کاری سوپایی و سەربازی، هونەرە، تەنیا هێرش بردن و شەڕە تەقە و مرۆڤ کوشتن نیە، ئەو بارە ناسیۆنالیستییە سەقەتەی کە بەسەر ئێمەدا هاتووە، 
وایکردووە کە پێشمەرگەمان تا ئەو ڕادەیە خۆش بوێت کە جورئەت نەکەین ڕەخنە لە هیچ ڕەفتارێکیان بگرین. زات نەکەین پێیان بڵێین ئێوە ڕۆشنبیری سەربازیتان نیە یان زۆر لاوازە، ڕاستە پێشمەرگە ئازایە، گیانفیدایە، خۆشەویستە، شیاوی نەوازش و ستایشی هەموومانە، بەڵام لە زانست و مامەڵەی سەربازیدا، هاوشان نین لەگەڵ سوپایەکی پێشکەوتووی جیهاندا.
ئەمە چ ڕەسم و مامەڵەیەکی سەربازییە، کەسێک بە جل و بەرگی کوردییەوە، کە پۆشاکێکی ناسوپاییە، بەرپرسی میحوەرێکە و لێدوان بۆ میدیایەک ئەدات، پەنجا موقەدەم و عەقید و عەمید و لیوا و ئەفسەری تر، لەدووایەوە وەستاون و سەیری کامێراکە دەکەن؟! چۆن دەبێت عەمیدێک لە میحوەرێکی جەنگدا ئەوەندە بێ ئیش بێت؟ چۆن دەبێت عەقیدێک تا ئەو ڕادەیە بێ ئیشی خۆیمان بۆ نمایش بکات کە بەدرێژایی چاوپێکەوتنی مەسول میحوەرێکی (نامۆ بەکاری سوپایی)، ئەم گێژ گێژ لەدووایەوە وەستا بێت؟!
کاتێک ئەمەریکییەک لەمەڕ جەنگ لێدوان بۆ میدیاکان دەدا، هەرگیز ئێوە دیوتانە لەپشت ژەنراڵێکەوە ٢٧ ئۆفیسەر و کۆڵۆنێڵ و ئەدمیراڵ بێ ئیش و وەزیفە وەستابن؟
ئەمە چ هەستێکی قۆڕە بیست پێشمەرگە لەپێش پەخشی ڕاستەوخۆی کەناڵێکدا موبایل دەردێنن و لەگەڵ ژن و منداڵەکانیاندا قسە دەکەن؟
دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بە فەڕمی ئەمە لە پێشمەرگە قەدەغە بکات.
ئەمە تەنیا دیمەنێکی ناشرین نیە، بەڵکو لەڕووی زانستی سەربازییەوە هەڵەی موتڵەقە، ئەگەر دوژمنەکەت بەهێز و کاریگەر بێت و موشەکی زیرەک و دووربڕی هەبێت، دەتوانێت بە خێرایی موشەکێک ئاراستەی شوێنەکە بکات و دەیان و سەدان قوربانی بخاتەوە.
جگە لەمەش، دامەزراوەی سوپایی پێش هەموو شتێک، ڕێکخستنی شێوازی جلوبەرگ و یونیفۆرمی سەربازییە، بەرگ و پۆشاکی کوردی هەتا ئێستا لە وەزارەتی پێشمەرگەدا، وەک یونیفۆرمی سەربازی کوردی ددانی پێدا نەنراوە، هەتا ئێستا هەڕەمی سەربازی و پلە و نیشانە سەربازییەکانی پێشمەرگە، لەسەر هەمان سیستم و ستایڵی سەربازیی عەرەبی عێراقییە، عەقید و عەمید و لیوا، وشە و نیشانە و پلەیەکی سەربازی عەرەبییە، دەبێت بەکوردی بکرێن و ئەوجا لەسیستمی سەربازی پێشمەرگەدا جێگیر بکرێن.
تۆ لە سەنگەری جەنگی پێشمەرگەدا، هێشتا نازانیت کێ پێشمەرگەی فەرمی دەوڵەتە و کێش چەکداری خۆبەخشی نیشتمانییە!
کابرا بە پۆشاکێکی سەربازییەوە قسە بۆ میدیایەک دەکات، کەچی دەڵێت: من پێشمەرگەی خۆبەخشم و ئۆپڵەکەم فرۆشتووە و هاتووم بۆ بەرەکانی جەنگ. یەکێکی تر بە ستارخانی و کوڵەباڵەوە تفەنگێکی لەشان کردووە و خۆی وەک پێشمەرگەی خۆبەخش بە هەموومان دەناسێنێت، خۆ ئەمە هەستێکی بەرزی نیشتمانییە، بەڵام لەفەلسەفەی سەربازیدا قەشمەرجاڕییە، تۆ ناتوانیت بە کەیفی خۆت کڵاشینکۆفێک هەڵبگریت و بڵێیت من پێشمەرگەم، پێشمەرگە تایتڵێکە بۆ هێزی فەرمی دەوڵەت، گەر دەتەوێت پێشمەرگە بیت، فەرموو بەڕەسمی بچۆرە ڕیزی کاری سوپاییەوە، پێشمەرگە ناوی فەڕمی هێزێکی دەوڵیتییە، تۆ بە لەشانکردنی کڵاشینکۆفێک نابیتە خاوەنی ئەم نازناوە، ئێوە هیچ ئەمەریکییەکتان بینیوە تفەنگێک هەڵبگرێت و بڵێت من مارێنزی خۆبەخشم؟
دەبێت حکومەتی هەرێم ئەمە ڕێک بخات، ئەو کەسانەی کە بەهۆی هەستی نیشتمانییەوە، دەیانەوێت بۆماوەیەکی کاتی چەکداری خۆبەخش بن، دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە پۆشاک و یونیفۆرمی سەربازی تایبەتیان بۆ دەستنیشان بکات و ئاڕم و لۆگۆی تایبەت بۆ سەرشان و سەر سنگیان دروست بکات، بۆ ئەوەی کاتێک لە میدیاکانەوە دەردەکەون، ڕوون بێت سەر بەکام فیرقە و هێز و میحوەرن.
گەر لەڕابردوودا تۆ بەس بە چوونە شاخ بووبیتە پێشمەرگە، ئەمڕۆ پێشمەرگە وەزارەت و دامەزراوە و دیسپلینە، تۆ ناتوانیت بەبێ ئەوەی ناونوس بیت لەو وەزارەت و دیسپلینەدا، پێت بوترێت پێشمەرگە.
ئەم شێوازە جەنگیی و سەربازییەی لە مەڕ سەنگەری کوردی لە میدیاکانەوە نیشان دەدرێت، بەداخەوە هێندەی لە عێلجاڕ دەچێت، نیو هێندە لە جەنگی نیزامیی دەوڵەتیی ناچێت.
لە زانستی سەربازیدا، کەس بۆی نیە بەکەیفی خۆی جلوبەرگ بپۆشێت، چ ماقوڵە لەسەنگەری پێشمەرگەدا، یەکێک کوڵە باڵی لەبەردایە و یەکێک جامەنەی سور و ئەویتر ڕەشی لەملدایە و یەکێک مشکیی بەسەریەوە بەستووە و ئەو کڵاوی لەسەردایە و هتد. ئەمە شانۆی سەربازیی کوردی لە پێش چاوی جیهاندا وەک هێزی خێڵەکی نیشان دەدات.
لە ئازادکردنی شەنگالدا، کەناڵێک پەخشی ڕاستەوخۆی هەبوو، پەیامنێرەکە کە زیاتر لەسەد پێشمەرگە بەموبایلەکانیانەوە دەوریان دابوو، بێژەرە گەمژەکەی ستۆدیۆ لێی پرسی: فڵان ئەو دەنگی تەقانە چییە؟ تەقەی خۆشین یان شەڕە؟ پەیامنێری لەو گێلتر وتی: بەڵێ تەقەی خۆشییە و پێشمەرگەکان بە خۆشی ئازادکردنی شەنگالەوە دەیکەن، دەست بەجێ پێشمەرگە (نەشارەزاکان بە فەلسەفەی سەربازی) لەپێش چاوی کامێراکەوە دەستیان کرد بە تەقە بە ئاسماندا ! ئەی هاوار ئەمە چ گێلایەتییە! دەبێت دەست بەجێ وەزارەتی پێشمەرگە، تەقەی بەناو خۆشی و لێدوان لە سەرجەم پێشمەرگەکان قەدەغە بکات !
لەئێستادا تاکە هێزی سەربازی نیزامی و ڕێکخراو لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەدا، تەنیا گەریلایە، لەڕووی پۆشاکەوە، بەرگێکی تایبەتی کوردی وەک یونیفۆرمی سەربازی دەستنیشان کردووە و تەنانەت ئەو جەمەدانییەی کە گەریلا لەملی دەکات، شێوازێکی تایبەت بەخۆیانە و تۆ ناتوانیت لە بازاڕ بە ئاسانی ئەو پۆشاکە یونیفۆرمە سەربازییەی گەریلات دەست بکەوێت، بۆزانیاریتان، بەنوسراوی فەرمی، دوورینی ئەو پۆشاکە ڕەنگ زەیتوونییەی گەریلا، لە سەرجەم بەرگدرووەکان قەدەغە کراوە و دوورینەکەشی بە پێی نوسراوی فەرمی دەبێت!
ئێوە هیچ کات گەریلایەکتان بینیوە تەقەی خۆشی بکات؟ هیچ گەریلایەکتان بینیوە بەبێ فەرمانی سەرووی خۆی لێدوان بۆ میدیایەک بدات؟ زۆربەی نمایشەکانی پیشمەرگە لاسایی کردنەوەی ڕەفتاری چەکدار و سوپا ترسنۆکەکانی عەرەبە، پێشمەرگە لای ئاساییە چاو لە سوپای سۆماڵ و یەمەن و عێراق و وڵاتە خێڵەکییەکانی جیهانی عەرەبی بکات، بەڵام پێی قەبوڵ ناکرێت لە ڕەفتارە سەربازییەکانیدا چاو لە براکەی خۆی بکات کە گەریلایە !
شتێکی تر کە لەسیستمی سەربازی هەموو جیهاندا موتڵەقەن قەدەغەیە، ئەوەیە کە تۆ خواردن بۆ هێزی سەربازی ببەیت، خواردنی سەرباز ئەوەندە هەستیار و تایبەتە، کە هیچ کەسێک نابێت بزانێت تەنانەت لەکوی لێ دەنرێت، کەچی لای خۆمان تۆ ئێستا دەتوانیت مەنجەلێک یاپراخ و دوو مەنجەڵ ترخێنە بەریت بۆ شەنگال و دەرخواردی پێشمەرگەی بدەیت ! لەم ڕۆژانەدا ژنێک لە تەلەفزیۆنێکەوە نیشان دەدرا و کرابوو بەپاڵەوان کە خواردنی بۆ پێشمەرگە لێناوە. لە هەر وڵاتێک کە سیستمی سەربازی تیایدا زانستی و پتەو بێت، هەم ئەو ژنە و هەم فەرماندەی هێزەکەش دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی چڕەوە، لەدونیادا خۆراکی فیرقە سەربازییەکان بەلای پزیشکی تایبەتیدا دەڕوات و ئەوجا دەرخواردی هێز دەدرێت، کەچی لای خۆمان…
دەکرێت لەسەر کەموکورتییە زانستییەکانی پێشمەرگە، سەد کتێب بنوسرێت، نوسینەکەی منیش زۆر درێژ بوویەوە، دەنا سەدان هەڵەی مەترسیداری تر هەیە کە دەشێت باس بکرێن !
سەرچاوە: خەندان