"an independent online kurdish website

هەنگاو: حوکمی سێدارە دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەهاباد لە پێش چاوی بنەماڵەی ١٣ کەس لە کوژراوانی تەقینەوەکەی ١٠ ساڵ پێشی مەهاباد لە بەندیخانەی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (١٤ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی مەحکووم بە سێدارەی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا. ئەو دوو بەندکراوە کە لە بەندی ١_٢ ڕاگیرابوون، ڕۆژی ڕابردوو گوازرابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەکە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەو دوو بەندلراوە لە پێش چاوی بنەماڵەی ١٣ کەس لە کوژراوەکانی تەقینەوەکەی ١٠ ساڵ پێشی مەهاباد کە لە کاتی نمایشی سەربازی ساڵوەگەری شەڕی ئێران و عێراق ڕووی دابوو، لەسێدارە دراون.

ڕۆژی ڕابردوو  ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئەوەی کە نیگەرانی خۆی بە نیسبەت گواستنەوەی لەناکاوی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییەیە بۆ ژووری تاکەکەسی دەربڕیبوو، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد هەتا گوشار بخەنە سەر حکوومەتی ئێران و ڕێگری بکەن لە جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە کوردە.

هەر لەو ڕاستایەدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارە ئەو دوو لاوەی پێشێلکردنی ئاشکرای دادپەروەری و پێشێلکردنی کارەساتبار و قەرەبوونەکراوی مافی ژیان زانیبوو.

لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە بەرپرسانی ئێران کردبوو کە حوکمی سێدارەی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە بێ سێ و دوو هەڵوەشێننەوە بواری دادگایی کردنی دادپەروەرانە بە بێ بەکارهێنانی زۆر و دانپێدانانی زۆرەملی بڕەخسێنن.

دیاکۆ ڕەسووڵزادە و کەسیکی دیکە بە ناوی حوسێن عوسمانی ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٣ و سابیر شێخ عەبدوڵڵا ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی ڕەشەمەی ٢٧١٣ (١٤ی مارسی ٢٠١٤) هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی مەهابادەوە حوکمی سێدارە لە پێش چاوی خەڵکیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەو هاووڵاتیانە بە تۆمەتی ئەنجامی تەقینەوە لە ساڵی ١٣٨٩ و ئەندامەتی لە کۆمەڵە ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپا.

حوکمی سێدارەی حوسەین عوسمانی لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی لەلایەن دیوان باڵای وڵات هەڵوەشێندرایەوە و پەروەندەی دیاکۆ و سابیر نێردرا بۆ دادگایی شۆرشی ئورمیە، حوسەین عوسمانی مانگی رەزبەر ساڵی ڕابردوو حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.

سابیر و دیاکۆ ساڵی ١٣٩٦ بۆ جاری دوهەم و لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی قازی چابۆک، بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ئەندامەتی کۆمەڵە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا و ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات پەسەند کرا و بە مەبەستی جێبەجێ کردن نێردراوەتەوە بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی حوکمەکان.

ئەو سێ بەندکراوە سیاسیە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی دانپێدانان ئەشکەنجە کراون لە ئاکامدا ناچار کران لە دانپێدانانی تلویزیۆنیدا بەشدار بن.

ئەو دانپێدانانە لە حاڵێکدا بووە کە ڕێکەوتی ٤ی مانگی رەزبەری ساڵ ١٣٨٩ محەمەد پاکوپور فەرماندەی هێزی ویشکانی سپای پاسداران کوژرانی بەڕێوەبەرانی تەقینەوەی مەهابادای ڕاگەیاندووە.

هەموو قسەکانی ئەم خاتوونە ڕاستن. منیش پێم وایە خوێنی ئەو لاوانەی لە ڕۆژهەڵات لە سێدارە دەدرێن لە ئەستۆی هەموومانە، لە پێشدا ئەو حیزبانەی ڕۆژهەڵات کە تەنیا ئیدانە دەکەن و نیگەرانی دەردەبڕن؛ جا دوایە حیزبی پارچەکانی دیکە کە پێیان وایە ئێران دوژمنێکی باشترە و هێندێکیشیان پێیان وایە دوژمن نییە و دۆستی کوردە.

Publicerat av Kamil Bokany Onsdag 15 juli 2020

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی