"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: باڵوێزی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشدا وێڕای ڕەخنەگرتنی جیددی لە کردەوە تێکدەرانە و تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی، مووشەکبارانەکانی ١٧ی خەرمانانیشی مەحکووم کرد.


نیکی هیلی، باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوادانیشتنی شۆرای ئەمنیەتدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان بەڕێوە چوو، بە تووندی هێرشی کردە سەر سیاسەتە دژەمرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی و هۆشداری جیددی دایە هەموو ئەندامانی ئەم شۆرا.

ناوبراو سەرەتا باسی لەوە کرد کە هیچ ڕێژیم و وڵاتێک بە ڕێژەی کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەکان نییە لە جیهاندا؛ نیزیک بە ٤٠ ساڵە کە ڕێژیمی ئێران یاساکان پێشێل دەکات و لە دەرەوەی یاسا چالاکی دەکات و ئیمکانی نییە ئاژاوەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بووبێت و شوێنپێکانی ئێرانی تێدا نەدۆزیتەوە.

بەوتەی ناوبراو کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لەو دیکتاتۆرانە کردووە کە دژ بە خەڵکی خۆیان کەڵکیان لە چەکی کۆمەڵکوژ و شیمیایی وەرگرتووە؛ تاران چەکوچۆڵ بە میلیشیاکان دەدات و تیرۆریستەکان پڕچەک دەکات و پارەیان پێدەدات تاکوو ناوچەکە بشەوێنن.

له بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هیلی وتوویەتی: کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا سەروەریی وڵاتانانی دراوسێی خۆی پێشێل کردووە؛ لە لوبنان و سوریە و یەمەن و لە عێراق ئەم کارەی کردووە.

لەم بەشە لە قسەکانیدا نیکی هیلی وتوویەتی: لە مانگەکانی ڕابردوودا ئێران دەسدرێژییەکانی خۆی بۆسەر خاکی عێراق زیاتر کردوە و بە ئاشکرا هێزە نیابەتییەکانی بە پارە و چەکوچۆڵ تەیار کردووە و هەوڵی بەردەوام لاواز کردنی عێراقی داوە تاکوو چالاکییە تێرۆریستییەکانی خۆی لەوێدا پەرە پێبدات، لە دوایین نمووشەدا و پاش بەزاندنی سنوورەکانی عێراق، هێرشی مووشەکی کردە سەر ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ئەم چەشنە کارە تێکدەرانە مەحکوومە و جێگەی قبووڵ کردن نییە.

قسەکانی نیکی هیلی تەنیا ڕۆژێک پاش ئەوە دێنە ئاراوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە نوێترین ڕاپۆرتیدا سەبارەت بە بارودۆخی تێرۆریزم کۆماری ئیسلامی وەک سەرەکیترین پشتیوان و پاڵپشتی تێرۆریزم لە جیهان ناساند.

ڤیدیۆ

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی