"an independent online kurdish website

شیرەکەتەکە لە سەر جاددەی ئرۆمیە تاران ولە ناوەڕاستی شارۆچکەکە هەڵکەوتبوو. دیواری حەوشەی زیاتر لە دوو میتر بەرز بوو. شارەزا و ئەندامە تەشکیلاتییەکەمان هەر لەگەل بوو جارێ. چارەچیە بۆ چوونە ژوور؟ kavos_azizi66

من لەو هاوڕێیانەی تر وەزنم کەمتر بوو. هیندێکیش چوست و چالاک بووم بۆ هەڵکشانی سەر دیوار و شتی وا کە هەر لە منداڵی یەوە بۆم بە ئیرس مابووە. ناجی لە هەموومان باڵابەرزتر و بە قوەتتر بوو. ئەو ڕاوەستا و من چوومە سەر شانی و سەرکەوتم. لای دیکەی دیوارەکە هەمووی تایەی  لۆدێر و شتی وابوو. چوومە سەر تایەکان و بە هەمان شێوە وەلی چووە سەر شانی ناجی و دەستم گرت و هاتە لام. ئیدی ناجی لە دەستمان ڕزگاری بوو . لەوکاتی دابوو کابرای نیگەبان هاتە دەر. دیاربوو ئاگای لە دەنگە دەنگی ئێمە ببوو. ئەو نیگەبانەمان بە بێ دەنگی گرت و بردمانەوە ژوورەکەیان کە لەوێش کابرایەکی دیکەی تێدابوو . دیاربوو خەریکی شووتی خواردن بوون. ئەو کابرایە بە کەوچکێک خەریکی ڕنینی توێکڵی شووتی بوو. کە ئێمەی بینی تەواو حەپەسا. بە تورکی گوتم هەستەوە: هیندە لێی تێکچووبوو وڵامی دامەوە: یۆخ والا قۆخمەرەم! هیچدە قۆخمەرەم!(ناترسم والا، هیچ ناترسم) هەر ئەو قسەیەی تیکرار دەکردەوە.

زوو دەرگامان کردەوە و ئەفەندی و بێهرەنگ و ئەو ئەندامەی تەشکیلاتیش هاتنە ژوور و هەر لەوێ ئیدی ئەو ئەندامە گوتی ئێوە کاری خۆتان بکەن و من دەبێ بگەمە ئەو شوێنەی کە دەبێ لێێ بمێنمەوە. ناجی و سادق لە دەرەوە ئامادە لە پەنا جادە سەنگەریان گرتبوو.مانگەشەوێکی خۆش بوو. بە نێو ماشێن و دەزگاکان دا گەڕاین، زیاتر لە ٤٠ دەزگا بەس لۆدێر، گریدێر و بۆلدۆزێر هەبوو. ٧ یان ٨ تانکێری دەیان هەزار لیتریی پڕ لەگازۆل لەوێ پارک کرابوون. ئەوانی دیکەش هەموویان تراکتۆر و ماشێنی سوارە و کار بوون کە سەرجەم وابزانم ٧٥ بۆ ٨٠ دەزگا دەبوون لەگەل ئەنبارێکی یەکجار گەورەی پڕ لە تایەی جۆراوجۆری تازە. ئەو نیگەبانەی کە ترسابوو گوتی ئەوە شیرکەتی شەخسی یە، بەڵام ئەوی دیکە چووە بن گوێی وەلی و گوتی درۆ دەکا، هی جهاد سازندگی یە.

کاک وەلی بارانی خەڵکی شارۆچکەی بالۆڤ و ئازەری زمان بوو. ئەو یەکجار زۆر شارەزای ئەو مەنتیقەیە و باغ و باغاتی بوو. پێشتر وەک دەرەجەداری ئەرتەش لە بەشی فەننی کاری کردبوو .بە حوکمی ئەوەی خەڵکی ئەو دەڤەرەی شاری ئۆرمیە بەشی زۆریان  ئازەری بەڵام سوننی مەزهەبن زیاتر نیزیکی کوردن و کوردەکان پێی دەڵێن: کورەسنی! حیزب هەر لە سەردەمی دامەزرانییەوە تا بە ئەمڕۆش نفووزێکی زۆری دە نێو کورەسنی یەکان دا هەیە و بە دەیان شەهیدمان هەیە کە یارمحمد تاهیری و سەعید چراغی نموونەیانن. وەلی مرۆڤێکی زۆر پاک و بە ئەخلاق، دڵسۆز و قسە خۆش بوو. وەلی کوری عەلی قەساب بوو کە هەموو کەس دەیناسی و ڕێزی دەگرت. لە هەر دەرگایەکی دابا لەگەل ئەوەی زانیبایان ئەوە کوری عەلی قەسابە بێ یەک و دوو دەرگای دەکردەوە و باوەڕی پێدەکرد کە ئەویش بە حەق جێێ باوەڕ بوو. ئەو ئێستا لە ئیسکاندیناوی دەژی و من ساڵی ٢٠٠٧ ئاخەر جار بینیومە و هیوادارم خۆی و بنەماڵەکەی ساغ و سڵامەت بن کە زەحمەتێکی زۆریان بۆ دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد کێشاوە.

گوتمان با دەست پێ بکەین بە سووتاندنیان. وەلی ئەزموونی چاکی هەبوو ، گوتی ئەوندە بەسە ئەو تانکێیرانەی گۆشەی سەرەو بە چەند گولەیەک کون کەینەوە و ئاگری تێبەردەین کە لە ماوەی چەند دەقە دا هەموو حەوشەکە دەگرێتەوە و پێویست نیە دانە بە دانە ماشێن و دەزگاکان بسووتێنین. ئەفەندی گوتی ڕاوەستن! گوتمان بۆ؟ گوتی ئەو هەموو ماشێن و دەزگایانە بە ئێمە ناسووتێندرێن! خولاسە باسەکە شایەد ٢٠ دەقەی گرتبێ. ئێمە گوتمان دەیکەین و ئەفەندی گوتی ناتوانین. لە کۆتایی دا ئەو گوتی من وەک بەرپرسی تیم و جێگری لک بەرپرسایەتی ناگرمە ئەستۆ و ئیوە بەرپرسن. ئێمەش چارەیەکی دیکەمان نەمابوو. وەلی توورەبوو و گوتی : ئەدی ئەگەر تۆ خاوەنی ئەو مودیریەتە بووی بۆ ئێمەت هێنا؟ ئەفەندی گوتی من بڕیار دەدەم و پێموایە ئەو هەموو دەزگایانە بە ئێمە ناسووتێندرێن.دیاربوو قسەی پیاوان یەکە و نابێ بە دوو!

بە ناچار هاتینە دەر و ناجی و سادقیش ئیعترازیان هەبوو کە بۆ ناسووتێنین؟ بەڵام تازە ئیدی سوودی نەبوو و کابرای نیگەبان دیسان دەروازەکەی لە پشتەوە قایم کرد. ئێمەش کەوتینە قەراغ شەقامەکە و گوتمان دەبێ بە ماشێنێك لەم مەسیرە دوور کەوینەوە. ماشێنێک هات و وەلی دەستی لێ بەرز کردەوە و ڕاوەستا. گوتی دەتوانی تا لای گەرد ئاباد بمان بەی؟ گوتی فەرموون سەرکەون. ئازەریەکی پیر و مەستی مەست. گوتی لە کام پایەگا ڕاهاتوون؟ وەلی گوتی ئێمە گورووه زەربەتی ئەنزەلین و لە پادگانی قووشچی ڕا دێین.

شۆفێری مەست دەستی پێکرد و گوتی چەند ڕۆژ پێش ئێستا من چوومە کوورەی سەرێ هیچ باسێک نەبوو ،کە گەڕامەوە ، دیتم ئەوە ماشێنێك لە خوار کوورەی خوارێ سووتێندراوە و چەند پاسداریش جەنازەیان لەوێ بوو(مەبەستی هەمان ماشێن بوو کە تیمی تەشکیلاتی حەوتووی پێش سووتاندبووی). وەلی پرسی کێ” شەهیدی” کردبوون؟ کابرا گوتی: حیزبی دێموکرات، ئەنزەل هەمووی دێمۆکراتە! خولاسە تا گەیشتینە لای گەردئاباد هەرتاریفی پێشمەرگەی حیزبی بۆ کردین و لەوێش کە ئێمە دابەزین گوتی: ئاگاتان لە خۆتان بێ شەوانە ئەم باغانە پڕن لە پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات. گوتی منیش دەچمە نێو گەردئاباد عەرەقم تەواو بووە هیندێک عەرەق دەکڕم. گەردئاباد گوندێکی مەسیحی نشین بوو کە شەڕاب و عەرەقەکەی بەناوبانگە و ئێستا هەم ئەو و هەم شارۆچکەی بالۆڤ بوونەتە بەشێک لە شاری ئۆرمیە.

ئێمە ٤ ڕۆژ لەو مسیرە ماینەوە و ڕۆژێکیان لە ناو بالۆڤ ڕا چووینە سەرخەتی بێسیم کە کاک عەلی کاشفپوور لەگەل کاک عیسمەت قسەی دەکرد و ڕابیتیان محمد عەلی نەعیمی بوو. کاک عەلی لە مەڕگەوەڕ بوو، کاک عیسمەت لە سۆما ومحمد عەلی لە تەڕگەوەڕ، دەنی کاک عەلی و کاک عیسمەت بۆ یەکتر نەدەچوو، محمد عەلی رابیتیان بوو. لەوێ ڕا زانیمان کە ئەوە جاسووسێک بە ناوی عەڵکۆ خەڵکی جووجەهی ئیعدام کراوە. ئێمەش چووینەوە نێو باسەکەیان . ئەفەندی خوێندەواریی نەبوو و لە ڕەمز و ئەوانەی نەدەزانی، منیش بێسیم چی لک بووم و لەوشتانەم دەزانی. بە کۆدی ڕەمزێک کەلە لای ئەفەندی بوو پەیامێکی کورتمان دایە کاک عیسمەت کە ئێمە ئەوە لە فڵانە جێگاین و وەزعمان باشە.ئەویش حاڵیی کردین کە خۆتان لە لای کاولان و ئەوانە بپەرێزن و هێزی دوژمن هاتووە .

شەو ویستمان دەرکەوین نەمانتوانی. چوونکی ئەو هێزەی کە هێرشی کردبووە لای کاولان و چەند پایەگایان دانابوو، هێزی زیادی گەڕابوونەوە و لە باڵۆڤ جێگیر ببوون و بەرپرسیان علی بهروش بوو(ئێستا ئەندامی شوورای شاری ئۆرمیەیە و لە بەشدارانی شەڕی نەغەدە بە دژی کوردە). سەدان کەس بوون کە گروه گروه دەچوونە حەمامی عمومیی بالۆڤ. مەجالی دەرکەوتن نەبوو. شەو دوو دڵسۆزی حیزب کە ئەوانیش هەر کورەسنی بوون هاتن و لەگەل ئێمە بەرنامەیان دانا کە کەمین بۆ مەلا محمد حسنی بەرپرسی سیاسی_ عەقیدەتیی لەشکری ٦٤ ی ئۆرمیە دابنێن کە ڕۆژی پێنج شەممە قەرار بوو بێتەوە لە مەدرەسەی ڕاهنمایی شارۆچکەی بالۆڤ قسە بۆ خەلک و قوتابیان و ماۆستایان بکا.

بەرەبەیانی زوو یەکێک لەو دڵسۆزانەی حیزب پێشمان کەوت و بردینە باغێکی قەڕاغ بالۆڤ و گوتی   ئەو مەلایە بەم ڕێگایە دا دێ و ماشێنەکەی جیبێکی شینە لەگەل دوو محافیزی. سەعات دەوربەری ١١ بوو کە بە پەلە هات و گوتی ئەوە هاتووە و خەریکی قسەکردنە ئامادە بن . ئەو گەڕایەوە دیتمان دوو مێرمنداڵی بەینی ١٢ بۆ ١٤ ساڵ ڕاست هاتنە سەرمان. بەرلەوەی بگەنە لای ئێمە، یەکێکیان دارێکی هەڵگرت و بەربووە گیانی دارێکی کە ڕەنگە ٣٠٠ تا ٤٠٠ سێوی سووری پێوەبوو. ئەو کورەی دیکەش گوتی بۆ وا دەکەی حەیفە ئەو هەموو سێوە! کورەکە گوتی: لێم گەڕێ ئەوە داری عەجەمی سەگ بابە با هەڵیان وەرێنم. ئەوان هاتن و ئێمەیان بینی و زوو باوەڕیان کرد کە پێشمەرگەین. یەکێکیان لە بنەماڵەیەکی پێشمەرگەی حیزب بوو.

لەو فاسیلەیە دا دیتمان ئەوە ماشێنێکی پیکانی سوور هات و خۆمان نیشان نەدا و دەربا سبوو. هیندەی پێ نەچوو ئەو هاوکارەمان بە پەلە پەل هات و گوتی کوا مەلاکە؟ گوتمان مەلای چی؟ گوتی کاتێک قسەکانی تەواو بوون و نوێژی کرد، ویستیان حەرەکەت بکەن ماشێنەکەی کاری نەکرد و بە ماشێنی کەسێک چوون ، ئەو پیکانە سوورە ئەوان بوون! ئەو زۆر ناڕاحەت بوو و گوتی نێچیرێکی وا دەستتان ناکەوێ . تازە ئەویشمان لە کیس چوو و هەر ڕاست ئەو ڕۆژەش پەیامێک لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بڵاو بووە کە بۆ ئەفەندی بوو و گوتبووی بە زووترین کات بگەڕێنەوە لای کۆمیتەی سەڵماس.

(( ئەوەش زیاد بکەم کە ڕاست دووساڵ دواتر و لە ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٨ پێشمەرگەکانی هێزی ئاگری چوون جادەی ئۆرمیە_تاران یان لە لای کارخانەی قەند(نوشین شهر) قەتع کرد و کەمینیان دانایەوە . بێ ئەوەی مەبەستیان بێ و خەبەریان بێ هەمان مەلا محمد حسنی بەرپرسی سیاسی عەقیدەتیی لشکری ٦٤ کەوتە کەمینیان و لەگەل پاسەوانەکانی کوژران. هەر وەها هەمان شیرکەت کە ئەفەندی نەیهێشت بیستووتێنین ٦ پێشمەرگە چوونەوە ناوی و ٨٣ دەزگا ماشێن و لۆدێر و…. تێدا بوون سووتاندیان وات ەئەو دوو عەمەڵیاتەی کە تیمی ئێمە بۆی نەکرابوون ، دوو ساڵ دواتر هەردووکیان بەڕێوەبران))

زانیمان کە ئیدی لکی ٢ لە سۆما نەماوە و چوونەتە تەڕگەوەڕ. ئێمەش چووینەوە سەر جاددە و ماشێنێکی خاوەر هاتەوە و ڕامانگرت و سواری بووین تا نیزیک نازی(نازلو) و ئیدی دونیا تاریکی کرد. ئێمە دابەزین و خاوەرەکە ڕۆی وئێمەش کەوتینە ڕێگا تا گەیشتینە سەر پردی نازی. پردەکە درێژە و تەنها پردی ئەو مەسیرەش بوو لە سەر چۆمی نازی (نازلوچای) بۆیە هەردەم ئیمکانی کەمینی ئەفرادی ڕێژیم هەبوو. دەوروبەری سەعات ١٠ شەوبوو بە سەر پردەکە دا دەرباس بووین. ئێمە ئەو ٦ کەسە بە فاسیلەیەکی ٤٠ بۆ ٥٠ میتر لە یەک دوور و بە دوو کەسی دەهاتین. ئەگە رلە بیرم بێ من و وەلی دوو نەفەری ئەوەل هاتین، ناجی و سادق دوو نەفەری دووهەم و ئەفەندی و بێهرەنگ دوایی.

کە دەرباس بووینە ئەو بەری پردەکە، وەلی یەک جێ دەستی گرتم و گوتی وەرە ئەولا. زانیم کە وەلی شتێکی دیوە بۆیە بێ دەنگ هاتمەوە پشتی گردێک کە لە خیز درست کرابوو. نەکا وەلی کەمینی دیوە کە چەند نەفەرێک پاسدار دانیشتوون و ئاگایان لە وەلی نەبووە. خولاسە تەقەیان لێنەکردینو دەربا سبووینەوە . دواتر سەربازێک باسی کردبوو کە پێشمەرگەکان کەوتنە کەمینی ئێمە و فەرماندەکەمان نەیهێشت تەقە بکەین چوونکی وامان زانی زۆرن.

لە قەراغ چۆم هیندێک لۆدێر و شتی وا کاریان دەکرد. گوتمان با بڕۆین ئەگەر دەوڵەتی بێ دەیسووتێنی و دەڕۆینەوە. زۆر بە سەلیقەیی خۆمان گەیاندە لایان و دیتمان چەند کەسێکن خیز کۆدەکەنەوە و بە خاوەر دەینێرنەوە شار. لێمان پرسین ئێو ەکێن؟ زمانیان لێک هاڵا و وڵامێکمان وەرنەگرت، کەوتینە شک کە ئەمە شیرکەتی دەوڵەتی یە. یەکێکیان گوتی ئێمە کارگەرین بڕۆن لە مودیرەکەمان مهندس ….. ؟بپرسن. چووین لەوێ کابینەیەک دانرابوو نەفەرێک دانیشتبوو و لە ژوورەکەی سەندەڵ دانرابوون. جەوانێکی سمێڵ تاشراوی خۆشتیپ هەرکە ئێمەی بینی کە وە ژوور کەوتینەوە، هەستایە سەرپێ و فەرمووی کردین. گوتمان ئێمە زەربەتین! تەماشایەکی کردین و گوتی کڵاو لە سەری منداڵ دەکەن؟ گوتمان بۆ؟ گوتی ئێوە پێشمەرگەی حیزبن. گوتی ئەوە شیرکەتی منە، و من ئاسۆریم. ڕشوەتم داوەتە پاسگای لێرە و شەوانە دێم ئەو خیزە دەردێنین و دەیبەین. خیزی قەراغ چۆمی دەبرد دەیفرۆشت بە دزی دەوڵەتەوە. ترێی بۆ هێناین و گوتی شەڕابێکی خۆشم هەیە دەخۆن؟ گوتمان ناخۆین سوپاس. خواحافیزیمان لێکرد و چووینەوە نێو گوندی قەرەلەر و لە ماڵێك لامان دا و لەوانمان پرسی کە ئەو مهندس کەلێرە خاوەنی شیرکەتەکەیە دەناسن؟ گوتیان زۆر کوڕی چاکە و شیرکەتی شەخسیی خۆیەتی.

ڕێگایەکی زۆرمان بڕێ و هاتینەوە نێوان گوندەکانی تەپک و قڕنێسە ماینەوە . ئێوارەکەی ملی ڕێگامان گرت و بۆ بەیانی لە گوندی گەورەی گەنگەچین دەرباس بووین و هەورازە سەخت و هەڵدێرەکەی شاخی کۆتۆل مان گرتە بەر. ماندوو، شەکەت و خەواڵوود. لە ناو گەنگەچی دەبەیەک ئاومان بردبوو چوونکی کۆتۆل ئاوی نەبوو. تا گەیشتینەوە نیزیک شاخەبەردەکان، خەریکە بوو دونیا ڕووناکی دەکرد و خۆر ە سەر دەریاچەی ئۆرمیە کە ئەوکات جمەی بوو ،دەهاتە دەر. کە نیزیک بووینەوە لەو شوێنەی کە دەبا بمێنینەوە، ئەشکەوتیکی بچووک هەبوو، هەر ئەوندەمان زانی کەسێک لە بیرم نیە ناوی کام یەک لە ئێمەی هێنا؟ ئێمە کەوتینە خۆ، ئەوان زوو گوتیان وەرن ئێمەین. یەکترمان ناسی کە ئەوە تیمی تەشکیلاتیی ئەنزەل کەناربەڕۆژن کە یووسف کەنعای، عەبدولسەلام محەممەدی و مستەفا مینایی بوون.

کە چووینەوە لایان ئەوان زۆر پەشۆکابوون. کاتێک ئێمەیان بینیبوو، وایان زانی بوو پاسدارن. وایان دانابوو کە ئەوە پاسدارن وجگەلەوەی کە دەرگیر بین ڕێگای دیکە نیە. هەر سێکیان پێشمەرگەی ئازا و شەڕکەر بوون، بەڵام پەشۆکانەکەیان هی ئەوە نەبوو کە لە دەرگیر بوون ترسا بن. دەیانتوانی زەبر بوەشێنن و بە سڵامەتیش دەرباسیان دەبوو. ئەوان لەوە ترسا بوون کە ئەگەر بە قسەی خۆیان ١٠ سانیەی دیکە عەبدولسەلام ئێمەی نەناسیباوە، ئەوان لێمانیان دەدا و بەو ماندوویەتیە تەلەفاتمان دەبوو. یووسف دەیگوت: تەنانەت دابەشمان کردبوون کە کاممان لە کامتان تەقە بکا. واتە ئێمەیان دابەش کردبوو بۆ هەدەف گرتن. بەهەر حاڵ نەکوژراین و ئەو ڕۆژە پێکەوە خۆشمان گوزەراند، بەڵام بەداخەوە ئاخەر ڕۆژ مان بوو کە پێکەوە بین.

ئێوار هات و ئێمە داگەڕاینەوە بناری کۆتۆل و لە پێشان چایەکمان لە گوندە بچووکەکەی سیارک خوارد و چووینەوە گوندی کەینێسی. بەڵام هەموو ڕۆژەکە یووسف وەک بەرپرسی تیمی تەشکیلاتی لەگەل ئەفەندی جەهانگیری کە هەم جێگری لک و هەمیش بەرپرسی تیمی ئێمە باسی ئەوەیان بوو کە : ئیجازە بدە کاووس لەگەل ئێمە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەی ئەنزەل و کەناربەڕۆژ.

یووسف نەزەری ئەوەبوو کە ئەگەر کاووس لەگەلمان بێت دەبینە دوو تیمی ٢ کەسی و لە ماوەیەکی کورت دا مەئمووریەتەکەمان ئەنجام دەدەین و ئەو بڕە پارەیەی کە وەک یارمەتی بۆ بنەماڵەی شەهیدان پێمانە دەگەینینەوە ئەو بنەماڵانە. بەڵام ئەفەندی ڕازی نەبوو و دەیگوت نابێ . منیش پێمخۆش بوو کەلە گەل تیمەکە بگەڕێمەوە. بەڵام بەداخەوە ئەفەندی ئیجازەی نەدا و یووسف گوتی ئەفەندی من نازانم ئێمە پێشمەرگەی حیزبین یان بەرپرسان؟ ئەفەندی گوتی: من بەرپرسی ئەو تیمەم و ئیجازەی کاووس نادەم لەگەڵتان بگەڕێتەوە. دیاربوو یووسف دڵی ئێشا بەو ڕەفتارە و هیچی نەگووت. بێگومان ئەگەر ئەفەندی ئیزنی دابایە و من یان هاوڕێ یەکی تر لەگەل   تیمی تەشکیلاتی بمێنینەوە، ڕەنگە ئەو چارەنووسەی بە سەر ئەو سێ کادرە داهات ، یان نەهاتباوە، یان رەنگە بەسەر دوو کەس دا هاتباوە. چوونکی لەوەها حاڵەتێک دا دەبووینە دوو تیم، کەوایە ڕەنگە یەکێکیان دەرگیر بباوە. دواتر بە درێژی باسی چۆنیەتی دەرگیر بوونی ئەو هاوڕێیانە دەکەم.

تا سەعات ١١ ی شەو پێکەو ەبووین وئەوان ماڵئاواییان کرد و بەرەو لای گونبەد و لەوێ ڕا بەرەو لای کەناربەڕۆژ کەوتنە ڕێگا و ئێمەش هاتنەوە فریزیان و تا بەرەبەیان لەوێ ماینەوە و بەرلەوەی تاو هەڵێ کەوتینە ڕێگا بۆ لای بەرەرەشکا. لە پایەگای بەرە ڕەشۆکا دەرباس بووینەوە لای پەریخان تاو هەڵات. تۆزە بەفرێکیش هەبوو و زۆریش سارد بوو. بۆ نیوەڕۆ گەیشتینەوە گوندی دێریشک و کاک عیسمەت ، کاک شاپوور ، کاک نایب و ژمارەیەک کادر و پێشمەرگە لەوێ بوون. سێ ، چوار ڕۆژی پێچوو کە خەبەری دەرگیربوونی تیمی تەشکیلاتی (یوسف و ئەوان) لە گوندی کوورەی خوارووی ناوچەی ئەنزەل بۆ کۆمیتە هاتبوو . لەو دەرگیرییە دا عەباس فەرماندەری زەربەت کە تورکێکی زۆر دژە کوردبوو کوژرابوو و ماڵەکەش سووتێندرابوو، بەڵام خەبەرێک لە تەلەفاتی کادرەکان یان دانیشتووانی گوند و ئەو ماڵە نەبوو.

هەر لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژە کەلەوێ بووین کاک شاپوور لەگەل ئەفەندی و بێهرەنگ چوون بۆ هێنانی پارەیەک کە وابزانم ساڵی ١٣٦١ کاتێک تاقمێکی شاه پەرەست لە سنووری ناوچەی سۆما ڕا دەیانەویست بیبەنە داخڵی ئێران و پێشمەرگە دەستیان بەسەردا گرتبوو(پێموایە ١١ میلیۆن تمەنی ئەوکات کە پارەیەکی یەکجار زۆر بوو) . ئەوان چوون و پارەکەیان لە لای بنەماڵەیەکی حیزبی دانرابوو هێنایان و نەهاتنەوە لای ئێمە ، هەر یەک ڕاست چوونەوە مقەری خۆمان لە قەرەغان.

ئێمەش کە هەوا هیندێک خۆش بوو لەگەل ئەوی بەفرێکی زۆریش هەبوو، کەوتینە ڕێ و دوای ٣ ڕۆژ گەیشتینەوە قەرەغان کە ئیدی کاک عەلی وئەوان نەمابوون، ژمارەیەکی نیزیک بە ٨٠ بۆ ٩٠ کەس لەوێ مابوونەوە. لەو ژمارەیە ٤٥ کەس دەبا لەوێ بمێننەوە و نەڕۆن بۆ باشوور، ئەوانی دیکەش لەگەل کاک عیسمەت و کاک شاپوور کە ئەندامی ڕێبەری بوون بڕۆنەوە.

دوای یەک ،دوو ڕۆژ کۆنفڕانسی پێشمەرگەیان گرت بۆ دیاری کردنی نوێنە ربۆ کۆنفڕانسی مەڵبەند. ئەوەی لە بیرم بێ محمد ساڵح قادری کە ئەوکات هاوکاری کادر بوو لە کۆمیتەی سەڵماس، وەلی بارانی ، مەلا عەبدولا عەبدی  و کەماڵ شەریفی کە ئەوانیش هەر هاوکاری کادر بوون لە کۆمیتەی ئۆرمیە. ئەوەش زیاد بکەم : ئەوکەسانەی کە دیاری کرابوون بۆ ئەوەی لە ناوچە بمێننەوە داوایان لێکرا کاندید نەبن بۆ کۆنفڕانسی مەڵبەند، چوونکی ئەوانە دەبێ لە ناوچە بمێننەوە. هەر ڕۆژی دوای کۆنفڕانس عیسمەت و شاپوور لەگەل ژمارەیەک لە کادر و پێشمەرگەکان و هیندێک کەسی تازە هاتوو بۆ پێشمەرگایەتی حەرەکەتیان کرد بۆ باشوور و ئێمەش ئەو ٤٥ کەسە لەوێ ماینەوە.

لەو بەینە دا حەز دەکەم باسێک لە مام عەزیز بکەم. مام عەزیز سەرەتای دەست پێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزب ببووە پێشمەرگە و ساڵی ١٣٦٣ گەڕابووە ژیانی ئاسایی خۆی. ساڵێک دواتر کوڕە گەورەکەی قوباد سەرەتا چووبووە نێو کۆمەڵە، دواتر هاتبووە لای حیزب و پایزی ساڵی ٦٤ کە ئێمە لە بنکەی ڕادیۆ بووین لە گەورە دێ ، دیسان چووە لای کۆمەڵە. مام عەزیز پایزی ساڵی ٦٥ هاتەوە و گوتی دەبمە پێشمەرگە. خۆ دیار بوو کە مام عەزیز هەوڵ دەدات کوڕەکەی لە لای کۆمەڵە بێنێتەوە.

لەگەل تیمی یەکەمی هاوڕێیان کە کاک عەلی کاشف پوور و ئەوانە بوون، مام عەزیز چووبووە باشوور و لەوێ ئیجازەی وەرگرتبوو بڕواتە لای کۆمەڵە و سەردانی کورەکەی بکا. چووبوو و قوبادی هێنابووە، بەڵام یەکسەر و بێ ئەوەی برواتە بنکەی ئێمە لە بێشێ و هاوڕێێان ئاگاداربکاتەوە ، هەر بە قاچاغی هاتبووە تا گەیشتبوونەوە ناوچەی شەمزینان . مام عەزیز وای دانابوو کە ئیدی تیمی ئاخەر ڕۆیشتوون و ئەوان دێن لای ئێمە دەمێننەوە. کەچی شەو هاتنە لای ئێمە و بەیانی تیمی کاک عیسمەت و ئەوان حەرەکەتی دەکرد. دووبارە مام عەزیز و قوباد کە بوو بە پێشمەرگەی حیزب لەگەل ئەوان گەڕانەوە بۆ باشوور. واتە ڕەنج بە خەسار بوون.

درێژەی هەیە…..

بەشی نۆهەم..

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی