"an independent online kurdish website

زنجیرە شەڕەکانی ! بەردی برایم،! شاخی کاکەیان ! ،بناری شاخە ڕەش!

لەو نزیکانە تووش بێستانێک هاتین تێرمان تەڕەکاڵ خوارد بڕێک بوژاینەوە، کەوتینە ڕێ بە جادەی دایەسڵێمان دا کە خۆمان بگەیەنینە مووچە و مەزراکانی ئەوێ و بمێنینەوە،


 تیمە پێشڕەوەکەمان بە سەرپەرەستی سەیفوڵا خەیری بریتی بوون لە: عەلی مەجیدی (خاڵدار) سادق ئاتەش ئەفروز ، برایم باڵغچی و سیامەند لە پێشەوە ، باقی هێزەکەش بە دوایاندا، چمەس پێشڕەوەکانمان لە جادەی ئەسڵی لایان داوە و بە باریکە ڕێگەیەک دا ڕۆیشتوون، بۆ حەرەکەتی درێژماوە هەمیشە باریکە ڕێگە و کێوپارەکان لە جادە زیخ ڕێژ و ئاسفاڵتەکان بۆ ڕۆیشتن خۆشترن، کەمتر ماندوو دەبی لە وانەیە هەر بەو مەبەستە باریکە ڕێگەکەیان هەڵبژاردبێت.

هەڵەکە لەوەدا بوو ئێمەیان ئاگادار نەکردبوە و ئێمە لە سەر ڕاستە رێگەدا بەڕێوە بووین، پێشمەرگەکانی ڕیزی پێشەوە تارماییەکی گوماناوی هەست پێدەکەن، مشت و مڕێکیان لە سەر ئەو تارماییە لێ پەیدا دەبێ، ئاخۆ پێشڕەوەکانی خۆمانن یان نا ؟ لەو کاتەدا کەوتینە بەر دەسڕێژی گوللەی دوژمن، پێشمەرگەکان گورج لێێان هاتنە دەست و وڵامی تەقەی دوژمن درایەوە، شەر دەستی پێکرد کات دەوروبەری دوازدەی شەوە.

دوو ڕۆژ بوو لە شەڕ دابوین بە هیوای حەسانەوە بووین باری چەک و چۆڵەکەمان لێکەوت ، هێسر لە ترسی تەقە هەر هەڵبەز دابەزیان بوو، تەماس لە گەڵ پێشرەوەکەمان گیرا، وتیان ئیمە دەرباز بووین بەڵام نیروی دوژمن زۆرە ناتوانین لە گەڵتان یەکبگرینەوە،کەمین تێک شکا بەڵام هیزی دوژمن هەر لە زۆر دەبوون و لە خۆ ئامادە کردن دابوون، مەجبور بوین ڕێڕەومان بە ناچاری بگۆڕین، پشتی ئاوایی خوردەلووکی مان هەڵبژارد، هەر چەند نزیک جادە ئاسفاڵت و خەتەر بوو، بەڵام نەمان ویست خۆ لە ناوچە شاخاویەکان بدەینەوە کە ڕژیم زیاتر لەو شوێنانە بە گومان بوو نەفەراتی خۆمان سەر ژمێر کرد، بێجگە لە پێنج نەفەرە پێشڕەوەکەمان سێ نەفەری دیکەمان دیار نەمابوون، حەمە دڵسۆز لە گەڵ دوو نەفەر کە تازە هاتبوون ببنە پێشمەرگە بە ناوەکانی ئارام خەلکی سنە و ڕەحێم خەڵکی هەوەتوی دیواندەرە، بە پێی سەر ژمێریەکەمان لە کۆی ٢٧ کەس شەش کەسی دیکەمان لە گەڵ نەمابوو، بەو دوو کەسەوە کە تازە هاتبوون سەرجەم هەشت کەسمان هەڵبڕابوون، بە هەزار دەردی سەری و زەحمەت چوینە پشتی ئاوایی خوردەلووکی واتە پشتی هێزەکانی دوژمن کەوتین، (بەرەو مەسیری ناوشاری سەقز)

دوژمن پێی وابوو پاشەکشەمان کردوە بۆ بەرزاییەکان، بە ڕووناک داهاتنی هەوا سەدان کەسی هێزی کۆمەکی لە ناوچە خزاند و بەرەو بەرزاییەکانی ناوچەکە دەڕۆیشتن، تیمە پێشڕەوەکەمان لە سەد میتری تۆپخانەکەی دوژمن لە ناو تۆقێک دار و بنچک دا تا ئێوارە گیریان خواردبوو، خۆیان حەشار دابوو ڕێگەی هیچ چەشنە جموجوڵێکیان نەبوو، ئێمەش لە شیوێک لە پشتی ئاوایی خوردەلووکی بوینە دوو بەش، شاروخی مورادی و چەند کەسێک چوونە پشتی ئەو شوێنەی تێیدا مابوینەوە، چاوەدێری جموجوڵی هێزەکانی دوژمنیان دەکرد، ئێمەش چەند کەسێک لە ناو دارگوێزەکان خەریکی ناشتنی جەنازەی چنور و تاقەت کردنی چەکە زیادیەکان بووین، نیگەرانی ئەو هەشت کەسە بووین کە لێمان هەڵبڕابوون، بە سەر دارگوێزێکی پەل ئەستووری تەمەن درێژی دوفلیقاندا سەر کەوتم، بینیم کلۆرە و کەلەبەرێکی گەورەی تێدایە، هەر چی چەکی زیادەمان پێ بوو لەوێمان ئاخنی، هەمووی بۆ هەڵ لوشین و بڕێک گیا و گژمان دا بە سەریدا داو لێی بێخەم بووین.

ئەوە دوژمنیش بە تۆپبارانی چیاکانەوە سەرقاڵە، هەموو کون و کەلەبەر بە دواماندا دەگەڕێ و تەپ و کوتی هێلی کۆپتێرە، بە قسەی خۆیان نابودمان دەکەن غافڵ لەوەی ئێمە لە پشتیانەوەین و چاوەدێریان دەکەین، تیمە پێشڕەوەکەمان لە سەد میتریان دایە، لای ئێوارە تیمی پێشڕەو بە لاچوونی تۆپخانەکە دەرفەتیان دەس دەکەوێ بجوڵێن و تەماس لە گەڵ شاروخی فەرماندە دەگرن، دڵمان خۆش بوو جارێ لە هەشت کەسی ون بوو پێنج کەسمان بە سەلامەتی دۆزیوەتەوە، دڵسۆز و ئارام و ڕەحیم بێسیمیان پێنەبوو، بۆیە نەماندەزانی چیان لێ بە سەر هاتووە، ئێوارە دوژمن بە ناکامی بەرەو ناوشاری سەقز بە بەرچاوی بەشێک لە هیزەکانی ئێمەوە گەڕایەوە، ئێمەش دوای ڕۆیشتنی ئەوان چووینە ناو ئاوایی خوردەلووکی، نان و چاییمان خواردو هەتا توانیمان نانی زیادەمان هەڵگرت، نەماندەتوانی هەموو شەوێک بچینە ناو گوندەکان، فشارێکی زۆری دوژمنمان لە سەر بوو، کاک شاروخ پێشڕەوەکانی ئاگادار کردبوو ئەوانیش هاتنە ئاوایی خوردەلووکی ، بە یەکەوە بارگەو بنەمان تێک نا جەنازەی چنورمان هەر لە پشتی ئاوایی خوردەلووکی بە بەشداری ڕەحمەتی هاوسەری ناشت بوو، چەکەکانمان تاقەت کرد بوو، بار سوکتر بووین، نیگەرانیمان جگە لە دەست دانی ماشەڵا و چنوور دیار نەمانی ئەو سێ کەسەی دیکەمان بوو،(باری غەمی دوکتور قاسملووش با لە جێی خۆی بێستێ).

ئەمجار ئاوایی جەوشەن! سڵاو لە خۆت و شاخە بەرزو بە ناوبانگەکانت بەرو لای تۆ دێن پشتیوانمان بەو بما ن پارێزە. .

ڕۆژەکانی ٩ و ١٠ی مانگ لە شەڕ دابووین، شەوی ١٠ لە سەر ١١ لە کەمین کەوتبووین، ڕۆژی ١١ لە پشتی خوردەلووکی لە دڵە خورپە و دڵە ڕاکە دابوین، ١٢ لەسەر ١٣ گەیشتینە پشتی ئاوایی جەوشەن، شاخەکانی جەوشەن بە تایبەت شاخەڕەش ئەوەندە بەرزە بڕمان نەدەکرد و نەیدەگەیشتینێ، (وێنەی شاخە ڕەش دانراوە) مەجبور لە داوێنی دا بڕێ لە ئاوایی دوور کەوتینەوە لە شیوەڵێک دا لە بن تۆقە دارێ بارمان بۆ خست، بەڵام مەترسیمان هەبوو زۆر لە سەر هەست بووین،گوێمان لە دەنگی خەڵکی ئاوایی جەوشەن بوو دەچوون بۆشەغرە کێشان و دەنگی ناڵی هێسرەکانیان کە لەو بەردە ڕەقانە دەدرا پریشکی ئاوری لێ دەبوەوە بە چاو دەبینرا، کە بەرپرسیاریەتیت لە سەر شان بوو بە خۆت نیە هەزار و یەک فکرت بۆ دێ، لە گەڵ شاروخی هاوڕێم نەخەوتبووین، هەر دوکمان داڵغە لێی دابوین، ئەو مژی لە سییگارەکەی ناو قولەمیچی دەدا و منیش بە هێواشی قسەم لە گەڵ دەکرد. هەر سێ و دووی وەزعی خۆمانمان بوو، وتم کاک شاڕوخ ئەم شاخانەی لای سەرومان زۆر بەرزن .گەر لای سەرەوەمان لێ گیرابێ زۆر خەتەرە ، بۆ لە گەڵ ڕەحمەت نەچینە سەر ڕێگەی ئەو شەغرە کێشانە بڕێک پرسیار بکەین، وتی پێم باشە، شەهید ڕەحمەتی هەمیشە قارەمانم هەستاند و بە دوو قۆڵی بۆی سەر کەوتین، هەر دوکمان بێسیم مان پێ بوو.

دوو کەس لە خەڵکی ئاوایی بە دوو هێسرەوە هاتن و بەرەوشاخ دەڕۆیشتن، ڕامان گرتن وتم نان تان پێیە؟ وتیان ناوەڵا لە ئاواییەوە هاتوین و کاروانی شەغرە دەکەین و لە ماڵەوە نان دەخۆین، وتم دانیشن، دانیشتن و کات بومەلێڵەی بەیانیە، سیوادی دابوو، کۆڵە پشتیەکەم لە کوڵم داناو دەستم کرد بە نان و پەنیر خواردن، بە دەم نان خواردنەوە پرسیارم لە کاروان چیەکان دەکرد، باس و خەبەرم لە سەر وزعی ناوچەکە وەردەگرت، پرسیم گروهی زەربەت و شتی ڕژیم هاتوون بۆ ئەم ناوە؟ وتیان وەڵا دوو سێ ڕۆژە بەم شاخە ڕەشەوەن، ئەم ئێوارە دەنگە دەنگیان دەهات کەسی ئێوە لە شاخەڕەش هەیە؟ وتم نا . لەو کاتەدا رەحمەت چەکەکەی لای من داناو وتی دەست بە ئاو دەگەیەنم، ڕەحمەت لە ئێمە دوور کەوتەوە، کابرایەکیان لە منی پرسی ئا ئەوانە پێشمەرگەی ئێوەن؟ وتم کامە؟ وتی ئائەوانە؟کە تماشام کرد پاسدار ریزیان بەستوە بە دوای یەک دا بێخەم دێنە خوارێ ڕاست بۆ ئەو شوینەی ئیمە لێی دانیشتوین، هەر سەد میترێک یان مابوو بگەنە لای ئێمە، شوێنەکە گەوەیەکی ھەبوو، چەپەک بوو تا نەھاتنە نزیکمان نەدەبینران، وتم ناوەڵا پاسدارن، بە هەردووک چەپۆک دایان بەسەری خۆیاندا ، وتیان باوکە ڕۆ تیا چووین، وتم مەیکەنە هەرا و مەترسن هەر لەشوێنی خۆتان عادی دانیشن، منیش هیواش چوومە ئەو دیوی گابەردەکە.

ڕەحمەت بێسیمی کرد وتی تەقە نەکەی جارێ؟ چەکەکەم لای تۆیە، فەورەن بیسیمم بۆ شاروخ کرد و وتم ئامادە بن پاسدار هاتن و بە سەر ئێوە دا دێنە خوار من و ڕەحمەتیش لێرەین ، ئەو بەردەی من و شەغرەکێشەکان لە بنی دانیشتبوین باش بوو بڕێک گەورە بوو گابەردێکی جێ متمانە بوو بۆ شەر و سەنگەرێکی حەواوە بۆ من و ڕەحمەتی هاوڕیم، ئەوە من لە پشتی بەردەکەم و لیباسی خاکی حیزبی لە بەردا و دوشەغرەکێشەکەش کش و مات دڵەتەپەیانە و هێسرەکانیش مێشێ میوانیان نیە ، پاسدار هاتن بەریز لە دە میتریمانەوە وەک مەڕ سەریان داخستووە و بێ خورپە بەرەولای پێشمەرگەکان دەڕۆن، دانەدانەیەکیان تماشایەکی هێسرەکان و شەغرەکێشەکانیان دەکرد و هیچیان نەدەوت، لە پڕ نەفەراتی پێشەوەیان لەلای خوارەوە کەوتنە کەمینی پێشمەرگەکان، لێیان دان ئەمان لێدان نەک گاڵتە، ڕەحمەتیش گەشتە لای من و ئیمەش بە دوو قۆڵی نەمان هێشت یەک کەسیان بێتەوە سەر و دەست لە شاخ گیر کەنەوە ، هەشت نۆ کەسیان لە سەر دوو گۆلە ئاو خەریکی دەموچاو شۆردن بوون کەندەڵانێکی لێ بوو خۆیان خزاندە ناوی و یەکیان هاواری دەکرد بۆ خاتری خوا مەمکوژن کوردم برام پێشمەرگەیە ،ژێر کراسێکی سپی کردبوو بەر سەر لولەی تفەنگەکەی هاواری دەکرد تەسلیم، لە ماوەی بیست بۆ سی دەقیقە جوقەواریان لێ بڕا وابزانم ٣٤ کەس بوون کە  ٢٤ کەسیان بە دیل گیرا و ئەوانی دیش کوژران، تاقە یەک فیشەکیشیان پێ نەتەقێندرا، پێشمەرگە هەموو سەلامەت بوون(چوار پێنج پاسدارێک بە شاخێکی بەرزەوە بوون عومەر کەندەسورەیی تیربارەکەی فیشەکی پێنەمابوو نایە سەر شانی و بە تەنیا بۆیان سەرکەوت بەبێ ئەوەی بوێرن تەقەی لێبکەن هەمووی لە بەری هەڵاتن.

کەمێک پێش دەسپێکردنی شەڕەکە شوانێک هات بۆ لای من و ڕەحمەت وتی حەمە دڵسۆز ناردومی وتویەتی ناونیشانێکم بۆ بنێرن، لەم نزیکانەم دێمەوە بۆ لایان ، منیش وتم بە ناونیشانی خوشەلی پێی بڵێ بابێت ئیمە لێرەین، ئەو کات ڕادیۆی ئیسڕائیلمان زۆر دەگرت بۆ خەبەر و باس دڵسۆز بە ئوڕشەلیمی دەوت خوشەلی ، ناونیشانی لەوە چاکترم پێ شک نەدەهات، شەڕەکە نێو سەعاتێک زیاتری نەکێشا ، پێشمەرگەکان هاتنە سەرەوە بۆ لای من و ڕەحمەت لەو کاتەدا شەهید ئیقباڵ بەیگی یەک دوو فیشەکی نا بە لای سەروی خۆمانەوە ، وتم ئەوە چیە ؟ وتی ها نەفەرێک لەو دەم شاخە وتم کوڕە نەیکوژی حەمە دڵسۆزە ، دڵسۆز مەجبور تا درەنگانێگی ئیوارە خۆی حەشار دابوو . ئەو کەسەی هاواری دەکرد برای پێشمەرگەم ئامۆزای کاک سەید برایمی هاشمی فەرماندەری هێزی ئاربابا بوو، بیسیمچی پاسدارەکان بوو هێلی کۆپتێر هاتە سەرمان دەستی کرد بە تەقە داوامان لێکرد بە بێسیمەکە شوێنی هەلەیان پێ بڵێ با سەنگەرەکانمان نەکوتن نەی وێرا و بە قسەی نەکردین ، لە شەری کاکەیان کە چنوور شەهید بوو لە ناو ئەسیرەکانی ئەوێشدا خوشکەزایەکی شاروخی فەرماندە هێزی خۆمانی تێدا بوو کاتێک گێرا و ئەسیر بوو، کاک شاروخ پێی وت هاتوی خاڵۆی خۆت بکوژی؟ وتی حەدم چەس خوا خوام بوو خۆم نەکوژرێم، لە هەر دوو شەڕەکەدا قسەمان بۆ ئەسیرەکان کرد و برێندارەکانمان بۆ دەرمان کردن و وتمان بڕۆن و جارێکی تر نەیەنەوە بەم ناو بەناوەدا.

دڵسۆزیش هاتەوە بۆ لامان و بەمجۆرە تەنیا دوو کەسە تازە هاتووەکە ون بوون ، هێندیک شایەعەمان بیستەوە یەک دەیوت رۆشتونەوە بۆ ماڵی باوکیان ، یەک دەیوت بۆ سبەی گیراون و کوژراون ، بە تەواوی رون نەبوو چیان لێهات.

لەو زنجیرە شەڕەد دا دەرکەوت هێزی کەم و پوخت و یەک دەست چەندە کاریگەرە ، یەک یەکی ئەو پێشمەرگانە ئەوەندە شارەزا و کارزان بوون هەر کە شەر دەبوو خۆیان دەیانزانی دەبێ چی بکەن ، خۆ فریای سازماندەهی نەدەکەوتین هەر کەسە و لە حاستی خۆیەوە پەلاماری دەبرد و کاری خۆی دەکرد، بە داخەوە ناتوانم ناوی هەر هەمویان بنوسم لە وێنەکان دا بەشی زۆریان دەبینرێن، بەشێکی بەرچاو  لەو قارەمانە دواتر بەداخەوە لە شەڕ دا شەهید بوون و زۆریکی دیکەیان بە خۆشیەوە لە ژیاندا ماون لە ئاستی گەورەیی شەهیدەکان سەری ڕێز دادەنوێنم و لەوەی کە نەمتوانی ناوی هەموو ئەوانەی ماون بنوسم داوای لێبوردن ئەکەم و تا هەتایە بە هاوڕێیەتیان سەر بەرزم. ئەوان ئەوەندە قارەمان و بوێر بوون،  قەتم نەتوانی لە شەڕەکاندا شان لە شانیان بدەم.

دوکتور قاسملوو بۆ خۆی ورەی خەڵکی کوردستان بوو هەر بۆیە پێشمەرگەی حیزبەکەشی کێوێک بوون لە ورە و ئیرادەی پۆڵایین.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی