پاراستنی سەرچاوەی زانیاریی دیجیتاڵ
بەشی چوارەم: بە نهێنی مانەوە لە تۆڕدا
گۆڤاری “ژورنالیستن” (Journalisten) ئۆرگانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی سوید بۆ یارمەتیدان بە رۆژنامەوانان و پاراستنی سەرچاوەی زانیارییەکانیان زەنجیرە وتارێک بڵاو دەکاتەوە کە لە دوایین ژمارەدا وتاری ئەم جارە بەو ناونیشانەی کە لەسەرەوە دامناوە بڵاو کراوەتەوە. لە ژمارەی داهاتووشدا، واتە لە بەشی پێنجەمیشدا “موبایل تەلەفوون ـ چەندە جێگای دڵنیاییە؟” ئەم زەنجیرە وتارە درێژەی دەبێ.
دڵنیام ئەوانەی کە زۆر دەخوێننەوە، زۆر جار بینیویانە کە لە هەواڵێکدا نووسراوە “سەرچاوەیەکی لە حیزبی … کە نەویست ناوەکەی ئاشرا بێ…” یان دەستەواژەی لەم جۆرەیان دیوە. ئەم وتارانەش بۆ ئەوەیە کەس لە رێگای دیجیتاڵ و دونیای مەجازی تۆڕەوە نەتوانێ ئەو سەرچاوانە بدۆزێتەوە و تەنیا بە لای رۆژنامەوانەکانەوە بە نهێنی بمێننەوە، سەندیکای ناوبراو، ئەم جۆرە زانیارییانە بڵاو دەکاتەوە. بابەتەکەش تایبەتە بۆ رۆژنامەوان و ئەوانەی کە کاری رۆژنامەوانی دەکەن.
ئێستاش وتارەکە “تور” دەتوانێ تۆ بە نهێنی لە تۆڕدا بێڵێتەوە.
کاتێک دەچیتە نێو ئینتەرنێت، شەقڵ و شوێنەوارێکی زۆر لە پاش خۆت بە جێ دەهێڵی، هەربۆیە دیتنەوەت زۆر هاسانە، ئەگەر خۆت یان سەرچاوەی زانیارییەکەت دەتانهەوێ بە نهێنی بمێننەوە، بەکار هێنانی “تور” چارەسەرێکی باشە.
بە هۆی ئەو کووکی (وشکەشیرینی) کە پەڕگەی نووسراوەیین و لە وێبگەڕەکەتدا دەمێننەوە، بۆ وێنە ئەوانەی کە ریکلام و ئاگاداریی بڵاو دەکەنەوە، دەبینن کە چۆن لە نێو تۆڕدا لەم ماڵپەڕ دەڕۆی بۆ ئەو ماڵپەڕ و لە شوێنی چی دەگەڕێی و حەزت لە چیە و بە شوێن چیدا دەگەڕێی. وێبگەڕەکەت “پەنجەمۆر”ێکی هەیە، هەرچەندە ئەم پەنجە مۆرە تایبەتی کەسایەتی نەبێ، بەڵام شتێکی زۆر نایابە.
هەموو جارێک کە لە رێگای موبایل تەلەفوون یان کومپیۆتەرێکەوە دەچێتە نێو تۆڕ، ئاپی (IP)یەکت پێ دەدەن، ئای پی ئادەرسیش لە تۆڕدا وەک ناونیشانی ماڵەکانمان وایە. هەر بۆیە دەتوانێ شوێنی کار و نووسینگەکەت یان ناوەندی رۆژنامەکەت ئاشکرا بکا.
بنکەی دراوە (Database) ئەوتۆ هەیە ئاپی نمرەی کومپانیا، رێکخراو و کەسەکان پیشان دەدا. لە ماڵ یان لە شوێنی کارەکەتەوە بڕۆیتە سەر تۆڕ، کومپیۆتەرەکەت ئای پی نمرەیەک لەو کومپانیایە کە هێڵی تۆڕەکەت لێ بە کرێ گرتووە، قەرز دەکا. ئەگەر لە ناوەندێکی هەواڵنێرییەوە دەچیتە سەر تۆڕ، ئەوا کومپیۆتەرەکەت ئای پی نمرەیەک بەکار دێنێ کە پێوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی ناوەندەکەوە هەیە.
بۆ ئەو کەسانەش کە دەیانهەوێ بە نەناسراوی لەسەر تۆڕ بمێننەوە، هەموو ئەمانەی لە سەرەوە باسمان کردن، کێشە خوڵقێنن. بۆ وێنە: لە نووسینگەکەت دانیشتووی و جار لە دوای جار دەچیتە سەردانی ماڵپەڕی کومپانیایەک دەکەی. ئەوان ئەگەر هێندیک وشیاری بەکار بێنن و پێیان خۆش بێ، ئەوا دەتوانن ببینن کە نووسینگەکەتان پەیتا پەیتا ماڵپەڕەکیان دەبینی و کۆمپانیاکەیان سەرنجی ناوەندەکەی ئێوەی بۆ لای خۆی راکێشاوە.
بۆ ئەوەی ئەم کێشانەت لە کۆڵ بێتەوە، دەتوانی تور بەکار بێنی. تور کەرەستەیەکە کە دەتوانێ بەکار هێنەر بە نهێنی لە تۆڕدا بهێڵێتەوە. ئەم کەرەستەشە لە لایەن زۆر رێکخراوەوە لەوانە Sida یارمەتی ماڵی کراوە بۆ بەرەوپێش چوونی لە بواری ئازادی رادەبڕین و ئازادی چاپەمەنی لە سەرتاسەری جیهاندا.
کاتێک تور بەکار دێنی، کومپیۆتەرەکەت ئاپی ئادرەسێک لە کومپیۆتەرێکیترەوە کە لە شوێنێکیتر لەسەر هێڵە، قەرز دەکا و دواتر لە ئینتەرنێتدا دەگەڕێ. خاوەن ماڵپەڕەکان و کەسانیتر ئەو ژمارە ئایپیە سەرەکییەکەی کە تۆ لە کومپانیای ئینتەرنێت فرۆشتن وەرگرتووە، نابینن، بە پێچەوانەوە ئەو ژمارە ئای پییە دەبینن کە تۆ بۆ ماوەیەک گەڕان لە ئینتەرنێتدا قەرزت کردووە.
لێرەدا هێندیک لیکچوون لە نێوان تور و رێکخراوی خزمەتگوزاریی VPNدا دەبینرێ کە لە بەشی سێهەمی ئەم زەنجیرە باسەدا باسمان کرد. دیارە جیاوازییەکان یەکجار زۆر گرینگن. لە VPNیشدا کومپیۆتەرەکەت ئاپی نمرەیەک قەرز دەکا، بەڵام کومپانیایەک بیهەوێ لە خزمەتگوزاری VPN بگەڕێ، دەتوانێ بزانێ کە ئەوە تۆ بوویت کە ئەو ژمارەیەت لە کاتێکی دیارییکراودا بەکار هێناوە.
لە بەکارهێنانی توردا ئەو قەرز کردنە بە شێوەی بەستراو و نەهێنیکاری لە ٣ رێگا و بەشدا بەڕێوە دەچێ. کە لێرەدا بێجگە لە کومپیۆتەرەکەی خۆت ٣ کومپیۆتەریتر بەشدار دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە نەناسراوی و نەهێنی لەسەر هێڵ بمێنیتەوە. کومپیۆتەری یەکەمی ئەم زەنجیرەیە تەنیا دەزانێ تۆ کێی و ترافیکەکەت بەرەو کوێ دەڕوا و بۆت بەڕێ دەکا. بەڵام نێوەڕۆکی ترافیکەکەت نابینێ، لەبەر ئەوەی پێچراوەتەوە و کۆدی لەسەر دانراوە. کومپیۆتەر دووهەمیش تەنیا دەزانێ کام کومپیۆتەر یەکەم و کامیشیان ئاخریینە. لە کۆتایشدا کومپیۆتەری سێهەمیش تەنیا دەزانێ کام کومپیۆتەر دووهەمە و ترافیکەکەش بۆ کوێ دەچێ.
چەندین داو و تەڵە هەیە کە دەتوانێ تێیان کەوی. کاتێک تور ئینستال دەکەی، لە راستیدا چەندین بەش لە کومپیوتەرەکەتدا دادەنێی. یەکێک لەوانە پێوەندییەکەت لەگەڵ نەتڤۆرکی توردا رێک دەخا و لە رێگای ئەو سێ پلەوە کە پێشتر باسمان کردن ژمارە ئای پیەکی کاتیت پێ دەدرێ. یەکێکی دیکە لەوانە وێبگەڕی تایبەتی تورە. وێبگەڕی تایبەتییەکەی تور رێکخراوە بۆ ئەوەی هەموو هاتووچۆ و ترافیکەکانت لە رێگای تورەوە بێ، ئەگەر تەناتەت توریشت لە کومپیۆتەرەکەتدا دامەرزاندبێ، بەڵام لە رێگای وێبگەڕەکەی ئەوانەوە نەچیتە سەر هێڵ، ئەوا بە نەهێنی نامێنیتەوە. واتە ئەگەر لە رێگای وێبگەڕە تایبەتییەکەی تورەوە نەچیتە سەر هێڵ، ئەوا کومپیۆتەرەکەت ئای پییە کۆنەکەی خۆت بەکار دێنێتەوە.
کاتێک کومپیۆتەرەکەت گرێ دراو بێ بە هێڵەوە، ئەوا بەردەوام دوو رێگات لەبەرە: یەکەمیان وەک هەمیشە لە رێگا ئاساییەکەوە بچیتە سەر هێڵ و ئەو کاتە ئای پی نمرەکەت ناسراوە و یان لە رێگای تور و وێبگەڕە تایبەتییەکەی ئەوانەوە کە بە نەناسراوی و نەهێنی دەمێنیتەوە.
بۆ ئەوەی لە ئینتەرنێتدا بە نهێنی بمێنیتەوە، باشترین رێگا ئەویە کە تور بەکار بێنی. ئەم خزمەتگوزارییە کە تور دەیکا، تەنیا یارمەتی تکنیکیە بۆ پاراستن، توریش وەک هەموو تکنیکی دیکە دەتوانرێ کەڵکی خراپی لێ وەربگیردرێ. ئەگەر خۆت یان سەرچاوەی زانیارییەکەت پێویستتان بەوەیە بە نهێنی لەسەر هێڵ بمێننەوە، دەتوانن تور بەکار بێنن بەڵام دەبێ زۆر ئاگاداری ئەوە بن کە چۆن بەکاری دێنن.
تێبینی: رێکخراوی “ Stiftelsen .SE ” بەم تازەییانە ناوی خۆی گۆڕیوە و ئێستا ناوی “ Internetstiftelsen i Sverige, IIS” .
ـ بەشی داهاتووی ئەم زەنجیرە وتارە لەسەر موبایل تەلەفوونە و ئایا چەندە جێگای دڵنیا بوونە؟
سەرچاوە: گۆڤاری ژمارە ٩ی ژورنالیستی ٢٠١٥
٢٠١٥/٠٩/١٢