لە درێژەی کار و چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، تیمێک لە پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی کوردستان لە کاتێکدا سەرقاڵی بەسەرکردنەوەی بنەماڵەی شەهیدان و ئەندامان و دۆستانی حیزب بوون،
ئێوارەی رۆژی ٢١ی پووشپەڕ کەوتنە بەر کەمینی سیخوڕە ئیتلاعاتییەکانی رێژیم و بە داخەوە شەهید کران؛ لە نێو ئەواندا پێشمەرگەی تێکۆشەر و فیداکاری حیزبەکەمان کاک “شەهاب حەیدەری” هاوڕێ لەگەڵ کاک “هەژار رەزایی” ئەندامی دڵسۆزی حیزب شەهید بوون و چوونە ڕیزی کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل.
هاوڕێی شەهید “شەهاب حەیدەری” کوڕی “عوسمان” لە ڕێکەوتی ١ی خەرمانانی ١٣٥١ی هەتاوی لە گوندی “سەرچنار” سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بوو، تا قۆناغی ٣ی ناوەندی دەرس دەخوێنێ و دواتر واز لە خوێندن دەهێنێت. لە ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لەگەڵ تەشکیلاتی حیزب ئاشنا دەبێ. لە ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ١٣٧٣ی هەتاوی دەچێتە سەربازی و دوای ٢١ مانگ خزمەت لە سەربازی هەڵدێ. ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی وەکوو تەشکیلاتی نهێنی بۆ کاروباری تەشکیلاتی سەردانی حیزب دەکات. لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی ئاشکرا دەبێ و زێدی خۆی بەجێ دێڵێ و پەیوەست دەبێ بە ڕیزەکانی حیزبەوە و دەبێتە پێشمەرگە؛ لەو کاتەوە تا کاتی شەهید بوونی بەردەوام بوو لە کار و تێکۆشان و ڕاپەڕاندنی ئەرکە حیزبییەکانی و لە هیچ فیداکارییەک بۆ حیزبەکەی درێغی نەکرد.
بەداخەوە لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ بە دەستی خائینان و خۆفرۆشانی گەل کەوتە بەر دەسڕێژی گوللە و چووە ریزی کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل.
هەروەها شەهید “هەژار رەزایی” خەڵکی گوندی “قەڵا” سەر بە میاندوئاو لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە دایک بوو کە بنەماڵەکەیان خاوەن سێ شەهیدە؛ ناوبراو وەک ئەندامێکی چالاک و بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێکۆشانی هەبوو و لە دوامەئموریەتیدا هاوڕێ لە گەڵ شەهید شەهاب حەیدەری چووە ریزی کاروانی هەرگیز نەمرانی حیزب و گەل.
لە لایەن رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانین.
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
٣ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی
….
تەتەهوو سوارەکانی ئاڵەشین باڵا
خاکتان سوور
ئاسمانتان سپی وزێڕین
وەرزی ڕاسانتان کەسک
بڕواتان
بەڵێن و باوەڕتان،حیزب و سەنگەرتان ئاڵا
عومەر غەڵامعەلی