"an independent online kurdish website

هەردوو دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات لە بنکەی دەفتەری سیاسی حدکا کۆبوونەوە و کوردستان میدیا لە هەواڵی تایبەت بەو کۆبوونەوەیە خۆی لە ناوی” هاوڕێیانی پێشوو”بوارد.

ناوێک لەوەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جیابووتەوە، ئاستەنگی بەردەم  گفتوگۆ و لێک نزیک بوونەوەی دوو لایەن بووە. ئەوەش بە پێی لێدوانەکانی بەرپرسانی حدک لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو.

بە پێی لێدوانی بەرپرسانی حدک ناوی” هاوڕێیانی پێشوو” بۆ لێک نزیکبوونەوە و وەسەر یەکخستنەوەی بنەماڵەی دێموکرات ئاستەنگی سەرەکی بەردەم دانیشتنەکان بووە و بەرپرسانی حدکا-ش ئاماژەیان بۆ ئەوە دەکرد کە پێداگری جیابۆوەکان لەسەر ناوی حیزبی دێموکرات هەوڵێکە بۆ رەوایی دان بەو ناوی لەسەر خۆیان دایان ناوە.

لە دوایین کۆبوونەوەی هەیئەتی دەفتەری سیاسی دوو بەشی دێموکرات کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی جۆزەردان لە بنکەی دەفتەری سیاسی حدکا بەڕێوەچوو، کەڵک وەرنەگرتن لە ناوی”هاوڕێیانی پێشوو” لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هەنگاوێکی ئەرێنییە کە پێ دەچێ لەمەودوا ئەرکی حدک لەهەمبەر هەوڵەکانی بۆ یەکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات قورستر بکات.

لە هەواڵەکەدا هاتووە کە :” دوو لایەن چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی ئەرکی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتیان خسته بەرباس و هەر دوو دەفتەری سیاسی دوای باسێکی ورد و هەمەلایەنە لەو پێوەندییەدا، هەیئەتەکانی هەردوو لایان ڕاسپارد بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێوشوێنانەی لە ئاکامی باسەکانی ئەو کۆبوونەوەدا دیاری کران، هەوڵ بدەن بۆ درێژەدان بە کۆبوونەوەکانیان و گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە هەم ئاکامەکەی یەکگرتنەوەی حیزب بێ و هەم لە داهاتوودا بە یەکەوە بوون لە پێناو خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستەبەر بکات“. 

دەقی هەواڵی کۆبوونەوەی هەر دوو دەفتەری سیاسی لە کوردستان میدیا:

کوردستان میدیا: بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی، بە سەرپەرستیی هەیئەتێکی دەفتەری سیاسی، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەو دیدارەدا چۆنیەتیی درێژەدانی دیالۆگ لە پێناوی یەکگرتنەوەدا باس کرا و هەیئەتەکانی هەردوو لایەن راسپێردران بۆ درێژەی دانیشتنەکان.

لە درێژەی دانیشتنەکانی هەردوو دەفتەری سیاسی‌دا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٣١ی مای ٢٠١٧ی زایینی، بەڕێز کاک مستەفا مەولوودی بە سەرپەرەستی هەیئەتێکی دەفتەری سیاسی سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی دەفتەری سیاسییەوە بە سەرپەرەستی بەڕێز کاک مستەفا هیجری پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنێکی دۆستانەدا دوو لایەن چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی ئەرکی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتیان خسته بەرباس و هەر دوو دەفتەری سیاسی دوای باسێکی ورد و هەمەلایەنە لەو پێوەندییەدا، هەیئەتەکانی هەردوو لایان ڕاسپارد بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێوشوێنانەی لە ئاکامی باسەکانی ئەو کۆبوونەوەدا دیاری کران، هەوڵ بدەن بۆ درێژەدان بە کۆبوونەوەکانیان و گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە هەم ئاکامەکەی یەکگرتنەوەی حیزب بێ و هەم لە داهاتوودا بە یەکەوە بوون لە پێناو خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستەبەر بکات.

ڤیدیۆ 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی