"an independent online kurdish website

ئێمە لە سەر ئەو باوەڕەین کە دەبێ تا درەنگ نەبووە لە و ئیدەو ئامانجانە بە مەبستی ھاوفیکری، گەشەی پڕۆسەی تێکۆشان، بەشداری لە خزمەت و بەرژەوەندی گشتیی و بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی بەلاڕێدا ڕۆیشتووی کۆمەڵێک پرس لە خەباتی رۆژھەڵاتدا کەڵک وەربگیرێ

و تا درەنگ نەبووە بە پیر ئەو ھەل و مەرجە نوێ یەوە بچین کە لە ئاکامی دژی گەلیبوونی کۆماری ئیسلامیی و گەشەی خەباتی خەڵکی کوردستان، بووەتە تەوەری سەرەکی خەباتی رۆژھەڵات!

 

تێبینی: تا ئێستا لیستی ناوی ئەم بەڕێزانەی ئەم راگەیاندراوەیان بڵاو کردۆتەوە بە سایتی پێشمەرگەکان نەگەیشتووە. 

دەقی راگەێندراوەکە:

راگەیەندراوی ھاوبیرانی دێمۆکڕات

ھاوڕێ یانی تێکۆشەرو دڵسۆزی حیزبی دێمۆکڕات

بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان و زیندانیانیی سیاسی!

خەڵکی دڵ پڕلەھیواوھومێدی کوردستان

رووناکبیرانی خاوەنھەڵویست و کوردپەروەر

وێڕای سڵاو،

خەباتی نەتەوایەتیی و شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژھەڵات، دەیان ساڵە بۆ دابینکردنی مافە رەواکانیی بەردەوامە!

ئامارە سەرەتاییەکان ئەوەمان دەخاتە بەرچاوکە لە ماوەی داگیرکاری کۆماری ئیسلامیی و بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو رێژیمە دژەکوردە، گەلی ئێمە سەرەڕای تووشبوون بە نەھامەتیی و ماڵوێرانی و کاولکاریی و ئاوارەبوون و گرتن و ئەشکەنجەی زۆر; گیانی زیاتر لە حەفتاھەزار کەس خەڵکی بێدیفاع و خەباتکاری پێشمەرگەی فیدای ئازادیی و رزگاریی رۆژھەڵاتی نیشتیمانیکردووە! بەڵام رۆژھەڵاتی کوردستان ھەرگیز لە ژێر زوڵم و زۆرداریی دوژمن و کۆنەپەرستیی بە چۆک دانەھات و، بە دایم وبە ھەر شێوەو لە ھەر بووارێکدا بۆی رەخسابێ، لە پێناوی ئازادیی و رزگاریی، رووبەڕووی داگیرکاری بۆتەوە!

بۆ ئێمەو ھەموو ئۆگرانی ئازادیی تر زۆر جێی خۆشحاڵی یەکە ; لە ئاکامی بەربەرەکانیی و بەرخۆدانی خەڵکی کورد و ھاونیشتیمانیانی تری کوردستانیی، ھومێد بە گۆڕان و سەرکەوتنی یەکجارەکی، زۆر لە جاران زیاتر ە!

ئەو ئومێدەواریی و گۆڕانخوازی یە، لە ھەل و مەرجێک دا، بەرچاوتر لە جاران خۆی دەنوێنێ کە رێژیمی ئیسلامی ئێران کە بێگومان ئێستا لە چەشنی ئیمپڕاتۆری ئیسلامی زاڵ بە سەر وڵاتەکانی; یەمەن – لوبنان – سوریە و عێڕاقیش دا، ھاتۆتە نێو کارزاری کێشەکانی رۆژھەڵاتی نێوەڕاست; لە ھەموو کاتێک زیاتر تەریکەوتوو بێزراوە. تەنانەت ئێستا زۆربەی وڵاتان بوونەتە ھاوبیری ئێمەو ئەو رێژیمە وەک دەسەڵاتێکی تێرۆریست و تێرۆریستپەروەر پێناسە دەکەن!

سەرەڕای شکستی سیاسی رێژیم لە ئاستیی نێونەتەوەیی – ناوچەیی وناوخۆیی، کۆمەڵێک شکستیی تر وەک : گەمارۆی ئابووری، ویشکەساڵیی و چۆڵبوونی زیاتر لە ٤٠٠٠٠(چلھەزار) ئاوایی و جێگیربوونی دانیشتوانەکانیان لە حاشیەی شارەکان و ویشکبوونی دەیانھەزار ھێکتار ، نەخلستان، باغەکانی میوەو پستە و چوونەخوارەوەی ماگازینی ئاوەکانی ژێرزەوی لە ١٥ میتر بۆ ٨٥ میتر لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردو و، بە گشتیی داڕمانی کشت و کال; خەریکە رێژیمی ئیسلامی لە ئێران بە تەواوی بە چۆک دادێنێ!

ئێستا ھەموو خەڵکی خۆڕاگری کوردستان و باقی نەتەوەکانی تری ئێران، دڵنیابوون کە رێژیم رۆژ لە گەڵ رۆژ لاوازتر دەبێ و ئەمڕۆ یان بەیانی تۆماری جینایەت و داگیرکاری تێکەوە دەپێچرێ!

بۆ بەرەوپیرەوە چوونی ئەو وەزعە تازەیە و بۆ خۆئامادەکردن بە مەبەستی جێگرەوە و ئاڵتێرناتیڤی داگیرکەر لە سبەی رۆژی کوردستانیی رزگارکراو; نیاز بە داڕشتنی پلان، یەکڕێزیی بە کردەوەو پێشگیری لە شەڕی براکوژی ودیاریکردنی تاکتیک و ستڕاتێژی تێکۆشان ھەیە!

خۆ تەیارکردن بۆ سەرکەوتنی سبەی رۆژ ، مانای کەڵکوەرگرتن لە توانا و دڵسۆزیی ھەموو خەباتکارانی دەرەوە و خەڵکی شارەزای سیڤیلی ناوخۆیە!

ھیچ پێشنیار و ئیدەیەکی فیکری نابێ و ناکرێ وەپشتگوێ بخرێ!

لە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی رۆژھەڵاتی کوردستان دا، جێگایەک بۆ عەقڵی کول و بڕیاردانی تاک لە بری چین و توێژەکان و بە گشتی کۆمەڵ، نی یە! بە واتایەکی تر سەرسەریبوون و لە جیاتی کۆمەڵ بڕیاردان، دژی بنەماکانی دێمۆکڕاسیی یە و لادانە لە ئارەزوو، خواستی رزگاری گەلی کورد! ئێستا و لەو ھەل و مەرجە دا، گەلی ئێمە لە ھەموو کاتێک زیاتر نیازی بە خزمەتکار، گەلدۆست و دڵسۆز ھەیە، خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان، دوو ئیدەئۆلۆژی جیا لە یەک و ” مەڕجەعی تەقلید” یان ئەزموون کردووەو نایانەوێ، بچنەوە ژێر رکێفی بەرژەوەندیخواز و کەسانی خۆویست و خۆ بە عەقڵی کول زان!

ئەگەر چەند دێڕی سەرەوە، وەک ھەڵێنجراوو فۆرمۆلەکراوی واقیعی ئێستا، جێی ئینکار کردن نی یە، و کەم یازۆر ھەموو دڵسۆزانی ھۆگری رزگاریی نیشتیمان لە سەری ھاودەنگن، کۆمەڵێک واقیعی دیکەش لە مەیدانی تێکۆشان دا ھەیە کە حیزبە خەباتکارەکانی کوردستانی رۆژھەڵات دەگرێتەوە، و نابێ بە ھیچ شێوەیەک خۆی لێبپارێزرێ!

ئێمە پێمان وایە کە بە ھەموو تێکۆشان و کارو کردەوەی رۆژانەی حیزبەکان، ئێستاش کۆمەڵێک پرس و باس و شیکردنەوەو پڕۆژە و پلان ھەیە کە حیزبەکان وەک ئەرک بە ئەنجامیان نەگەیاندووە و وەک حەوزێک لە ئیدە و ئامانج پەنگی خواردۆتەوە!

ئێمە لە سەر ئەو باوەڕەین کە دەبێ تا درەنگ نەبووە لە و ئیدەو ئامانجانە بە مەبستی ھاوفیکری، گەشەی پڕۆسەی تێکۆشان، بەشداری لە خزمەت و بەرژەوەندی گشتیی و بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی بەلاڕێداڕۆیشتووی کۆمەڵێک پرس لە خەباتی رۆژھەڵاتدا کەڵک وەربگیرێ و تا درەنگ نەبووە بە پیر ئەو ھەل و مەرجە نوێ یەوە بچین کە لە ئاکامی دژی گەلیبوونی کۆماری ئیسلامیی و گەشەی خەباتی خەڵکی کوردستان، بووەتە تەوەری سەرەکی خەباتی رۆژھەڵات!

لەسەر بنەمای رووانگە و شیکردنەوەی سەرەوە ئێمە لە ژێر ناوی ھاوبیرانی دێمۆکڕات تێکۆشانمان بۆ گەیاندنی یارمەتی فیکریی بە حیزبی دێمۆکڕات و بە پڕۆژەکردنی دەریایەک و تەنانەت دنیایەک لە ئامانج و ئاواتیی ; کۆماری کوردستان، مێژووی تێکۆشانی حیزب و ئاوات و بۆ چوونەکانی رێبەرانی شەھید بە رەسمی دەست پێ دەکەین!

ئێمە پێمانوایە دەستکەوتەکانی خەباتی تا ئێستای حیزبی دێمۆکڕات، وەک لووزەوی کانی یەکی قەدپاڵی کێوێکی ئاڵتوونی کوردستان وایە کە ھەر کات دەستی وەربەردەی، مشتت پڕدەبێ لە زەڕاتی زێڕ و ئاڵتوون! بۆیە ئێمەش بە مافی خۆمانی دەزانین، ئەو مێژووە پڕ لە دەستکەوتە، و ئەو دەستکەوتە زێڕینە دووبارە بە رۆژەوبکەینەوەو حیزبی دێمۆکڕاتی پێ جوانتر و دێمۆکڕات تر، نیشان بدەین!

خۆێنەری بەڕێز

ھاوبیرانی دێمۆکڕات; بەشێکی جیانەبۆوەو جیانەکراوەی حیزبی دێمۆکڕاتن

بەشێکی جیانەبۆوە; بەو مانایە کە ئێمە لەبیری ئەوە دانین، ببینە لایەنی سێیەم، یان ببینە فڕاکسیێۆنێک، یان حیزبێکی جیاواز بەڵکە ئێمە کۆمەڵێک ئەندامین کە دەمانەوێ، بە یارمەتیدانی فیکریی و بە دەربڕینی دەنگمان لە کاتی پێویست دا; یارمەتی بکەین بە بەرەوپێشچوونی تێکۆشانی حیزبی دێمۆکڕات

بەشێکی جیانەکراوە ; بەو مانایەیە کە رێگە بە ھیچ بەرپرس و لایەنێک نادرێ وەک جیابیر سەیرمان بکا و بە کووتەکی سوونەتیی:”لە گەڵ من نیت، دژی منییت”! بەمانکوتێ! ئێمە ھاوبیرانی دێمۆکڕاتین! نەک جیابیر! پێمانوایە ئەوەش بەسە بۆ ھەر تاکێکی دڵسۆزی دێمۆکڕات; کە ئێمە لە خۆیی و خۆی لە ئێمە بزانێ! ئێمە ھاتووینەتە مەیدان بۆ دەوڵەمەندکردنی زیاتری خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێمۆکڕات

لە رووانگەی ئێمەوە چوار دەستەی سەرەکی دەتوانن، یارمەتی فیکری بگەیەنن بە گەشە و بەرەوپێشچوونی تێکۆشانی حیزبی دێمۆکڕات:

١ئەندامانی رێکخستنەکانی حیزب.

٢ئەندامانی دوور لە رێکخستنەکانی حیزب.

٣خەڵکی دڵسۆز، رووناکبیر و بە پەرۆشی کوردستان

٤دۆستانی ئێرانیی و دەرەوەی کوردستان و ئێران

ئێمە وەک ئەندامانی دەرەوەو ناوەوەی تەشکیلاتی ئێستای حیزبی دێمۆکڕات، لە سەر بنەمای ئامانجی کۆماری کوردستان و وەسیەت و ئیدەکانی رێبەرانی شەھید، و وەک بەرپرس لە بەرانبەر سەرکەوتن و لاوازی یەکانی حیزبی دێمۆکڕات; بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، چالاکانەتر لە جاران تێبکۆشین و خەڵکی کوردستان و دڵسۆزانی نەتەوەپەروەر، لە رووانەگەکانمان ئاگادار بکەینەوە!

سیاسەتی تێکۆشانی ئێمە بە گشتی ھەر ھەمان سیاسەتە کە حیزبی دێمۆکڕات ھەیەتیی و ئەو حیزبەی پێ پێناسە کراوە! ھەر لە جێ دا نامانەوێ لە بری خەڵکی کوردستان بڕیار بدەین و بە پیر ھەر چەشنە نوێگەرایی و گۆڕانکاری یەکەوە دەچین کە لە داھاتوو دا روودەدا!

ھەر بەو جۆرە کە ھەر نەتەوەپەرست و خەباتکارێک لێی ئاگادارە، بۆ بەرەوپیرەوەچوونی سەرکەوتن و گەڕانەوەی سبەی رۆژێی ھێزەکانی کوردستان بۆ ناوخۆی وڵات، کەمترین ئامادەکاری ھەیە!

پرسەکانی مەحکوومکردنی شەڕی خۆکوژیی و ھاوکاری بەکردەوەی نێوان حیزبەکان، بە تایبەت ھاوکاریی بۆ پاراستنی شوێنەگشتی یەکان لە تاڵان و بڕۆ! دانانی شووڕای گەلی بۆ ئیدارەکردنی شار و ناوچە و شوێنە جیالەیەکەکانی کوردستان ھەتا ئێستاش نەبۆتە باسی رۆژی حیزبەکانی کوردستان!

ئێمە بە دوو ھۆی سەرەکیی مەترسی شەڕی ناوخۆیی دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دەبینین:

ئەو حیزبانەی کە ئێستا دەیان بینین، ئەگەر یەکێکیان ٨٠% ھەموو بەدەنەی پێش لەتبوونیشی لە گەڵ بێ، ھەرگیز ھەموو حیزبی پێش جیابوونەوە نی یە! ئەوەش بڵێین کە لە پڕۆسەی جیابوونەوەو لەتبووندا، ئەوە ژمارە نی یە کە رۆڵی سەرەکی دەگێڕێ، بەڵکە پارێزگاریکردن لە سەرچاوە، مێژووی خەبات و پلانی پێش لەتبوونەکە کاریگەرە! بەو پێ یە کە دەبینین ھەموو کۆمەڵەکان و خەباتەکان و دێمۆکڕاتەکان; خۆیان بەدرێژەدەری ھەمان تێکۆشان دەبینن; ئەگەر بڵێین لە وەھا بیرکردنەوەیەک دا، تێکھەڵچوون و چەک بەڕووی یەک کێشان روو نادا، ئەوە دەڵپاکی یەکیی دوورلە سیاسی بوون و بێگانەیە لە ستراتێژی یەکڕیزیخوازیی!

یەکلابوونەوەی سیاسەت و شێوەی ھاوکاریکردن لە گەڵ جەرەیانێک یا حیزبێکی تر ی وەک پژاک، کە وەک ھیچکام لە حیزبەکانی رۆژھەڵات بیرناکاتەوە; سبەی رۆژێ دەبێتە کۆسپێکی گەورەی سەر رێگای پڕکردنەوەی بۆشایی و ئیدارەکردنی کوردستانی پاش کۆماری ئیسلامی! دوو واقیع دەبێ سەبارەت بە پژاک بگیرێتە بەرچاو; یەکەم ئەو جەرەیانە، ھی ناوخۆی کوردستانە و پێویستە زیاتر لە حیزبێکی سەراسەری ئیرانی ڕێزی لێ بگیرێ! دوویەم واقیعی رۆژھەڵاتی کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێ کە پژاک ناتوانێ ببێتە پەیەدەی رۆژاواو حیزبەکانی رۆژھەڵات وەک ئەنەکەسە، بخاتە ژێر تەوژمی رێکخستنەکانی خۆیەوە! بەڵام ھەر لە جێ دا پژاک ھێزێکی چەکدارە و تەشکیلاتیشی ھەیە! زۆر بە ھێزتر یشە لە پارتی چارەسەری کوردستان لە باشوور، کە ھەمان سەرچاوەی بیرکردنەوەی ھەیە! ھەر ئێستاش یەک یان دوو بەش لە حیزبەکانی رۆژھەڵات ، بە تەنیا سیاسەتی دۆستایەتی یان لە گەڵ ئەو جەرەیانە گرتۆتەپێش!

بۆیە ئێمە ھاوبیرانی دێمۆکڕات ; لە سەر ئەو باوەڕەین کە حیزبەجیالەیەکەکانی رۆژھەڵات، دەبێ یەکبگرنەوە! ئێمە لەوە ئاگادارین کە بەر لە ئێستاش ھەوڵێکی زۆر دراوە بۆ یەکگرتنەوە و سەرینەگرتووە بەڵام ئێمە ئەوجارە بۆ یەکگرتنەوە داوالە تاکەکان ناکەین کە کورسی یەکانی خۆیان بە جێ بێڵن( ئەو کارە ناکرێ و ئەوتواناییەشیان تێدا بەدی ناکەین) بەڵکە تەنیا داوا دەکەین ناوەکان وەسەریەک بخەنەوە!

ھاوبیرانی دێمۆکڕات دڵنیان کە ئەگەر ھەوڵ بۆ یەکڕیزیی و ھاوکاری نەدرێ، ئەوە بە گەیشتنەوە بۆ کوردستانی رزگارکراو، ناوچەی قۆرغ و پارێزراوی دژ بەیەک، دێتە ئاراوەو ئەو کارەساتە روودەدا کە لە باشوور روویدا!

ھاوبیرانی دێمۆکڕات لە درێژەی تێکۆشانی خۆیدا; بە مەبەستی پێشچوونی زیاتر و گەشەی تەشکیلاتی – پێشمەرگایەیی و توانای راگەیاندن و ئابووری حیزبی دێمۆکڕات ، پلان و پڕۆژە و بەرنامەی کار دەخاتە بە نەزەری حیزبی دێمۆکڕات و رای گشتی!

ھاوبیرانی دێمۆکڕات ئەو بەشە لە ئەندامانی دڵسۆزی حیزبن کە لە ھەموو پانتایی جوغڕافیایی تێکۆشانی حیزبی دێمۆکڕات ھەوڵ دەدەن یارمەتیی فیکری بدەن بە رەوتی تێکۆشان!

ھاوبیرانی دێمۆکڕات ئەو ئەندامانەن کە باوەڕیان وایە دەبێ بەرژەوەندی تایبەتیی و کەسیی فیدای بەرژەوەندی گشتی بکرێ! لەو روانگەیەوە ئەگەر ئێمە پلان و پڕۆژەیەکی چاکسازیی و پێداچونەوەمان پێشکێش کرد بەڵام دەرەتانی ئەوە نەدرا(وەک ئێستا) کە بەناوی ئێمەوە پیادە و ئیجڕا بکرێ، ئەوە با بەشی دەسەڵاتدار ئەنجامی بدا و بە بێ ھیچ دوودڵی یەک دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکانمان دەکەین!

ھاوبیرانی دێمۆکڕات دەعوەت و داوا لە ھەموو دڵسۆزێکی نەتەوەیی و ئەندامانی حیزب و رێکخراوەکان دەکەن کە یارمەتیمان بدەن لە سەرخستنی گەشەی زیاتری خەباتی رۆژھەڵات و بە پڕۆژەکردنی باوەڕەکانی کۆماری کوردستان و رێبەرانی شەھید و مێژووی تێکۆشانی حیزبی دێمۆکڕات!

سەرکەوێ خەبات بۆ گەشەی زیاتری حیزبی دێمۆکڕات!

سەرکەوێ خەباتی یەکڕیزیخوازی رۆژھەڵاتی کوردستان لە پێناوی بەرەوپێش بردنی بەرژەوەندی گشتی!

مەرگ و نەمان بۆ ئیمپڕاتۆری ئیسلامی

لە گەڵ رێزی دووبارەمان

ھاوبیرانی دێمۆکڕات

١٢٢٢٠١٨

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی