یه‌کیه‌تیی لاوان وه‌کوو، یەكەم رێكخراوی تایبەت بە توێژی لاو له سه‌رده‌می یه‌که‌م کیان و ده‌سه‌لاتی سیاسی مۆدێڕنی کورد لە کۆماری کوردستان دا و بۆ كۆمەڵێك ئامانجی درێژخایەن، دامه‌زراوه و
تا ئێستا رێگایەكی بە درێژایی 71ساڵی پڕ لە هەوراز و نشێوی بڕیوە و ئێستاش وه‌ک جاران قورس و قایم، لە گەڵ ئاڵووگۆڕەكانی جیهانی و ناوچەیی بە هه‌وڵ و تێكۆشان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەكانی، درێژه به خه‌بات ده‌دا.
ئەمڕۆ لاوان چ لەبەر گرنگی رێژەیان لە پێكهاتنی حەشیمەتدا و چ بەو هۆیەوە كە لە رووی سرووشتییەوە فیداكار و گۆڕانخوازن، گرنگترین هێزی مرۆیی ئێران به ئه‌ژمار دێن، دەبێ لاوان زیاد لەوەی كە هەڵگری خواستێكی سێنفی و تایبەت بە توێژی خۆیان بن، هەڵگری بەرنامەیەكی پێكهاتەشكێنی دێموكراتیك بن لەو رووەوە پاش دابین بوونی مافی نەتەوایەتی بەستێن بۆ دابین بوونی مافی سێنفی ئەوانیش دێتە ئاراوە.
هەوڵدان بۆ رێكخستن و كۆكردنەوەی تواناكان لەم قۆناغە لە خەباتدا پێویستییەكی حاشاهەڵنەگرە. هەربۆیە کۆبوونەوە و یەکگرتووی تاکەکانی کۆمەڵگا لە نێو رێکخراوێکی دێموکراتیک‌دا بزوێنەرێکی بەهێز دەبێت بۆ داکۆکیکردن لە ماف و ویستەکانیان و لە رێکخراوێکی دێموکراتیک‌دا هەل بۆ پەروەردە بوونی تاکەکان بەدی دێت و لە ئەنجامدا کۆمەڵێکی ئاگا و لێهاتوو لە چوارچێوەی رێکخراوێکی دێموکراتیک‌دا کۆدەبنەوە، بۆیە ئێمە هەرچەندە لە رێكخستن و كۆكردنەوەی وزەكانماندا سەركەوتووتر بین، ئەوەندەش ئاسۆی بەرچاومان روونتر و خەباتەكەشمان بە بەرهەمتر دەبێت.
هەر بە سەرنجدان بەم راستییە حاشاهەڵنەگرەش بوو كە یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران له یەكێك لە زێڕینترین قۆناغەكانی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەی كورددا، دامەزرا.
مێژوویی یەكیەتی لاوان بە سەر سێ قۆناغ دا دابەش دەبێ :
قۆناغی یەكەم :
لە سەرەتای دامەزرانی ئەو رێكخراوەیە لە ٣٠ی رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی لە سەردەمی كۆماری دێموكراتیكی كوردستان، تاكوو سەركەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357ی هەتاوی، درێژە دەخایەنێت.
پێشەوا قازی محەمەد بیرمەند و رووناكبیری نەتەوەكەمان باش دەیزانی و هەستی بەوە كردبوو كە توێژی لاو توێژی بزوێنەری کۆمەڵگان و بایەخدان بە توێژی لاو، بایەخدانە بە پێشكەوتنی كۆمەڵگا و داهاتووی گه‌ش بۆ گەلی كورد. هەر لە سەر ئەو بنەمایەش بوو كە پاش دامەزرانی كۆماری كوردستان، به مه‌به‌ستی زیاتر ئاشناکردنی لاوان بە ماف و ئەركەكانیان و کۆکردنەوەیان لە چوار چێوەی رێکخراوێکی دێموکراتیک و بەشداریان لە خه‌بات و گرینگی‌دان به رۆڵگێڕانی توێژی لاو له بڕیاردان و چارەنووسی خۆیاندا، هه‌ر دوای چەند رۆژ لە دامەزراندنی كۆمار، واتە لە ٣٠ رێبەندانی 1324ی هەتاوی و لە سەر پێشنیاری پێشەوا قازی محەممەد بڕیاری دامەزرانی ” یەكیەتیی لاوان” بۆ راپەراندن و بەجێگەیاندنی ئەركەكانی لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی كۆماری كوردستان، دەدرێت .
لەو سەردەمەدا ، یەكیەتیی لاوان چەند ئەركێكی لە سەرشان بوون، کە بریتین لە:
• كۆكردنەوەی لاو لە دەوری رێكخراو، به مه‌به‌ستی ڕاپەراندنی ئەركە نەتەوەیی- نیشتمانی و سێنفییەكانیان.
• بەشداری كردنی لاوان لە بنیادنانی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو.
• ئاشنا كردنی زیاتری توێژی لاو بە ئه‌رک و مافه‌کانیان لە نێو كۆمەڵگادا و بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوایەتییان.
• ئاشناكردنی لاوان بە خوێندن و نووسینی زمانی كوردی و راهێنان و پەروەردەكردنی لاوان لە بووارە جۆراو جۆرەكاندا، هەر لەو پێوەندییەشدا ”60” كەس لە لاوانی بە مەبەستی درێژه‌دان به خوێندنی باڵا، رەوانەی ”باكۆ” دەكرێن که له داهاتوودا بگه‌ڕێنه‌وه و خزمه‌تی زیاتری کۆمه‌ڵگاکه‌یان بکه‌ن.
یەكیەتی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران پاش دامەزراندن و بەفەرمی دەست بە كاربوونی، گۆڤارێك بە نێوی ”هاواری نیشتمان” که بڵاڤۆکێکی ”ئەدەبی و سیاسی و كۆمەڵایەتی” بووە و لە لایەن نه‌مر ”سەدیق ئەنجیری ئازه‌ر” سەرپەرەستی كراوە، وەك زمان حاڵی ئەو رێكخراوەیە چاپ و بڵاو دەکاتەوە کە یەكەم ژمارەی له رۆژی ١ی خاكەلێوەی ١٣٢٥ی هەتاوی، دەرچووه.
بەدوای هەرەس پێهێنانی” كۆماری كوردستان” لە مانگی سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاوی و لەسێدارەدرانی رێبەرانی كۆمار و داگیركردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كۆمار، دەرەتان بۆ خەبات و تێكۆشانی ”یەكیەتیی لاوان” ئەستەم دەبێت و بۆ ماوەیەك ئه‌و رێکخراوه‌یه لە تێكۆشان دەكەوێت.
رێبەری ناودار و که‌م وێنه‌ی نەتەوكەمان د. قاسملووی هەرگیز نەمر تێكۆشانی سیاسیی خۆی لە یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە دەست پێكرد و بە هەول و تێكۆشانی بێوچانی خۆی لە یەكیەتیی لاوان و پاشان لە حیزبی دێموكرات دا سیاسەت و ئیستراتیژیەكی نوێی بۆ ئەم بزاڤە هێڵكاری كرد، که لە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی که جارێكی‌تر دەرەتان بۆ بووژانەوە و چالاکی رێكخراوه‌کان دەرەخسێت ئەو هەلە دەقۆزێتەوە و لە شاری ورمێ كۆمیتەی ”یەكیەتی لاوان” دادەمەزرێنێ و دەست بە كار و تێكۆشان و رێكخستنی لاوانی ئەو ناوچەیە لە ریزەكانی ئەو رێكخراوەیەدا، دەكات.
هه‌روه‌ها تێکۆشه‌رانی یه‌کیه‌تیی لاوان له سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداری ٤٦-٤٧ رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه و له تێکۆشه‌رانی دیار و به‌رچاوی یه‌کیه‌تیی لاوان له‌و قۆناغه‌دا ده‌توانین ئاماژه به شه‌هید ”سمایل شه‌ریفزاده” بکه‌ین.
قۆناغی دووهەم:
لە مانگی بەفرانباری ١٣٥٧ی هەتاویدا، بە بەشداری ٣٢كەس لە تێکۆشه‌رانی یه‌کیه‌تیی لاوان و ٣ كەس لە نوێنه‌رانی حیزبی دێموكرات، لە مزگەوتی” شادەروێش”ی شاری مەهاباد كۆبوونەوەیەك پێك دێت. ئەو كۆبوونەوەیە وەك سه‌ر له نوێ بوژاندنه‌وه‌ی قۆناغی دووهه‌می چالاكییهکانی یه‌کیه‌تیی لاوان پاش خەباتی سەخت و نهێنی لە مێژووی ئه‌و رێکخراوه‌یه له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ و دەبێتە هەوێنی دووبارە رێكخستنەوەی ئەندام و لایەنگرانی و یه‌کیه‌تیی لاوانیش پاش ئەو رێكخستنەوەیە بە گڕوتینێكی پتر دەستیان بە خەبات و تێكۆشان كردەوە.
لە دەیهکانی ٦٠ و ٧٠ی هه‌تاویدا، ئەركی یەكیەتیی لاوان قورس‌تر بوو ئەویش بەهۆی هاتنی ئەو لاوە كەم تەمەنانەی كە بۆ پەیوەست بوون بە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموكراتەوە روویان لەو حیزبە دەکرد، رێبەری ئەو حیزبە و لە سەرووی هەموویانەوە ”دوكتور قاسملوو”ی نه‌مر، هەستی بەوە كرد كە دەبێ چارەیەك بۆ ئەو لاوە كەم تەمەنانەی كە رێبازی خزمەت بە نەتەوەكەیان هەڵدەبژێرن و دێنە ریزی پێشمەرگەكانەوە بدۆزێتەوە.
هەر بەو مەبەستە بنكە و بارەگاكانی یەكیەتیی لاوان، که ئه‌و کات له ژێر ناوی لاوانی حیزبی دێموکرات‌دا چالاکییان ده‌نواند، چالاك کرده‌وه و رێکخراوی لاوان بوو بە پێگەیەك بۆ پەروەردە كردنی لاوانی كوردی کوردستانی رۆژهه‌ڵات.
له‌و کاته‌دا لاوان به گڕوتینێکی تایبه‌تیی چ وه‌ک پێشمه‌رگه و چ وه‌ک پشتیوانانی هێزی پێشمه‌رگه و پارێزه‌رانی وڵات، ئه‌رکه نیشتمانییه‌کانی خۆیان به‌جێ گه‌یاندوه.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه له‌م قۆناغه دا بڵاوکراوه‌ی فه‌رمی ئه‌و رێکخراوه‌یه به ناوی گۆڤاری ”لاوان” له ده‌وری دووهه‌م دا ٥٦ ژماره‌ی لێ بڵاو کراوه‌ته‌وه.
قۆناغی سێهەم :
به دوای ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی دۆخێکی تایبەت و هەلوومەرجی سیاسی ناوچە، دەبێتە هۆی گواستنەوەی بارەگاكانی ئەو رێكخراوەیە لە سنوورەكان بۆ باشووری كوردستان، بۆ ماوەیەكی كورت تێكۆشانی یەكیەتیی لاوان بەرەو لاوازی دەڕوات، بەڵام دوای چه‌ند ساڵ و لە مانگی گەلاوێژی 1378 به درووشمی ” لە دەوری یەكیەتیی لاوان كۆ ببنەوە ” ئه‌م رێکخراوه‌یه تێكۆشانی خۆی گڕوتین پێده‌دا و بۆ جارێكی تر رێکخستنی ئەندامانی ده‌ست پێده‌کاته‌وه.
بەڵام ئەمجارە رێکخراوی یه‌کیه‌تیی لاوان، بە تاكتیك و ئیستراتیژی تایبەت بە سەردەم درێژە بە تێكۆشان دەدات و لە وەرزی پاییزی ١٣٧٩ كۆمیتەكانی یەكیەتیی لاوان كۆنفڕانسەكانی خۆیان دەگرن و لە رۆژی ٤ی بەفرانباری ١٣٧٩ی هەتاوی یەكەم كۆنگرەی خۆی دەبەستێت.
هه‌ر لەو کاته به دواوه و وەك بریارێك، هەر دووساڵ جارێك ئەو رێكخراوەیە كۆنگرەی خۆی دەبەستێت و تا ساڵی ١٣٩٥ ی هه‌تاوی ”هه‌شت” كۆنگرەی به‌ستووه.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه رێکخراوی یه‌کیه‌تیی لاوان له سه‌رجه‌م قۆناغه‌کانی کار و تێکۆشانی، به سه‌دان تێکۆشه‌ری نیشتمانپه‌روه‌ری پێشکه‌ش به باره‌گای ئازادی کردوه و ناویان له کاروانی شه‌هیدانی کوردستان دره‌وشاوه‌یه و یه‌کیه‌تیی لاوانیش شانازی به درێژه پێدانی رێبازهیانهوه ده‌کات.
ئێستا كە سەردەمی بە جێهانی بوون و پەرەسەندنی تێكنۆلۆژییە، لەم قۆناغەدا یەكیەتیی لاوان زیاتر لە هەركات لە راستای ناساندنی كیشەی نەتەوەیی و سەرجەم كیشەكانی لاوان لە كوردستان خۆی بە ئەركدار دەزانێت، بۆ ئەم مەبەستەش توانیویەتی کۆڕ و کۆمه‌ڵ و ناوه‌نده‌کانی تایبه‌ت به لاوان به خواست و ویسته‌کانی توێژی لاوی کورد ئاشنا بکات. لەو راستایەشدا لە زۆربەی وڵاتانی ئوروپایی و ئامریکایی كۆمیتە دادەمەزراندوه، لە گەڵ زۆر له NGO و رێكخراوەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ لە پێوەندی دایه و له چه‌ند رێکخراوه‌یه‌کی جیهانیش وه‌ک نوێنه‌ری لاوانی کورد ئه‌ندامه و لەو رێگایەوە هەوڵی ناساندنی دۆزی ره‌وای کورد و شه‌رعیه‌تدان به خه‌باته ره‌واکه‌ی له کوردستانی رۆژهه‌ڵات، بە رێكخراوە جیهانییەكان دەدات و ئه‌و تێکۆشانه‌ش به ئه‌رکێکی رێکخراوه‌یی خۆی ده‌زانێت.
یه‌کیه‌تیی لاوان له رێکه‌وتی ١ی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی، كۆنگرەی هەشته‌می خۆی لە ژێر ناوی ” کۆنگرەی ٧٠ ساڵە” به درووشمی ”ئەمڕۆ خەبات دەکەین بۆ ئەوەی سبەی بە ئازاد بژین” بەست و بۆ جارێكی تر و بە بەرنامەیەكی سەردەمیانە درێژە بە خەبات و تێکۆشان ده‌دات .
كۆنگرەی هەشته‌می یەكیەتیی لاوان به خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ له هه‌مبه‌ر ئەو ئاڵوگۆرانەی لە ناوچه و جیهاندا رووده‌ده‌ن و کاریگه‌ری ده‌بێ له‌سەر لاوی كورد، به‌رنامه و پلانی بۆ داڕشتووه و درێژه به تێکۆشانی رێکخراوه‌یی ده‌دات.
هه‌ستکردن به پێویستی یەكریزی زیاتر لاوانی كورد و به‌رپرسیاره‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌و خاڵه گرینگه، وێڕای رێزگرتن له بیر‌و ئه‌ندیشه جیاوازه‌کان، بۆ له‌ده‌وری یه‌ک کۆکردنه‌وه‌ی رێکخراوه‌کانی لاوان له ئاستی هه‌رچوارپارچه‌ی کوردستان و به تایبه‌تی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌رده‌وام له پلان دایه و خاڵه هاوبه‌شه‌کان ده‌کاته بنه‌مایه‌ک بۆ لێک نزیک بوونه‌وه‌و لێک تێگه‌یشتن و بیر له کار و تێکۆشانی هاوبه‌ش ده‌کاته‌وه.
یه‌کیه‌تیی لاوان شانازی به‌وه‌وه ده‌کات که له هه‌رکام له قۆناغه‌کان و به پێی شه‌رایه‌ت و هه‌لومه‌رج له شێوه جۆراوجۆره‌کانی خه‌بات له‌وانه خه‌باتی ته‌شکیلاتی و دیپلۆماسی و… هتد، که‌ڵکی وه‌رگرتوه و تێکۆشانی هه‌بووه و له قۆناغی ئێستای چالاکییه‌کانی دا له بواره‌کانی ته‌شکیلاتی و راگه‌یاندن و پێوه‌ندی و دیپلۆماسی و په‌روه‌رده کردنی لاوان، خەباتی پێشمەرگانە و رۆڵگێران لە گرێدانی خەباتی شار و شاخ و… هتد، له تێکۆشان به‌رده‌وامه.
هەوڵه‌کانی یەكیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات زیاتر بۆ ناساندنی كێشەی كورد و بردنه نێو كۆمەڵگای جیهانییه و له‌و راستایه‌دا خۆی بە دەروەست دەزانێ و بە ئەندام بوونیشی لە رێكخراوی نێونەتەوەیی لاوانی سۆسیالیست و رێكخراوە و ناوەندەکانی جیهانی تایبەت بە لاوان، بە رێگایەكی باش و كارامە دادەنێ، لە هەمبەر دەستەبەركردنی ئەم ئامانجەدا.
ئەمڕۆ لاوان چ لە ئێران بە گشتی و چ لە كوردستان بە تایبەتی، لە هەلومەرجێكی دژواردان و هەر رۆژەو زیاتر لە لایەن دیكتاتۆرانی حاكم بە سەر ئەو وڵاتە، هەوڵی لە نێو بردن و بێ رێزی و سوكایەتییان پێ دەكرێ. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە خەباتی لاوان و چالاكیەكانییان، دەتوانن مەترسیەكی گەورە بێ بۆ نەمانی كۆنەپەرستی و دیكتاتۆرییەت.
كۆماری ئیسلامی ئەمڕِۆ زیاتر لە هەر كاتێكی‌تر لە بیرۆکه‌ی ئازادیخوازی و چوونەسەری ئاستی وشیاری نەتەوەیی لاوان دەترسێ. لاوی ئەمڕۆ، لاوێكی بە هەست و ئارمانجخوازە، هەر بۆیە لە گەڵ گەشەكردنی كۆمەڵگا وپەرەسەندنی تەكنۆلۆژی، چاوەروان دەكرێ بیری نوێخوازی لاوان بە سەر بەستەڵەكی كۆنەپەرەستیدا زاڵ بێت.
رێکخراوی یه‌کیه‌تیی لاوان بە پێداگری لەسەر بنەما فیکرییەکانی توانیویەتی پێگەیەکی بەهێز چ لە ئاستی جیهانی و چ لە ئاستی ناوچە و کوردستاندا بە دەست بێنێت و تەشکیلاتێکی بەرین و چالاک کە سنورە جوغرافیاییەکانی بەزاندوە و لەنێو كوردەكانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئەندام و کۆمیتەی هەیە و پێوەندییە نێوخۆیی وجیهانییەکانی فراوان بوونێکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، یه‌کیه‌تیی لاوان لە خزمەت کردن بە توێژی لاوی کورد رۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە. لەم راستایەدا بڵاو کردنەوەی وشیاری و ئاگاهی نەتەوەیی و گەیاندنی زانیاری لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی و رۆشنبیری و… هتد، بەتایبەتی لە نێو توێژی لاوی کورد و بە گشتی لە کۆمەڵگای کوردستاندا، کردوە بە ئامانجی خۆی و هەوڵ دەدات تاکی وشیار و پێگەیشتو و ماف خواز بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێموکراتیک و دادپه‌روه‌ر، پەروەردە بکات.
یه‌کیه‌تیی لاوان هەوڵ ده‌دات، لاوانی کورد لە ژێر چەتری رێکخراوه‌یی لاوان‌دا، کۆ بکاتەوە و لە ئاسته سەرتاسەرییهکاندا، چ لە کوردستان و ئێران و ناوچە و جیهان بە یەک دەنگ و گوتارەوە، دەر بکەون و لە ئەزموونی کاری رێکخراوەیی یه‌کیه‌تیی لاوان بۆ بە ئۆرگانیزە کردنی خواستەکانی توێژی لاو و گەشەکردنی کاری رێکخراوەیی لە ناو سەرجەم لاوانی کورد هەنگاو هەڵبگرێت و هاندەر و پشتیوانی رێکخراوەکانی دیکەش بێت.
هەروەها یه‌کیه‌تیی لاوان له هه‌وڵی رۆڵ گێڕان و نزیک بوونەوە و گرینگی دان به پێوەندی لە گەڵ لاوانی سەر بە نەتەوەکانی دیکەی ئێران، لە راستای بەرەو پێش چوونی خەباتی ئەو گەلانەش لە دژی سیستمە دواکەوتووەکان بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ، هەنگاوی جیدی هەڵده‌گرێت.
هیوا به داهاتوو، به‌رده‌وامی و نه‌دۆڕانی ئیراده، ژیاندۆستی و مرۆڤ دۆستی له تایبه‌تمه‌ندییه بەرزهکانی نه‌وه‌ی نوێی کوردن.
2017-02-16