"an independent online kurdish website

لە 3ی ئابی 2014 چەكدارانی داعش یەكێك لە هەرە قێزەونترین تاوانەكانی سەردەمیان بەرامبەر بە هاووڵاتیانی شەنگال و پێشتریش برا كریستان و شەبەك

و توركمانە شیعەكانی ناوچەی موسڵ ئەنجامدا, كە نموونەی ئەم تاوانانە لە 100 ساڵی رابردوودا لە جیهاندا نەبووە.

ئێمە لە 4ی ئابی 2014 لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا وەك یەكەم لایەن ئەو تاوانەمان بە جینۆساید ناساند و داوامان لە كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و كوردستانی كرد بەرەو روی تاوانەكە ببنەوە لەو پێناوەشدا كاری بە بەرهەممان ئەنجامدا , لە یادی چوار  ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا داواكارین .

– حكومەتی هەرێمی كوردستان فشار بخاتە سەر حكومەتی ناوەندی بۆ ئەوەی پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆ ئەوەی نیازپاكی خۆی لە رێگای بە ئەندامبونیەوە لە دادگاكە بۆ پێكهاتەكانی ئەم وڵاتەی مەڵبەندی جینۆساید رابگەیەنێت كە دژ بە دوبارەبوونەوەی تاوانەكانی رابردووە كە بەسەر گەلەكەماندا هاتووە( هەڵەبجە, ئەنفال, بارزانی, فەیلی, تەعریب, شەنگار, سمبێل …. )), كە تاوانەكانی شەنگال  و دوز سەلماندییەوە بە ئەندام بوونی عێراق زامنی دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانەو سزا دانی بكەرانی و ناساندنی حەقیقەتی یاسایی تاوانەكەیە لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا .

– داوا لە دەسەڵاتدارانی كوردستان دەكەین, داواكاری بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بكەنە یەك لە داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان لە دانوساندنەكانیان لە گەڵ حكومەتی ناوەندی بەغدا لە گەڵ لایەنە عێراقیەكان و سازشی لەسەر نەكەن .

-هەر كەس و لایەنێك لە كوردستانەوە ریكلام بۆ داعش بكات, پێویستە بە تاوانی هاوكاریكردنی تیرۆر و بانگەشە بۆی دادگایی بكرێت.

– هەر كەس و لایەنێك نكۆڵی لە جینۆسایدی ئێزیدی و كریستان و پێكهاتەكانی دیكە بكات لە لایەن داعشەوە پێویستە سزا بدرێت و ئینكار كردنی تاوانەكانی جینۆساید وەك تاوان سەیر بكرێت لە هەرێمی كوردستان, بە یاسا رێكبخرێت و پێشێلكارانی سزا بدرێن .

-هەر پارت و لایەنێكی سیاسی ئینكاری جینۆسایدی ئیزیدی و كریستان و شەبەك و …. بكات , یاخود برەو بە سیاسەتی جیاكاری بەرامبەریان بدات لە ئاستی خوارەوە پێویستە قەدەغە بكرێت.

-پێویستە ئەو چەكدارە كوردستانیانیانەی لە ریزی داعش بوونە, لە كاتی واز هێنانیان دادگایی بكرێن لە بەرامبەر بەشداریكردنیان لەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە.

-پێویستە ئەو تاوانانەی لە رابردوودا لە رێگای 74 فەرمانەكەوە بەرامبەر بە ئێزیدی و كریستان و پێكهاتە ئاینییەكانی كوردستان كراوە, تۆمار بكرێن وەك مێژوو و بچێتە بواری خوێندنەوە, كەسایەتییەكانیان بناسرێن وەك تاوانبار نەك قارەمانی مێژویی.

-دەبێت سنورێك بۆ تەجاوزات بۆ سەر ناوچەی ئێزیدی و كریستان و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان دابندرێت, تایبەتمەندی ناوچەكانیان بپارێزرێت و لە دەسەڵاتدارێتی كوردستاندا رۆڵی زیاتریان پێ بدرێت تا وەرگرتنی بەرزترین پۆستی سیاسی و ئیداری.

-داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەین, هەر دیلێكی داعشی هاووڵاتی 124 وڵاتەكەی ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیان لایە تەسلیم بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكەن, بۆ ئەوەی دادگایی بكرێن, مخابن تا هەنووكە كەمتەرخەم بوونە .

-داواكارین لە هەردوو لایەن بڕیار بەدەستان و تاوانبارانی داعش دیاری بكەن, ئەوانەی لە بڕیاردان و تاواندا رۆڵیان هەیە, ناوەكانیان بدەنەدادگای تاوانی نێو دەوڵەتی.

– پێویستە لە ئاستی جیهانیدا گەلەكەمان شوێن پێی تاوانباران هەڵبگرێت و  لە وڵاتەكانیان سكاڵا لەسەر چەكدار و لایەنگرانیان تۆمار بكرێت.

-داواكارین ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری داگیركردنی شەنگال لە 3-8 لە لایەن داعشەوە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت, ئەگەر شكستی سەربازییە ئەوانەی هۆكاری شكستەكەن سزا بدرێن و لە بەرپرسیارێتی سەربازی دوور بخرێنەوە, ئەگەر كارئاسانیكردنێك هەبووە بۆ لایەنی بەرامبەر, ئەوا بە تاوانی هاوكاریكردنی جینۆساید سزا بدرێن.

-داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی زیاتر تەرخان بكات بۆ ئازاد كردنی كچان و كوڕانی  ئێزیدی كە 48,3%یان تا ئێستا لە دیلیدا ماون , وە هاوكاریان  بكرێت دوای گەڕاندەوەیان بۆ ئەوەی ژیانێكی شەرافەتمەندانە بژێن.

تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی –Koncicc 376 رێكخراو

كوردستان بێ جینۆساید

تۆڕی رێكخراوە كوردییەكان بۆ قەدەغە كردنی چەكی ئەتۆمی – ICAN_KURDISTAN  – رێكخراو)130

3-8-2018

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی