"an independent online kurdish website

مانگی پووشپەری سالی ۱۳۷٥ ی هەتاوی بوو. تازە لە بنکە سابیتەکانمانەوە گەرابووینەوە ناوچە. ئێمە وەک تیمی تەشکیلاتی کۆمیتەی ناوچەکانی مەرگەوەر ، گەلی قاسملوو ، گەلی بەراندێز ،

پاش ئەوەی کە کوبوونەوەیەکمان لە گەڵ بەڕێز کاک رۆستەم جەهانگیری کە ئەو کات بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ورمێ بوو کرد و پاش وەرگرتنی ڕێنوێنیی پێویست لە لایەن بەڕێزییەوە و دواتر مالئاوایی خواستن لە هاورێیان بەرەو شوێنی کار و چالاکیەکانمان وەرێکەوتین.

تیمی ئێمە پێکهاتبوو لە : سەلیم کەریمزادە (رووحی شاد) بەرپرسی کومیتە ناوچە، کاک سەدیق دەرویشی و مەجید خەلیفەزادە کادرەکانی ناوچە. کاک سەلیم کە بۆ ماوەی ۱٠ سال لە رادیو دەنگی کوردستانی ئێران دا وەک بێژەر لە بەشی کرمانجی دا کاری کردبوو تازە گەڕابووە ناوچە و هیچ ئاشنایەتیەکی ئەوتۆی لە سەر وەزعی ناوچە نەبوو. دیارە منیش سالی ئەوەڵی کاری تەشکیلاتیم بوو بۆیە دەتوانم بڵێم کۆڵەکەی تیمی ئێمە سەدیق بوو کە تەجرەبەی چەند سال کار کردنی لەو ناوچانە هەبوو.

سەرەتای هاوین بوو و هەوا زۆر گەرم و خۆش بوو. بە هۆی ئەوەی کە ئەوکات زۆربەی خەلکی ناوچەی مەرگەوەر مەردار بوون ، هاوینان دەهاتنە کوێستانەکان بۆ لەوەراندنی مەرەکانیان . دەتوانم بڵێم کە ئەو شاخانە بە تەواویی ئاوەدان بوون. ئێمە پاش چەند رۆژ گەران بە ناو هۆبە و چادرەکاندا رۆژێک چووینە ناو دەستەیەک رەشماڵ لە شوێنێک بە ناو ی بنچۆل. گەیشتینە ناو چادرەکان خەڵکەکە بە دیتنی ئێمە زۆر خۆشحاڵ بوون و لە دەوری ئێمە کوبوونەوە و بەگەرمی بەخێر هاتنیان کردین. بنەمالەیەکی شەهیدی حیزب لەوێ بوو . بریارمان دا بچینە ماڵی ئەو شەهیدە وەک ڕێزگرتنێک لە رووحی پاکی ئەو شەهیدە. هەر زوو ساحیب ماڵەکە کاورێکی بۆ ئێمە سەربری . خەلک لە دەوری ئێمە کوببووە و سەلیم قسەی بۆ دەکردن. سەلیم کەسێکی زۆر خەلکی و خاکی و سوحبەت خۆش بوو. بە راستی مەجلسێکی گەرم و پر لە خۆشی و هاوسۆزی بوو . هەموو خەڵکەکە نوقمی شادی بوون. دیارە هەبوونی ئەم جەوە شتێکی سروشتی بوو ،چوونکی پاش چەندین مانگ دووری لە خەڵکی بە دیدارییان شاد ببوینەوە و ئەم خەڵکە وەکی کوری خۆیان چاوی لێ دەکردین. وردە وردە نەهارەکەمان حازر دەبوو و ئێمەش حیسابی برسیمان ببوو. ساحیب ماڵ تازە لە گوندی را هاتبوو و میوەی لە گەل خوی هێنا بوو . شووتییەکی گەوەری کری بوو و لە ناو ئاوی ساردا دایانابوو. ئێمەش کە لە مێژ بوو میوەمان نەخواردبوو بێ سەبرانە چاوەروانی هێنانی شووتییەکەمان دەکرد. دیارە نەهارەکەش حازر ببوو. ساحیب ماڵەکە شووتیی هێنا و بە چەقۆیەکی گەورە شەقی کرد. باوەر بکەن کە چەقۆیەکەی لێ دا شووتییەکە بۆ خۆی تا سەر شەق بوو. لەو کاتە دا دیتم کە کچەکەی ئەم ماڵە کە بۆ ئاو هێنان چووبووە سەر کانیاوەکەی تەنیشتی چادرەکان بە عەجەلە وەژوور کەوت و دیتنم کە هێندێک حەپەساوە. دیسان چوو دەرەوەو و جارێکی دیکە هاتە ژوورەوە . من نیگەران بووم و لێم پرسی چی بووە بۆ وا نیگەرانی؟

وتی پاسدار هاتن! من کە هێشتا رەختەکەم نەکردبووە و هەستامەوە سەرپێ دیتم پاسدارەکان گەیشتنە ناو چادرەکان . هەتا سەلیم و سەدیق خۆیان بەستەوە من خوم گەیاندە ناو شوێنی کەشک کە لە بەر دەرکی ڕەشمالەکە درۆست کرا بوو. بە ڕاستی سەنگەرێکی باش بوو بۆ شەر کردن. دیارەکچەکە وتی زەربەت هات و ئێمەش پێمان وابوو کە حەتمەن راپۆرتیان لێ داوین و بە تەواویی دەورییان گرتووین و هەر بۆیەش سەرەتا زۆر نیگەران بووین. هەموو خەڵکەکە چوون و لە دەوری پاسدارەکان هاڵان و سەرگەرمی کردن. لە لای باکووری ئێمە تەپۆڵکەیەکی بچووک هەبوو کە نیزیکەی ٥٠ میترێک دەبوو دەبوایە بە پەلە دەرباز بین. کاک سەلیم ڕۆیشت و پاشان کاک سەدیق وتی تۆ برۆ . وتم نە سەدیق گیان من سەنگەرم گرتووە تۆ برۆ، بەڵام کە گەیشتیە سەر تەپکەکە چاوەروانی من بکە و سەدیقش رۆیشت. هەر کە سەدیق گەیشتە سەر تەپکەکە و دیتم کە لە پشت بەردێک سەنگەری گرت. من لە فیداکاری و قارەمانەتیی هاوڕێیانم ئەمین بووم و کاتێک دیتم کە کاک سەدیق سەنگەری گرت ، وەک ئەوە بۆ من وابوو کە هێزێکی گەورەی پێشمەرگە لە پشتمە و زۆر بێ ترس ئەوجا منیش رۆیشتم. باش بوو پاسدارەکان ئێمەیان نەدیت. کاتێک گەیشتمە سەر تەپکە سەدیق وتی کورە مەجید پاسدارەکان هەر چوار کەسن و وەرە با بیانکوژن. وتم هەستە با بڕۆینە لای سەلیم کە هێندێک لە سەرەوەی ئێمە بوو و بزانین کاک سەلیم دەڵێ چی؟ دیارە کاک سەلیم کە لە سەرەوی ئێمە بوو بە دەست ئیشارەتی دەدا کە زوو بچینە لای ئەو . سەدیق ئیسراری دەکرد تا لە پاسدارەکان بدەین. دیارە منیش پێموابوو کە فرسەتێکی باشە و ئەگەر زەربەیەکی گورج و بریان لێ وەشینین دەبێتە سەرکەوتنێکی باش بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، بەڵام لە هەمان کات پاسدارەکان لە ناو چادرەکان دا بوون ئەگەر ئێمە تەقەمان لێ کردبان خەڵکی سیڤل وەبەر دەکەوت و شەهید دەبوو و کوشتنی ٤ پاسدار هێندە ئەرزشی نەبوو کە ئێمە ئەم ریسکە بکەین و پاشان بەرپرسەکەمان رازی نەبوو. هەروەها قسەکانی کاک رۆستەم هاتە یادم کە وتی: خۆتان لە شەر و دەرگیری بە دوور بگرن. سەدیق سوور بوو لە سەر ئەوەی دەبێ لێیان بدەین و حازر نەبوو لە گەلم بێتە سەرێ لای کاک سەلیم. من نەمدەزانی چی بکەم . سەلیم وەرێ کەوتبوو و وردە وردە لە ئێمە دوور دەکەوتەوە. من نەمدەویست سەدیق بە تەنیا بەجێ بێڵم و نەمدەویست سەلیمیش بە تەنیا بروات. هەرچی کردم سەدیق لە گەڵم نەهات و هەر بۆیە هەستام و بە دوای سەلیم دا وەرێ کەوتم . سەد میترێک لە سەدیق دوور کەوتمەوە کە دیتم نەهات لە شوێنێک راوەستام و ویستم بگەڕێمەوە لای سەدیق . باش بوو سەدیق خوی هەستا و وەرێکەوت بە دوای ئێمە دا . نیزیکەی نیو سەعاتێک بەرەو هەوارگەی دۆلەترشین رۆیشتین و هێندێک رەوزە بەرد لە وێ بوون و چووینە ناو ڕەوەزە بەردەکان و دانیشتین. سەعات لای ۳ی ئێوارە بوو. زۆرمان برسی بوو . زۆر لە پاسدارەکان توورە بووین کە نەیانهێشت نانەکەمان بخۆین زۆری نەخایاند پاسدارەکان بە دوایی ئێمە دا هاتن. هەر ٤ کەس بوون و بێ خەیال بە جادەی ماشین دا دەهاتن . وا دیار بوو لە بوونی ئێمە لەو ناوچەیە بێ خەبەر بوون، بۆیە وا بێ ترس دەهاتن بۆ لای ئێمە. مەودای ئێمە و ئەوان هەر ٥٠٠ میترێک دەبوو. سەدیق زۆری هەول دا کە کاک سەلیم قانیع بکات تا لێیان بدەین ، بەڵام سەلیم بە هیچ شێوەیەک رازی نەبوو هەتا لە پاسدارەکان بدەین. سەدیق هەستا بە تەنیایی رۆیشتە سەر ڕێگایان و کەمینی داناوە ، بەڵام پاسدارەکان بەڕەو پشت گوندی کەچەڵە ڕێگایان گوری. ئێمە تا ئێوارێ و بە زکی برسی لە ناو ئەو بەردانە دا ماینەوە و پاشان ئیدامەی گەشتەکەمان دا بۆ بە ئەنجام گەیاندنی کار و چالاکیەکانمان. دیارە پاش ئەوەی گەراینەوە بنکە سابیتەکانمان کاک سەلیم لە حیزب دا دانیشت خۆی بە UN ناساند و هەر زستانی ئەو ساڵە بە دەستی رەشی تیروری کوماری بە ناو ئیسلامی ئێران لەگوندی کانی قرژاڵەی باشوری کوردستان تێرۆر کرا و تێکەل بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بوو.رووحی شەهید سەلیم شاد و بەختەوەری و سەرکەوتنیش بۆ فەرماندە کاک سەدیق دەرویشی.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی