منداڵان گرنگترین سامان و، بناغەی داهاتوو و ژیانن .. منداڵان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، لە نێۆ پەندەکانی زمانەکانی هەموو گەلاندا، هێمای بێتاوانی و دڵپاکین ..
لە دنیادا لە بێتاوانی منداڵان جوانتر نییە .. دڵە پاکەکانیان، پڕە لە خۆشەویستی و جوانی، لە هیوا و گەشبینی، هەردەم کراوەن و، رووخۆش و گەشن، لێو بە خەندە و پێکەنین، زاق وزیق و تریقەتریقییان شادی بەخشن .. یاری دەکەن .. را دەکەن .. دێن و دەچن و هەڵدەبەزنەوە .. منداڵان لێبووردەن، رق و کینە و بوغز لە دڵ ناگرن، لایان دوژمنایەتی و تۆڵەسەندنەوە بوونیان نییە، ئیرەیی و دوزمانی نازانن .. منداڵان راستگۆن و گزی و فڕوفێڵیان و پێچ و پەنایان نییە .. رازی شیرین و نیازی پاکیان لە کەس ناشارنەوە .. ئەوەی کە لە ناخی دڵیاندایە، هەر ئەوەن کە لەسەر زاریان دایە .. زەدەخەنە ناسک و جوانەکانیان، قسە قوت و شیرینەکانیان، سادەیی و ساوێلکەیی و خاکییان، گوزارشتن لە بێتاوانی و دڵپاکییان .. ئەوان بیر لە داهاتوو ناکەنەوە .. لە ئەمڕۆدا دەژین، گرنگ بە لایانەوە، مەستبوونیانە لە یاری و لە شادی، لە بەزم و لە پێکەنین، لە خواردن و لە خەوتن .. دابین کردنی ئاشتی و ئاسوودەیی بۆیان .. دوورخستنەوەیان لە ترس و تۆقین و شەڕ و ئاژاوە .. دڵە قنجەکانی منداڵان زۆر لە گوڵيش ناسکترن، لە بەفری سەر چیاکانی کوردستان سپیترن. .. راز و قسەکانیان لە گەزۆی سلێمانی شیرینترن .. جیهانی وەنەوشەیی سەیر و سەمەرەی پاک و بێگەردیان، پڕە لە هیوا و لە خەونی سەوز .. جیهانی منداڵان سەرتاپا گەشبینییە .. جیهانێکی هەمیشە بەهارە .. پڕە لە گوڵی هەمەڕەنگەی بۆن و بەرامە خۆشە، کە هەر گوڵێک جوانی و بۆنی خۆی هەیە، دڵی منداڵان، وەک پەلکە سپییەکانی گوڵە نێرگزن، بۆنی بێتاوانی و دڵپاکیان لێدێن .. جیهانێکی ئەفسووناوی رەنگاوڕەنگەیان هەیە، کە بە رەنگەکانی پەلکەزێڕینە نەخشێنراوە .. پڕە لە خۆشی و شادی، لە راز و نیازی پاک .. پڕە لە سۆز و دڵسۆزی و خۆشەویستی .. جیهانێکی بي سنوور و بێ سانسۆرە .. هەڵسوکەوت و رەفتارەکانیان سادەن و بێمەبەستن .. پەیوەندی و هاوڕێتییان، یاریکردنیان لەگەڵ یەکتریدا، ئاسایی و سروشتین .. هەموو ئەمانە لە خەسڵەتە سروشتییە جوانەکانی قۆناغەکانی منداڵین، کە خۆشترین و جوانترین و گرنگترین و ناسکترین وهەستیارترین قۆناغە لە ژیانی مرۆڤدا .. هەر لەم قۆناغەدا، بنەماکانی کەسایەتی دروست دەبن .. بەپێی ستاندەری جیهانیش، قۆناغەکانی منداڵی لە لەدایکبوونەوە تا هەژدە ساڵانە .
واتای بێتاوانی منداڵان، ئەوە دەگەیەنێ کە ئەوان بە شێوەیەکی دروست و بەرپرسێتی توانای کۆنترۆڵکردنی شتەکانیان نییە .. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە منداڵان بەپێی بەها کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن راست لە هەڵە جیابکەنەوە . واتا منداڵان دەتوانن بە ئەوپەڕی ئازادییەوە هەڵسوکەوت بکەن .. تەنانەت گەر منداڵێک هەڵەیەکیش بکات ئەو هەڵەیەی بە ئەنقەست و بە مەبەست نای کات، نازانێت و توانای پێشبینی کردنی پێشوەختی نییە، هەست بەوە ناکات کە هەڵکەی چ ئەنجامێکی لێدەکەوێتەوە .. بۆیە دەبێ ئەم راستییە لە بەرچاو بگیرێت .. وەکو گەورەیەک، رەفتار لەگەڵ منداڵی هەڵەکردوودا نەکرێت و، سزایەکی توند نەدرێت .
ئەی گەورەکان .. رێز لە منداڵان بگرن .. بێتاوانی و دڵپاکیان مەشێوێنن .. خەون و خەیاڵیان لێتێکمەدەن .. مەیان کەنە بن خەم و مەینەتییەوە .. ئازادی و مافەکانیان لێزەوت مەکەن .. لێیان بگەڕێن با بە حەز و ئارەزووی خۆیان مەستی یاری و شادی و پێکەنین بن .. لێیان بگەڕێن با لەگەڵ پەپوولەکاندا یاری و چاوشارکی بکەن بکەن .. با تاجەگوڵینەی رەنگاوڕەنگ بچنن و، لەسەریان بکەن .
منداڵە جوانکیلە و چاوگەشەکان .. هیواکانی دواڕۆژمان .. پەلەمەکەن .. رێگا دوور و درێژ و سەختە .. دڵنیابن کە رۆژێک دێت، کە خۆزگەی ئەوە دەخوازن کە هەر بەمنداڵی بمانایەوە .. بیرەوەرییەکانتان بە بیردێتەوە و .. هەناسەی قوڵ بۆ رۆژە سادە و خۆش و ساکارەکانی تافی منداڵیتان هەڵدەکێشن .. ئێوە لە ئێستادا هەست بەوە ناکەن، کە منداڵی خۆشترین قۆناغی ژیانە .
بەڵام بەداخەوە، لێتان نەگەڕان و .. لێتان ناگەڕێن .. کە چێژ و خۆشی لە تافی منداڵێتان ببینن .. چەندین رێکخراو و گرووپی تیرۆریستی بەکرێگیراوی بێڕەوشت و، بێویژدانی دڕندە و نامرۆڤ و نیازگڵاو .. بێتاوانی و دڵپاکی ئێوەیان قۆستۆتەوە .. بە تایبەتیش، رێخراوی بێڕەوشتی ( داعش ) هەروەها رێکخراوی ( قاعیدە ) و ( بەرەی نوسرە) و ( حوسییەکان ) و ( بۆکۆ حەرام ) کە تا ئێستا چەندین تاوانی قێزەوەنیان، دەرهەق بە ژنان و بە ئێوەی منداڵان ئەنجام داون .. بە زۆر چەکیان داونەتە دەستی بەشێکی زۆر لە هاوڕێ منداڵەکانتان .. رایان دەهێنن و، فێری پیاوکوشتن و سەربڕین و سوتاندن و خۆتەقاندنەوە و بێڕەوشتیان دەکەن، بەبێ ئەوەی هاوڕێکانتان هەست بە ئەنجامەکانیان بکەن، خۆ ئەگەر فەرمان و داواکانی تیرۆریستان جێبەجێ نەکەن ئەوا چارەنووسیان سەربڕینە .. داعش بە ئایدۆلۆژیایەکی بۆگەنی کۆنەپەرستی و توندوتیژ .. بە کۆمەڵێک دروشسمی سواوی ئەفسانەیی پڕوپووچ، گۆش و پەروەردەیان دەکەن و، دەیان خەڵەتینن و، مێشکی سپییان دەشۆنەوە .. بێگومان گۆڕەپانی شەڕ و ئاژاوە، جێی ئێوەی منداڵان نییە .. جێی ئێوە قوتابخانە و یاریگا و باخچە و شاری یارییە .
تاوانەکانی تیرۆریستان بەرانبەر بە منداڵان هێندە زۆرن، هێندە قێزەوەنن .. نایەنە ژماردن .. هێندە ساماناک و بێوێنەن .. مرۆڤ تەزوو بە لەشیدا دێت کە باسیان لێبکا .
بە تایبەتیش تاوانەکانی داعشی دڕندە و بێڕەوشت .. یەکێک لە زنجیرە تاوانەکان ئەم رێکخراوە .. کە نە یەکەم تاوانیانە و نە دوا تاوانیشیان دەبێت .. بەڵام تاوانێکی زۆر مەترسیدار و ئەنجام خراپە .. تاوانەکەش ئەمەیە، داعشی تیرۆریست لە رێی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە .. ڤیدیۆیەکی ماوە (٣٠) چرکەیی بڵاوکردەوە .. کە بریتییە لە دیمەنی منداڵێک ( کوڕ ) کە تەمەنی لە سێ ساڵ کەمترە .. جلی رەشی داعشیان لەبەر کردووە .. منداڵەکە بە دەستێک تیغێکی تیژ و درێژی بە دەستەوەیە، بە دەستەکەی تریشی بووکەڵەیەی پەڕۆینی ـ ورچۆلەیەک ـ ی بە دەستەوەیە .. منداڵەکە بە زەردەخەنەوە بەرانبەر بە کامیرای وێنەگرتنەکەی وەستاوە .. بە زەردەخەنەشەوە بەرانبەر بەکامیراکە بە تیغەکەی دەستی، ورچۆلەکە سەردەبڕێ و، ملی لە لەشی جیادەکاتەوە .. ئەم کارە قێزەوەنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، نارەزایی و کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە .. بە هەزاران تف و نەفرەت لە داعشی بێڕەوشت کرا .
خاتوو ( جولی لینرز ) تۆژێنەر لە مەڵبەندی ئاسایشی مرۆییدا، وتی : ” ئەم ڤیدیۆیە بریتییە لە تاوانێک دەرهەق بە منداڵان، کە پێشتر شتی وا نەبووە “
شارەزایانی دژەتیرۆر لە رۆژنامەی( میل ئون لاین ) دەڵێن : ” ئەگەرچی ئەمە یەکەمین تاوان نییە، کە داعش دەرهەق بە منداڵان ئەنجامیان داوە، بەڵام یەکەمین تاوانی ئەم رێکخراوەیە، کە دەرهەق بە منداڵانی ئەم تەمەنە بچووکە ئەنجامیان دا، تەمەنی ئەم منداڵە هەموومانی سڕکرد ”
پێشتریش داعش ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە منداڵێک، بە راستی سەری پیاوێکی کامڵی سەربڕی، ئەم ڤیدیۆیە یەکەمین ڤیدیۆ بوو کە کاری سەربڕین بە منداڵێک ئەنجام بدەن .
بەڵکو لەمانەش قێزەوەنتر، تا ئێستا داعش لە عێراق و سوریا کوردستاندا، چەندین منداڵیان سەربڕی .. چەندین منداڵیان سووتاندن .. چەندی منداڵیان زیندەبەچاڵ کردن .. کە بەشێکیان لە منداڵانی خوشک و برایانی ئێزیدی کوردمانن .. چەندین منداڵ و ژنی ئێزیدییان فرۆشت .. تا ئەمڕۆش چەندین منداڵی کوردی ئێزیدییان بە زۆر کردوون بە ئیسلام .. چەک و شمشێریان داونەتی و، فێری سەربڕین و خۆتەقاندنەوەیان دەکەن .. تەنانەت داوایان لە منداڵێکی بچووکی ئێزیدی کردبوو بچێت دایکی سەرببڕێت .. داعش هەموو تاوانانەی لەژێر هاواری ( اللە اکبر ) و، لەژێر ئاڵای رەشی ( لا الە الا اللە محمد رسول اللە) دا، ئەنجامیان داون و ئەنجامیان دەدەن .. بەڵام ئەمانە نەک هەر ئیسلام نین .. بەڵکو دڕندەن و مرۆڤیش نین .
داعش هێندە بێڕەوشتن، وازیان لە منداڵانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیش نەهێناوە .. تا ئێستا چەندین منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتییان خەڵەتاندوون یا رفاندوویانن .. پێش ئەوەی کاری خۆتەقاندنەوەیان پێ ئەنجام بدەن .. بە خواردنەوەی مەی یا ماددە هۆشبەرەکان سەرخۆش و بێهۆشیان کردوون، بەبێ ئەوەی کە ئەو منداڵانە هەست بکەن یا بزانن کە چ تاوانێک دەکەن .. یا تەقینەوە چییە .. یا بۆ خویان دەتەقێننەوە .. یان ئەوە بزانن کە خۆیان چییان بەسەردێت .. یا خۆتەقاندنەوەیان چی لێدەکەوێتەوە .
تا ئەمرۆش داعش و قاعیدە و بەرەی نوسرە و حوسییەکان و بۆکۆحەرام .. دەستیان لە تاوانەکانیان دەرهەق بە منداڵان هەڵنەگرتوون .. بە سەدان منداڵیان هەڵخەڵەتاندوون یا رفاندوون یا بە زۆر چەکیان پێهەڵگرتوون .. مێشکیان دەشۆنەوە و.. مەشقیان پێدەکەن و دەیانێرن بۆ بەرەکانی شەڕ و، بەکوشتیان دەدەن .. ئەمانە و بە دەیان تاوانی تریان بەرانبەر بە منداڵان کردووە .. هەموو ئەم تاوانانە دژی مافەکانی منداڵانن و .. دژی مرۆڤایەتی و ویژدانی زیندوون .. لە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان دان .
نەرویج : ( ١٢/ ١٢ / ٢٠١٥)