"an independent online kurdish website

مەڵبەندی شیمال و هێزی ئاگری لە حاڵی کار و چالاکیی حیزبی لە ناوچەی تەرگەوەری ورمێ بوون. ئێمە پاش هەر جەولەیەکی سیاسی – نیزامی لە ناوچەکانی شیمالی کوردستان دەگەڕاینەوە بۆ کوێستانەکان


 کە هاوسنوور بوون دەگەڵ باکووری کوردستان (وڵاتی تورکیە). بەرپرسانی مەڵبەند هەموو کات و بەپێی ئیمکان سەعیان دەکرد چەند بنکەیەک دانێن بۆ ئەوەی پاش هەر جەولەیەکی سیاسی -نیزامی و دەرگیری و شەر و تێکەل چوون لە گەڵ هێزەکانی رێژیم بۆ حەسانەوە بگەرێینەوە ئەم بنکانە. دیارە زۆر جاران برینداری شەر و یا نەخۆش لەو بنکانە دا چارەسەرییان وەردەگرت و ئیستراحەتی خۆیان دەکرد تا چاک بوونەوەیان.

 مانگی ٦ی سالی ۱۳٦۹ بوو . ئێمە پاش چەند جەولەی سیاسی – نیزامی و چەند دەرگیری گەرابووینەوە بنکەی مەڵبەند کە لە شوێنێک ئەگەر بە هەڵە نەبم گەلیەک بە ناوی کونە مێش بوو. ئەو شوێنە لە نێوان سنووری دەستکردی ئێران و تورکیە هەڵکەوتبوو و شوێنکی شاخاوی بوو. دیارە ئەوێ سالێ قەرەقولی گوندی هەوارگەنم(پاسگای ئەرتەشی تورکيە) چۆڵ بوو و هەروا پایەگاکانی ئێرانیش نەهاتبوون و دەتوانم بڵێم ناوچەیەکی ئازاد بوو بۆ ئێمە و خەڵکی ئەم ناوچەیە.

ئاگادار کراین کە رێژیم خەريکی لێدانی رێگایەکە لە پشت گوندەکانی ئاوکێ و دێرێ و بۆ چاوەدێری و پاراستنی هێزەکانیان کە خەریکی لێدانی ڕێگاکە بوون ۲ مولگەی کاتییان داناوە. بەرپرسانی مەڵبەند و هێز بۆ پێشگیری کردن لە میلیتاریزە کردنی کوردستان لە لایەن رێژیمی کوماری ئیسلامی بریاریان دا کە زەبرێک لەو هێزەی رێژیم بوەشێنن. بۆ ئەم مەستە ڕۆژی ۱۳٦۹ـ٦ـ۱۱ پاش کوبوونەوەی فەرماندەکانی نیزامی لە گەل بەرپرسی مەڵبەند کاک تەیموور مستەفایی و فەرماندەی هێز کاک سەید رەسوول ئەحمەدی ،تیمێکی ٤٠ کەسی بە فەرماندەری بەڕێزان کاک سەعید گولێ فەرماندەی لکی ۱ و کاک سمایل بازیار فەرماندەی لکی ۲ وەرێکەوتین بۆ دەوروبەری ئەو شوێنە کە قەرار بۆ عەمەلیات بەڕێوە بچێ.

 ئەم شوێنە تەقریبەن ٤ سەعاتێک ڕێگا بوو . بەڵێ کە گەیشتنە شوێنی مەبەست، لە شوێنێک خۆمان حەشار دا و چاوەروانی کاتێکی گونجاومان کرد تا زەربەیەکی فەراموش نەکراو لە دوژمن بدەین. دیارە شەو گەیشتینە ئەم شوێنە و تا لای ۱۱ بەیانی ماینەوە چاوەروانی بریاری فەرماندەکانمان بوین. پاش ئەوەی تیمی شناسایی بۆ بە ئاگادار بوون لە سەر وەزعی هێزی دوژمن خویان لەو مۆلگانەی رێژیم نیزیک کردەوە زانیان کە رێژیم هەردوو موڵگەکەی چول کردووە و هیچ هێزێکی رێژیم لە وێ نەماوە. هاورێیانی تیمی شناسایی بە ناراحەتییەوە گەرانەوە لای ئێمە و کە زانیمان تازە مانەوەمان لەو شوێنە بێ فایدەیە ، دابەزینە گەلیەکەی خوارەوە تا وڵات تاریک بوو لەوێ ماینەوە و کە شەو داهات بەرەو بنکەی مەڵبەند وەرێکەوتین.

لای سەعاتی ۱٠ شەو گەیشتینە گوندی هەوار گەنم و بە سەر مالەکاندا دابەش بوین. دیارە گوندی هەوارگەنم گوندێکی باکوری کوردستانە. خەلکی ئەم گوندە خەڵکێکی بە راستی نیشتمان پەروەر و حیزب دوست و بە ئەمەگن.خەلکی ئەم گوندە خزمەتێکی زۆری بە شورشی کوردی ، بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کردووە و شایانی هەموو ڕێز و پاداشتێکن. من لێرەوە گەرمترین ڕێز و سلاو بۆ هەموو خەلکی گوندی وارگەنم و باقی گوندەکانی ئەم دەوەرە دەنێرم و هەتا مردن مەدیونی ئەوانم.

 بەڵی پاش ئەوەی نانی شەومان خوارد لە سەر بریاری فەرماندەکانمان لە گوندی هەوارگەنم دا ماینەوە و خەوتین. سەعاتی شەشی بەیانی کاک دێوانە عەبدولاهی وەخەبەری هێناین وتی دوژمن هێرشی هێناوە و سەری چیای قەرەغانی گرتووە. دەست بە جێ خۆمان حازر کرد و لە تەنیشت گوند کۆبووینەوە تا بزانین چی بکەین. کاک سەعید بانگی منی کرد و وتی: مەجید برۆ ئەسپێک پەیدا بکە و برۆ بۆ بنکەی مەڵبەند و کاک تەیموور و کاک سەید رەسوول کە ئەو کات فەرماندەی هێزی ئاگری بوو ئاگادار بکەوە لە هاتنی هێزی رێژیم. من گەرامەوە ناو گوند و هەرچی گەرام ئەسپێکم وەگیر نەکەوت و ناچار ئێسترێکم لە ماڵێک وەرگرت و وەرێکەوتم. هەرچی کردم ئێسترەکە توند نەدەچوو و زۆر لە سەرەخو دەڕۆیشت. دیار بوو ئێسترەکە پەلەی نەبوو. خولاسە کە لە بنکەی مەڵبەند نیزیک بوومەوە لە لای رۆژهەلاتی بنکەکە شاخێک هەبوو کە مەعموولەن دیدەبانەکانمان دەچوونە ئەوێ، دیتم کە هێزێکی زۆری لێیە کە بە تەواویی زال بوو بە سەر بنکەی مەڵبەند دا. ئەو شاخە لە ناو خاکی کوردستانی باکوور دا هەڵکەوتبوو و باوەرم نەدەکرد کە پاسداری ئێرانی بن . بۆم بووە پرسیار و لای خۆم گوتم باشە خو پێشمەرگەش ئەو هێندە هێزەی نییە ، باشە دەبێ ئەوانە کێ بن؟ لە دڵی خۆم دا وتم حەتمەن خەڵکی گوندەکانی باکووری کوردستان و دانیشتووانی حیزب وەک کاک عوسمان عەدۆ، خالید شۆقی( رووحی شاد) و ئەحمەد بەندەیی ……… بە هاواری حیزبەوە هاتوون. ئەگەر چی زۆر لە پاسدارەکانەوە نیزیک بووم بەڵام باش بوو کە تەقەیان لێ نەکردم

 کە گەیشتمە بنکەی مەڵبەند ۲ نیگەبانیان هەبوو و ئەوانی دیکە هەموویان لە خەوێکی خۆشی بەیانی دا بوون و غافڵ لەوەی کە لە لایەن سەدان بەکرێگراوی کوماری ئیسلامی ئێرانەوە دۆرپێچ کراون. هەردوو نیگەبانەکە خەریکی لێنانی چایی بەیانی بوون. کە گەیشتمە لای نیگەبانی یەکەم و لێم پرسی کە ئایا دیدەبانیان چووە بۆ سەر شاخی یان نە، زۆر لە سەرەوخۆ وڵامی دامەوە : نە هیچ کەس نەچووە و پاشان گوتی : ما دیدەبان لە خۆرا بوچی بێچێ بۆ سەر ئەو شاخە ؟ وتم کاکە گیان زووکە پێشمەرگەکان وەخەبەر بێنە، ڕێژیم هێرشی هێناوە و هەموو ئەم شاخانەی گرتووە . دیارە لەو کاتە دا کاک عەزیز مرادپەرەست کە لە بن کولیەک دا خەوتبوو سەری دەرهێنا و پرسی ئەوە چی بووە مەجید؟ وتم زوو هەستە دوژمن هێرشی هێناوە .

خۆم وەڕێکەوتم بۆ لای نیگەبانی دووەم کە خەریکی دەمکردنی چایی بەیانی بوو. وتم کاکە دوژمن هێرشی کردووە ، ئەم ئاگرە بکوژێنەوە و برۆ زوو کاک سەید رەسول وەخەبەر بێنە و یەکسەر چوومە چادرەکەی مەڵبەند تا کاک تەیمور وەخەبەر بێنم. کە چوومە ناو چادر دیتم کاک تەیموور لە ناو کیسەخەوەکەی دا لە خەوێکی شیرینی بەیانی دایە. هەر کە بانگم کرد کاک تەیموور ، ماشەلا کاک تەیموور بەو قەد و وەزنەوە یەک سەر هەستاوە سەر پێ و وتی: چی بووە مەجید گیان، خۆ پێشمەرگەکان هەموو ساخ و سڵامەتن؟ وا دیار بوو کاک تەمموور پێی وا بوو کە ئێمە چوو بووین بۆ عەمەلیات تووشی رووداوەکی نەخۆش بووین. وتم شوکر هەموومان سڵامەتین و هیچ عەمەڵیاتێکمان نەکردووە ، چونکە دوژمن هەردوو پایگاکەی چۆل کردبوون، بەڵام دوژمن هێرشی هێناوە و ئەم شاخانەی بە سەدان پاسدار تەنیوە. کاک تەیمور گوتی کام شاخ؟ وتم چیای قەرەغان و کونەکۆتر و گەرووی کەمال و هەموو ئەم بەرزایانە کە زاڵن بە سەر مقەری ئێمە دا. کاک تەیموور وتی برۆ و زوو کاک سەید رەسول ئاگادار بکە. لە خیوەتەکە وەدەر کەوتم و دیتم کە کاکی نيگەبان هەروەها خەریکی چا لێنانە! وتم کاکە ئەوە بۆ ئاگرەکەت نەکوژاندوتەوە، سەید رەسول و ئەوانی ترت وە خەبەر هێناون یا نە ؟ وتی کورە دەوەرە چایەک بخۆوە ، دەزانم زۆر ماندوویی. وتم کاکە گیان پاسدارەکان هەموو شوێنکیان گرتووە و چایی چی حاڵی چی؟ کاکی برا گوتی هەی ماڵت نەشێوێ ٤ پاسدار هاتوونەتە زیارەتی بەیبۆنێ ، ئەتۆ لێرە خوت تۆقاند. دروست لەو کاتە دا بوو دیتم کە ٤ پاسدار لە سەر ئەو شاخەی کە تەواو زاڵ بوون بە سەر مقەری ئێمە دا هەستانەوە سەر پێ و منیش بە ئیشارەت پاسدارەکانم پێ نیشان دا وتم پەلە بکە و برۆ زوو سەید رەسووڵی وەخەبەر بێنە تا وەدرەنگ نەکەوتوین.

 دیارە زیارەتی بەیبۆنێ لە سەر شاخی میربهال هەڵکەوتووە و تەقریبەن چوار سەعاتێک لێمان دوور بوو. پێشمەرگەکانمان وەخەبەر هێنان و زۆر سەریع دابەش بووین بە سەر ٤ تیم و دەستەی یەک و دوو بەرەو لای سەنگەرەکانی دوژمن هەڵکێشاین و دەستەی سێ و چواریش چادرەکانیان کۆ کردەوە و پاشان دەستەیەک لە گەل کاک تەیموور کەوت و دەستەیەکیش لە گەل کاک سەید رەسوول. سەعات لای هەفت و نیوی بەیانی بوو و وڵات تەواو رووناک ببووە و رۆژیش وەدەرکەوتبوو. کاک سەعید و هاورێیانی دیکەش گەیشتنە نیزیکی بنکەی مەڵبەند. کاک فەتولا خووبایی و پێشمەرگەيەکی دیکە کە لە پێشەوە دەهاتن لە لایەن پاسدارەکانەوە تەقەیان لێ کرا و بۆ پاشەوە گەرانەوە. دیارە تەقەیان لە شوێنی بنکەی مەڵبەندیش کرد. تەقەکە کورت بوو . کاک سەعید گولێ و کاک سمایل بازیار و پێشمەرگەکانی دیکە کە نەیان توانی بگەنە لامان ، ئەوانیش بەرەو لای پاسدارەکان هەڵکێشان. دەستەی ئێمە کە هەشت کەس بووین لە بەر ئەوەی زۆربەیان خویان تەحویل دایتەوە و نامهەوێ ناویان بێهێنم ،یا لە راستی دا ناوی هێندێک کەس لەو پێشمەرگانە لە بیرم نەماون کە بەشداریی ئەم شەرە بوون، لە لای باشورەوە بۆیان وەسەرکەوتین. سەرهەورازێکی توند و نەخۆشمان لە پێش بوو. دەستەی دووهەم بە سەرپەرەستیی فەرماندە پەلی ئازا و نەترس کاک محەممەد رۆزانە و هاوڕێیەتیی چەند پێشمەرگەی قارەمان و لە خوبردوو هاوڕێیان: عەزیز مرادپەرەست ، مەلا عەبدلا عەبدی ،عیسا ئێراندوست، سەعید گولنام( رووحی شاد) کەریم بێتاری ……. لە لای رۆژهەلاتەوە لە دوژمن وەسەرکەوتن. دەستەی سێهەم کە ٤٠ کەسێک دەبوون و ئەوانیش بە سەر سێ دەستە دا تەقسیم ببوون و دوو دەستەی هەڵمەت و دەستەیەکی پێشتیوان ، لە لای باکوورەوە خۆیان لە دوژمن نیزیک کردەوە.

بەڵێ ئێستا دوو هێزی بە تەواوەتی دژ بەیەک کە یەکیان هێزێکی زۆر و بۆر کە بە سەدان کەس مەزەندە دەکرا و هێزێکی داگیرکەر کە نوینەراتی رەشەکوژی و تیرۆر و تۆقاندنی دەکرد لە لایەک و هێزەکەی دیکەش کە لە دەستەیەکی دەیان کەسی لە کچان و کورانی فیداکار و چاو نەترسی دێموکرات کە نوێنەرایەتیی خواستە بەرحەقەکانی گەلی کوردیان دەکرد سەنگەریان لە یەکتر گرتبوو و خۆیان بۆ شەرێکی سەخت و یەکلایی کەرەوە لەو ڕۆژە دا ئامادە دەکرد. ئێمە لە شەر کردن نەدەترساین ، بەڵام لە راستی دا زۆریش خراب دەور درابووین، بە جورێک کە چکۆلەترین هەڵە یا کەمتەرخەمیی ئێمە دەکرا کارەسات بۆ ئێمە بخۆڵقێنێ. دیارە بۆ تیمی ئێمە شوێنێکی زۆر ئاستەم و حاسێیان دیاری کردبوو. ئێمە دەبوایە هێرشمان کردبا سەر گردێک کە رەوەزە بەردێک بوو و لە خوارەوەی چیای کونەکۆتر هەڵکەوتبوو و هێزێکی دۆژمن لێ جیگیر کرابوو و سێ چەکی بیکیسیان لێ دانا بوو . ئێمە تا ئەو جێگایەی کە دەکرا و ئیمکانی هەبوو لێیان نیزیک ببووینەوە و ئیدی نە دەکرا چی دی برۆینە پێشەوە.

 کاک سەعید لە گەل فەرماندەکەی ئێمە لە تەماس دا بوو و داوای لێ دەکرد کە کات کەمە و دەبێ دەست بە هێرش بکەین و ئەم شاخەیان لێ بێستینینەوە. فەرماندەکەی ئێمە کە کەسێکی زۆر ئازا و بە جەرگ بوو سەعی دەکرد کە کاک سەعید ی تێ بگەینیت کە هێرش بردن بۆ سەر ئەم شوێنە زۆر سەختە و تەلەفاتی زۆرمان دەبێ. وا دیار بوو کە کاک سەعید سوور بوو لە سەر ئەوەی کە دەبێ ئێمە ئەم شوێنە بگرین، چونکی بە کونترۆڵکردنی ئەو شوێنە ئیرتباتی ئەم هێزەی رێژیم کە دەوری مقەری ئێمەیان دابوو و بە سەدان کەس مەزەندە دەکرا، لە گەل هێزی پيشتیوانی رێژیم کە لە شاخەکانی کونەکۆتر، قەرەغان و بەردەکەشک و گەرۆی کەمال جیگیر کرا بوو بە تەواوەتی قەت دەبوو و کاک سەعیدیش ئەوەی دەزانی کە بە گرتنی ئەو شوێنە ئەم هێزەی خوارەوەی رێژیم بە تەواوەتی گەماڕۆ و تەفرۆتونا دەکرێ.

خولاسە فەرماندەی ئێمە تێگەیشت کە دەبێ هەر چونێک بێ هێرش بکەینە سەر ئەو شوێنە ، هەر بویەش بە چاوی پر لە فێرمێسک هاتە لامان و گوتی هاورێیان بە داخەوەم و وا دیارە شورش خوێنی دەوێ و مەئمووریەتی ئەمرۆی ئێمە زۆر سەختە و بۆ پاراستنی گیانی هاوڕێیانی دیکەمانە و دەبێ ئەمرۆ گیانی خومان بخەینە مەترسی یەوە. وتم ئامادەم نە جارێک بەلکوو سەد جار لە پێناو هاورێیانم دا بمرم و پاشان هەر بە شۆخی وەک کاک ئەحمەد شێربەگی ، وتم زۆر بە داخەوە رۆژی ۱۳٦۹ـ٦ـ۱۳ لە شەرێکی قورس و دەستەو یەخە دا لە گەل هێزەکانی رێژیمی خوێنمژی کوماری ئیسلامیی ئێران دا کرا هاوڕێ مەجید خەلیفەزادە(مەجیدە سوور) شەهید بوو. دیارە سێ کەسی دیکەش ئامادەی خویان بۆ هەڵمەت بردن دەربڕی و ساخ بووینەوە کە چوار کەس وەک تیمی پشتوان بە توندی ئەم هێزەی دوژمن ئاگر باران بکەن و ئێمەش لە ژێر پێشتوانی ئەم هاورێیانەمان دا هەڵمەت بەرین . وا دیار بوو کە هێزەکانی دوژمن خۆیان بۆ سەرکەوتنێکی گەورە ئامادە کردبوو و بە خەیالی خاوی خۆیان نەتیجەی شەرەکە لە لای خۆیان وێنا کردبوو و نەتیجەکەی شەریش هەر وەک ئەم فیلمە خەیالییانەی کە لە سەر شەری کوردستان چاکیان دەکرد وایان دانا بوو کە هەموو هێزەکەمان لە ناو بەرن و ئەوەی کە کوژرا ئەوە کوژرا و ئەوانی دیکەش بە دیل بگرن و لە گەل خۆیان ببەن.

 هێزەکانی رێژیم لە سەر بەرزاییەکان دەستیان کرد بە هەڵپەرکێ و هەڵا هەروا و هوریا و بانگی ئێمەیان دەکرد کە خۆتان بگرن ئەمڕۆ رۆژی پیاوەتی و خیرەتە! غافڵ لەوەی کە هەر لە چەند میتریی ئەوان دا بە دەیان هەڵۆی تیزبالی مەڵبەندی شیمال و هێزی ئاگری، ئامادەی تۆمار کردنی داستانێکی گەورەن لە ناو دڵی مێژوو دا.

پێشمەرگەکان لە هەر سێ شەرگەوە بە تەواوەتی ئامادەی هێرش بۆ سەر سەنگەرەکانی دوژمن بوون و چاوەروانی دەستور لە فەرماندەری عەمەلیات ، فەرماندەی ئازا و بەوەجی حیزبی دێموکرات کاک سەعید گولێ بووین. کاک سەعید لە سەر بێسم وتی هاورێیان ئێمە بۆ زەربە لێدان لە رێژیم کون بە کون دەگەراین تا زەربە لە ڕێژیم بدەین، ئێستا بۆخویان هاتوون و لێرەن. ئێستا کات کاتی ئەوەیە کە دەرسێکی فەراموش نەکراو پێ بدەین بەو هێزەی دوژمن و پێیان بڵێن کە ئێوە لە گەل شێرە کورانی هێزی ئاگری بەرەورۆن. دەی ئەی شێرە کورانی دێموکرات، دڕێژەدەرانی رێگای شەهیدان، دەست بکەن بە لێدانی ڕێژیم و هەڵمەت بەرن و تۆڵەی شەهیدانی ئەمسالمان، شەهیدان فەیسەل ئوستادی و فاخر رەحمانی و جەلال نەبی زادە لەو چلکاو خورانە بستیننەوە. بەڵێ دروست لەو کاتە دا کە کاک سەعید قسەی دەکرد هێزێکی رێژیم توانیبوو خوی لە کاک سەعید نیزیک بکاتەوە و زۆر بە توندی دایانە بەر دەسرێژی گوللە و هێرشیان کردە سەر کاک سەعید. بە خوشیەوە کاک سەعید وەبەر نەکەوت و بێ ئەوەی لە خۆ بێشوێنێ دەستوری ئاگر بارانی بۆ سەر هێزە داگیرکەرەکەی دوژمن دا و بە قرمەی یەکەم موشەکی ئارپیچی پێشمەرگەی ئازا و نەترس کاک سەعید گولنام(رۆحی شاد) شێریقەی بیکیسیەکەی دەستی عیسا ئێراندوستی تێکوشەر شەرێکی قورس و دەستە و یەخە دەست پێ کرد. پاشان بە دووەمین موشەکی ئارپیچی کە لایەن فەرماندە محەممەد روزانە ئەو سەنگەرەی کە پاسدارەکان بە گەیشتنیان بۆ سەر ئەو شاخە بە قەولی خویان بۆ خو قایم کردن چاکیان کردبوو بە سەری یاندا رۆخاندی. کورە ئازا و جەسورەکانی شیمالی کوردستان لە هەموو لایەکە لە پاسدارەکان هاتنە دەست و پێ یان نیشان دا کە لەو ناو ئەو مەلبەندە چەندین فەرماندەی ئازا و نەترس وەک بەهرام ئازادفەرد ( رۆحی شاد) ناسر فەرنیا ( رۆحی شاد) مەلا جاسم ئیسمائیلی ( رۆحی شاد) حوسین ستوەت ( رۆحی شاد) محەمەد سالح (دربۆ) (رۆحی شاد) ئەبوبەکر ئیبراهیمی، نسرەت ئەحمەدی، محەمەد حەقدار، لاوە نەبی زادە، دێوانە عەبدولاهی و سادق موسایی ……. هەر وەها دەیان پێشمەرگەی ئازا و نەترس وەک مستەفا حەسەنپور، شێرکو پوردل، محەممەد تاهیر ئەمینی، ئەیوب جەهانگیری، سەعید گولنام، مەلا قاسم کەلەشی، مەلا عەودلا عەبدی، سولحەدین میرزایی، عەزیز مرادپەرەست، کەریم بێتاری، عیسا ئێراندۆست، خوشکە خەدیجە ئەشرەفی و خوشکە ئەمینە حەقیپوور، کەشفەدین راد( رۆحی شاد)، شەمسەدین ( رۆحی شاد) فەرهاد پیسپایی، شەریف عوسمانی …… کە ناویان لە بیرم نەماون. بەلێ ئاگری چەکی پێشمەرگە  هێندە قورس بوو کە هێزەکانی دوژمن ۲٠ دەقیقەک خویان پێ رانەگیرا و تووشی شکەستێکی گران بوون. ئێمە ئەو چوار کەسەی کە قەرار بوو هێرش ببەینە سەر ئەم هێزەی رێژیم کە لە سەر شاخەکەی خوارەوەی شاخی کونەکوتر هەلکەوتبوو، پێش ئەوەی کە تەقە دەست پێ بکا دەستمان کردبوو بە پێشرەوی و ۱٠ میترێک چوبوینە پێش.

 هەر کە شەر دەستی پێ کرد کاک سەعید پێ راگەیاندین کە پێویست ناکات هێرش ببەنە سەر ئەو شاخە و لە جیاتی ئەوە برۆنە سەر گەروی خوارەوەی شاخەکە و ئیرتباتی ئەو ۲ هێژەی ڕێژیم لە یەکتر قەت بکەن. باوەر بکەن خەبەرێکی زۆر خوش بوو بۆ ئێمە و هەر زۆ خومان گەیاندە سەر گەرویەکە و بە گەیشتنمان بۆ ئەوێ، پێوەندی ئەم دو هێزەی دوژمن بە تەواوەتی لێک پچرا. دیارە دەستەی دووەمیش گەیشنە لامان. شێرە کورانی دەستەی سێ، پێشمەرگە ئازا و چاو نەترسەکانی رۆژە سەختەکان کورە بە جەرگەکانی هێزی بە هێزی ئاگری دوژمن بەزێن گەیشتنە سەر سەنگەرەکانی دوژمن و لە ماوەیەکی کورت دا توانییان چەندین پاسدار بکوژن و ئەم شاخە لە دوژمن پاک بکەنەوە. هێزە تێکشکاوەی ڕێژیم کە زیاتر لە ۱٠٠ کەسێک دەبوون بە نییەتی پاشەکشە کردن بۆ سەر شاخی کونەکوتر دەستیان کرد بە پاشەکشە کردن، غافل لەوەی کە ئەم دەروازەی نەجاتەشیان بە چەندین پێشمەرگە گیراوە و ڕێگای نەجاتیان نەماوە. بەڵێ هەر کە لە هەمبەر گورزی تاقەت بڕی دەستەی سێ موقاومەتیان پێ نەکرا داشکان بۆ لای ئێمە، ئێمەش زۆر بە توندی لێمان دا و ئەوەی کوژرا ، کوژرا و ئەوانی دیکە دەم لە سەرپشت بەرەو گەلی بەردەکەژ هەلاتن، بە خەیالی ئەوەی بەڵکە ڕێگەیەکی نەجات بۆخویان پەیدا بکەن. بەڵام تازە زۆر درەنگ ببوو. مەسەلەیەکی کوردی هەیە کە دەڵێت، ئەگەر بزن عەجەلی هات دەچێ و نانی شوان دەخوا. لە خوارەوەی گەلی بەردەکەژ و لە نیزیک گوندی هەوارگەنم مالی کاک ئەحمەد بەندەیی لێ بوو . کاک ئەحمەد بەندەیی پێشتر وا بزانم فەرماندەی هێزی حیزب بوو و فەرماندەیەکی ئازا و بە ناوبانگ بوو. کاک ئەحمەد چەند سالێک بوو لە ناو حیزب دانیشتبوو و خەریکی کار و کاسبی شەخسی خوی بوو . کاک ئەحمەد چەند چەکدارێکی لە گەل بوون کە زۆربەیان پێشمەرگەی پێشوی حیزب بوون. بۆ نمونە کاک سالح فەرشادی، کاک ئەحمەد و چەکدارەکانی هەر خویان بە حیزبی دەزانی و خزمەتەکی زۆریان بۆ حیزب دەکرد. کاک ئەحمەد دۆشکەیەکی لە حیزب وەرگرتبوو و لە تەنیشت مالەکەی دامەزراندبوو بۆ پاراستنی خوی و بنەمالەکەی. هەر کە پاسدارەکان داشکان بۆ پشت مالی ئەحمەد، ئەوانیش لە هێزی دوژمن هاتنە دەست و مەجالیان نەدا تا بەرەو سەر شاخی قەرەغان هەڵکێشێن و هەروها بە دۆشکە تەقەیان لەو هێزەی ڕێژیم دەکرد کە لە سەر شاخی قەرەغان جیگیر ببوون و بەشێک لەو هێزە بە مەبەستی فریاکەوتنی هێزە تێکشاوەکەی خویان بەرەو گەلی بەردەکەژ جولەیان پێ کردبوو. دیارە فەرماندەری چاو نەترس و ئازا  کاک سەید رەسول خوی تیمەکەی هەر زو  خۆیان گەیاندە لای ئەحمەد بەندەیی و توانیان ئەم جەبهەیەش قایم بکەن. کاتێک هێزەکانی دوژمن خویان پێ رانەگیراو و ناچار کران بۆ گەلی بەردەکەژ پاشەکشە بکەن، ئێمەش وەدواییان کەوتین. چەکدارەکانی ڕێژیم هەر کوژبێن و پەناگایەک کە شێکیان دەبرد بۆ خوپاراستن بە کاریان دەبرد، بە جورێک کە کونە مشکیان لێ ببووە بە قەیسەری. باوەر بکەن کە لەو کات و ساتە دا داوای خودمختاری کە هیچ ئەگەر داوای سەربەخۆیشمان لێیان کردبا دەست بەجێ قەبولیان دەکرد .

دوژمن بە خەیالی تەفر و تونا کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە قەولی خویان بە بەرنامە و تەرحەکی پوختە هاتبوونە ئەو شاخانە و لە سەرکەوتنی خویان بە سەر هێزی پێشمەرگە دا موتمەئێن بوون بەڵام ئەم دەرسەیان پێدرا.

من پاش دو سال دەرباز بوون بە سەر ئەم شەرە دا چاوم کەوت بە یەکێک لەم سەربازانە کە بەشداری کردبوو لەو شەرە دا. ناوبراو وتی فەرماندەی عەمەلیاتی ئەم شەرە ئەفسەرەکی پاسدار و بە قەولی خویان زۆر تەراح و مودیر و زیرەک بووە. ناوبراو لە زۆر شەری دژی عێراق و دژی هێزە کوردیەکان سەرکەوتنی بە دەست هێنا بوو. ئیتلاعاتی شاری ورمێ ناوبرا بانگهێشتی شاری ورمێ دەکەن و پێی دەڵێن کە هێزێکی دژبەری رێژیم لەو ناوچەی ئێمە هەیە کە ناوی هێزی ئاگری یە. زۆر زیرەک و چالاکن. هێزەکانی ئێمە زۆر زەربەی قورسیان لە سەر دەستی ئەو هێزە دژبەرە خواردووە. هێزە زەربەتیەکانمان جورعەتی رۆبەروبوونەوەیان لە گەل ئەم هێزە دا نییە و ناوێرن خو لە قەرەی ئەو هێزە بدەن و ئەگەریش لە گەلی دەرگیر دەبن ئێمە هێزەکانمان بە زیندویی بۆ مەیدانی شەر بەڕێن دەکەین و بە مردوییش وەریان دەگرینەوە. بەڵی ئەم فەرماندەیە دەلێ شتی وا نابێ و ئێمە سوپای ئیسلامین و سەرکەوتنیش هەر بۆ سوپای ئیسلامە. ئەجەل کابرای رادەکێشێ و دەڵێ چەند کەسێکم دەوێ کە شارەزای ناوچەن. ناوبرا خوی و چەند فەرماندە و چەند شارەزای ناوچە، بۆ ماوەی یەک حەفتە دێنە شاخەکانی میربەهال و قەرەغان و کونەکۆتر و تەواوی ئەم ناوچانە و مقەراتی حیزب و رێگای هات و چوی پێشمەرگە بە وردی شناسایی دەکەن و پاشان دەگەڕێنەوە شاری ورمێ و داوای سێ هزار هێزی سەربازی دەکا و قەول بە بەرپرسەکانی ڕێژیم دەدا کە زەربەیەکی ئەوا لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوەشێنێ کە ببێ بە دەرسێکی عیبرەت بۆ هەموو دوژمنانی کوماری ئیسلامی ئێران. بەرپرسەکانی ڕێژیم بەو قسەی ناوبرا زۆر خوشحال دەبن و دەست بە جێ دەکەونە تەدارۆکات کردن بۆ ئەم شەرە و هێز کودەکەنەوە و دەست بە جوڵەی هێزەکانیان بۆ بە قەولی خویان تەفر و توونا کردنی هێزی پێشمەرگە دەکەن. ئەم سەربازە لە دڕێژەی قسەکانی دا گوتی ئێمە نیزیکەی ٤٠٠ کەس دەبوین کە لە ژیر فەرماندەیی ئەم ئەفسەرە وەک هێزی هەڵمەت دیاری کرابووین . ئەم فەرماندەیە پێش شەر، کوبونەی بۆ کردین و وتی: ئەم دێموکراتانە لە دەستپێکی شەر دا زۆر ئازایانە دەست دەوەشێنن و سەعی دەکەن کە تەرەفەکەیان بە سەختی تێکبشکێنن و سەرکەوتن بۆخویان مسوگەر بکەن، بەڵام ئەگەر ئێمە بەربەرەکانی بکەین و چەند کەسێکیان لێ بکوژین یا بریندار بکەین، ئەوان نایانهەوێ لە شەر دا تەلەفاتی زۆر بدەن و دەست بە پاشەکشە دەکەن .

  هەر کات ئەوان شکەستیان خوارد و هەڵاتن ئێمەش نابێ مەجالی هەڵاتنیان بدەینێ و دەبێ هەموویان بکوژین. دیارە هەروەها گوتی هەر کەس سەنگەر چول بکات و رابکات من بۆخوم دەیکوژم. ئەو سەربازە لە دڕێژە دا وتی: کاتێک شەر دەستی پێ کرد و پێشمەرگەکان گەیشتنە سەر سەنگەرەکانمان و بۆ بە شەرێکی سەخت و دەستەو یەخه و چەند کەسمان لێ کوژران. فەرماندەکەمان هەر هاواری دەکرد و دەی گوت مەترسن و مقاومەت بکەن. هەر بویەش هیچ کەس جورعەتی ئەوەی نەبوو رابکات، بەڵام کاتێک فەرماندەکەمان زانی کە بەربەرەکانی کردن لە گەل پێشمەرگە بە واتای مردنە، بە دەنگێکی بەرز گوتی ئەوانە دێموکرات نینە و من نازانم ئەوانە کێن و هەر کەس رۆحی خوی نەجات بدا و خوی دەستی بە راکردن کرد.

بەڵی ئەگەر چی بە تەواوی محاسرە کرابوین ، بەڵام شێرە کورانی دێموکرات لە هەڵمەتەکی برۆسک ئاسا دا توانیا ئەم محاسرەیە تێکبشکێنن. ئێستا هێزە چڵکاو خورەکانی دوژمن بوون کە بە تەواوەتی لە لایەن قوتابیەکانی شەهیدان سەروان حاتەم و ئیبراهیم شێخالی یەوە محاسرە کرابوون . پێویست بوو کە ئەو هێزەی دوژمن بە سەختی تەنبی بکرێ، چونکە ئەوان هاتبوون تا زەماوەندی سەرکەوتن لە سەر تەرمەکانی ئێمە بگێرن و فەرماندەکانیان دەرەجەیان بەرز بکرێنەوە. پێشمەرگەکان کەوتنە دواوی پاسدارەکان و بەرەو دولی بەردەکەژ دابەزین . دیارە لەو کاتە دا کە بە دواوی پاسدارەکان کەوتبوین ، لە نکاو کەرۆشکێک هەستا و رای کرد و هەموو پێشمەرگەکان تەقەیان لێ کرد دیسان وەبەر نەکەوت و کەمێک مابوو کە من و عەزیز مرادپەرەست و پێشمەرگەیەکی دیکەش بە دەستی هاوڕێیانی خومان بکوژرێن. لەو هێزەی دوژمن تەک و توکیان توانیان خویان ڕزگار بکەن، ئەوانەی دیکە هەر هەموویان کوژران. تەرمی دەیان چەکداری رێژیم لە بەر دەستی پێشمەرگەکان دا بوون. زیاتر لە ٤٠ تەرم بۆ پێشمەرگەکان شناسایی کران. لە ناو تەرمەکان دا تەرمی فەرماندە بالایەکەیان دەبینرا. ئەو فەرماندەیە کە هێزەکانی رێژیم بە پەهلەوانی شەرەکان ناویان دەبرد. بەڵام ئێستا تەرمی خوی و دەیان کەس لە هێزە تایبەتیەکەی لە لەبەر دەستی پێشمەرگە دا بوون. دیار بوو ناوبرا زۆر بە پەلە بوو تا برۆتە خزمەتی ئیمامەکەیان خومەینی کە لە ناو جەهنەم دا چاوەروانی بوو. پێشمەرگەکان پاش پاک کردنەوەی دۆلی بەردەکەژ، دەستیان کرد بە پێشرەوی بۆ سەر شاخی قەرەغان. تیمەکەی ئێمە لە پێشەوە بوو. زۆرمان نەمابوو بگەینە سەر شاخی قەرەغان، بەڵام کاک تەیمور دەستوری پاشەکشە کردنی دا. زۆرمان حەول دا کە دەست لە پێشرەوی هەڵنەگرین و تا شاخی قەرەغانیش لە دۆژمن پاک بکەینەوە ، بەڵام کاک تەیمور وتی سەرکەوتنێکی باشمان بەبێ ئەوەی تەلەفات بدەین بە دەستمان هێناوە و ئەگەر لە ئەنجامی پێشرەوی دا حەتا ئەگەر یەک پێشمەرگەش شەهید بێ تازە ئەم سەرکەوتنە هیچ ئەرزشێکی نییە و هەر بۆیە دەستبەجێ پاشەکشە بکەن. دەستەیەکی دیکە لە پێشمەرگە گیان لە سەر دەستەکان بە مەبەستی پاک کردنەوەی چیای کونەکۆتر لە داگیر کەران دەستیان کرد بە پێشرەوی بۆ سەر ئەو شاخە کە لە دەستپێکی شەر دا قەرار بۆ تيمی ئێمە هێرش بکاتە سەری. لە پێش دا دۆژمن ویستی لە بەرانبەر هێزی پێشمەرگە بەرگیری لە خو نیشان بدا، بەڵام کوا ئەو هێزە داماو و تێکشکاوەی دۆژمن تاقەتی بەرگیرییان هەبوو لە بەرانبەر پولێک لە هەڵۆ تیژبالەکانی هێزی بە هێزی ئاگری. هەر زۆ ئەو هێزەی دوژمنیش پاش بە کوشت دانی چەند چەکداری دیکەی خویان ناچار کران نە تەنیا ئەم شاخە بەلکو شاخی کونەکۆتر و گەوری کەمالیش چۆل بکەن و بەو شێوەیە لە ئەو شەرە کە تێدا بە دەیان چەکداری ڕێژیم کوژران کە ژمارەیان نیزیکەی ۸٠ کەس دەبوون و تەرمەکانیان چەندین رۆژ لە مەیدانی شەرەکە دا مابوون و ڕێژیم جورعەتی ئەوەی نەبوو بێت و تەرمەکانی کوژراوەکانیان بباتەوە و خەڵکی ناوچەیان بە زۆر نارد بۆ بردنەوەی کوژراەکانیان. دەیان چەک و بە هەزاران فیشەک و ٤ دەزگا بێسیمی پی ئار سی بە دەستکەوت گیران و بە خوشیەوە هەموو پێشمەرگەکان ساخ و سلامەت بوون.

 پێویستە بگوترێ کە لەو رۆژە دا بە دەیان کەس لە خەلکی گوندەکانی باکوری کوردستان کە لە دەوروبەری شوێنی شەر بوون بە مەبەستی پێشتیوانی کردنی لە برا پێشمەرگەکانیان خویان گەیاندە لای ئێمە و ئامادە بوون واردی شەر بن لە دژی پاسدارەکان، بەڵام کاک تەیمور وێرای ئەوەی بە گەرمی پێشوازی لەو هەلوێستە نیشتیمانی و شورشگێرانەی ئەم خەلکە، پێی راگەیاندن کە پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە و تەنیا هەوکاریە مالییەکانیان لێ قەبوول کردن کە چەندین بار لە نان و ئازۆقە و چەندین کاور بوون. بەڵێ بە هوی سیاسەتە هەڵەو شەرخوازانەی سەرانی کوماری ئیسلامی لەو رۆژە دا بە دەیان کەس لە کوری خەڵک بە کوشت چوون کە جیگای داخ بوو. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران قەت شەری پێ خۆش نەبووە و بە کوشتنی ئێنسانەکان خۆشحال نەبووە و باوەری بە چارەسەری کێشەی کورد لە رێگای گوفت و گو و دیالوک هەبووە و هەیە و هيواخوازە کە داگیرکەرانی کوردستان دەرکی ئەم واقعیەتە بکەن و کێشەی کورد بە بێ خوێن ڕێشتن حەل بکەن.

 لە ئاخر دا سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو کەسانە کە هاندەر و هاوکارم بوون بە تایبەت ماموستاکەم کاک کاوس عەزیزی.

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی