"an independent online kurdish website

“ئیجازەم بدەن لە سەرەتای قسەکانم‌دا سڵاو بنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدەکان، چ شەهیدەکانی ڕۆژی ١٧ی سێپتەمبری١٩٩٢(٢٦ی خەرمانانی١٣٧١) و شەهیدەکانی ١٧ی خەرمانان(٨ی سێپتەمبری ٢٠١٨).

ئەم دوو ڕووداوە کە ئەمڕۆ ئێمە بە یەکەوە یادیان دەکەینەوە زۆر خاڵی وێکچوویان هەیە. هەر دوو کردەوەی جینایەتکارانە بە هۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوە چوون. هەر دووی ئەم کردەوە جینایەتکارانەیە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی وڵاتێکی دیکە بەڕێوە چوون. هەر وا بێتەوە بۆ هەر دوو کردەوەی تێرۆریستی و دەستدرێژکەرانە، کۆماری ئیسلامی لە بەرزترین ئاستی دا نەخشە و پیلانی داڕشتبوو. هەر دووی ئەو کردەوە تێرۆریستیانە هێرش بوون بۆ سەر مێشک و دڵی حیزبی دیموکرات و ڕێبەرییەکەی و ئەستاندنی بە وەجترین ڕێبەران و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە.

لە بارێکی دیکەشەوە وێکچوون هەیە لە بەینی ئەو دوو کردەوە دەستدرێژکارانە و تێرۆریستییە. هەر وەک لە جەریانی تێرۆری میکۆنووس‌دا دیتمان ئەم تێرۆرە (بووە هۆی) گەرمو گوڕی، چالاکتربوون و ، لێبڕاوی و ئیرادەیەکی بە هێزی لە نێو تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات و گەلی کورد‌دا دروست کرد، هەر وەها هاوخەمی و هاوپێوەندییەکی بەرینی لە بەینی گەلی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان پێک هێنا، ئەمجارەش کردەوەی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی لە دژی حیزبی دیموکرات هەمان هاودڵی و هاوخەمیی لە نێو ڕۆڵەکانی گەلی کورد‌دا دروست کردوە. هەمان پشتیوانی و دڵگەرمیی بۆ حیزبی دیموکرات و بۆ هێزە سیاسییەکان دروست کردوە و لە گەڵ نەفرەت و بێزارییەکی بەرینی خەڵکی کوردستان بەرەوڕوو بووە کە ئێمە لەو داوایانە‌دا بە هۆی ئەو مانگرتنە گشتییە کە لە ٢١ی خەرمانان بەڕێوە چوو، شاهیدی بووین.

ئێمە هیوادارین خاڵە وێکچووەکانی دیکەش دروست بن. کردەوەی تێرۆری میکۆنووس بە هۆی لێبڕاویی دەزگای قەزایی ئەڵمان، بە هۆی شەهامەت و ئەرکناسیی قازییەکان، دادوەران و هەموو ئەو کەسانەی بە شوێن ئەو پەروەندەیەوە بوون، نەتیجەیەکی شایانی لێ کەوتەوە. ئەویش ئەوە بوو کە ڕێژیمی ئێران لە بەرزترین ئاستی‌دا تاوانبار کرا و وەکوو بکوژ، وەکوو ئینسانکوژ ناسێندرا. ئێمە لە بیرمانە بە کردەوە و بە تەحقیق سەلمێندرا کە کۆمیتەیەک یا مەجمەعێکی بەرز لە ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە هەر لە “وەلیی فەقیه”یانەوە بگرە، لە سەرکۆمار، لە وەزیری دەرەوەیان، لە وەزیری نێوخۆیان، لە کۆمەڵێک کاربەدەستی دیکە، دەستیان لە نەخشەکێشان و سادر کردنی فەرمانی کوشتنی موخالفیان دایە. ئەم دانپێدانانەی دەزگای قەزایی ئەڵمان و دادگای بێرلین وای کرد کە ئێران لە گەڵ دژکردەوەیەکی نێودەوڵەتیی بەروڕوو بێ. لە ئاستی نێودەوڵەتیی‌دا ڕیسوا بێ. وڵاتانی ڕۆژاوایی سەفیرەکانیان لە ئێران بانگ کردەوە و ئێرانیان وا لێ کرد لانیکەم بۆ سالانێک دەست لە تێرۆر لە ولاتانی ئورووپا هەڵ بگرێ.هیوادارین بە دوای ئەو کردەوەیە تاوانکارانەیە کە لە هەرێمی کوردستان لە دژی حیزبی دیموکرات بەڕێوە چوو، جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی لە لایەن ناوەندە مرۆڤدۆستەکان، ناوەندە سیاسییەکانی جیهان، لە لایەن بیروڕای گشتییەوە لە گەڵ مەحکوومییەت بەرەوڕوو بی و ڕیسوا بکرێ. بە خۆشییەوەش هەر ئێستا دەبینین کە ئەو ناوەندانە و ئەو وڵاتانەی وردە وردە لەو تاوانە گەورەیە وەدەنگ دین ڕوو لە زیاد بوونن.

دەگەڕێمەوە بۆ ٢٦ ساڵ لەمەوبەر. بە دوای تێرۆری میکۆنووس دا، زۆر لە ئێوە -ئەوەندە لە خەبات‌دا بەشدار بوون کە- ئەو ڕووداوانەتان بە باشی لە بیرە حیزبی دیموکرات و تێکۆشەرانی گەلی کورد بڕیاریان دا، بەم کردەوانە، بە ستاندنی گیانی ڕێبەرانمان، لە خەبات و تێکۆشان نەوەستن. نەک هەر لە خەبات و تیکۆشان نەوەستن، بەڵکوو بڕیار بدەن ئاڵا و چەک و مەسئولیەتی هاوڕێ شەهیدەکان و ڕێبەرە شەهیدەکان هەڵنەپەسێردرێن و بە لێبڕاوییەوە ئەو ڕێگایە درێژە بدەن. ئەو کات خەڵکی کوردستانیش بە پشتیوانییەک کە لە حیزبی دیموکرات کردی، ئەو پەیامەی پێ داین ئەگەر ئێوە لە سەر ڕێگایەکەتان سوور بن، ئێمە پشتیوانتانین. خودی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتیش ئەو پەیامەیان لە خەڵک وەرگرت، لە کاتێک دا کۆماری ئیسلامی ڕێبەرانیان لێ دەستێنێ و تێکۆشەرانیان لێ دەستێنێ و بێ شەرم و شکۆ لە ولاتانی جۆراوجۆر پەلامار دەباتە سەر گیانی هاوڕێیانیان، ئەوانیش دەبێ بیر لە نەهێشتنی ناکۆکییەکانیان بکەنەوە، پیوەندییەکانیان لە گەڵ یەکتر ئاسایی بکەنەوە و لێک نزیک ببنەوە. ئەمە بوو بە هۆی ئەوە حیزبی دیموکرات لە نێو ڕیزەکانی خۆی‌دا یەکگرتوویی وەدەست بێنێتەوە و لە گەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەش ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی هەیبوو، نەیهێڵێ و کەمی بکاتەوە. ئەوە بوو کە حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە لە کوردستان توانیان بەردەوام بمێنێن. بە درێژەدانی ڕێگای شەهیدەکان و بە بەهێز کردنی پێوەندیی نێوان کۆمەڵانی خەڵک و حیزب، ئەو پەیامەی بە کۆماری ئیسلامی دا کە بە ستاندنی گیانی ڕێبەرانمان ئێمە کۆڵ نادەین و بە چۆک دانایەین.

ئیستا جارێکی دیکە مێژوو دووپات بۆتەوە. زەبرێکی گەورە لە حیزبی دیموکراتی کوردستان دراوە و کۆمەڵێک لە ڕێبەران و تێکۆشەران و کەسە بەوەجەکانی لێ ئەستیندراوە. ئەوەی کە لە یەکەم ساتەکانەوە وەکوو یەکەم پەیام ڕێبەرانی حیزبی ئێمە و تێکۆشەرانی حیزبی ئێمە بە خەڵکی کوردستانیان داوە و بە کۆماری ئیسلامیشیان ڕاگەیاندوە، ئەوەیە کە ئەم جۆرە زەبرانە ئێمە بە چۆک داناهێنێن. لە سەر خەبات و تیکۆشان تاوەدیهێنانی مافەکانی گەلەکەمان، تا ڕووخاندنی ڕێژیمی خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبین. حیزبی دیموکرات مێژووەکەی پڕە لە هەڵگرتنی زامی گەورە و کارەساتی گەورە، بەڵام بە چۆک دانەهاتوە. ئەمجارەش بە دڵنیاییەوە حیزبی دیموکرات و تێکۆشەرانی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی دیکە بەم جۆرە پەلامارانە چاوترسین نابن و لە سەر ڕێگاکەیان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی کە ئامانجی شەهیدەکان وەدی دێنن.”

(*) بەشێک لە قسەکانم لە ڕێوڕەسمی شەهیدانی قەلای دیموکرات و تیرۆری میکۆنووس(خەرمانانی ساڵی رابردوو،کۆڵن.ئەڵمان)

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی