دوایین {یه‌کشه‌مه‌ی مانگی مای (may) له سوید وه‌ک رۆ‌ژی دایک} و دووهه‌م {یه‌کشه‌مه‌ی مانگی نوا‌مبر ( November)یش وه‌ک رۆ‌ژی باوک} دیاریکراوه.
له‌و رۆژانه‌دا رێز له دایک و باوک ئه‌گیرێ و هه‌ر که‌س به شێوه‌یه‌ک هه‌ستی خۆی به‌رانبه‌ریان ده‌ر ئه‌بڕێ. ئه‌وه‌ی راستی بێ تا ساڵی(1992) و هاتنم بۆ سوید نه‌مئه‌زانی ئه‌و رۆژانه هه‌یه، ئاخر ئه‌و ده‌م که له سه‌قز بووم هه‌م له مه‌دره‌سه و هه‌م له ماسمێدیا رێز له‌م رۆژانه ئه‌گیرا:
1 – رۆ‌ژی (4ی ئابان رۆ‌ژی له دایکبوونی محه‌مه‌د ره‌زاشای په‌هله‌وی)
2 – رۆ‌ژی (9ی ئابان رۆ‌ژی له دایکبوونی ره‌زا په‌هله‌وی کوڕی محه‌مه‌د ره‌زا په‌له‌وی)
3 – {(21ی ئازه‌ر، رۆ‌ژی ”ئازادکردنی ئازه‌ربایجان”)
ئه‌گه‌ر له رووی راستییه‌وه له‌و رۆژه بکۆڵێنه‌وه رۆ‌ژی داگیرکردنه‌وه ئازه‌ربایجان بوو به ده‌ست ده‌وڵه‌تی ئێران}.
4 – {(28ی مرداد، رۆ‌ژی تێکشکانی ده‌سه‌ڵاتی دوکتۆر محه‌مه‌د موسه‌دیق وه‌ک سه‌رۆکوه‌زیری ئێران که ئه‌یوست ده‌سه‌ڵاتی شا له‌ناو ببات)
ئه‌گه‌ر له‌م رۆژه‌یش بکۆڵێنه‌وه جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسی (دوکتۆر محه‌مه‌د موسه‌دیق) و (محه‌مه‌د ره‌زا په‌هه‌له‌وی)} هه‌ر ئه‌ونده بووه که موسه‌دیق خۆی به ئۆپزیسیۆنی شا ئه‌زانی و به‌س!
**
با بڕۆینه سه‌ر باسه‌که‌ی خۆمان واته باسی ئه‌و دوو رۆژه، هه‌ر له‌م چه‌ن ساڵه‌ی که له سویدم ئه‌وه‌م بۆ ده‌رکه‌وتووه که هه‌م له کۆمه‌ڵگا و هه‌م له ماسمێدیادا بایه‌خێکی زیاتر به رۆ‌ژی دایک ئه‌درێ تا رۆ‌ژی باوک. هۆی ئه‌وه‌یش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ورانی مناڵی مرۆڤ که مناڵ ماوه‌ی(9) له سکی دایک دایه و پاشانیش بۆ ماوه‌ی چه‌ن ساڵێک زیاتر له ئامێزی دایکدا به‌سه‌ر ئه‌بات تا باوک، ئه‌م پرۆسه ئه‌بێته بنه‌مای ئه‌و هه‌سته خۆشه‌ویستییه مه‌زنه له دڵی مرۆڤدا جا مناڵێکی چه‌ن ساڵه بێ یا ژن و پیاوێکی پیر و به ته‌مه‌ن!
مرۆڤ له هه‌ر ته‌مه‌ن و پله‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بێ، چ له په‌نای باوک و دایکدا بژی یا خۆ به هه‌زاران کیلۆمتر لێیانه‌وه دوور بێ ناتوانێ به‌بێ هه‌ستی خۆشتی ئه‌وان بژی.
ئه‌گه‌ر بڵێم هه‌ستی خۆشه‌ویستی بۆ باوک و دایک له نێوان مرۆڤدا به یه‌ک راده نییه، تاوانم نه‌کردووه.
ئه‌گه‌ر بڵێم له‌و بنه‌ماڵه و خانه‌وادانه‌ی که سێبه‌ری ده‌سکورتی و نه‌داری زیاتره، هه‌ستی خۆشه‌ویستی له نێوان باوک و دایک و مناڵنا به‌هێزتر و گه‌رمتره، تاوانم نه‌کردووه.
بیره‌وه‌رییه‌کی ناخۆش و خۆش که ناخۆشیش نییه:
خۆم له بنه‌ماڵه‌یکی ده‌سکورتی سه‌قزم و باوکم له پێشدا زیندروو (سه‌ڕاج) بوو، پاشان ده‌سیکرد به گه‌وشدروویی، باش له یادمه له ته‌مه‌نی مناڵیدا بووم، زۆرجار که باوکم له دووکان ئه‌هاته‌وه به ماتییه‌وه هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵئه‌کێشا و ئه‌یوت به دایکم ئه‌مرۆ (سفتاحم)1 نه‌کردووه، دایکشم به پێکه‌نینه‌وه ئه‌یوت: سه‌ری بێ رۆزی وا له ژێر زه‌وی ! به‌و جۆره له باری ده‌روونییه‌وه یارمه‌تی ئه‌کرد.
1 سفتاحم نه‌کردووه، واته هیچم نه‌فرۆشتووه، که‌س رووی نه‌کردووه‌ته دووکانه‌که‌م .
**
باوکم ره‌نج ئه‌کێشێ
باوکم له ماڵ ئه‌ڕواته ده‌ر
بۆ کارخانه و ده‌شت و ده‌ر
ره‌نج ئه‌کێشی بێ‌وچان
له پێناو کار و فرمان
تا من شاد و شادان بم
لای هاوڕێیان خه‌ندان بم
کاتێ دێتۆ ئێواران
ئه‌مکاته قه‌ڵادۆشکان
یاریم له‌گه‌ڵدا ئه‌کا
شه‌که‌تیم به با ئه‌دا
دایکم ئه‌وی خۆش ئه‌وێ
ئه‌ویش ئه‌می خۆش ئه‌وێ
منیش ژیانم ئه‌وانه
مایه‌ی شادی‌م ئه‌وانه
ئه‌وان ببن زویر و مات
منیش ئه‌بم بێده‌سه‌ڵات!
**
سه‌عی سه‌قزی