Hoppa till innehåll
Hem » حەشدی شەعبی بكەنە پێشمەرگە، هێمن عەبدوڵڵا

حەشدی شەعبی بكەنە پێشمەرگە، هێمن عەبدوڵڵا

ئەو بەرمیلە بارووتەی داعش لەگەڵ خۆی هێنایە گەرمەسێر و خورماتوو، هێشتا نەتەقیوەتەوە، بەڵام هەر دەتەقێ. حەشدی شەعبی، كە ساڵ و نیوێكە هاتووەتە ئەو ناوچەیە،hemn-abdula

دەیزانی هاتنی بەدەست خۆیەتی و گەڕانەوە نا، بەڵام ئێمە بڕوامان كردبوو كە لەشكرێكی رزگاركەرمان هێناوەتە كوردستان و هەر كاریان تەواو بوو، بە گوڵباران و ماچومووچ بەڕێیان دەكەینەوە. ئێستا لە خورماتوو حەشد كەڵەگایی دەكات. ئێمەش لەوەدا تێماوین كە چۆن نەهێڵین ئەو گرێی حەشدە لێمان ببێتە شەڕی داعشێكی نوێ.

 

 ئایەتوڵڵا سیستانی لەو رێنماییە بیست خاڵییەیدا كە بۆ هەڵسوكەوتی چەكدارانی حەشد دەریكردووە، زۆر شتی لێ قەدەغە كردوون. بۆ نموونە دەڵێت ”نابێ هاوسەر و كەسوكاری ئەندامانی داعش و هەوادارانیان لە ناوچە جەنگییەكاندا بەدەستی حەشدی شەعبی زیانیان پێ بگات”. لە خاڵێكی دیكەدا سیستانی دەڵێت: ”دەبێ رێزی ئایین و نەتەوەكانی دیكە بگرن و هەوڵ بدەن دۆستیان بن نەك دوژمن”. لە شوێنێكدا دیكەشدا دەڵێت: ”تەنانەت ئەگەر ویستتان لە شوێنێك دارێك ببڕنەوە، لەوە بكۆڵنەوە كە چەندە پێویستە ئەو دارە ببڕدرێتەوە. ئەگەر ناچار نەبن، نەكەن بیبڕنەوە”!

 

 لە ماوەی رابردوودا، لە گەرمەی شەڕی دژی داعش لە خورماتوو و دواتر لە گەرمەسێریش، چوومەتە ناوچەكانی بندەستی حەشدی شەعبی. لە هیچیەك لەو ناوچانە نەمدیتووە چارەكی ئەو رێنماییانەش جێبەجێ كرابن كە سیستانی دەریكردوون. بۆنموونە لە خورماتوو بە چاوی خۆم بینیم چۆن گرووپە جیاوازەكانی نێو حەشد، واتە خوراسانی و حیزبوڵڵا و گرووپەكانی دیكە، توندوتیژی بەرامبەر خەڵكی بێدەرەتان و ناشیعە دەكەن. خۆم و ئەو تیمە رۆژنامەڤانییەی لەگەڵم بوون، سەرلەئێوارەیەك لە سەنتەری شاری خورماتوو خەریك بوو ببینە نێچیری چەوری یەكێك لەو گرووپانە.

 

 ئەوەی لە خورماتووەوە چووبێتە ئامرلی، ناتوانێ خۆی لە شارۆچكەی سوننەنشینی سلێمان بەگ نەبان بكات. حەشدی شەعبی ماڵ بە ماڵی سلێمان بەگیان سووتاندبوو، هێشتاش دووكەڵ لەنێو هەندێك لەو ماڵانەوە بەرز دەبووەوە. لە گوڵاڵە حەشد نێوەڕاستی شارەكەیان گرتبوو. لەبەرچی؟ چونكە دووكان و بازاڕ و بانك و دامودەزگاكانی دیكە هەموویان لەوێ بوون. هەفتەیەك پاش كۆنترۆڵكردنەوەی گوڵاڵە، هیچ دوكانێكم نەبینی نەشكێندرابێت و تاڵان نەكرابێت. چەكدارانی حەشد وەك شانازی بۆ ئەو كارەیان بە دەستوخەتی درشت رستەی یادگارییان لەسەر دار و دیواری دوكانەكان نووسیبوو. لە سەعدییەش ئەوەی روویدەدا و دەمانبینی زۆر لە گوڵاڵە و خورماتوو خراپتر بوو. بۆیە بەردەوام بیرم لە رێنمایی دارنەبڕینەكەی سیستانی دەكردەوە. ئاخر حەشد ریزە دووكانی لرفدەدا، كەچی سیستانی داربڕینی لێ قەدەغە دەكردن!

 

 بەڵام ئەمە دیوێكی دیمەنی ئەو حەشدەیە كە زۆرتر لە ساڵێكە پۆستاڵی خستووەتە سەر خاكی باشووری كوردستان. دیوەكەی دیكەی ئەوەیە لە ئامرلی رۆڵەی دڵسۆزی ئەو شارۆچكە توركمانییە شیعەنشینەم بینی كە لەپێناوی پاراستنی ماڵ و حاڵی خۆیان ببوونە حەشد و شەڕێكی قارەمانانەشیان لەدژی داعش كردبوو. لەنێو تازە خورماتووش خەڵكی شیعەی شارۆچكەكە دیوارێكی بەرگرییان بە دەوری خۆیان و ماڵ و منداڵیاندا كێشابوو، وەك حەشدی شەعبی ناوچەكانی خۆیانیان دەپاراست.

 

 كاتێك شەڕی داعش دەستیپێكرد، پێشمەرگە لە گەرمەسێر و ناوچەكانی دیكەی دەوروبەری كەركووك پێویستی بە هاوكاریی حەشدی شەعبی و هەر هێز و گرووپێكی دیكە هەبوو. بۆئەوەی نەهێڵن داعش بەرەو كەركووك و ناوچەكانی دیكە پێشڕەوی بكات. بەڵام ئێستا لەجیاتی ئەوەی حەشدی شەعبی هاوكاریی پێشمەرگە بكات، سەرئێشەی نوێی بۆ دروست دەكات. چارەسەریش ئەوەیە دوو جۆر حەشد لەو ناوچەیە لەیەكدی جیابكەینەوە: یەكێكیان گرووپەكانی حیزبوڵڵا و خوراسانی و ئەوانی دیكەن كە لە شارەكانی عێراقەوە هاتوون و لەو ناوچەیە جێگیركراون. ئەو حەشدانە بە خۆشی بێت یان بە ناخۆشی دەبێ بڕۆنەوە و كوردستان بەجێبهێڵن. چونكە بەقەولی ئێرانییان ”كارشان تمام شد” و چیدیكە مانەوەیان پێویست نەماوە.

 

 گرووپێكی دیكە ئەو حەشدانەن كە خەڵكی ئامرلی و تازە خورماتوو و ناوچەكانی دیكەن و دەیانەوێ ناوچەكانیان لە تۆڵەسەندنەوەی مەزهەبی و نەتەوەیی بپارێزن. ئەمانە رۆڵەكانی ئەو ناوچەیەن و بمانەوێ و نەمانەوێ هەر دەمێننەوە. بۆ ئەوانە گرنگە وەكچۆن حكومەتی كوردستان هێزی بۆ كاكەیی و ئێزدی و شەبەك و كریستیانەكان دروستكرد، ئاواش پێشمەرگە توركمان و شیعەكانی ناوچەكە بكاتە مایەی سەقامگیری نەك سەرئێشە.

 

سەرچاوە: روداو