"an independent online kurdish website

NNSROJ: ئەفشین سۆهراب زادە، گیراوی سیاسیی کورد کە لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوییەوە قۆڵبەست و زیندانی کراوە، لە نامەیەکدا بۆ ئەحمەد شەهید،Efshin-Sohrabzade-0

ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران ناردووە و تێیدا باسی لەوە کردووە کە مەرگ بە ئاوات دەخوازێ.

ناوبراو کە تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنە، لە نامەکەیدا بۆ ئەحمەد شەهید باسی لە ئەشکەنجەکران، دادگایی و زیندانیکرانی نادادپەروەرانەی دەکا و دەڵێ تەنیا بە خاتری دایکم، حەولێک بۆ ئازادکرانم بدەن.

 

دەقی نامەکە کە لەلایەن “ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان”وە بڵاو کراوەتەوە بەم شێوەیە:

 

جەنابی ئەحمەد شەهید

من ئەفشین سۆهراب زادە یەکێک لە بەندکراوە سیاسییەکانی کوردم و دوچاری نەخۆشی شێرپەنجەم. دڵنیام کە من ناناسن، هیوادارم ئەم نامەیە بگاتە دەستتان و بزانن من گەنجێکی ۲۴سالە لە دادگاێکی ۵ خولەکیدا ۲۵سال زیندانیم بۆ براوەتەوە و ئیستاش لە بەندیخانەی میناب دەگەل نەخۆشی شێرپەنجە هاورێ و هاوسەنگرم.

من لە رێکەوتی ۱۸/۳/۱۳۸۹بەدەستی هێزەکانی کۆماری ئێسلامی لە شاری کامیاران قۆلبەست کرام و لە دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری سنە بە تۆمەتی محاربە و ئەندامبوون لە ناو کۆمەلە ۲۵سال زیندانیم بو برایەوە. تا ئەو جێگا لەبیرمە پێش لەوەی کە دەستبەسەر بکرێم، باری تەندروستم باش بوو و هیچ ئازارێکی گیانیم نەبوو، بەلام لە ئیدارەی ئیتلاعات بە سەختی لێیان داوم و ئەشکەنجەیان کردووم جارێک لوتیان شکاندووم و بە هۆی لێدانی و ئەشکەنجە فەتقم دراوە.

جەنابی ئەحمەد شەهید

ئەگەر بمهەوێت باسی ئەشکەنجە و ئازارێک کە لە درێژەی ئەم سالانەدا بە سەرم هاتووە قسەت بۆ بکەم ئەوا دەبێ کتێب بنووسم بەڵام ئازاری من ئیستا ئەوە نییە بەڵکوو نەخۆشیەکەمە کە کوتاییەکەی بە مەرگ خەتم دەبێت. شێرپەنجە ئەو نەخۆشیە وا لە ئیران چارەسەری نییە بە هۆی نەخۆشییەکەمەوە غەیری پێست و ئیسقان هیچم پێوە نەماوە. هەمو رۆژێ دایکی پیرم لە دادستانی کامیاران بۆ سنە و لە سنەوە بۆ میناب و ئینجا دوبارە دێتەوە بۆ کامیاران بەڵکوو بۆ دەرمانی نەخۆشیەکەم مەرخەسیم بۆ وەرگرێ.

جەنابی ئەحمەد شەهید

بە ڕاشکاوی بۆت بلێم ئاواتی مەرگم بۆ خۆم هەیە، ۵ سالە ڕەنج و عەزاب دەکێشم نامەوێ هیچ کارێکم بۆ بکەن بەڵام دڵم بە حاڵی دایکم ئەسووتێ ئەویش لەگەڵ ئازارەکانی من ئازار دەکێشێ و دەستی بە هیچ کوێ ناگات ئیستاش تەنها لە بەر خاتری دڵی دایکم و لە بەر خاتری ئەوێک کە بێسەلمینن ئێوەش لە بەرانبەر کوردەکاندا جیاوازی دانانن، حەولێکم بۆ بدەن.

ئەفشین سۆهراب زادە

بەندیخانەی میناب/ پێنجشەممە

۱۹خەرمانانی ۱۳۹۴


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی