزیک نین کە ئەگەر ” بەرەیەکی زەینیشیان ” پێکهێنا ، بتوانن تەنانەت لەسەر بەیاننامەیەکی سادەش رێک کەون و پاش ماوەیەکی کورت بەکردەوە هەڵینەوەشێننەوە . پارتی وامان هەیە کە تائێستا خۆی لەچوارچێوەی بیرۆکەی ریفۆرمیستی و بزاڤی بە مردوویی لەدایکبووی سەوزدا ، خۆی پێناسە دەکات. پارتی وامان هەیە کە تا ئیستاش رووخانی دیواری ” بەرلین ” هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بیرو هزری دانەناوە . ئەم ”کۆی پیکناکۆکییە کەی یەکدەگرێ ” ؟
زۆرجار گوێمان لێدەبێ کە دەڵێن ئەدی بۆچی کوردەکانی باشوور ، وێڕای ئەو هەموو پێکناکۆکیە ، توانیان ” بەرەی کوردستانی ” پێک بێنن ؟ . بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە مرۆڤ ” یادەوەرییەکانی رەفسەنجانی و بەرپرسانی باشوور و بەتایبەت نەوشیروان مستەفا ” بخوێنێتەوە.
هەموو ئەو کەسانەی باسکران ، لەسەر ئەوە کۆکن کە ” بەرەی کوردستانی لە باشوور ” راستەوخۆ لە لایەن ئێرانەوە ، پێکهات و ئامانجی سەرەکیی ئیران لەوبەرەیە ئەوە بوو کە بە کردنەوەی بەرەیەک لە باکووری عێراق ، گوشار لەسەر بەرەی شەڕی باشووری ئێران کەم بکاتەوە و کەموزۆر ، هیچ پەیوەندییەکی بەسەر کوردایەتی و نیشتیمانپەروەرییەوە نەبوو.
نابێ ئەوەمان لەبەرچاو نەبێ کە ” گوشاری ئێران بۆ پێکهێنانی بەرەی باشووری کوردستان ” دەچێتە خانەی ، زەروورەتی ” ئۆبژکتیڤ-عینی- دەرەکی ”ییەوە نەک زەروورەتی زەینی.
لە ئێستادا بە داخەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا ، زەروورەتی مادیی پێکهاتنی بەرەی کوردستانی ، نەرەخساوە . نە جیهانی دەرەوە (ئەوروپا و ئامریکا ) گوشارێکی وایان هێناوە کە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، ناچار یان هان بدا کە ئەو بەرەیە پێکبهێنن و نە خودی پارتەکانیش (جگە لە راسانی حدکا کە هێشتا لە سەرەتای خۆیدایە ) خەباتێکی شێلگیرانەیان دەست پێکردوە کە ببێتە هۆی ئەوەی کە سەنگی پارتەکان لە جیهانی واقع دا بۆ دۆست و دوژمن دەرکەوێ و لەئاکام دا ، زەروورەتێکی ئۆبژکیتیڤ و مادی و دەرەکی و واقعی بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی ، بێتە ئاراوە .
ئەو باسانەی لەم رۆژانەدا لەسەر بەرەی کوردستانی لە بیاڤی گشتیی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ، دەبینرێ ، زیاتر لەوەی کە واقعی بێ ، نان بەقەرزدان و خۆبەدڵسۆز پیشاندانی پارتەکانی رۆژهەڵاتە تا هەوڵێکی راستەقینە و نیشتیمانی کە هەڵقووڵاوی زەروورەتێکی یەکلاییکەرەوە بێ.
گەر ئێوە ئەوەندە دڵسۆز و کوردپەروەربان ، لەیەکدی جودانەدەبوونەوە . کە جودا بوونەتەوە ، یەکتاندەگرتەوە . هێچ پاساوێک نیە بۆ دوو دیموکرات و پێنج کۆمەڵە . ئەوانەی کە ساڵانێکی دورودرێژ پێکەوە هاوسەنگەر بوون ، نەتوانن پێکبێنەوە ، چۆن چاوەڕوانیان لە خەڵک هەیە کە باوەڕکەن کە ئەوان دڵسۆزترین و خەمخۆرترین و دووربینتین پارتەکانی کوردی رۆژهەڵاتن.
لەباتی هەڵگرتنی بەردی زل و نەهاویشتنی ، دیموکرات و کۆمەڵەکان یەکبگرنەوە . واز لە خەونی بەدیهاتنی ریفۆرم لە چوارچێوەی رژیمی خومەینی دا بێنن. دڵ بە ئۆپۆزسیۆنی فاشیزمی فارس خۆش مەکەن . کورەی خەبات لە رۆژهەڵات جۆشدەن . لەوەها دۆخێکدایە کە زەروورەتی واقیعی پێکهاتنی بەرەی کوردستانی دەرەخسێ و کە رەخساش ، دڵنیابن ، خۆی بە شێوەیەکی سروشتی پێک دێت.