"an independent online kurdish website

ڕێکەوتی ٢ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، بەداخەوە مەلا “مەحموود ئازیش” پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.

پێشمەرگەکان: سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک مەحمود دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

روحی شاد بێ

هەواڵی پەیوەندی دار

یادێک لە هاوڕێی رۆژە سەختەکانی خەبات مەلا مەحموودی ئازیش، سەید عەلی هاشمی

هەواڵی کۆچی دوایی مەلامەحموودی ئازیش لە رێکەوتی ٢٠٢٠/١٢/٢٢ لە ناخی دڵمەوە خەمباری کردم، مەلا مەحموودی ئازیش بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی بەری مێرگان و ئەندامی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار، یەکێک بوو لەو کادرە خۆشناوانەی مەڵبەندی پیرانشار، لە باری کۆمەڵایەتی لە ناو کۆمەڵانی خەڵک شوێنی تایبەتی هەبوو، لەناوچەی بەری مێرگان سەرەڕای ئەرکی بەرپرسایەتی حیزبی، لەبەر ئەدەب و زمانی شیرنی، کەم کاری کۆمەڵایەتی هەبوو لەبەر دەستی ڕانەپەڕن، ناوچەی بەری مێرگان بە هۆی هەڵکەوتووی جوغرافیایی، قورسایەکی زۆری لە شەری داسەپاوی جادەی پیرانشار بۆ سەردەشت کەوتبووە سەر و ببوو بە پێخوستی پێشمەرگە،  بنکەی سەرەکی هێز و کۆمیتەی شارستان، کە هەمیشە پڕ بوون لە پێشمەرگەی ساغ و برینداری شەڕی ناوچەکانی دیکە و دەیان ئەرکی دیکەی حیزبی دێمۆکڕات بەڵام بەهۆی ئیمانی ئەو خەڵکە، بۆ بەرگری لە مان مەوجودیەتی گەلی کورد، لە ژێر سیاسەتی ئوسوڵی حیزبی دێموکرات، هەرگیز ماندوو نەدەبوون، سەرەڕای ورە و خۆڕاگری خەڵکی نێو مەنگوڕانی پیرانشار، کەسانی خۆشناوی ئەو ناوچانە، وەک مەلامەحموودی ئازیش، عەوڵای مام سەعیدی، مەحموودی خدری نەبی، بنەماڵە گەورەکانی وەک رەسووە مەزنە و حاجی عوسمان و  دەیان و سەدان تێکۆشەرانی دیکە لە ناوچەکانی بەری مێرگان و ناوچەی نەڵێن گەدە ببوونە کۆڵەکەی هیوا و خۆڕاگری و لەخۆبوردوویی بۆ ئەو خەڵکە نیشتمان پەروەرەی نێو مەنگوڕان.

دۆستایەتی کۆمیتەی ناوچەی پیرانان دەگەڵ کۆمیتەی ناچەی بەری مێرگان سەرەڕای کاری حیزبی تایبەت مەندێکی تایبەتی دەگەڵ چەند کەسایەتێكی ناوچەی گەدە و بەری مێرگانی هەبوو، هەروەک لە بیرەوەریەکی پێشوودا باسم کردوە. ئێمە چەند کەسێک لە کۆمیتەی پیرانان  وەک شەهید مەلا رەسووڵی گەردی، عوسمان پورگورد، عومەر ئاریخ، من سەید عەلی هاشمی کەسی زۆر نزیکی یەکتر دەگەڵ مەلا مەحموودی ئازیش و دەیان پێشمەرگە و کەسە خۆشناوەکانی دیکەی ناوچەی بەری مێرگان بووین، سەرەڕای کاری حیزبی هۆگری رەفاقەتی و شۆخی بێ وێنە و بە ئەدەبی کوردەواری دەگەڵ یەکتر بووین.

هاورێی خۆشەویستی رۆژە سەختەکانی خەباتم، کاک مەلا مەلامەحموود لە دواین رۆژەکانی نەخۆشیتدا لە رێگای هاوڕێیەکم و کەسانی نزیک لە تۆ،  پێم خۆش بوو بۆ تاوێکیش بێ بت دوێنم، بەڵام وتیان ناکرێ و زۆر نەخۆشە، بە مێشکم دا نەدەهات من لە سەر تۆ بیرەوەری بنووسم،  قەڵەم توانای دەربڕینی هەستی دەرونیی منی نیە وەک خۆی باست بکەم و یادت بکەم،  سەبارەت بەو کۆچە تاڵ و ناوادەیەت، مەگەر  بۆ خۆم و لە لای خۆم سەرەخۆشیت بۆ دابنێم و ڕابوردوی کاتی پێشمەرگایەتین یاد بکەمەوە و بۆ خۆم، بۆ خۆمی وەگێڕم، خۆزگە تەمەن مەودای دابا جارێکی دیکە پێش سەفەری یەکجاری، دەگەڵ ئەو خۆشەویستانە یادی ڕابوردوو، یادی هاوسەنگەرە شەهیدەکانن، ڕۆژە تاڵ و شیرنەکانن پێکەوە کردبایەوە، بەڵام ناکرێ، چونکە ئارەزوو ئاوات، دەگەڵ حەقیقەت دوو شتی لێک جیاوازن.

 یادت بە خێر.

سڵاو لە گیانی هەموو رێبوارانی رێگای ئازادی و ئەو پێشمەرگانەی رۆژێک لە رۆژان، لە ڕێگای گەل و نیشتمان خەباتیان کردوە و سەربازی ونی نیشتمانن.

سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کار و هەموو خەڵکی نێو مەنگوڕانی پیرانشار دەکەم.

سەید عەلی هاشمی  ٢٣/١٢/٢٠٢٠

وەرگیراو لە فەیسبووکی نووسەر

….

حدکا کوردستان مێدیا

مەلا “مەحموود ئازیش” پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

ڕێکەوتی ٢ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، مەلا “مەحموود ئازیش” پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مەلا “مەحموود” ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە. سەرەتا وەکوو سەرۆکی شورای شاری پیرانشار هەڵبژێردراوە و دواتر بووەتە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار. ئاخرین بەرپرسایەتیی مەلا “مەحموود”، بەرپرسی کۆمیتەی بەری مێرگان بووە.

ناوبراو دوای کۆنگرەی ٦ی حیزب لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لەسەر ئیزنی حیزب گەڕاوەتەوە نێوخۆی وڵات و هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە. تەرمی مەلا “مەحموود” لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی