"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە ڕاپۆرتێکدا چەندین کردەوەی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێرانی لە وڵاتانی ئورووپاییدا ئاشکرا کرد.


بەپێی ڕاپۆرتێک کە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بڵاوی کردووەتەوە، باس لە چالاکییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ئورووپاییدا، لە ساڵانی ١٩٧٩ هەتا ٢٠١٨ی زایینی کراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاوتووە، کە ڕێژیمی ئێران مەرگ و نەهامەتی بۆ خەڵکی جیهان هێناوە، ئەو ڕێژیمە تەنیا لە ئورووپا بە کردەوەی تێرۆریستی گیانی چەندین کەسی ئەستاندووە و دەیان کەسیش بە هۆی پووچەڵکردنەوەی بۆمبەکانی ئەو ڕێژیمه بە سڵامەت دەرچوونە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەو ڕاپۆرتەدا، ناوی ئەو وڵاتانەی کە ڕێژیمی کردەوەی تێرۆریستیی سەرکەتوو و ناسەرکەوتووی تێدا ئەنجام داوە، بڵاو کردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە نێو کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێراندا، ئاماژەی بە تێرۆری میکۆنۆس و ڤییەن کردووە، کە لەو تێرۆرانەی ڕێژیمی ئێران دوو ڕێبەری کورد بە ناوەکانی شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی و هەروەها دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران، لە دوو وڵاتی جیاوازی ئورووپاییدا تێرۆر کراون.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی پووشپەڕ، برایان هووک، بەڕێوبەری پلاندانانی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە دانیشتنێکی هەواڵدەریدا بە ئاماژەکردن بە سەفەری حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ سویس و ئۆتریش ڕایگەیاند:”بەو شێوەیە کە لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە، حەسەن ڕۆحانی سەردانی وڵاتی ئوتریش و سویس دەکات و لە هەوڵی پێکهێنانی هاوکاری لە نێوان وڵاتانی ئورووپایی و حکوومەتی ئێراندایه”.

ناوبراو باسی لەوە کرد: “هاوکات سەردانی حەسەن ڕۆحانی بۆ ڤییەن لەم مانگەدا لە بەرەبەری ٢٩هەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆری یەکێک لە دژبەرانی حکوومەتی ئێران لەژێر ناوی دیپلۆماسی، کە لەو تێرۆرەدا ڕێبەری حیزبێکی کوردی و جیابیری حکوومەتی ئێران و دوو کەسی دیکە تێرۆر کراون، جێگای سەرسووڕمانە!”.

٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ٦٨ی هەتاوی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بۆ چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کوردستانی ئێران، لە ڤییەن پێتەختی ئوتریش تێرۆر کران.

 

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی