"an independent online kurdish website

ئازادی نرخی هەیە و دەبێ بۆ گەیشتن بە داوا رەواکانمان خەبات و شەڕ بکەین. شەهیدانی رێگای رزگاری لە یاد ناکەین.

هیدایەت عەبدوڵا پوور: گیانم دەکەم بە قوربانی ئازادی تا یادم لە دڵی ئازادیخوازان و میللەتەکەم دا بمێنێتەوە .

وێنەی زیندانی سیاسی کورد هیدایەت عەبدوڵاپوور لە زیندانی ورمێ پێش گوللەباران کردنەکەی بە هۆی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

عکسی از زندانی سیاسی کورد هدایت عبدللە پور در زندان ارومیە پیش از تیرباران شدنش توسط تروریست های سپاە پاسداران

آزادی بها دارد و باید برای خواسته های بر حق و انسانی مبارزە کرد و جنگید! شهیدان راە آزادی را فراموش نخواهیم کرد.

هدایت عبدللە پور:”بهای آزادی را با جانم خواهم داد تا یادم در دل آزادی خواهان و ملتم بماند.”

وەک سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و سەرجەم کەس و کاری شەهید هیدایەت و حدکا دەکەین و رێگای درێژەی دەبێ و روحی شاد. 

****

حیزبی دێموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور”ی پشتڕاست کردەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە هاوڕێ “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور” ئەندامی خەباتکاری حیزبی دێموکرات، لەلایەن جەلادەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تیرباران کراوه .

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خوێنی شه‌هیدان، ڕێنوێنی ڕێگایه‌

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران!

بە داخەوە ڕادەگەیەنین، هاوڕێ “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور” کوڕی “ئەبوبەکر” خەڵکی شنۆ لەلایەن جەلادەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، تیرباران کراوه .

هاوڕێ “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور” لەدایکبووی ١٣٦٩ی هەتاوی و ئەندامی دڵسۆز و چالاکی حیزبەکەمان لە ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوای ٤٩ ڕۆژ لە شەڕی بەناوبانگی قەرەسەقەل دەسبه‌سه‌ر کرا و بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ وەرگرتنی ئیعترافی زۆرەملێ و ئەشکەنجە ڕاگیرا .

دواتر بە تۆمەتی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ نیزام و ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتدا حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا. لەگەڵ ئەوەی ئەو حوکمە لەلایەن شوعبەی ٤٧ تانەی لێ درا و بەڕێ کرا بۆ دادگای ئینقلابی ورمێ، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ محاکمە و بۆ جاری دووەم بە داوا و گوشاری “حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای ورمێ” حوكمی ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پایه‌وه‌ .

پێویست بە ئاماژەیە، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەر لە ئێعدامی بۆ ماوەی ٥ مانگ تەنانەت ئیجازەی چاوپێکەوتنی هاوسەر و منداڵەکانی نەدراوە و ڕۆژی ٢٠ی بانه‌مه‌ڕ له‌ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا و بێسه‌روشوێن كرابوو. هه‌رچه‌ند دواتر به‌ زاره‌كی به‌ بنه‌ماڵه‌ی خۆڕاگری شه‌هید هیدایه‌تیان ڕاگه‌یاندبوو كه‌ له‌ به‌رچاوی بنه‌ماڵه‌ی كوژراوانی شه‌ڕی قه‌ره‌سه‌قەل، هیدایه‌تیان ئێعدام كردووه‌؛ به‌ڵام دوای به‌دواداچوونێكی زۆر، ده‌ركه‌وت كه‌ ڕۆژی ٢٢ی بانه‌مه‌ڕ به‌داخه‌وه‌ “هیدایه‌ت عه‌بدوڵڵاپوور”یان تیرباران كردووه‌ و ئیداره‌ی سه‌بتی ڕێژیم، به‌ڵگه‌ی كۆچی دواییان بۆ ده‌ركردووه‌.

 لە ٤١ ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێ گوێدان بە بیروڕای گشتی و بەبێ وەبەرچاوگرتنی هیچ پره‌نسیپێكی مرۆیی، لە سەرکوت و کوشتاری ڕۆڵەکانی کورد بەردەوام بووە و بە بەرچاوی بیروڕای گشتییەوە تاوانەکانی به‌ڕێوه‌ بردووه‌ !بۆیە لە بیر و ڕای گشتی و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و… هتد داواکارین پێش بە سەرکوت و ئێعدامی ڕۆڵەکانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ بگرن و چی دیکە ئیزن نەدەن مافی تاک و کۆی خەڵکی كوردستان پێشێل بکات.

بەو بۆنەوە هاوخەمیی حیزبی دێمۆکرات لەگەڵ بنەماڵەی خۆڕاگری عەبدوڵڵاپوور و به‌تایبه‌ت باوكی خه‌مخۆری ڕادەگەیەنین و دڵنیایان دەکەینەوە خوێنی شەهید هیدایەت و باقی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت؛ باشترین پاداش بۆ شه‌هیدان درێژه‌دانی ڕێگایانه‌.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی

٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی

**************

بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور: هیدایەت لە شنۆ تیرباران کراوە

هەنگاو: دوای دوو هەفتە لەوەیکە ئیدارەی جێبەجی کردنی حوکمەکانی پارێزگای ئورمیە ڕایگەیاندبوو کە حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور جێبەجی کراوە، ئەم هەواڵە لەلایەن بنەماڵەی ناوبراوە پشت راست کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی پوشپەڕی ٢٧٢٠(٢٤ی ژوئەن)، بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە هەواڵی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ناوبراویان کە پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو، پشتڕاست کردەوە و ڕایانگەیاندووە کە حوکمەکەی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ (١١ی مەی) لە یەکێک لە پادگانەکانی شنۆ جێبەجێ کراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە هیدایەت لە یەکێک لە پادگانی شاری شنۆ تیرباران کراوە و لە بەڵگەی وەفاتی ئەم بەندکراوە سیاسیە کە بۆ هەنگاو نێردراوە هۆکاری مردنەکەی “بەرکەوتن لەگەڵ کەرەستەی سفت و تیژ” ڕاگەیەندراوە. تەرمی ئەو بەندکراوە سیاسیە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و شوێنی ناشتنیشی نادیارە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە سێدارەدانی هیدایەتی عەبدوڵڵاپوور ئەندامی ئەو حیزبەی پشتڕاست کردووەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٩ی مەی ٢٠٢٠)، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.

هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦) هاوڕێ لەگەڵ دەیان کەسی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و دوای نزیک بە سێ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە و ئەشکەنجەیەکی زۆر، بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرابوویەوە.

ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٢٧١٦ لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوونی گوندی قەرەسەقەل کە لەنێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە (١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٨ ( ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی ٤٧ی دادگای بەرزی وڵاتەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە فەرمی بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە. هیدایەت عەبدوڵڵاپوور خێزاندار و باوکی کچێک و کوڕێکی کەم تەمەنە بەناوەکانی کوردستان و سیروان.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی