"an independent online kurdish website

دەنگ و باسی ئەو وەزعەی بە سەر ئێمە دا هاتبوو لە هەموو بنکەو بارەگاکانی حیزب دەنگی دایەوە و بە گەرمی باسی لێ دەکرا لە بنکەی سلێمانیەوە چوونیەوە بنکەکانی خۆمان لە بازیان،


 لەو ماوە دا ئەوەندە هەڵسورا بووم بۆ دەرباز کردنی هاوڕێکانم ئاگام لە وەزعی خۆم نەبوو کە منیش دەرمانم خواردوە، شەوانە خەوم نەبوو گیانم دێشا، چووم حەمامێک بکەم هەر کە سەرم دایە بەر شێری ئاوی بەرمیلەکەی حەمام ئاوم کرد بەخۆما دیتم بەشێ زۆری مووی سەرم هەڵوەری و هاتە خوار چوومە سلێمانی کاری دەرمان خواردنەکە بوو، فەتاحی سەعیدی کاری بەشی نەخۆش و برینداری دەکرد لە سلێمانی بردیانمە لای دوکتوو، وەزعەکەم بۆ باس کرد وتی من دەزگای ئازمایشی ئەو تۆم نیە بۆ تەشخیسی ئەو دەرمانە بەلام بە پێی زانیاری و ئەزموونی خۆم تالێۆم یان سالیۆمە کە بە کوردی پێێ ئەڵێن (مەرگەمووش) پێوستە سەردانی شوێنێک بکەی کە بتوانن تاقیکاری پێویستت بۆ بکەن.

گەرامەوە بازیان و پەیامێکم بۆ سکرتاریا نارد و ئاگادارم کردن وەزعم ئاوای بە سەر هاتوە مووی بەدەنم لە وەریندایە وڵامیان دامەوە بچم بۆ دەرفتەری سیاسی، بەیانیەک زوو لە سەربانی بنکەکەمان ڕاوەستا بووم تاکسی باریکی سپی هات بینیمان جەنازەی عەتای تێدایە، جەنازەکەیان هێناو لە حەوشەی مقەرەکەمان دایاننا، ئیستەش لە گوێم دا دەزرینگێتەوە ڕازاوی خێزانی عەتا بە پێخواسی بەدوای جەنازەکەدا بە هەلاتن هات و هاواری دەکرد عەتا منم ڕازاوم، عەتا چەند مانگێک بوو ژنی هێنابوو، چەند رۆژ پێشتر کاک سالەیان گەیاندبوە نەخۆشخانەی حیزب لە کۆیە و لەوێشەوە بۆ بەغدا، دوای ناشتنی عەتا منیش چوومە کۆیە ولە گەڵ کاک مستەفا هیجری دانیشتم لەوەزعی پرسیم دەستم برد بۆ سەرم پڕ مشتم لە مووی سەرم هات بە دەستمەوە وتم .ئاوام لێ هاتوە ، نیگەران بوو بڕێک دڵخۆشی دامەوە و فەرموی بەڕێت دەکەین بۆ بەغدا.

لە شانسی بەدی من ئەو ڕێگەی دەبوو پێدا بڕۆین لە نیوان یەکیەتی و پارتی دا شەڕ بوو لەولا تریش پرسگەی حکومەتی عیراق ، دەبوو بە نێو ئەو شەرەدا دەر باز بین، دوو کەس لە شۆفیرەکان زۆر پێاوانە وتیان ئێمە ئامادەین بە نێو ئەو خەتەرە دا بت بەین ئەو دوو کەسە یەکیان بێهروزی مەنوچیهری و ئەوی تریش کاووسی نیازمەند بوو، دوو ماشین ئامادە کران و ئاڵای سپی لە ماشینەکان بەسترا و بەناو بەرەی شەڕی هەردوو لایەن دا بەغدا خۆت بگرە و هاتم، سەیارەی یەکەم دەچوو بە نەفەراتی پێشی جەبهەی دەوت بریندار مان پێیە و تەقە مەکەن و لەو تێ دەپەری دەچوە ئەوبەری جەبهە ئەوانیشی ئاگادار دەکرد و ئیمەش بە دوایا ندا دەڕۆیشتین، تا بەو شیوە دەرباز بوین و گەیشتینە یەکەم بازگەی حکومەتی ئێراق لە سەر رێگەی کەرکووک بەغدا، لەوێ ماشینێکی حیزب بە ڕانندەگی کاک مستەفای مێهرپەروەر هات و دیتمانن من بە تەنیا لە ماشێنە لانکرۆزە کەی بێهروز دابووم، ئەحمەد پادگانی لە گەڵ مستەفای مێهرپەروەر دا بوو، بێئەوەی چاوی بە من بکەوێ وتی دوکتوورەکان ساڵە سەقزیان دیوە وتویانە هەرکەس لەو دەرمانەی خواردبێ ڕادەی کەم و زۆری فەرق ناکات ئەیکوژێت، ئەوە منیش گوێم لە قسەی ئەحمەدە، هات بەم لاوە منی بینی، وتم کاک ئەحمەد منیش خوادومە زۆری پێناخۆش بوو گوێم لە قسەکەی بوە و بە منی نەزانیوە ویستی پینەی کات ، بەڵام من سیگناڵی خۆم بە گوێێ خۆم بیست ، با ئەوەشی لێ زیاد کەم محێدین ڕێحانی کادری نەخۆشخانەی حێزب لە قەڵا دەستی برد بۆ دیوارەکە وتی سەید ئەحمەد چۆن ئەزانم ئەم دیوارە سپیە ئاواش ئەزانم ئەو دەرمانە نات کوژێ، لە نێوان قسەی محێدین و دوکتوری بە غدا دامابووم کامیان دروستە مان یا مردن؟ مەرگی عەتاشم بە چاوی خۆم دیبوو تای تەرازو زیاتر بە لای بۆچوونی دوکتورەکانی بەغدا دا دە شکایەوە.

گەیشتینە بەغدا کاک حەمەنەزیف و مەجید هاتنە لام و کاک حەمەنەزیف وتی ئەوەی لە دەستمان بێت بۆت دەکەین،  مەجید کاتی دوکتوری بۆ گرتبووم. سواری ماشینی کردم و بەرە و نەخٶشخانەی عەدنان خەیروڵای بردم و بۆ یەکەم جار لە ژیانم دا لە سەر تەختی نەخۆشخانە خەواندیانم، بە تەنیا لە دیوێک دابووم،لە ژووری دیکەی رووبەروم چاوم با کاک ساڵەی هاوڕێم کەوت ئەویش لەوێ خوێنداربوو.عەباسی بەدری پێشمەرگەی مەڵبەند کۆمەگ و چاوەدێری دەکرد ئەمجار دوکتورەکان هاتن و چاویان لێکردم و کیسەی ئاویان لێ وە سڵ کردم ١٢٠ کیسەی ئاویان لە کارتۆن دا هێناو ، سکیان کون کردم و دەبوو چوار چوار کیسە ئاو بێتە سکمەوە پاشان بە شلینگ بگویزرێتەوە بۆ ناو کیسە نایلۆنێکی دیکە لە تەنیشتم دانرابوو دەبو هەموو ناو ورگ و ڕێخۆڵە بشۆردریتەوە.

ژەهری سالیۆم یا مەرگەمووش دەبێ لە ڕێگەئ ششتنەوە لە بەدەن دەر بکرێ کە هەزم بوو نفوزی کرد عیلاجی زۆر سەختە، لە پەستا هەموو جۆرە ئازمایشیکیان بۆ دەکردم، نان و شتێكی وام بۆ نەدەخورا، دەیان وت دەبێ تەنیا شتی ئاوەکی و شلەمەنی بخۆی.

ماوەیەکی کەمی پێ چوو هەستم کرد ساڵە لە ژوورەکەی ڕووبەڕووم دیار نەماوە ، لە مەجیدم پرسی وتی بردویانەتە نەخۆشخانەیەکی دیکە خوێنی دەگۆڕن، لێـم دوبارە کردەوە کێشای بە تەڵاقا(ئەمزانی لای مەجید تەڵاق و تەنەکە هەر یەکە) دوو جار منیشیان برد خوێنیان تەسفیە کردم ، شەوێک لە نەکاو کاک حەمەنەزیف و مناڵەکانی لە گەڵ کاک قەسیم قادری و چەند پێشمەرگەیەک هاتنە لام ، ژوورەکەم پڕ بوو، هەر تماشایان دەکردم ، یەکێک لە پێشمەرگەکان لە پشتەوە وتی خۆ شکور ئەم باشە ، کاک حەمەنەزیف ڕووی تێکردم وتی پێم خۆشە وسیەت نامەیەک بنوسی ، وتم بۆ؟ پێکەنی وتی هەر ئەمەوێ بزانم چیت هەیە، وتم هیچم نیە و نای نوسم ، خۆهەر چی تماشای خۆم ئەکەم ودە ست لە خۆم ئەدەم لەوە ناچێ بمرم، وتی شۆخی ئەکم هەر وتم بزانم چیت هەیە، پێموابێ نیوەی هەر ڕاست بوو گەر نیوەشی شۆخی بوبێ.

عەباسی بەدری کە پێشتر لای کاک ساڵە بوو هاتە لای من، ڕادیۆیەکی تووشیبای سێ مەوجی چوکەم پێ بوو عەباس گرتبووی گوێم لێبوو باسی مەڵبەندی دووی کرد ، پاڕازیدی زۆر بوو حاڵی نەبووم لە خەبەرەکە، پرسیم عەباس ئەوە چی وت؟ لای کردەوە چاوەکانی پڕ بوون لە ئاو دەگریا ، خەبەری شەهید بوون و ناشتنی کاک ساڵەی دەخوێندەوە، چمەس ئەو شەوە کاک قەسیم هاتبوو جەنازەی کاک ساڵە بەرنەوە بۆ کۆیە.

کات دەهات و دەڕۆی زۆر زەعیف ببوم بۆخۆم وەزنێکی ئەوتۆم نەبوو چواردە کیلۆی تریش لە وەزنی خۆم کەم کردبوو، لە پەستا مووی بەدەنم دەوەری ،کەچەڵ ببوم مووی سەرم تاق و لۆقە مابوون و ڕٶژانە بەبێ ئەوەی هەست بکەم هەڵدەورینە سەر تەختەکەم ،ماوەی چەند ڕۆژێک کەسێک بە لیباسی نیزامیەوە دەهاتە ژوورەکەم و چەند سەعاتیک دادەنیشت نەمدەزانی بۆ چی دێت ، پێموایە مەشکووک بوون کە دیموکرات نەبم و کەسێکی دیکە بم دوای چوار ڕٶژ دیار نەما و هەرگیز نەهاتەوە.

دوو دوکتور سەرپەرەستی نەخۆشیەکەی منیان دەکرد، دوکتور عەزیز شێخلی و دوکتور حەیفا، دوکتور حەیفا لە ئەسڵ دا ئاڵمانی بوو، کەیسی نەخۆشی من لە لایەن حیزبەوە لە دەفتەری پاریس بە هۆی موحەمەدی حەسەن زادە لە گەڵ دوکتورەکانی پاریس باسکرابوو، مەجید بە دوکتورە عیراقیەکانی وتبوو ئیمە دەتوانین پەیوەندی ساز بکەین لە نێوان ئیوە و دوکتورەکانی پاریس لە سەر کەیسی ئەو دەرمانداوە ، بەڵام دوکتورەکانی عیراق وتبوویان ئیجازەمان نیە ،ئەو کات عیراق لە شەڕ دابوو، پەیوەندی گرتن لە گەڵ دەرەوەی وڵات بە بێ ئاگاداری حکومەتی بەعس قەستی سەر بوو، جارو بار نەزەری دوکتورەکانی پاریس بە شفاهی بە دوکتورەکانی بەغدا دەوترا ، مەجید بۆ ئەو شتانە زیرەک بوو هەم شەرم و شکۆی نەبوو هەم چاو نەترس و دە م نەوێستاو .

هەر تاو نەتاوێک چەند خوێندکاری کوڕ وکچیان دەهێناو و دوکتورەکان منیان پیشان دەدان و قسەیان بۆ دەکردن، وەک ئازمایشگام لێهاتبوو، جاریکیان بردمیانە شوێنێک پازدە بۆ بیست کەسێک لە ساڵۆنێکد دا دانیشتبوون ، پرۆژۆکتۆرێکیان دانابوو ئیشارەیان بۆ من دەکرد و نەزەریان دەگۆڕیەوە،

شەهید کەریم سەقزی هاتبوو بۆە لام لەو کاتەدا ئەویشم لە گەڵ بوو بەڵام لە دەرەوەی ژوورەکە ڕایان گرتبووئیجازەی هاتنە ژوورەویان نەدا.

ئەم کەسانە لەو کاتەی لە سەر تەختی نەخۆشخانە بووم بە نۆبە لە لای من دەمانەوە،عەبدلا مەسعودی ، مەحمودشیرین گوفتار ،حێشمەت خوسرەوەی ، جەلال کەریمی عەباسی بەدری کە زۆربەیان پێشمەگەی مەڵبەند بوون، جەعفەری شەریعەتی هاتە لام و زەرەبینێکی پێ بوو هەر زەرەبینەکەی ئەخستە سەر سەرم و پێدەکەنی ئەیوت هیچ موو نابینم.

ئەو نەخۆشخانە قانونێکی هەبوو ، هەر کەس بهاتایە خزمەتی نەخۆشی بکردایە لەوێ نەخۆشی هەبوایە بە خۆڕایی چارە سەریان بۆ دەکرد ، لەو کاتە حێشمەت لای من بوو فیتقی بو(قۆڕ بوو) بردبوویان بۆ عەمەل نەم زانیبوو، منیش تەنیا بووم زۆر بێتاقەت بووم کەس دیار نەبوو، ماوەیەک بوو قاچی ڕاستم خەریک بوو لە ڕۆشتن دەکەوت ، کە هەڵدەستام برۆم دەبوو بە دەست پاڵێکی پێوەنێم، هەر چۆنیک بوو شیلانگ وقایش و قروشم لە خۆم کردوەو خۆم کرد بە ئاسانسۆردا بۆ خوارەوە لە بیرمە لە مەرتەبەی یازدە بووم، کەس دیار نەبوو لە نەخۆشخانە چوومە دەر ئاوی دیجلە لەو نزیکە تێپەڕ دەبوو ماوەیەکی باش بۆی دانیشتم ڕۆحێکی تازەم هاتەوە بەر، دەوری سەعات شەشی بەیانی بوو، دوای ئەو پشووە وتم تا دوکتورەکان نەهاتوون بگەڕێمەوە شوێنی خۆ م باشە.

بە ئاسانسۆردا چوومەوە سەر و پێش ئەوەی بگەمە ژوورەکەی خۆم تووش دوکتوور شێخلی بووم بە دەست ئیشارەی بۆ کردم وڕایگرتم برێک تماشای سەرمی کرد، هەر ئەوەندە ی لێ حاڵیبووم، وتی موعجیزە پەرستاریکی بانگ کرد و وەک پێشوی لێ کردمەوە و شیلانگ و شتەی دامەزراندوەوە، دوای چوونەوە سەر تەختەکەم ، مەجید هات و دواتر دوکتوریش هات دەستی کرد بە قسە لە گەڵ مەجید، وتی پێێ بڵی نامرێ چونکە رەشایی خەریکە سەر هەڵئەداتەوە، خەبەریکی خۆش بوو.

ئەمجار خەبەریان دامێ کاری پاسپۆرتەکەت خەریکە تەواو ئەبێ ، دوکتورەکانیش ئیجازەیان دام بگەڕیمەوە بنکەی حێزب لە ناوشاری بەغداو خەبەر هەموو ڕوولە خۆشی بوون ، بەشێک لە هاوڕێکانم لە کۆیەوە هاتن بۆلام و بەشێکیش نامەی هەواڵ پرسیان بۆ دەناردم، دوکتورەکان سی شتیان بۆ من دانابووکە بە کەڵکن بۆ عیلاجی ئەو دەرمانە(هەنگوین و بیرە و تەماسی جنسی) جۆری ئەو دەرمانە بە شێوەیەکە فەقەت دەبێ لە بەدەن دەفع بکرێ رێگە چارەی دیکەی نیە، کاک حەمەنەزیف زوو زوو دەیبردم بۆ ماڵی خۆیان، جاری یەکەم زۆر کەچەڵێکی نالەبار بووم .سەرو سەکتێکی ناحەزوناجۆر هەر چوومە ژوور ئەو کات هەژیری کوری تازە پێێ هەڵگرتبوو نازانم شتی وەک منی قەت نەدیبوو چی، هەر چاوی پێم کەوت یەک بە خۆی زیڕاندی ، شێوە خانم خێرا گرتیە باوە شی و هەموویان پێکەنین جاری وابوو کە بە شەقامەکاندا تێدەپەریم مناڵ و هێندیک جار ژنان خۆیان لێ لادەدام .

کاری پاسپۆرتم تەواو بوو وتیان کاک نەورۆز کە کادریکی حیزب بوو لە ڕادیوی دەنگئ کوردستان لە بەشی کرمانجی بێژەر بوو تا پاریس لە گەڵت دەبێ کاک حەمەنەزیف بۆ خۆشی تا وڵاتی ئۆردۆن لە گەڵمان هات و بەو شێوە بەڕێ کەوتین یەک دوو شەو لە ئۆردون ماتڵ بووین و پاشان بەرەو پاریس.

 

درێژەی بەسەر هات لە بەشی چوار

 

بەشیک لە نامەی دوکتورەکان و چەند دێڕێک لە دەسخەتی نەویدی خائین و وێنەی هاوڕییان لەو کات دا هاوپێچ کراوە.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی