Hoppa till innehåll
Hem » چاوی بینەرانی تیشك روون بێ، بێبەش پیرۆتی

چاوی بینەرانی تیشك روون بێ، بێبەش پیرۆتی

ماوەیەك بوو یەكێك لە دەزگاراگەیەنەكانی كوردی تایبەت بە رۆژهەڵاتی كوردستان كە كاناڵی تیشك بوو لە بەر چاوی بینەران و ئۆگرانیدا نەمابوو و لایەنگرانی بە تایبەت تێكۆشەرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران


بە تامەزرۆییەكی زۆرەوە چاوەروانی دەست بەكار كردنەوەی بوون. بە خۆشییەوە چاوەڕوانییەكان كۆتاییان هات و خەریكە وەخۆدەكەوێتەوە و چاوی بینەرانی رووناك دەكاتەوە.

دەست بەكار بوونەوەی تیشك لە بارودۆخێكی لە بار و حەستەم دایە،یەكەم ئەوەكە سرووشت لە بەرەبەری نوێ بوونەوەدایە و نەورۆز و بەهاری ساڵی تازە نیزیكە و، دووهەم لە پێوەندی لە گەڵ رەوتی رووداوەكانی كوردستانی و ناوچەییدا چاوەڕوانی گۆڕانی قوڵ و لە سەر كێشەی نەتەوەی كوردیش چارەنووس ساز دەكرێ.

كەوا بوو تیشك دەبێ لە لایەك وەك بەهار بەرگی نوێتر بە باڵای خۆیدا كا و لە لایەكی دیكەشەوە بەرانبەر بە هەست و مەبەست و ویستەكانی بینەرانی و بە تایبەت نەتەوەی كورددا ئەركی زیاتر وەخۆگرێ و بەرپرسایەتی قورستر لە دەورەی پێشووی بخاتە سەر شان.

هەر لەو حاڵەدا نابێ ئەو راستییەمان لە بیر بچێ كە تەلەڤیزیۆنی تیشك دەنگ و رەنگی رۆڵەكانی نەتەوەیەكە لە سەرەتاییترین مافەكانیان بێبەشن و لە پێناوی وەدی هێنانیاندا سەدان ساڵە و بە تایبەت لە ریزەكانی حیزبی دێمۆكراتدا زیاتر لە حەفتاوسێ ساڵە خەبات دەكەن و قوربانی دەدەن،هاواری نەتەوەیەكە بە دڕندانەترین شێوە لە لایەن دوژمنانییەوە سەركوت كراوە و هەوڵ دراوە ئەو هاوارە بەرحەقەش كپ بكەن،ئەو دەنگ و رەنگە لە گەڵ شریخەی چەكی بەربەرەكانی و نەعرەتەی پێشمەرگە و گوڕەی كۆڵنەدەرانی شار و لە گەڵ تووك و نزای دایكی شەهیدان و ناڵەی بەندییە خۆراگرەكانداو بە بێ ئیمكانی و هەر بە ئیمانی دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرە پێشمەرگەكانییەوە سەری هەڵداوە و درێژە بە بەڕێوەبردنی ریسالەتەكەی دەدا، بۆیە ناكرێ ئەو چاوەڕوانییەی لێبكرێ لە باری چلۆنایەتییەوە شان لە شانی دەزگا ئازاد و خاوەن هەموو ئیمكاناتەكان بدا، بەڵام هیوای ئەوەی بۆ دەخوازرێ ئیمان و باوەڕی كوردانە و پێشمەرگانەی بەڕێوەبەر و كارگێڕەكانی وای لێبكەن لە باری چۆنییەتی و نێوەرۆكەوە وڵامدەری حەز و ویستەكانی بینەرانی نەتەوەكەی بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان بێ.

لە گەڵ ئەوانەشدا تیشك بۆ زیاتر و زیاتر بوونی رووناكییەكەی چاوەڕوانی هاوكاریی بینەرەكانییەتی كە لە هەر شوێن و سووچێكی ئەم جیهانەدا دەژین و بە تایبەت رۆڵە تێكۆشەرەكانی لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ببن بە پەیامنێر و هاوكار و یارمەتیدەری.

تیشك سەركەوتوو و چاوی بینەرانی هەر روون بێ.