"an independent online kurdish website

خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، هەردەم تەوەریکی گرنگی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەسایەتییەکی وەک دوکتۆر قاسملوو بووە.


حیزبی دێموکرات، وەک حیزبێکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕ، هەر لە ساتە سەرەتاییەکانی دامەزراندنیدا گرنگیی بەو باسە داوە و لە سەردەمێکدا کە ژنانی کوردستان ئاستی خوێندەواری لە نێویاندا هیچ لەسەد بووە، هاوکار بووە بۆ دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی دێموکرات .

پاش قۆناغی یەکەم نەسڵی دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات و دواتر کۆماری کوردستان، حیزبی دێموکرات و رێبەرایەتیی ئەو حیزبە، بە تایبەت دوکتۆر قاسملوو، وێڕای خەباتی نەتەوەیی لە پێناو رزگاریی گەلەکەمان، هەوڵێکی بێوچانیان داوە کە کۆمەڵگەی کوردستان وردە وردە بگاتە ئاستێک کە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ببنێ و مافی سەرجەم چین و توێژەکان_ یەک لەوان توێژی ژنان_ سەرنج بداتێ و لە پێناو سەرکەوتنی زیاتری کۆمەڵگەدا خزمەتیان پێبکات.

لەم باسە کورتەدا و لە سۆنگەی بیری دوکتۆر قاسملووەوە دەمانەوێ بۆچوونەکانی ئەو رێبەرە لە سەر مافی ژنان و چۆنیەتی خزمەت و خەباتی ئەوان هەڵسەنگێنین. 

لە روانگەی دوکتۆر قاسملووەوە حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی سیاسی، بەرپرسە لە بەرانبەر کۆمەڵگای کوردیدا وە هەوڵی داوە داخوازی و ویستی کۆمەڵگا بەدی  بێنی تا بتوانێ کۆمەڵگای کوردی بەرەو کەناری ئازادی و یەکسانی خوازی و بەختەوەری و پێشکەوتن ببات. لە هەمان کاتدا ئەو حیزبە  باش ئەزانێ بۆ هەبوونی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دادپەروەر و بەختەوەر، تەنیا بە لابردنی ستەمی نەتەوەیی پێک نایه ت، به ڵکو ئەبێ لە هەمان کاتدا تاکی کوردیش هەمان ئازادی هەبێت و لە نێو کۆمەڵگاشدا دادپەروەری کۆمەڵایەتیش هەبێت.  بۆ بەدیهاتنی ئەو نرخە مرۆڤایەتییانەش، حیزبی دێموکرات، دابینکردنی یەکسانی بۆ لابردنی ستەمی ڕەگەزی  لە پێناو ئازادیی  ژن وەک نیوەی کۆمەڵگا ،هەروەها کەڵکوەرگرتن لە هێزو توانایان بە هاوشانیی پیاوان و بە بێ جیاوازی ،وەک پێویستییەکی حاشا هەڵنەگر دەبینێت. هەر بۆیەشە کە لەو بوارەدا خەبات ئەکات و هاوکار و پاڵپشتی ژنانی خەباتکاریشە. لە هەمان کاتدا کارکردن لەو بوارەدا لە چەندین ئاستدا بە پێویست دەزانێت و تەنیا قەبولکردن، یا دانانی یاسا بە لایەنی یەکلایکەرەوە یا کۆتایی ڕێگا نازانێت.

 شەهید دکتور قاسملووی نەمر لایەنەکانی ئەو سیاسەتە بەم  شێوەیە باس ئەکا:

سەبارەت بە مەسەلەی ژنان له تێكۆشانی حیزبی و سیاسیی ئێمەدا، دەبێ جێگایەكی تایبەت بدرێ به ژنان كه نیوەی دانیشتووانی وڵاتەكەمان پێك دێنن. وەك دەزانن حیزبی ئێمه مافی بەرابەریی تەواو لەگەڵ پیاوان بۆ ژنان دائەنێ. بەڵام دانانی ماف له گەڵ پیادەكردنی ئەو مافه له كۆمەڵدا، مەودایەكی زۆریان له بەیندا هەیه. دەبێ ئەو مەودایه بەره بەره له بەین بچێ. به بیروڕای حیزبی ئێمه، هەرچی ژنان له كاره كۆمەڵایەتی و سیاسییەكاندا  زیاتر بەشدار بن، كۆمەڵ پێشكەوتووتره و هەرچی له بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەیەكدا ژنان تێكۆشەرتر بن، بزووتنەوەكه پێشكەوتووتره و شانسی سەركەوتنی زیاتره.

ئەو هەروەها دەڵێ: راستیەکە ئەوەیە کە وڵاتی ئێمە وڵاتێکی پاشکەوتووە. بەڵام  ئەگەر پاشکەوتووتر بێ لای کۆمەڵی کوردەواریی ئێمە، لەڕاستی دا پاشکەوتوویی خوشکەکانمانە.هۆیەکەی ئەوە نییە کە خەتای  ژنان خۆیان بێ. بەداخەوە کۆمەڵی کوردەواری سەدان ساڵە سوننەتێکی ئەوتۆی هەیە کە  ژن نەیتوانیوە بەو شێوەیە کە پێویستە، لەکار و خەباتدا لە وڵاتەکەمان، بەشدار بێ.

دوکتۆر قاسملوو لە بۆنەیەکی هەشتی مارسدا کە باس لەسەر مافی ژنان دەکات، ئاماژە بەوە دەدات کە :ئەڵێن ژن نیوەی کومەڵە و ئەمەش گووتەیەکی زۆر دروستە. بەڵام ئەبێ دانی پێدا بنێین نەک هەر بە گووتە بیڵێین.،هەردەم گوتوومانە کۆمەڵگەکەمان پاشکەوتووە. لەو کەسانەی کەئیددعایان  هەیە کە ئەبێت ژن ئازادبێ_ بازۆر دوور نەڕۆم ،هەر لە هاوڕێیانی خۆشمان_ هەن کە جارێ بەتەواوی نەهاتووەتە سەر ئەو باوەڕە کە ژن دەبێ وەک پیاو لە ئەنجامدانی هەموو ئەرکەکانی خەباتدا  لە پێناو دۆزی گەلەکەماندا بەشداری بکات.

دوکتۆر قاسملوو پێیوابووە کە پاش گەیشتنی کورد بە مافەکانیشی، خەباتی کۆمەڵایەتی و توێژایەتیی ژنانی کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیان هەروا درێژەی ئەبێ و کۆتایی پێنایەتی. هەر بۆیە لە جێیەکدا دەڵێ:

ئێمە گوتوومانە ، بۆ خودموختاری ڕێگەمان زۆر زۆر درێژە. بەڵام خەبات بۆ مافی ژنان  پاش خودموختاریش ئەبێ هەر بەردەوامبێ.

لە چوارچێوەی ئەو چەند گوتەیەدا دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە دوکتۆر قاسملوو باوەڕی تەواوی بەوە هەبووە کە ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا، دەبێ لە بوارە ئابووری، سەربازی، رامیاری وکۆمەڵایەتییەکاندا بە تەواوی پارتنر یان هاوبەشی بێ ئەملاو ئەولای پیاو بێ و ئەم هاوبەشییەش پێویستە تەواو کرداری و یاسامەند بێ.

ئەو لە گووتەکانیدا هەموو لایەنەکانی پاشکەوتوویی و هەروەها شانسی پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگەی دیتووە و بە بوێری و زۆر ئاوەزمەندانە باوەڕی وابووە کە تەنانەت پاش گەیشتن بە مافە سیاسییەکان، کورد پێویستە لە بواری ژنان و گەیشتنی ئەوان بە مافەکانیان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، بێوچان و زانستی هەوڵ بدات. ئەمەشی بە گرنگترین رێگە زانیوە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد، پێشکەوتوو و دێموکراتیک.

 

گەلاوێژ موحەمەدی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی