"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان لە لایەکەی دیکەی داڵانیشەوە کونێکی دیکەیان دە تەویلەکەی کە ئێمەی لێ بووین کرد. ئەوەش وای کرد هەم تۆزێک رووناکتر و هەم بۆن و هەڵمی تەویلەکەی کەمتر بێت  منیش تەنگە نەفەسێکەم باشتر بوو  بەڵام دەنگی تەقەکە سەری تەزاند بووین.

نازانم سەعات چەند و کێ بوو کە دەنگی بڵیندگۆی مزگەوت رەسەر دەنگی تەقە و شەر کەوت. وتی: سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی دێموکرات‌ و خەڵکی خۆراگری شێلمجاران، مەترسێن ڕۆڵەکانتان وەک کێو خۆڕاگرن نەیانهێشتووە یەک جاش و پاسدار بێت بۆ ناو ئاوایی، بژین رێبوارانی رێگای قازی محەمەد، محەمەد شیرێژ‌، قادر ئیفتیخاری و شەهیدی نوێمان  کاک رەحمانی سۆفیزادە کە تەنیا دوو مانگە شەهید بووە، دەبەر دەست و تفەنگ و دەمرم ئەوڕۆ رۆژی تۆلەیە. کوردستانمان دەکەین بە گۆڕستانی دوژمنانی گەلی کورد. یەکی دیش قسەی دەکرد بەڵام لەبەر سرود خوێندنەوەی پێشمەرگەکانی سەر سەربان گوێمان لێ نەدەبوو. ئەوان هەر وا قسەیان دەکرد کە ئاگرباران  سەد بەرابەر تووندتر  بوو لە پێشێ.

پێویستە بڵێم کە ئەو دەم بنەماڵەی ۺەهید رەحمان سۆفیزادە، محەمەد شیرێژ و خزمەکانی کاک قادر ئیفتیخاری لە شێلم جاڔان دەژیان. دیارە زۆربەی بنەماڵەکان کور یان خزمی نیزێکیان پێشمەرگە بوون .

پیاوەکەی جیرانمان جارێک بە هاوکاری پێشمەرکەکان توانی ئاوێ بێنێت و بیدات بە مانگاکانی‌ و جارێکیش چوو  لە ژورەکەیان را پێڵاو و هێندێک شتی بۆ منالەکانی هێنا.

شەر هێند گەرم ببوو کە ئیتر هیچکەس گوێی لە قسەی ئەویتر نەدەبوو، لەپڕ هێلیکۆپتێر هاتنە سەر دێ دەستیان کرد بە لێدانی دێ و ئێمە نەمان دەزانی لە دەرێ چ خەبەرە.  سەربان قرچە قرچی دەهات  بەو  ئەسلەحەیەی کە پێشمەرگەکان تەقەیان پێ دەکرد، ویزەی گوللەمان گوێ لێ دەبوو، هەمومان گوێچکەمان گرتبوون و دەمان قیژاند. گەورەکان هەمویان شادە و ئیمانیان دەهێنا من وەک خۆم لە سنوری ترس تێپەری بووم و خۆم بۆ مردن حازر کردبوو، چاوەروان بووم تۆپی دواتر یان گوللەی دواتر وە من کەوێت. لە دڵی خۆم دا نەخشەم دەکێشا کە وێم کەوت بە غیرەت بم نەقیژێنم با دایکم و نەنە و دادم زۆر نارەحەت نەبن. دوو جار دایکم ماچ کرد و تووند دەستی نەنەم گرت دە دڵی خۆم دا دەمگوت خوداحافیز. دایکم کێشایمە پێش خۆی،  من و خوشکە بچوکەکەمی تووند بە خۆیەوە گوشی. دەتگوت هەست و مێشکی خوێندمەوە.

لەپڕ پێشمەرگەیەک بنەماڵەیەکی دیکەی بە شین و گریان هینا لای ئێمە و گوتی: تۆ‌پیان وە ماڵێ کەوتووە. ژنی ماڵەکە برای پێشمەرگە بوو و لە شەرەکەش دا بوو. ناتوانم بڵێم ئەو خوشکە چی دەکرد لەتاو ئەو برایە. دەتگوت پۆلوت لەژێر داناوە هەر نەیدەتوانی لەجێی خۆی دانیشێت یان یەک دەقیقە بێدەنگ بێت. هێندەی خۆ راژاند و لە خۆی دا  تا دایکم بەسەری دا قیژاند و دەستی گرت،  رۆڵە هەموومان رۆژێک بووینە و رۆژێک دەمرین، چوزانی ئەتۆ پێشی کاکەی نامری، دوعای بە خێری بۆ دەکەین بەڵکوو ئینشااللە خودا بیپارێزێت دەگەڵ هەموو برادەرەکانی. قسەکانی دایکم کاریگر بوون تۆزێک ئارام بۆوە بەڵام هەر دەمێکی کورت.

هەروەک باسم کرد پێشمەرگەکان دیواری ماڵەکانیان کون کردبوو بۆیە ماڵەکان وەک تونێل پێک وەسڵ ببوون، پێشمەرگەکان پێویست نەبوو کە بچنە کۆڵان، هەر بەو تونێلە دا هاتوو چۆیان دەکرد. ئێمەشیان ئیزن نەنەدا کە بروین بۆ شوێنێکی ترهەر بۆیەش نەنکم لێیان تورە دەبوو و جنێوی پێدەدان. لەو شەرە قورسەدا پێشمەرگەکان دەهاتن سەریان لێ دەداین و دڵخۆشیان دەداینەوە بە تایبەت خوشکی هاورێکەیان و دڵنییایان دەکرد کە براکەی سەلامەتە. (دادە وەڵاهی  م. لە من ساغ و سڵامەتترە) رووی لە  نەنکم کرد وتی: نەنە ئێمەی فەقێر کەس لێمان ناپرسێ ئەتوش لێمان توڕەی. خۆ روحییەیان هێندە بەرز بوو دەت گوت ئەوە فیلم بازی دەکەن و هەر لە شەر دا نین نە تۆپ دێت و نە گوللە، ئێمە ژن، پیاو، گەورە و بچووک تفمان دە زاری دا وشک ببوو ئەوان سرود و شێعری شۆڕشگێڕیان دەخوێندەوە، بەڵێنی سەرکەوتیان دەدا و دڵ خۆشیان دەداینەوەکە هیچ نابێت.

هەتا ئەوان لە لامان دادەنیشتن بەراستی منیش بە غیرەت دەبووم، نەدەلەرزیم، دەستم لە گوێم دەکردەوە و دەموێرا چاوم هەڵێنم و چاو لە دەورو بەرم کەم. هەر کە دەرۆیشتن هەموو شتێک دیسان دەگەرایەوە ئەو پەڕی خراپی خۆی، کات نەدەرۆیشت بێزار ببووم لە دانیشتن، قاچم، پشتم، سەرم، هەموو گیانم دێشا و دەشم زانی حاڵی هەمواون وەک منە و هیچ حەقی گلەییم نییە. تەنیا گریانم پێ مابوو.

شەڕ کە تاریک و روونی بەیانی دەستی پێ کردبوو  کاتی بوڵێڵ داهاتنی هێوارێش وردە وردە کەم بۆوە. پێشمەرگەکانی کە لە دەوروو بەری ئێمە بوون هاتن  بۆ لامان و گوتیان ئەوە تاریک دادێت و ئێمە لە دێ دەرۆین.  یەکێکیان سپاسی دایکمی کرد و وتی نان و پەنیرەکەتمان زۆر پێ خۆش بوو،  بەشی ئێمەی کرد و داومانە بە برادەرەکانی دیش.  ئەو جار روی لە نەنکم کرد و خۆی کرد بە مەنگوڕ و گوتی: جا نەنکێ گیان دەبەر ئەوان چاوانت دەمرم ئەگەر حەجەمەکانیش هاتن هێندەی ئێمەیان جنێوان بدەیە چاکە خەی؟ دو گۆچانانیش لە رەئیسێ دە کە ئەورۆکە سەریان هێشاندین وەنا نەنە؟  نەنکم‌گوتی: کوڕە وەرە  بە باوەت دەبەر مرم خۆ ئەنگۆ هیچ و لێ هاتبا ئەمن هەر دەمردم لە تاوان. رۆلە تۆ خودا گەردنم ئازاد کەن رۆژی ئەورۆ هەر پێم کرا بوو بژێرم بزانم هەموو تەواون  لە باتی دایکی هەمووتان هەر دوعام بۆ کردون و ئایەتەلکورسیم  بە سەردا خوێندونە. نەنە و دەسەر گەڕێ بەڵام کوری سەی جارێکی دی لە نێو ماڵان نەمێننەوە ها ئەوە پێو دەڵێم!. پێشمەرگەکانی تر تێکرا لە قاقای پێکەنینێیان دا و ئێمەش بۆ یەکەم جار ئەو رۆژەی دەگەڵ پێشمەرگەکان پێکەنین. یەکیان گوتی: خۆ نەنە لە شێنەییش دا هەر جنێومان دەداتێ  نۆکەری نەنەی دەبین بەڵام دەبێ برۆین. دایکم نان و پەنیرەکەی بەیانی دەبەر پشتێندەکەی نابوو دەری هێنا و دای بە پێشمەرگەکان بەڵام لێیان وەرنەگرت و گوتیان ئەوجار شەر خڵاس بووە ئەنگۆش برسیتان دەبێ .

درێژەی هەیە

بابەتی پەیوەندی دار:

شەڕی شێلمجاڕان لە نێوان حدکا و جاش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەشی 1، چرۆ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی