"an independent online kurdish website

لەھاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی تا فەرمانی جیھادی خومەینی لە ڕۆژی ۲۸ ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳٥۸ ی هەتاوی زیاترلە شەش مانگی مەودایە،

لەو ماوەیەدا حیزبی دێموکرات زۆری ھەوڵدا تا لە پەیوەندی لەگەڵ مافەکانی گەلەکەماندا بە بێ ئەوە پێویست بە شەڕ بکات لەگەڵ دەوڵەتی تازە بکەوێتە وتوووێژەوە بەوهیوایە بتوانێ لە ڕێگای ئاشتییەوە بگەنە ڕێککەوتن ،بۆ ئەم مەبەستە دوو وەڤد لە حیزبی دێموکرات سەردانی تارانیان کرد کە سەر پەرەستی یەکێک لە وەڤدەکان بە ڕێبەری مەزن د. قاسملوو بوو. لەو سەردانانەی تاران دا ھیچ نییەت پاکیەکیان لە خومەینی ودارودەستەکەی بە دی نەکرد.بە پێچەوانەوە ھەر ڕۆژە و لە گۆشەیێکی کوردستان پیلانێکیان گێڕا کە شەڕی پاوە ئاخرینیان بوو .

لەم شەڕەدا لە کێشەێکی تایفەیی کەڵکیان وەر گرت و بە ناوی خەڵکی پاوەوە بەڵام بە ھۆی ژمارەیەک بە کرێگیراوی خۆیانەوە مانگرتنێکیان لە بەر دەرکی فەرمانداری شاری پاوە ڕێکخست و زۆر بە پەلە و پێش لەوەی مانگرتوانی بەر دەرکی فەرمانداری کە بەشێکی بەرچاویان بەکرێگیراوی ڕێژێم بون ھیچ بڕیارنامەیەک دەر بکەن، ھێزێکی سەد کەسی دەورە دیتوو لە لوبنانیان بە سەرپەرەستی ئەبوشەریف و مستەفا چەمران بە ھێلیکوپتر لەشاری پاوە دابەزاندبوو.

پاش دابەزینی ئەم ھێزە لە پاوە بوو کە بە کرێگیراوانی ڕێژیم بڕیارنامەیەکیان دەرکرد و لەو بڕیارنامەیەدا داوایان کردبوو ڕێژیم بۆ پاراستنی ئاسایش ھێز بنێرێتە پاوە ،لە کاتێکدا ئەم ھێزە پێشتر دابەزیبوو و ڕێگاکانی چونەدەرو ھاتنە ژورەوەی شاریان کونترۆڵ کردبوو.

باسکردنی وردی ڕووداوەکان لە وتارێک دا ناگونجێ، ھەر چۆنێک بێ خومەینی بە فەرمانە جیھادە بەدناوەکەی فەرمانی بە ھێزەکانی ڕێژیم و شوێنکەوتوانی کرد بۆ قەڵاچۆکردنی خەڵک خۆیان بگەێننە پاوە ودواترشەپۆلی ئەم هێرشانە ڕووی لەشارەکانی دیکەی کوردستان کرد،کە ئەمە شەڕی سەرەتاسەری لە کوردستاندا لێکەوتەوە.

خومەینی لە فەرمانەکەیدا داوای خۆبەدەستەوەدانی لە تێکۆشەرانی ڕێبازی کوردایەتی و لە یەک رەستەدا گشت گەلی کورد دەکرد ، جیا لەوە فەرمان بە لە نێو بردنیان دەکا.

٢٧ی گەلاوێژی ١٣٥٨ خۆمەینی لە چاو پێکەوتنی پۆلێک لە مامۆستا و ٧٠ نوێنەری تازە ھەڵبژێردراوبۆ “مجلس خوبرەگان”  لە شاری قۆم کە لەڕادیۆتلویزیون و هەر وەها ڕوژنامەکانی کەیهان و ئیتلاعات لە ڕۆژەکانی ۲۷ و ۲۸ ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳٥۸ی هەتاوی بڵاو کرایەوەدەڵێ:

“سنوورەکانیان ئازادکرد، وتاریان ئازادکرد، حیزبەکانیان ئازاد کرد، بەوهیوایە کە ئەوانە خەڵکین…ئەوانە خراپکارن.کۆمەڵەیەکی فاسیدن، ئێمەناتوانین لێیانگەڕێین کەهەرکارێک پێیان خۆشە بیکەن.بە ئێمەش دەڵێن بۆ خۆتان ئەو کارانە دەکەن. وەک ئەوانەی کە پێرێ و چەندڕۆژ لەمەو پێش ئەو خراپکاریانەیان کرد…خۆیان هەڵا ساز دەکەن و دەیخەنە ئەستۆی ئێمە،ئێستاش لە ڕۆژنامەکاندا دەبینین کە عزالدینی فاسد و ئەو قاسملووە فاسیدە کە لەوانەیەبۆ خۆی لێرە نەبێ، دەڵێن پاسدارەکان هاتوون و بارو دوخی خەڵکیان تێکداوە، لە کاتێکداسەری پاسدارەکانیان بڕی چییان بە سەر منداڵەکاندا نەهێنا، ئەوانە خەڵکێکی ئاوان.ئێستا کە دەبینن خەریکەمەجلیسی خوبرەگان پێکدێ وەخۆ کەوتوون، دەبێ زۆر بەتوندی هەلسوکەوتیان لە گەڵ بکرێ و ئێمە بە توندی بەرەنگاریان دەبینەوە”

پاش دەر کردنی فەرمانی جیهاد لەدژی خەڵکی کوردستان هێزەکانی ڕێژیم وشوێنکەوتووانی خومەینی هێرشیان بۆ سەر کوردستان دەستپێکرد و شان بە شانی ئەم هێرشانە لەدادگاییە چەند چرکەیەکانی خەڵخاڵی جینایەتکار کە ئەم دادگایە بەفەرمانی خومەینی پێک هاتبوو، سەدان شۆڕە لاوی کوردستان تەنیا بە ھۆی کورد بونیانەوە تیرباران کران و لە سێدارەدەران، کە بەشێکی ھەرەزۆریشیان پەیوەندییان بە حیزبەکانەوە نەبوو .

بەکرێگیراوانی ڕێژیم دەیانهەویست بەم جینایەتانە گەلەکەمان چاو ترسێن بکەن و چۆکی پێ دابدەن . بەڵام ئەم جینایەتانە نەتەنیا گەلەکەمانیان چاو ترسێن نەکرد بەڵکو ئیرادەیانی بۆ بەرنگار بوونەوەی داگیر کەر بە ھێزتریش کرد.

پاش دەرکردنی ئەم فەرمانانە گەلی کورد لە دوو ڕێیانەی تەسلیم بوون بە داگیر کەری جینایەتکار و بەرنگارێکی ڕەواو ئازایانە دەبا یەکی ھەڵبژاردبا ، ھەروەک لەگەلەکەمان و حیزبە خەباتگێڕەکەی چاوەڕوان دەکرا ڕێگای دووھەم واتە ڕێگای بەرنگاری لە بەرانبەر داگیرکەری ھەڵبژارد.

لە دەستپێکی شەڕەوە تا ماوەی سێ مانگ بەرنگاربوونەوە لە بەرانبەر ھێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە شەڕی سێ مانگە بە ناو بانگە ، ھێزە کوردیەکان بە وەشاندنی زەبری گورچوبڕ لە ھێزەکانی ڕێژیم و شپرزە کردنیان ، خۆمەینیان ناچار کرد دان بە شکەستی ھێزەکانیدا بنێت و درۆزنانەداوای وتووێژی کرد.

لەپەیامی خومەینیدا کە لە٢٦ ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳٥۸ ی هەتاویدا بڵاو کرایەوە هاتبووکە” ناحەزان ئەویان خراپ تێگەیاندووە و داوای دانیشتنی بۆ چارەسەری مافەکانی کوردی لە ڕێگای وتووێژەوە کردبوو”.

لەو جێگایەکە حیزبەکەمان زۆری مەبەست بوو کە مافەکانی گەلەکەمان تا بکرێ و بگونجێ لە ڕێگای دیالۆگەوە چارەسەر بکرێ، زۆر بە خەیرایی وڵامی ئەرێنی بە پەیامی خومەینی درایەوە و لەچوارچێوەی هەلومەرجی تازەدا وەڤدی نوێنەرایەتی گەلی کورد پێک هات . دوای چەند مانگ بە ناو وتوووێژ دەرکەوت پەیامی خومەینی لە درۆ و فریوێک زیاتر نەبووە و ئەو مەبەستی خافڵاندنی هێزەخەباتکارەکانی کوردستان بووە و لە ڕاستێدا مەبەستی کات بە دەستهێنان بووە بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە بێ ورە و شپرزەکراوەکانی لە کوردستاندا.

پاش چەند مانک لە بەناو وتوووێژ لە نێوان ڕێژیم و وەڤدی نوێنەرایەتی کوردستاندا خومەینی پەیامێکی نوێی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو مەبەستی بووە کوردستان گەمارۆ پدەن و ڕۆڵە خەباتگێڕەکانی لە نێوبەرن و بەم چەشنە نیازی ڕاستەقینەی خۆی کە درێژە دان بە شەڕ و درێژەی جیهاد لە دژی خەڵکی کوردستانە دەرخست.

٤۱ ساڵ لەو فەرمانە جینایەتکارانەیە تێدەپەڕی لە تەواوی ئەو ساڵانە دا میراتگرانی خومەینی لە کوردستاندا دەستیان لە هیچ جینایەتێک لە دژی گەورە و بچوک ،کوڵبەر و بازاری، قوتابی و خوێندکار، ژن و پیاوی ئەم گەلە نەپاراستووە و ئەو فەرمانی جیهادە ئیستاش هەروەک ڕۆژی دەرچوونی کاری پێدەکرێ.

بە خۆشییەوە خۆڕاگری گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتی حێزبە خەباتگێڕەکانی هەروا بەردەوامە و ئێستا ڕێژیم بە هۆی سیاسەتە هەڵەو دواکەوتووانەکانی گیرودەی کۆمەڵی قەیرانی جۆراوجۆر هاتووەو ڕۆژەکانی کۆتایی دەسەڵاتدارەتی خۆی تێدەپەڕێنێ ، ئەگەر یەکگرتوویی لە نێوان هێزە خەباتکارەکاندا هەبێ ئەوا ئەو کۆتاییە خەیراتر دەبێ، بۆیە لەم هەلومەرجە نوێیەدا کورد گوتەنی “نابێ دارێک پێشی دیتنی شاخێکمان لێبگرێ”.

لەم هەلومەرجە نوێیەدا دەبێ ئازایانە بەسەر بەربەستە ڕەوانییەکاندا باز بدەین و بە هەموو هێزمانەوە بەرەو ئەو یەکگرتووییە هەنگاوهەڵبگرین کە نێزیکبوونەوەی کۆتایی ڕیژیمی پەت و سێدارەی لێدەکەوێتەوە.

بەو هیوایە

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی