"an independent online kurdish website

رۆژی  هەشتی هەشتی ١٣٦٣ی هەتاوی بوو . من ئەودەم لەگەڵ بنەماڵەکەم لە گوندی شێلمجاران لە ناوچەی لاجانی سەر بە شاری پیرانشار دەژیام . کچێکی مێرمناڵ بووم و تازە پۆلی پێنجی سەرەتاییم تەواو کردبوو.

بەداخەوە بەهۆی ئەوەی دێیەکە (شێلمجاڕان) پلەی راهنمایی لێ نەبوو منیش  بە ناچاری لە مەکتەب دابرا بووم. باوکم و برایەکەکمان تازە لە دەست دابوون و بە هیچ شێوەیەک دایکم نەیدەتوانی بمنێرێتە شار و هەلی خوێندنی زیاترم بۆ برەخسێنێ هەر چەند دەیزانی چەندم حەز لە خوێندن بوو …

نەنکم بە میوانی هاتبوو بۆ لامان و ئەوەش وای کرد بوو کە زۆر دڵتەنگی دەرس و مەدرەسە نەبم. نەنە روحی شاد بێ زۆر قسە خۆش و خۆش مەشرەف بوو، هێندە مەتەڵ و چیرۆکی خۆشی بۆ دەگێراینەوە کە نەیدەهێشت وەرەز بین. دەبێ ئەوەش بڵێم کە زووش تورە دەبوو  بەڵام یەک دەقیقە دواتر پەشیمان دەبۆوە  هێندەی خۆ بە قوربان دەکردی و شۆخی دەکرد کە دڵت چاک دەبۆوە و پێدەکەنی.

شەوی حەوتی خەزەڵوەر ‌پێشمەرگەکانی هێزی ئاوارەی  حیزبی دێمۆکڕات هاتبوونە ناو ئاوایی  کە  چەند کادر و پێشمەرگەش هاتن و سەردانێکی کورتی ئێمەشیان کرد  و رۆیشتن. ئێمەش پێمان وابوو کە هەر ئەو چەند کەسەنە و لە دێ وەدەر کەوتوونە و نەماونەتەوە.

بەیانی زوو هەر وەک هەمیشە دایکم روحی شاد بێ،  هەستا بوو و چوبوو بۆ کانی تا نوێژی بەیانی بکات کە پێشمەرگەیەک لە بەر دەرگا پێی دەڵێت برۆوە ژورێ  ئێستا دەبێتە شەڕ و بۆخۆشی دەگەڵ دایکم خۆی دەژورێ هاویشتبوو. دایکم هاتە ژورێ و هەڵیستاندین، (هەستن زو بن پاسدار دەورەی دێیان داوە وپێشمەرگەش دە دێی دان) دەتگوت برق گرتمانی هەموو قیت بوینەوە، پاتۆڵمان هەڵکێشا و خۆمان گورج دەکرد کە تەقەیەکی زۆر تووند دەستی پێکرد. نەنکم دە نوێژێ دابوو زوو تەواوی کرد و گوتی چ بکەین. پێشمەرگەکە سەری دەژورێ نا و گوتی هەڵتستاندن پورێ؟ دایکم گوتی: ئەمە هەستاوین رۆلە ئەتۆ چەند کەست دەگەڵە؟ ناکا لە پێشمەرگەکان هەڵبڕاوی؟ پێشمەرگەکەش بە هێمنی گوتی: لە سەرخۆ بن مەترسێن زۆرین زۆر، لە فەرماندە هێز و سەرلک، سەر پەل و بەرپرسی کۆمیتە را هەتا دەگاتە کادر و پێشمەرگە، ئەنگۆ هەر بە قسەم بکەن و مەیەنە دەرێ. دایکم قسەکەی لێ بڕی و گوتی: دەبڕو لای برادەرەکانت دەنا، ئەدی بۆ لێرەی، نا نا راوەستە دایکم هەڵات بۆ لای کاسەی نانی و کوپەی پەنیری کە لە پاشخانەی بوو، چوار نان و چەنگێک پەنیری دە نایلۆنێکی کرد و دەبەر پشتێندەکەی خۆی نا، هەموو نان و پەنیرەکەی دیشی دە سەرشیلکەی وەر پێچا و گرێی لێ دا  و تۆنگە ئاویک پڕ لە پاشخانەی داندرابوو بۆ چای بەیانی کە ئەویشی هەڵ گرت و دەگەڵ  نان و پەنیرەکەی دای بە پێشمەرگەکەی و گوتی: دە هەستە برۆ جا زووبە دەی  بڕۆ لای برادەرەکانت. لەو کاتەدا  لە دەرگایان دا و شتێکیان  گوت  پێشمەرگەکە دەرگای کردەوە و دوو سێیەکی تر خۆیان دە ژورێ هاویشت. یەکیان پاچێکی پێ بوو.  هێندە دەترسام دەتگوت ئەوە لە نێو بەفرێ دام و هەڵ دەلەرزم  ددانم ددانی نەدەگرت. تۆپێک لە داڵانی ماڵەکەمان وەعەرزی کەوت، شوشەی پەنجەرەی رژانە دە ژورێ، ئەی دەتگوت کەڕ بووین. دایکم و نەنکم من و خوشکەکانمیان دەنێوە خۆیان گرتبوو  و هاواری خودا و پێغەمبەرێیان دەکرد، بڕوام پێ بکەن نەمان دەوێرا بشقیژێنین.

پێشمەرگەکان بانگی دایکمیان کرد و گوتیان وەرن زوبن دادە گیان دەی دەی، کە چووین بۆ پاشخانەکە دیوارەکەیان کون کرد بوو ،کونێکی بچوک یەک یەک بەرێیان کردین بۆ ئەو دیو کە تەویلەی ماڵی دراوسێمان بوو. زۆر  تاریک و بۆنی تەویلەش ناخۆش بوو.  پێشمەرگەکان عەلەتریکێکیان پێ بوو کەلێنێکی وشک و برێک دوور لە ماڵاتەکانیان بۆ دەستنیشان کردین کە لێی دانیشێن، ئەو جار بەپەلە دیواری تەویلەشیان کون کرد کە بە مدبەقی جیرانەکەمانەوە بوو.  بنەماڵەی ئەوانیش هاتن بۆ تەویلەکەی. پێیان وتین لێرە دانیشن و مەبزوون ئەمەش ئەوە لە سەربانی ئاگامان لێتانە هیچ مەترسێن هانێ با ئەو ئاوەش هەر لە لای خۆتان بێت ئێمە قومقومەمان هەیە. کە رۆیشتن هەموو وڵات تاریک بوو …

نازانم پێشمەرگەکان چییان پێ بوو، بیکەیسی یا قەنناسە لە سەربانی دایان بەستبوو و دەستیان کرد بە شەرێ. کە دەڵێم شەر یانی بە تەواوی مانا شەڕ، دەتگوت رۆژی حەشرێیە، دەنگی تۆپ و تفەنگ هەر نەدە‌پساوە، هۆڕە هۆری مانگاکانی دراوسێمان و قیژە و گریانی ژن و منداڵە بچوکەکانی، دوویان هاو تەمەنی من و دووشیان سێ و پێنج ساڵان دەبوون، گوێی هەموومانی تەزاندبوو،  دوای دەمێک بۆنی تەویلە، تاریکی و ترس حالی زۆر خراپ کردم. دڵم لە ژێڵلا دەهات  ئارەقەم کردبوو هەناسەم پێ هەڵنەدەکێشرا خوشکی گەورم دەرگای تەویلەکەی کردەوە  کەمێک هەوای تازە بێت کە لە سەربانی را لێی تورە بوون گوتیان مەیەنە دەرێ دوایە پێشمەرکەیەک  هات بۆ لامان  و بە ‌پێکەنینەوە  گوتی: بەو ئاگربارانەی ئەوە کێیە خۆی بەکوشت دەدات. نەنکم کە سەری منی لەسەر لاقی خۆی دانابوو بە دامێنی کراسەکەشی باوەشێنی دەکردم زۆر بەتورەی گوتی: جا سەگباب خۆ هەموو خەڵکی هەر بە کوشت دەدەن ئەورۆ. برێکی ئاو دامێ و برێکیشی بە دەم و چاوم داکرد  دیسان روی دە پێشمەرگەکەی کرد و گوتی: ئەوە بۆ راوەستاوی چاوم ڵێ دەکەی بەو غەوسەی زیارتم کردوە  چدیکەم ئەو عەلەتریکەی تێ گری هەموو قالبت دەشکێنم بەو گۆچانەی.

دایکم کە لە تەنیشت من و نەنە دانیشتبوو و خوشکە چووکەکەم دەکۆشی دا دانیشتبوو و هەر دوعای دەکردن (خودایە هاوار بیکەی بۆ خاتری پێغەمبەری، بۆ خاتری مەلائیکەی عەرزو ئاسمانێ ، بۆ خاتری چل سوارەی غەیبێ خودایە گیان هاوار خدری زندە ئاگای ڵێو بێت پێشمەرگە . خودایە پاسدار کوێر بن گۆج بن زەفەرێ نەبەن). زانی‌ پێشمەرگەکە نیگەرانی منە گوتی: هیچ نییە رۆڵە گیان کچەکەم (کە مەبەستی من بوو)  هەر ترساوە دەنا نە گەشکەی لە سەرە و نە نەخۆشیشە.گرمەی تۆپێک کە زۆر نیزیک بوو  عەرزوو سەربانی لاژاندەوە  نەنکم دوو جنێوی بە پێشمەرگەکانی سەربانێ دا کە بۆ لێرەنە و ناچنە جێیەکی دی  دوایەش دەستیکردە بە دوعا کردن و ئایەتەلکورسی خوێندن  هەر وەک دایکم.

درێژەی هەیە

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 2، چرۆ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی