"an independent online kurdish website

بە مناڵی نیشتمانی من ھەر تەنیا دێیەکەی خۆمان و ھەردو ھەوارە بەھەشت ئاساکەی کولوور و ھانەوەراز و قوڕەشکی ماڵ باواحاجیم بوو.

 نیشتمانێ کە بە سێفەسوورەکان بەر کەوێڵەکەیان وەک سەرتۆپی جوانی، وەوی ئاسا ئەڕازیاوەو.

بەتایبەت ئێوارەگەل، وەختێ دوایین تیشکە زێڕینەکان خوەرتاو ماڵاواییان لە ھەرد و ھەوار و باخ و کەوێڵ ئەکرد. ئەو وەختانە تواشای سێفەسوورەکان ، ئەوانەی بە چڵەپۆپەی دارسێفەکەوە بوون، سەری لە بینایی خەیاڵیچ ئەشێواند. ئەو دیمەنگەلە بۆ خۆیان شێعر بوون، گۆرانی بوون، موسیڤا بوون. ئەوان دڵ و رۆح بەشەریان ئەلاواندەو، قسەیان تەک خەیاڵا ئەکرد، ختکێ ھەست و سۆزیان ئەدا و بارۆشەی تواشا و نیگایان ئەکرد.

کە تواشات ئەکرد، چاوگەلۆ ئەوڵەق دیمەنەکان ئەوون، وەتئەزانی دوایین تیشکەکان خوەر عاشق سێفەسوورەکان بووگن، دڵیان نایێ ماڵاوییان لێ بکەن. وەتئەزانی سێفەسوورەکان وەک کەنیشکی تازە خاڵومێڵ ڕشتگ و تازە دەموچاوشۆردگێ، تازە بن مەمەکەی دانیاگێ، تین و تاو دڵداریی کەفتوێتەسەریان، گەرەکیانە دێقەدێقەی دوایین تیشکەکان خوەر بەنەو.

بەتایوەت ئەوانەیان کە بە سەرلق و پۆپەی دارسێفەکانەو بوون. سوور سوور، وریشەیان ئەھات بە دەم خۆرەو. لە پاڵ دارسێفەکانا باوەرێ بوو، ھەمیشە شەقەباوەرێ ئاوی پێیەو بوو. موسیقای ھاژەی باوەرەکە و جارجارێ دەنگی گەڵای دارەکان کە بە دەم بایەکی نەرمەو ئەشنیانەو تەنیا موسیقای ئاسمانیی ئەو چرکەساتانە بوون.

جارجارێکیش بولبولێ، سەێرەیەک، مەلێکی خۆش ئاواز ئەچوو لە سەر بەرزترین پۆپەی دارسێفەکە ئەنشتەو. واتئەزانی گەرەکیە بە سێفەسوورە رازیاگ و درەوشیاگەکان بێژێ من لە ئێوە زەریفترم، ئاشقترم، ئازیزترم.

جارجارێکیش قشقەڕەیێ، قاڵاوێ لەو ناوەو ئەھات، وەک ئەوەی بەخێڵی بەو عەشق و دڵداریەی تیشکە زێڕینەکان خۆرەتاو و سێفەسوورە رازیاگەکان و پەلەوەرە خۆشئاوازەکان بێ، شەپەشەپ ئەچوو و سەر یەکێ لە بەرزترین لقەکانەو ئەنشتەو و قاڕەقاڕ دڕنی بە جوانی و ئارامیی کەشە ئاسمانییەکە ئەدا. وەلێم لە راسییا ئەویچ بەشێ لە جوانیی ئەو نیشتمانە خۆشەویستەی من بوو.

من ئەم نیشتمانەم ھەمیشە خۆشگەرەکە.

_وێنەکە ھین ئینترنێتە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی