"an independent online kurdish website

 ئیمیلیانۆ زاپاتا ئێژێ:  

ئەگەر دەرفەت بە گەندەڵی بدرێ، دەبێتە عادەت، ئاسایی دەبێتەوەو سەرئەنجام وەک موریانە لە ناوەوە نیشتمان لەناوئەبات.”

 

ئەوەی زۆربەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی ھەرێمە بچوکەکەی کوردستانیش بە دەستیەوە عەلیل و زەلیلەو ئەناڵێنێ، گەندەڵی ئیداری و بەڕێوەبەری لە ئاستی سیاسی و  ئابوری، دادوەری و کۆمەڵایەتی دایە.

 

ھێزێ کە دژی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و بۆ رزگاریی لە ستەم و چەوسانەوەی مرۆیی، نەتەوەیی خەبات ئەکات و دواتر دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و سیاسی و دادوەریی و ئابوریی ئەکەوێتە دەست و رێبەرانی شۆڕش ئەیانھەوێ حکومەت بکەن و بە مافی خۆیان ئەزانن کە لە جێی ئەو دەسەڵاتە دانیشن کە لایانداوە. بەم ھەوڵەش بێ گومان وەک بەردەوام سەلمێنراوە، نەتەنیا تووشی گەندەڵی دەبن ، بەڵکوو ھەم خۆیان و ھەمیش کۆمەڵگا و نیشتمانی تێدا نوقم ئەکەن.

 

زۆر کەم ھێزی شۆڕشگێڕ و رزگاریدەر ھەیە کە پاش لادانی ئەو دەسەڵاتەی خەباتی لە دژ ئەکات، دەسەڵات تەسلیمی ھێزی تەکنوکرات بکات و باوڕی بە سیستمی شایستەسالاری ھەبێ. ئەم حاڵەتە بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان سێھەمی دا ھەتا ئێستا تەنیا خەونێکی رەنگین و خەیاڵێکی خۆشەو ھیچی دیکە.

 

ئەوەی ئێستا ھەرێمی کوردستان تێیدا تا کڕکڕاکە نوقم بوە، بەرھەمی راستەوخۆی ئەو گەندەڵیە ھەمەلایەنەیە کە حیزبەکان و سیاسیەکان دروستیان کردووە.

ئەو گەندەڵییە کە لە رێگای حیزبەکانەوە دەستی ناوەتە بینی کۆمەڵگای کوردستانی باشوور، لە راستیدا ویستی کۆمەڵێ لە رێبەرانی بەھێز و دەسەڵاتی سەردەمی خەباتی شاخی حیزبەکانە کە ھەتا ئێستاش کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد لە باشوور و لە پارچەکانی دیکەش بە قەرزار و منەتباری خۆیان ئەزانن و پێیانوایە ئەوان لە ئاسمانەوە دابەزێنراون بۆ ئاغایەتی و سەروەرایەتی بە سەر کۆمەڵگای کوردستانەوە و چاوەڕوانیشن خەڵک بێدەنگ و ملکەچیان بێ.

 

لە راستیدا ئەوان ئەیانتوانی ببنە خۆشەویست و پاڵەوانی (ماندێلا و گاندی)ئاسا بۆ کوردستانی باشوور و پارچەکانی دیکەش. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوان خەڵکی کوردستانیان لە دەستی بەعس رزگار کرد، دامەزراوەکانی بەعسیان لە کوردستان ھەڵپێچا، بەڵام ھیچ ئالتێرناتیڤێکیان بۆ نەبوو. ھەر بۆیە ھەرەمی دەسەڵاتی رێبەرسالاری، بنەماڵە سالاری، خێڵ سالاری، عەشیرە سالاری جێگای دامەزراوە چەوسێنەرەکانی بەعسی لە کوردستانی باشوور گرتەوە و ئەمانەش ھەر کامەیان لە کەمپەینی حیزبێکدا خۆیان رێکخست و رکابەرێیەکی ناساغی حیزبیانەیان بەو پێکھاتەو تایبەتمەندیانەوە دەست پێکرد کە لە ئەنجامدا بێزراوترین جاش و سەرکردە جاشەکان، خۆیان لەو رکابەرێیە نەخۆش و پێکھاتە ناساغانەدا جێگا کردەوە.

 

بەکورتییەکەی ئەو پێکھاتە نەخۆشە، زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە رێبەر و سەروەری پارچەیەکی کوردستانە، بەڵام دەبینین ئێستاکەش ھەر ئەو کەسانە دەسەڵاتدار و بڕیاردەری سیاسی، ئیداری و ئابوورین کە چل ساڵ لەمەوبەر لە شاخ و سەنگەر بوون و ھەندێکیان پەلەقاژەی مەرگ ئەکەن، بەڵام دەست لە ئەڵقەکانی دەسەڵات بەرنادەن. لەوەش خراپتر ھەموو مناڵ و خزم و کەسوکاریان لە جومگەکانی حکومەت و حیزبا جێگیر کردووە، سروەت و سامانێکی زۆر و زەوەندیان بۆ خۆیان و بنەماڵە و داھاتوویان پاشەکەوت کردووە و گەراشیان بۆ دەسەڵاتداری و سەروەرایەتی و ئاغایەتیی پشتاوپشتیان بەسەر خەڵکی کوردستانەوە ناوەتەوە، کەچی خەڵکی کوردستان ئێستاش لە پێتەختی ھەرێمەکەی و ناوەندی پارێزگاکانیشی خەون بە کارەبای بەردەوام، بیمەی تەندروستی، بیمەی تەمەن و زۆر مافی سەرەتایی و ئینسانیی دیکەوە ئەبینێ. ھەتا ئێستاش زیاتر لە نەوەد لەسەدی کاڵای بازاڕەکانی کوردستان ، ھەر لە پەتاتە، تەماتە، سەوزە و رزق و رۆزی و پێداویستیی رۆژانەی خەڵکەوە بیگرە لە دەرەوەی کوردستان ھاوردە ئەکرێ و ئەمەش بە تەعبیرێ یانێ دەست لە بنی ھەمانەکەوە درچووە.

 

ئەم سیاسەتی حیزبایەتی، کوردایەتی و دەسەڵاتداری و بەڕێوەبەرییەی لە ھەرێمی باشووری کوردستان ھەیە، نمونەیەکی ناشیرین لە رزگار بوون و ئەزمونی دەسەڵاتداریی خۆماڵی بوو کە پیشانی پارچەکانی دیکەی کوردستان دراوە و ھێندەش ناشیرینە کە ئێمەی خەباتکار و شۆڕشگێڕی رۆژھەڵاتیش ناتوانین بەرگریی لێ بکەین.

 

 ئەمەش زقترین بەرھەمی گەندەڵیی بەڕێوەبەری، سیاسی، دادوەری، ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە ھۆکارەکەی نەبوونی سیستم و رێکخستن و نەزم و دسیپلین و سەروەرایەتیی یاسایە کە بەبێ ئەمانەش دەیان ساڵی دیکەش وەک کورد خاوەنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن بین، ناتوانین ببینە خاوەنی دەوڵەت و دامەزراوە و کورد وتەنی وەک ئەوەیە ئاو لە ھاوندا بکوتین.

 

ھیوادارم ئەوەی لە باشوور ھەیە و تەجرۆبە کراوە، لە رۆژھەڵاتی رزگار بوو تەجرۆبە نەکرێتەوە

https://www.facebook.com/hoshyar.ahmady.18/videos/536307486861917/

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی