وه‌رزی پاییز تازه خۆی ده‌رده‌خست و داوێنی چیاكانی كوردستانی به ڕه‌نگی سوور و زه‌ردی گه‌ڵای داره‌كان ده‌ڕازانده‌وه.
مامئه‌ولێم بینی وه‌ك هه‌میشه به شاپك و حه‌مایله‌وه، ڕێك‌وپێك له سه‌ر تاشه‌به‌ر‌دێك دانیشتبوو و به ئاخی ناخی پڕ گڕوتینی سه‌یری ئاوابوونی هه‌تاوی ده‌كرد و له داهاتووی ده‌ڕوانی. چووم بۆ لای. وه‌ك هه‌میشه به ڕواڵه‌تێكی لێوان‌لێو له هیوا و بزه‌یه‌كی شیرین كه تایبه‌ت به مامئه‌ولێ بوو، وه‌ڵامی سڵاوه‌كه‌ی دامه‌وه. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی جاران خه‌مێكی گه‌وره له چاوانیدا بەدی دەکرا.
زۆری هه‌وڵدا كه بیشارێته‌وه، به‌ڵام دیار بوو كه ئه‌مجاره‌یان كۆستێكی گه‌وره ناخی هه‌ژاندووه. لێی نیزیك بوومه‌وه و لێم پرسی بۆ وا خه‌مباری؟ كوڵی گریان گه‌رووی گرت. پاش ساتێك بێده‌نگی به ئه‌سپایی وتی: “كه‌ریمیان له دار دا”. وه‌ك بڵێی ئاسمانم به‌سه‌ردا به‌ربووبێته‌وه، ته‌زووێكی سارد هه‌موو له‌شی داگرتم. بێده‌نگ بووم و كه‌وتمه نێو خه‌یاڵێكی قووڵه‌وه.
من كه‌ریمم ده‌ناسی. “كه‌ریم قاره‌مانی” كوڕی مامئه‌ولێ. كوڕێكی به‌مانای ڕاسته‌قینه‌ی وشه قاره‌مان، له‌خۆبووردوو، ڕۆح‌سووك و له‌به‌ردڵان. ساڵی ٣٩ له ئه‌حمه‌دئاوا له‌دایك ببوو. كه بووه پێشمه‌رگه، پاش ماوه‌یه‌ك له كۆتاییه‌كانی ٥٠ی هه‌تاوی گیرا و به‌هۆی باوه‌ڕه به‌رزه مرۆڤانه‌كانیه‌وه زۆر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی ته‌حه‌ممول كردبوو. دوژمن زۆری هه‌وڵ دابوو به‌چۆكیدا بێنێت و له‌سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه زانیاری لێ بكێشێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و زۆر له‌وه وره‌به‌رزتر بوو كه مل بۆ ویسته گڵاوه‌كانی دوژمنه‌كه‌ی ڕاكێشێ. له‌خۆڕا نییه كه ده‌ڵێن گیا له‌سه‌ر بنچكی خۆی هه‌ڵئه‌داته‌وه.
ته‌نانه‌ت ئاگادار بووم كه ده‌یانویست كه‌ڵكاژۆ له سۆزی باوكایه‌تی مامئه‌ولێ وه‌ربگرن و به به‌ڵێنی ئازادكردنی كوڕه‌كه‌ی ناچاری كه‌ن خۆی ڕاده‌ست بكاته‌وه، به‌ڵام قاره‌مانه‌كانی ئه‌حمه‌دئاوا له‌كوێ و سه‌ردانه‌واندن و ملكه‌چ بوون له كوێ؟ كاتێك كه پارێزه‌رانی تاریكی و كاسه‌لێسه‌كانی ڕێژیم زانییان ناتوانن به ویسته چه‌په‌ڵه‌كانیان بگه‌ن و قه‌ڵای وره و ئیمانی بڕوخێنن، له ڕێكه‌وتی ٢ ی خه‌رمانانی ساڵی ٦١دا، په‌تی سێداره‌یان بۆ كه‌ریم هه‌ڵخست. هێشتا له نێو ئه‌و خه‌یاڵانه و یاد و بیره‌وه‌رییه‌كانم له‌گه‌ڵ كه‌ریمدا بووم كه مامئه‌ولێ بێده‌نگییه‌كه‌ی شكاند و به ده‌نگه پڕ له سۆز و تایبه‌ته‌كه‌ی گوتی: “كه‌ریمم سه‌ردارانه سه‌ری چووه سه‌ردار. سه‌ری به ئه‌ستێره نه‌وی كرد“.
كه گوێم له‌و قسه بوو، تۆزێك به‌خۆمدا هاتمه‌وه و كاتێك ده‌مویست دڵنوایی بکەم، وه‌ك هه‌میشه ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریی كرد و پێی گوتم؛ ڕاسته كه خه‌می شه‌هید بوونی كه‌ریم بۆ من زۆر سه‌خته، به‌ڵام كوڕم له بیرت نه‌چێ كه ئێمه به‌ڵێنمان داوه سه‌ربه‌رزانه بژین و سه‌ربه‌رزانه‌ش بمرین.
كه‌ریم وای كرد. ئێمه‌ش ده‌بێ وا بین. سه‌ربه‌رزم به‌وه‌ی كه‌ریمی كوڕم له ڕێگه‌ی ئازادیی میلله‌ته‌كه‌یدا گیانی به‌خت كردووه.
ئه‌مه به‌سه‌رهاتێك بوو كه به‌شێكی بچووك له كه‌سایه‌تی و ناخی ئه‌و پیاوه هه‌بیسه‌ی حیزبی دێموكرات ده‌رده‌خات كه تا دواساته‌كانی ژیانی وه‌فادار به ڕێباز و ئارمان و ئارمانجه‌كانی حیزبه‌كه‌ی و شه‌هیده سه‌ربه‌رزه‌كانی بوو. ئه‌و كه‌سه‌ی كه له زۆر جێگه‌ی ترسهێنه‌ری وره‌بڕدا، وره‌ی به‌رنه‌ده‌دا و به زارپاراوی و قسه نه‌سته‌قه‌كانی وره و وزه‌ی به هاوسه‌نگه‌ره‌كانی ده‌بەخشی. له‌گه‌ڵ چووك، چووكتر ده‌ینواند و له ئاست هاوڕێكانیدا خه‌میارێكی به‌كاوه‌خۆ بوو. له‌شی كه‌نفت و غه‌دری زه‌مانه هه‌نگاوی پێ شل نه‌كرد و به‌چۆكیدا نه‌هێنا و قه‌ت مه‌ته‌رێزی ڕاژه و ویژدانی چۆڵ نه‌كرد. شه‌هید “عه‌بدولحه‌مید قاره‌مانی”، كوڕی مه‌جید، ناسراو به مام ئه‌ولێ، خه‌ڵكی گوندی ئه‌حمه‌دئاوای هه‌وشار، ئه‌و پیاوه‌ی كه زۆربه‌ی قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی پڕ له شانازی بۆ خزمه‌ت به گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ی ته‌رخان كرد و دواجاریش له سه‌ر شانی پێشمه‌رگه وره‌به‌رزه‌كانی دێموكرات، هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانی مام ئه‌ولێ، به خاكی پاكی نیشتمان سپێردرا و سه‌ری له كۆشی دایكی نیشتمان كرد.
زێده‌بێژی نییه ئه‌گه‌ر بڵێین مامئه‌ولێ له‌و ده‌گمه‌ن مرۆڤانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه بوو كه مانه‌وه و به‌رده‌وامیی و خۆڕاگریی له شۆڕشدا، بۆ ئه‌و مانابه‌خشی ژیانه‌كه‌ی بوو. ئاشێو وبه‌سه‌رهاتی ناخۆش له ڕێڕه‌وی “پاكی” دوری نه‌ده‌كرده‌وه و گاڵته‌ی به گه‌پچاڕ و ڕمووزنه بێبه‌زه‌ییه‌كانی ئازادیكوژاندا ده‌هات.
مام ئه‌ولێ له ساڵی ١٣١١ له بنه‌ماڵه‌یه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ری گوندی ئه‌حمه‌دئاوای ناوچه‌ی هه‌وشار له‌دایك بوو. یه‌كێك له تێكۆشه‌رانی به‌ئه‌مه‌گی كۆماری كوردستان بوو، كه ڕووخانی ئه‌و كۆماره تا دوا ساته‌كانی ژیانی مام ئه‌ولێ، له‌ڕووی دەروونییەوە كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دانابوو. هه‌ر له سه‌رده‌می پێكهاتنی كۆماری كوردستانه‌وه كه وه‌ك خۆی ده‌یگووت پۆدارترین قۆناغی شۆڕشی كورد بووه، بۆ داكۆكی له نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌كه‌ی چه‌كی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی له شان كرد و وه‌ك قوتابییه‌كی به‌ئه‌مه‌گی مه‌كته‌به‌كه‌ی قاسملووی مه‌زن، هیچكات سوێند و به‌ڵێنه‌كه‌ی بۆ ئازادیی نیشتمان نه‌شكاند.
شه‌وی دووشه‌ممه ڕێكه‌وتی ٢ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٤ و له كاتێكدا کە تێكۆشه‌رانی دێموكرات سه‌رقاڵی خۆئاماده‌كردن بۆ به‌ره‌وپیری چوونی ڕۆژی پیشمه‌رگه‌ی كوردستان، ڕۆژی ڕۆڵه به‌ئه‌مه‌گ و وه‌فاداره‌كانی حیزبی قازی، قاسملوو و شه‌ره‌فكه‌ندی بوون، هه‌واڵێك بڵاو بوویه‌وه. هه‌واڵێك له ڕه‌گه‌زی خه‌م و كۆست. سه‌رماوه‌زی ئه‌مساڵ یه‌كێك له ڕۆڵه قاره‌مان و له خۆبووردووه‌كانی نیشتمانی ئه‌هورایی كوردان، له ته‌مه‌نی ٨٣ ساڵیدا، به‌هۆی بەساڵاچووییەوە كۆچی دوایی كرد. دۆسته دێرینه‌كان و یارانی كاتی ته‌نگانه‌ی مامئه‌ولێ، له سه‌ر گڵكۆكه‌ی به ئه‌سپایی پێیان گووت: “ئارام بحه‌وێوه یادگاره به‌بڕشته‌كه‌ی كۆمار، ئارام بحه‌وێوه.”
سەرچاوە: کوردستان مێدیا