"an independent online kurdish website

لە هەموو دەڤەرێکی کوردستان کۆمەڵێک بنەماڵەی دیرۆکی و ناسراوی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی هەن  و لە قۆناغە جۆراوجۆرەکان دا زۆربەی ئەو ماڵباتانە توانیویانە هاوکار و یارمەتیدەری خەڵک بن  هەم بۆ چارەسەری کێشي کۆمەڵایەتی و زەوی و زارییەکان و هەم بۆ بواری دۆزینەوەی سەرچاوەی بژوی ژیان.

دەڤەری سۆما یەکێک لەو دەڤەرانەی کوردستانە کە دەیان بنەماڵەی بە نفووز و دەست ڕۆیشتوو و و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی هەن کە بوونەتە ماڵباتی دیرۆکی و بەردەوام ڕۆڵیان هەبووە. یەکێک لە ماڵباتانە ، ماڵباتی مورادی یە کە لە گوندەکانی هۆوەسن و  جووجەهی  نیشتەجێن. بنەماڵەی موراد لە سەدەی ڕابردوو دا بە کەسایەتیی ناسراوی نێو بنەماڵە واتە حسین کە بە (حسۆێ مراد) دەناسرا پێگەی کۆمەڵایەتیی  ئەو بنەماڵەیە زیاتر و بەرچاوتر بۆوە. ئەو کەسایەتیە تێکەڵ بە باقی کەسایەتی و سەرۆک هۆزەکانی ناوچە بووە و بەشداریی کردووە هەم لە بڕیارە کۆمەڵایەتییەکان، هەم چارەسەری کێشەکانی خەڵکی دەڤەر و هەمیش بەشداری لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی دا.

بنەماڵەی مورادی لە شۆڕشەکانی ژێر ڕێبەرایەتیی سمکۆی مەزن و دواتریش حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دا  بەشداریی چالاکانەیان هەبووە لە قۆناغ و بڕگە  جیاوازەکانی دێرۆکی ئەو حیزبە دا  و بەردەوامیش چالاکان و بەشدارانی ئەو بنەماڵەیە لە نێو بزووتنەوەی نەتەوایەتی دا کەسی چالاک و خودان باندۆر بوون.

دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان ، لە بڕگەیەکی دیکەی خەباتی حیزب دا کۆمەڵێک لاوی ئەوکاتی نێو بنەماڵەی مورادی تێکەڵ بە کاروانی سەختی خەبات دەبن ەک دیارترین یان عەمەر و تەمەر بوون کە جگە لە خەباتی نەتەوایەتیی نهێنی لە ڕێزەکانی حیزب دا، دوو برای خۆشەویستی خەڵكی دەڤەر بوون و کەم کۆڕ  و کۆبوونەوەی پیاوماقووڵانی دەڤەرەکە هەبووە کە ئەوانیش بەشدار نەبن و قسەیان نەبێ. هەروەها یەکێکی دیکە لە تێکۆشەرانی دێرینی حیزب لەو بنەماڵەیە کە ئێستاش لە ژیان دا ماوە و لە سەرووی ٩٠ی  تەمەنی دایە مام ئەحمەد کامڕان( ئەحمێ ) یە.

لەگەل دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و پەل اهویشتنی بۆ لای باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، بە ئیلهام وەرگرتن لە جیلەکانی پێشووی ئەو ماڵباتە، کۆمەڵێک گەنجی بنەماڵەی مورادی ڕوویان لە ڕیزەکانی ئەو حیزبە کرد و هەرکامەیان لە ئەرک و تێکۆشانی خۆیدا خاوەن باندۆر بوون و لە بەرەو پێش بردنی تێکۆشانی حیزب دا جێ پەنجەیان دیار بوو.

لە مەیدانی سیاسی و تەشکیلاتی دا خەباتکاری وەک ئەرشەد موراد، تەیموور مورادی و میکائیل تەمەریپوور لە پێشەنگانی دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزب لەو دەڤەرە بوون. لە مەیدانی پێشمەرگایەتی و بەرگری کردن دا فەرامەرز کامڕان دەبیندرا.

فەرامەرز کامران کوری ئەحمەد(ئەحمـێ)  لە دایک بووی ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی لە گوندی هۆوەسن و  دانیشتووی گوندی جووجەهی لە دەڤەری سۆما بوو. کاتێک خەباتی ئاشکرای حیزب دەستی پێکرد ، فەرامەرز هیند ەلە مێأ نەبوو کە خزمەتی سەربازیی تەواو کردبوو . ئەو  هەر زوو تێکەڵ بە کاروانی خەباتگێرانی دێموکرات بوو و  بە هۆی ئەوەی کە خزمەتی سەربازیی کردبوو  ، زوو توانی ببێتە کەسێکی جێی سرنج و تواناییەکانی زوو دەردەکەون. چوونکی ئەو کلاسی ٦ی نیزامی قەدیم دەرسی خوێندبوو  کە ئەو کەسانەی ئاستی خوێندەواریان کلاسی ٦ی قەدیم بوو، لەو سەردەمی دا کەسی هەرە خوێندوار  بوون.

فەرامەرز   لە ماوەیەکی کورت دا وەک سەرپەلی پەلێک لە پێشمەرگەکانی هێزی شەهید سەرگورد عەباسی دیاری دەکرێ و لە زۆر شەڕ و بەرگری لە ناوچە ڕزگار کراوەکانی دەڤەر دا ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێ.  قارەمانیەتی، کەسایەتیی نەرم و نیانی ئەو، لێهاتووی و سەداقەتی دەبێتەوە وێردی زمانی هاوڕێیان و بەرپرسانی حیزبی لەو دەڤەرە و فەرامەرز کەسی جێی متمانە و جێکەوتووی حیزبی یە لەو دەڤەرە. چوونکی هەم تایبەتمەندییە بەرزەکانی خۆی وەک تاک و هەم باگراوەندی بنەماڵەکەی وایان کردبوو کە ڕێز و حورمەتێکی تایبەتی هەبێ.

کاتێک لە جەریانی خیانەتی تاقمی ٧ کەسی دا حیزب بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی  کوردستان کشایەوە، فەرامەرز یەکێک لەو کەسانە بوو کە نە ناوچەی بە جێ هێشت  و نە خۆی بەدەستەوە دابوو، بەڵکوو بە شێوەی نهێنی و لە دۆخێکی گەلێک دژوار دا لە ناوچە مابووە تا دووبارە حیزب لە ناوچە دا چالاکییەکانی دەستپێکردەوە و فەرامەرز دیسان درێژەی بە ئەرک و تێکۆشانی خۆی دەداتەوە.

کاتێک دووبارە ڕێکخراوەکانی حیزب و هێزی پێشمەرگە سەرلە نوێ سازمان درابوون و فەرامەرزیش بەردەوام بوو لە ئەرکی بەرپرسایەتیی حیزبی،  ئەوجار وەک جێگری دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی شەهید سەرگورد عەبباسی خزمەتی دەکرد و کام سەنگەری دوژمن قورس و قایم بوایە، کام نوقتە مەترسیدار بوایە فەرامەرز وەک قارەمانێکی هەڵکەتوو لەوێ ئامادە بوو. ڕۆژانە دوژمن هێرشی دەکردە ناوچە ڕزگاکراوەکان و هێزی پێشمەرگە تێکی دەشکاندن ، هاوکات هێزی پێشمەرگە بۆ زەبروەشاندن لە هێزەکانی ڕێژیم کەمینی بۆ ئەو هێزانە دادەنا و زەبری گورچکبڕی لێ دەدان. دوژمن تا گوندی هۆوەسن هاتبووە پێش و تەنیا جادەی بە دەستەوە بوو و باقی دێهات و بەرینایی دەڤەری سۆما بە دەست پێشمەرگەوە بوو.

ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٣٦١ی هەتاوی دەستەیەک لە پێشمەرگەکان بە فەرماندەهیی قادر دامساری(قارۆ) و فەرامەرز کامڕان  کەمینێکی بەرین لە سەر جادەی نێوان گونبەد و جلغەران  بۆ هێزەکانی دوژمن دادەنێن  و ژمارەیەک لە هێزەکانی دوژمن دەکەونە کەمینیان و لە ماوەیەکی کورت دا هەموویان دەکوژرێن. بەڵام دوژمن کە هێزی ئامادەی لە شارۆچکەی سێرۆ هەبوو وێڕای ژمارەیەک جاش  وبە کرێگیراوی بەناو کورد هێرش دەکەنە سەر شوێنی کەمینەکە و شەڕێکی قورس بۆ ماوەی چەند سەعات دەست پێدەکاتەوە. لە ئاکامی ئەو شەڕە دا دەیان کەس لە هێزەکانی دوژمن کوژران و بریندار بوون، بەڵام  بەداخەوە هەردوو فەرماندەری لێهاتووی ئەو عەمەڵیاتەی  هێزی پێشمەرگە گیانیان فیدای ڕێگا  و ڕێىازی شۆڕشگێرانەیان کرد و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بوون کە ئەوەش سوننەتێکی پێشمەرگەی دێموکراتە کە فەرماندەر و پێشمەرگەی ژێر بەرپرسایەتیەکەی هەمیشە یەکسانن لە مەترسی یەکان لە مەیدانی شەڕ و بەرخوەدان دا.

هەواڵی تاڵی شەهید بوونی قارۆ و فەرامەرز لە ماوەی چەند سەعاتێك دا هەموو ناوچەی داگرت و تەمی خەم کەوتە سەر ڕوخساری گەل و  هەست بە لە دەست دانی دوو ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی کوردەواری دەکرا و ڕۆژی دوایی  گۆڕستانی دێرینی بێردووک( گۆڕستانی قەڵای بانەگێ، قەڵای میری بەگزادەکان)  دوو میوانی تازەی بۆ هاتبوو و سەدان کەس لە خەڵکی دەڤەر لە سەر قەبران ئامادە بوون و فرمێسکیان بۆ دوو فەرماندەری جێی باوەڕ و خۆشەویستی خۆیان  هەڵوەراند، بەڵام مام ئەحمێ وەک کێوی سەرکەش بە قورس و قایمی لە هەمبەر ئەو کۆستە دا سەری بەرز و قەڵافەتی نەچەمیوی دەبیندرا  و بەردەوام ئەوەی تیکرار دەکرد کە: فەرامەرز کوڕی ئەو خاکە بوو و بۆ ئەو خاکەش گیانی بەخشی، بۆیە من سەربڵیندم بەوەی کە باوکی شەهیدێکی کوردستانم.

قادر دامساری(قارۆ) یەکێك لەو فەرماندەرانەی هێزی پێشمەرگە بوو کە جێگایەکی تایبەتیی لە نێو خەڵک و پێشمەرگە دا هەبوو و شەهید بوونی خەسارێکی گەورە بوو لە خەباتی بەرگریی چەکدارانەی ئەو سەردەمی.

هەواڵی شەهید بوونیانم چۆن بیست؟

عەسرێکی فێنکی گوندی سوڵتانی بوو. لە گوند زەماوەند بوو و لە گوندی قەسریک ڕا هاتبوون بۆ گواستنەوەی بووک بۆ قەسریک و لە حەوشەی ماڵە بابی بووک سەدان کەس هەڵدەپەڕین و جار و بارەش خەڵکانێک تەقەیان لە بەردە خڕەکەی بەرانبەر گوند لە ناوقەدی بەڕۆژی سوور دەکرد. بنکەی زیندانی حیزب  و بنکەیەکی موجاهیدین لە گوند بوون.

لە گەرمەی هەڵپەرکێی خەڵک دا بوو کە حاجی خالید ویژدانخواه، (حاجی بۆزۆ)  بە شڵەژاوی هاتەوە و بانگی ئامۆزای کۆچکردووم محمد سەلیم کرد کە لە بنەماڵەی ئێمە دا  خاوەن قسە بوو. لەولاتری خەڵك حاجی خالید  چەند سانیەیەک  لەگەل محمد سەلیم قسەی کرد و هاتنەوە. لە ڕوخساری محمد سەلیم و حەجی ڕا دەرکەوت کە شتێک قەوماوە زوو پرسیان چ بووە؟

محمد سەلیم داوای کرد کە هەڵپەڕکێ ڕاگرن و بەداخەوە خەبەرە تاڵەکە شادیی گۆڕی بە شین. چوونکی هەم قارۆ و هەم فەرامەرز بۆ هەموویان ناسرابوون و بەتایبەتی موزەفەر لە ماڵباتی بووک و زاوا بوو و بەشدارانی زەماوەندەکە نیزیک بە تەواویان لە بەرەبابێک بوون  کە موزەفەریش لە هەمان بەرەباب بوو.

سڵاو لە ڕووحی پاکی شەهیدان  قادر دامساری و فەرامەرز کامڕان

                                      ****************

   شەهید موزەفەر کامڕان

موزەفەر کامران کوڕی بچووکی مام محمد(محێ)  نەوەی موراد  و لە دایک بووی ١٣٤٤ی هەتاویی گوندی جووجەهیی دەڤەری سۆما بوو. موزەفەر کلاسی پینجی سەرەتایی تەواو کردبوو و بە هۆی نەبوونی قوتابخانەی دواناوەندی لە ناوچەی سۆما و نەبوونی ئیمکانات بۆ درێژەی خوێندن لە شاری ئۆرمیە، دەستی لە خوێندن هەڵگرتبوو .

من و  موزەفەر تەقریبەن هاوتەمەن بووین و لە ٨، ٩ ساڵی دا یەکترمان دەناسی . ئەو هەر بە مناڵیش کەسێكی گران، ئارام، لە سەرەخۆ و مەتین بوو. موزەفەر ئەهلی زمان شیرینی و حورمەت لەگەل گەورەکان و نەرم و نیانی لەگەل هاوڕێکانی بوو و لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی دا  بە گوێرەی تەمەنی هەڵس و کەوتی نەدەکرد.

موزەفەریش  سەرەتا وەک زۆربەی مناڵان و دواتریش وەک نەوجەوانێکی کوردی دەڤەرێکی نیشتیمانپەروەر و لە بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر ، هەستی پێشمەرگە و حیزب دۆستی لەگەلی ببووە هاوڕێ .  بەتایبەتی هەم لە بنەماڵەیان کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگەی حیزب هەبوو و دواتریش شەهید بوونی فەرامەرز شوێنێکی قووڵی لە سەر موزەفەر دانابوو تا سەرەنجام زستانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە هێزی شەهید سەرگورد عەبباسی دا بووە پێشمەرگە.

ئەو لە ماوەیەکی کورتی پێشمەرگایەتی دا ببووە خۆشەویستی هاوڕێکانی و کەم نین ئەو کەسانەی کە ئێستاش کاتێك باس لە موزەفەر کامڕان دەکەن، لە پێشان باسی  بوێری، کەسایەتیی گران و پێشمەرگانەی ئەو دەکەن. شەهید کەمال ئەمینی تا شەهید بوو، هەرکات باسی موزەفەری کردباوە ، فرمێسک لە چاوانی دەهاتنە خوار و باسی لێهاتووی ئەوی دەکرد و دەیگوت: موزەفەر ئەگەر زوو شەهید نەبوایە ، باشترین کادری حیزب دەبوو بۆ ئەم سەردەمە لە ناوچەی سۆما(مەبەست سەردەمی خەباتی شاخ). لە زۆربەی شەڕەکانی ساڵی ١٣٦٣ دا وەک پێشمەرگەیەکی نەترس  و فیداکار بەشداریی کردبوو و ببووە جێی سرنجی هاوڕێکانی.

موزەفەر لە شەڕە بە ناوبانگەکەی جەتەر(١٦ی بەفرانباری ١٣٦٣ی هەتاوی) دا بە  هۆی تۆپخانەوە بە سەختی بریندار دەبێ و بە پێی قسەی  چەند هاوڕێ یەک کە تا ئاخەری شەڕەکە ئاگایان لە موزەفەر بووە، دەگێڕنەوە کە زۆر بە سەختی بریندار ببوو و ئیمکانی ژیانی نەمابوو.  کاتێک پێشمەرگەکان دوای شەڕەکە دەیانەوێ گوندی جەتەر بە جێ بێڵێن ، موزەفەر تەواو بێ هێز و خوێن لە جەستەی دا نەماوە ، بۆیە بە ناچار  بە جێ دەمێنێ  و دوژمن دەگاتە نێو گوند .

ڕۆژی دوای شەڕەکە دوژمن ناوی ١٢ شەهیدی  لە ڕادیۆی ئۆرمیە(رادیوی استان) بڵاو کردەوە  و جەنازەی ١٢ شەهیدیشی هێناوەتە نیزیک گوندی هەشتیان و لە گۆڕێکی بە کۆمەڵ دا بە بۆلدۆزێر خۆلی بە سەردا کردوون و هەتا ئێستاش ئیزنی نەداوە کەس سەری ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە هەڵبداتەوە.  بۆیە هەتا ئێستاشی لەگەل بێ بنەماڵەی  شەهید موزەفەر  هەر باوەڕیان نەکرد کە موزەفەر شەهید بووە.

موزەفەر لە ژێر بان و خانوو ڕووخاوێک دا بە جێ نەماوە کە ئەوە هاوڕێیانی شاهید ئەوە تەئکید دەکەنەوە. بەڵام دوژمن نە ناوی موزەفەری خوێندەوە، نە جەنازەکان ١٣ جەنازەن. بۆیە ئەو دوو هۆکارەش زیاتر گومانیان لای بنەماڵەی موزەفەر دروست کردبوو . بەتایبەتی دایک و بابی ڕەحمەتی کە قەتیان باوەر نەکرد و هەر چاوەڕێ بوون تا خەبەرێك لە زیندوومانەوەی موزەفەر ببیسن و بەداخەوە بەو حەسرەتەش سەریان نایەوە. من بە هاوڕێیەتیی کاک سەید محمد تاهیری و  (س) ئاخەر جار ساڵی ١٣٦٩ چوومە خزمەت  دایکی شەهید موزەفەر  و تەنانەت ئەوکاتیش هەر بە چاوی گریانەوە ئامادە نەبوو باوەڕ بە شەهید بوونی موزەفەر بکا.

هەواڵی شەهید بوونی موزەفەرم چۆن لە  “زەرێ” خانمی خوشکی شاردەوە؟

چەند ڕۆژێک دوای شەڕی جەتەر  نیوەڕۆیەک چوومە ژوورێک  و بە تەنها گوێمدابوویە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران. بە هۆی پاڕازیت دەنگ زۆر کز بوو. لەنەکاو زەرێ خانم خوشکی موزەفەر ( هاوژینی محـیەدینی ئامۆزام)  وەژوور کەوت و بە دوای ئەویش دا دایکم .  بیستبوومان کە موزەفەر شەهید بووە بەڵام تەواو ڕوون نەبوو و زەرێ نەیبڤتسبوو کە خەبەری شەهید بوونی ومزەفەر هەیە. کاتێک کۆتایی هەواڵی شەڕە بەناوبانگەکە هات و ناوی ١٤ شەهیدی خوێندەوە، موزەفەر نەفەری ٧، یان ٨ بوو. دەنگی ڕادیۆم  تەواو کز کردبوو . هەرکە گوتی موزە… زوو دەستمدایە دوکمەی ڕادیۆ و نەمهێشت هەموو ناوەکەی بخوێنێ.  وەک ئەوەی دەنگی  ڕادیۆ تێکچوو. زەرێ خانم هەستێکی کرد و گوتی چی بوو کاووس؟ گوتم پارازیت کەوتە سەری. تازە هەر ئەمسەر و ئەوسەرم بە ڕادیۆ کرد و گوتم تێکچوو.

دوایە بۆ ئەوەی زەرێ خانم وەشک نەکەوێ ،گوتم ئێوارێ دەنگی باشە و گوێ دەگرم. کە زەرێ بە نیگەرانی یەوە ڕۆی، بەدایکمم گوت ڕاستە موزەفەر شەهید بووە . ئەوەبوو ئێوارەکەی هەر ڕادیۆم نەگرت و ڕۆژی دوایی نازانم چۆن بە زەرێ گوترا کە موزەفەر شەهید بووە و  چوونە ماڵە مام محمد لە جووجەهی  بۆ شینی موزەفەر؟

 یادی شەهید موزەفەر بەخێر و ڕێگای خەباتی پڕ ڕێبوار بێ

تێبێنی:  خوێنەرانی هێژا، کاتی خۆی ژیاننامەی هەردوو شەهید بۆ ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران نووسراوە و بڵاو بوونەتەوە، بۆیە ئەم نووسینەم تەنیا وەبیرهێنانەوەیەکە و نەک ژیان نامەی ئەو دوو قارەمانە گیان بەختکردووەی دێموکرات.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی