"an independent online kurdish website

 بە ئامانجی تاوتوێ کردنی ئاکامەکانی هەڵبژارنی پاڕڵمانی تورکیە کە رێکەوتی ١ی نوامبری ٢٠١٥، بەرێوەچوو. ئەم وتووێژەم لەگەڵ سیاسەتوانی کورد رێزدار عەبدوڵا حیجاب پێکهێنا:abdulla-hijab

 

پ: لێکدانەوەتان لەسەر هەڵبژاردنی پاڕڵمانی تورکیا چیە؟

و: هەڵبژاردنی ٧ی مانگی ٦، تابلۆیەكی ناڕوونی سیاسیی له توركیه خوڵقاند. جەمسەره دژبەرەكان تا ڕادەیەك خۆیان نواند و له بەرامبەر یەكتر دا ڕاست بوونەوه و هەر لایەك له هەوڵی ئەوه دا بوو كه زیاتر هێز و شیانی خۆی به ڕووی لایەكەی دیكەدا بكێشێ، بۆیه هیچ لایەك نەیتوانی حكوومەتی نوێ دابمەزرێنێ. بڕیاری پارتی دەسەڵاتدار بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت تەنیا ڕێگەچارەی پێشی گرتن له قەیرانی دەسەڵات و بشێویی سیاسیی بوو كه توركیه ئەزموونی وەها بشێوییەكی هەیه.

لەم ساڵانەی دوایی دا، توانایی دەوڵەت بۆ گۆڕینی دەنگەكان و كاریگەریی ڕاستەوخۆ له سەر ئەنجامی دەنگدان سنووردار كراوه، بۆیه دەكرێ بڵێین كه ئەنجامی هەڵبژاردنی یەكی نوامبر به پێی هەل و مەرجی زاڵ به سەر توركیه دا و له نەبوونی دێمۆكراسیەكی فره ڕەهەندی ڕیشەداكوتاو له ناخی سیستەم و كۆمەڵگادا، نوێنگەی ڕای گشتیی له توركیەیه.

بەڵام هەر لەو كاتەش دا دەبێ ئەوەمان له بەر چاو بێ كه هەڵبژاردنی ئەم جاره له كاتێك دا بەڕێوه چوو كه هەموو كوردستان له ڕەوشی ئاوارته و ئاتموسفەری شەڕ دا بوو. سەرەڕای ئەوەش، خۆتەقێنەرانی داعش به ریز له كەمین دا بوون كه میتینگەكانی هەڵبژاردنی لایەنی كورد بكەنه گۆمی خوێن. بۆیه ئەو پارتەی كه نوێنەرایەتی داخوازەكانی گەلی كورد دەكا به شێوەی سنووردار، و پارتی دەسەڵاتداریش به هەموو ئیمكاناتی ڕاگەیاندن، پاره، هێزی چەكدار و دەسدڵاتی دەوڵەتیەوه كەوتنه ڕەوتی هەڵبژاردنەوه.

ئێستا پێشبركێی هەڵبژاردن كۆتایی پێهاتوه و پارتی داد و گەشه پێدان، وەكوو لایەنی سەركەوتوو سەرخۆشی ئەو سەركەوتنه گەورەیه كه بۆی گونجا.

 

پ: ئەمجارە هۆكاری له دەستدانی ٢٠ كورسی كورد چ بوو کە لە مانگی شەش دا دەستەبەری کردبوون؟

و: ئینكار ناكرێ كه لایەنی كورد لەو خولەی هەڵبژاردن دا تووشی نسكۆیەكی بەر چاو بوو و یەك میلیۆن دەنگی له دەست دا، بەشی زۆری ئەو دەنگانەش له ستەنبۆل و هەرێمەكانی دەرەوەی كوردستان له دەست چوون. له كوردستانیش به ڕێژەیەكی بەرچاو دەنگیان له دەست دا. با ئەو بەشەی وەك خۆی قبووڵ بكەین و چاوەڕوان بین بزانیین كه HDP چ دەرسێك لەو پاشەكشەیه وەردەگرێ. بەڵام بۆ بۆیەكەی ناكرێ تەنیا هۆكاره بەرچاوەكان یا خود تێڕوانیین و هێڕشەكانی ڕەخنەگرانی سیاسەتی HDP به بنەما بگرین.

پارتی دەسەڵاتدار واتا AKP هەر پاش هەڵبژاردنی ٧ی مانگی ٦، سیاسەتی خۆی به نیسبەت پرسی كوردەوه گۆڕی و ڕووی كرده دوو بەش له كۆمەڵگا، نەتەوەپەرسته توندڕەوەكان و توێژی پارێزكاری كۆمەڵگای تورك. بۆ ڕازی كردنی ئەو دوو توێژەش، به مستی پۆڵایینەوه له بەرامبەر بزووتنەوەی كورد، هەم هێزی چەكداری هەمیش بە باسكی سیاسییی بزووتنەوەدا ڕاوەستا. ڕەنگه لایەنی كوردیش بیانووی بۆ ئەردۆغان خۆشتر كردبێ. بەڵام بڕیاری شەر له ئەنجامی كوشتنی دوو پۆلیسی هاوكاری داعش له لایەن PKK وه نەدرا و بەڕێوەش نەچوو.

ئاتموسفەری شەر كاریگەریی ڕاستەوخۆی له سەر پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن و دابەش بوونی دەنگەكان هەبوو. هەر لەو كاتەش دا به سەدان كەس له كادره چالاك و خۆبەخشەكانی پارتی دێمۆكراسیی گەلان له لایەن دەوڵەتەوه گیران و خرانه بەندیخانەوه. بەشێكی زۆری كۆمەڵگای كوردستان ڕاستەوخۆ كەوته ژێر دۆخی نائاسایی شەڕەوه و ترس و دڵەخورپەی تێكچوونی ژیانی ئاسایی باڵی به سەر كوردستان دا كێشاوه. HDP له لایەن داعشیشەوه كرا به ئامانج. ڕەنگه زێدەڕۆیی نەبێ كه بڵێین هێڕشه خۆكوژییەكانی داعش له دژی كوردەكان بوو به كەرەسەی تەبلیغاتی بۆ پارتی دەسەڵاتدار. واتا HDP له هەموو لایەكەوه خرایه بەر هێڕش و تا ڕادەیەكی بەرچاو سەركوت كرا. كه باسی سەركوت دەكەین، ناكرێ سەركوت به شێوەی سەركوتی دڕندانەی كۆماری ئیسلامی بێنینه بەر چاو. لێره دا سەركوت له چوارچێوەیەكی ڕێژەیی دا و به پێی هەل و مەرجی توركیه دەبێ باس بكرێ.

بەلام ڕەنگه كاریگەرترین فاكتۆر بۆ دابەزینی دەنگەكانی HDP دەست پێ كردنەوەی شەڕ بوو كه بەشێك له دەنگدەران پێیان وابوو HDP دەبوایه بتوانێ پێش به هەڵایساندنەوەی بگرێ و نەیكرد. ئاشكرایه كه بەشێكی دوودڵ له كۆمەڵگا دا كه چاوەڕوانیەكی زۆریان لەو پارته هەیه كه دەنگی دەدەنێ، كاتێك كەوتنه ڕەوشێكی نائاساییەوه زۆر به ڕاحەتی ڕوو وەردەسووڕێنن و هیوایان به دەسەڵات و لایەنی به هێز دەبەستن. بۆ ئەوان AKP  دوباره بووه به سەمبولی توانایی و دەسەڵات، بۆیەش دەنگیان دا بەو پارته.

HDPش له سەركەوتنی ٤ مانگ لەوه پێشی به ڕادەیەك سەرخۆش ببوو كه پێی وابوو تەنانەت به بێ پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنیش دەتوانێ سەركەوتنی زیاتر وەدەست بێنێ. هەڵبژاردنی ١ی ١١، پێچەوانەی ئەو ڕوانگەیەی سەلماند.

 

پ: چ چاوەڕوان دەكرێ ڕووبدات دەربارەی پرسی كورد له توركیه؟

و: HDP یەك میلیۆن دەنگ و چارەکێكی كورسیەكانی له دەست دا، بەڵام توانی له بەرامبەر ئەو هەموو هێڕشانەی كه كرانه سەری خۆی ڕابگرێ و بەربەستی تێپەڕبوون بۆ پارلەمان تێپەڕ بكا. ئەو بەشەی بۆ خۆی سەركەوتنێكه. هەبوونی فڕاكسیۆنێكی ٦٠ كەسی له نوێنەران یا پشتیوانانی مافی كورد له پارلەمانی توركیه دیاردەیەكی گرینگی سیاسیه.

بەڵام لەوەش گرینگتر چۆنیەتیی داڕشتن و بەڕێوەبردنی سیاسیەت له چوارچێوەی سیستەمی سیاسی توركیه و پلانەكانی پارتی سەركەوتوو بۆ داهاتووی توركیەیه. لەو ڕوانگەیەوه ڕۆڵی ٦٠ نوێنەری ئێستای HDP له ڕۆلی ٨٠ نوێنەری پێشوو گرینگتره. ڕەنگه ئەو قسەیه بۆ ڕای گشتیی سەیر بێ، بەڵام بۆ زانستی سیاسیی ڕاستیەكه. هۆكارەکەی زۆر ڕوونه:

AKP دەیەوێ یاسای گشتی وەڵات به پێی پلانەكانی داهاتووی بگۆڕێ.

بۆ گۆڕینی یاسا دوو ڕێگا هەن: ڕێفراندۆم یا بڕیاری دوو له سەر سێی پارلەمان. بۆ ڕێفراندۆم پێویستی AKP به ٣٣٠ دەنگ هەیه كه به هاوپەیانی له گەڵ پارتی ڕەگەزپەرستی MHP دەتوانێ بەو ئامانجه بگا. بردنی گەڵاڵەی یاسای گشتیی بۆ ڕێفراندۆم ڕیسكێكی گەورەیه كه هیچ پارتییەك به بێ لێكدانەوەی قووڵ ناتوانێ خۆی لێ بدا. ڕێگای دووهەم بڕیاری پارلەمانه كه بۆ ئەو كارەش AKP پێویستی به ٣٦٦ دەنگ هەیه. كۆی گشتیی دەنگەكانی MHP و AKP ناگاته ئەو ڕادەیه، بەڵام نوێنەرانیAKP و HDP پێكەوه له ٣٦٦ زیاترن. بۆیه AKP ناچاره ئەو جاره ڕوویەكی خۆشتر پێشانی HDP بدا و لەو ڕوەشەوه، جێگه و پێگەی ئەو جارەی HDP له پارلەمانی توركیه گرینگتره.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی