کەوتمە بیری ئەو شێعرە فارسیەی کە دەڵێ:(اگربینی کە نابینا وچاە است ــ اگر خاموش بنشینی گناە است.) هەر چەند باوەڕم وایە ئەوانەی کە بـە ئەنقەست یان بـۆ مەبـەست بەرەو چاڵاو دەڕۆن لـێـیـان گەڕێی با تێکەون و خەڵکیتر بەلاڕێدا نەبەن.
وەک ئـاگـادارن گەلی کـورد زۆریـنەی خاوەنی بـڕوا و ئـیـمانـە مـخابـن قورسترین و زۆرترین خەسار و زیانی کوردان، هەر لە ژێر ناوی ئیسلام و بەدەستی موسوڵمانانە. نمونەی هەرە زیندوشی لە بەر چاومانە. خومەینی فتوای جیهادی بـۆ دەرکردیـن، سـەدام حـوسێن شیمـیابـاران و ئەنفالی کردین، ئەردۆغان چلە زەیتون و دەیان فرتو فێلی دەگەڵ کردین. هـێندێک بـە نـاو مـەلا پەسنیان دەدەن و جـینایـەتـەکانـیان بـۆ ڕەشـەرعی دەخەن! بەوەش ڕانەوەستاون هەموو بۆنە نیشتمانی و نەوەییەکانمان لێ حەرام دەکەن !!
ئـەوەی منی هێنا سەر ئەو باوەڕە ئەوە بـوو کە گوێـم لـێ بوو هـێندێک بـە نـاو مەلای بەڵاڕیدا براو دەڵێن: جێژن تەنیا قوربان و ڕەمەزانن. جیژنی نەورۆز ئی کافر و ئاگرپەرستانە! زۆر بەداخم بۆ کەسایەتی و ناو و ناوبانگی مەلایەتی کە هێندێک بە ناڕەوا خۆی پێوە ڕادەنێن ئەو ئەرکە پیرۆزە دەکەنە گۆرانی و بۆ شاباش وەرگرتن لە ئاغاکانیان و بارە قەڵای لە خۆیان لاڕێبوتر ئەوەی دەیڵێن نایڵێنەوە. بەداخترم بۆ ئیسلام کە ئـەو جۆرە بە ناو ڕێبەرانە ئەوەیان بەسەر هێناوە، کە دوژمن و دژبەرانی بـۆیان نەکراوە. لـەوەش خراپتر ئـەو مامۆستایانەی لە مەسەلەکە حاڵین و دەزانن ئەوانە درۆ دەکەن و بێدەنگن و متەقیان لێنایە. ئەو پرسیارەش بەجێیە ئەرێ بۆ جێژنی نەورۆز تەنیا بۆ کوردان گوناح و تاوانە؟! با ئەوانە و هەموو خەڵکیتریش بـزانـن جێژنـەکانی قوربان و ڕەمەزان جێژنی موسوڵمانانن و جێی ڕێزن گومانی تێدانیە، بەڵام خۆ هەموو خەڵک و هەمو کوردیش موسوڵمان نین! نەورۆز بۆ کورد جێژنێکی نـەتـەوەیـی و وەبـیـرهـێـنەرەوەی ڕاپـەڕینی کاوەی ئـاسـنگەری نـوێـنەری چەوساوەکانە بە دژی زوحاک و خوێن مژان کە ئیستاش بە شێوەیتر خوێنی گەلەکەمان دەڕێژن و دەمژن. بەڕاستی بۆنەیەکی ئایینی نیە. بەڵام چونکە ئایینی ئیسلام شانازیەکەی ئەوەیە دژی زاڵم و خۆڕافی پەرستان ناردراوە بۆ کوردی چەوساوە بە ئەرکی ئایینیش قـبوڵ کراوە. کوردان بە دیندارو بـێـدیـنـەوە بـەڕێـوەی دەبـەن ـو بـە پـیـرۆزیـشی دەزانـن، جگە لـە دۆڕاو و خۆفرۆشەکان.
ئـاگری نـەورٶز بـۆ کوردان ڕونـاکیە لـە شەوەزەنگی زوڵـم و زۆرداریدا، تـاریک پـەرستان دەشڵـەژێنێ، گەرمـیەکەی نـیشاندەری بڵێسەی دەرونی زوڵم لێکراوانە کە سەرئەنجام داگیرکەران و دژە نەورۆزەکان دەسوتێنی. نیشانەی هەرمان و نەکوژانەوەیە. ڕۆژی شادی و خۆشی ئەویندارانی ئازادی و ڕزگاری کوردستان و کـوردستانیانە. ئـاگری نـەورۆز نـیشانـەی وەگەڕ کەوتـنـەوەی خەبـات و تـێکۆشان و بـەرەنگار بـونـەوەی سەرجەم دوژمنانە.
بەکورتی ئەوانەی بە ناوی دین یان هەر ناوێکیتر دژایەتی نەورۆز دەکەن و ناوو ناتۆرەی لێهەڵدەدەن، جیا لەوەی هەڵدێراون و لەکاروانی زانست و مەنتیق بە جێماون، لە زەلکاوی تێنەگەیشتویی و بەستراوەیی و بڕوا بە خۆ نەبوون دا خنکاون . بۆیە دووپاتی دەکەمەوە نەورۆز هیچ دژایەتیی دەگـەڵ دیـن نـیـە، بـەڵـکو دەسپـێکی دەرکەوتـن و نـیشانـدانی گـەورەیی دەسکرەکانی خوایە. مزگێنی دەری ژیانەوە و بوژانەوە و خەبات و تێکۆشانە بۆ ژیانێکی سەربەست وئازاد. ئەوەی بڕوای بەوە هەبێ کە خوای مەزن کوردی لە ناوەرۆکی ( یاایهاألناس و یاأیهاألموء منون ) هەڵناواردوە، کە وابوو مافی خۆیەتی بەشی هەبێ لە هەموو خێرو بێرێکی ئەو دنیایە. وەک چۆن هەموو خەڵکانی دنیایە جێژن و بـۆنەی تایبەت بە خۆیان هەیە، کوردیش ئەو بەشەی پێبڕاوە. ئەوەی لێرەدا بۆ تێڕامان دەبێ، ئەوەیە کە دژە نەورۆزلە کورد دروست کراوە!! نامەوێ بچمە ناو باسەکە بەقوڵی چونکە ( ئەوهەودایە سەرێکی درێژی هەیە و هەتا بیکێشی بەدویدادێ ) لێرەدا بەو جۆرە مەلایانە دەڵێم : بەڵگەی هەقانیەتی ئیسلام قورئـانـە کە نـیـزیکـەی ١٤٤٢سـاڵـە وەک خـۆی مـاوە و مـەشخـەڵی ڕۆنـاکی ڕێگای ئـیـمانـدارانـە بـەڵام دەبێ ئـەوەش قـبوڵ بکەیـن مـرۆڤـەکانی سـەرزەوی هەمویان بڕوایان پێی نیە و ئەوەش کە هەرچی بڕوای پێی نەبێ مەحکوم بە نەمانە! بەتەواوی غەلەت و دورە لە مەتیق و هەرکەس ئەوەی بەڕاست بزانێ نەزانە. لە سەردەمی پێغەمبەریشدا ئـیوا هەبـون بـروایان پێی نەبوو نەش دەکوژران.
مەلا دەبێ جێگە و پێگە و ڕادەی زانستی خۆی باش بزانێ و بـناسێ، دین خۆی چـرای ڕونـاکی و نـیشاندەری ڕاستە ڕێگایـە. هەمـوو دینەکان دەبێ ئەوە قبوڵ بکەن کە هەموو کەس بەتێکڕایی ئیمانی بە هیچکامیان نەهێناوە. بـە دەلێلی ئـەوەی خـوا فـەرمویە : { کردومن بەگەڵ وهۆز} کوردەکانیش هەمویان یەک گەل ویەک هۆزن. هەروەها پێغەمبەر فەرمـویە (جیاوازی بیرو بۆچونی ئۆمەت ڕەحمەتە ) ڕەحمەتیش بـۆ بەخـتەوەری مـرۆڤەکان دانراوە، نەک سەربڕین و کوشتن و سوتاندن. خواش قیامەتی بۆ لێپرسینەوە داناوە، پێمان دەڵێ: لە ڕۆژی جەزادا خۆم حیسابتان دەگەڵ دەکەم، کەس بۆی نیە ئەو دەسەڵاتەی خوا قۆرغ بکا و بـەدڵخوازی خۆی یەکێ کافـرو یەکیتر موسوڵمان بکا. دەگەڵ هەموی ئەوانە نـەورۆز جـێژنی کـوردانـە و بـۆ ئـیمانـدارەکانـیشـیان دوو جێژنانە.
دەبێ مامۆستایـان بـزانـن و بـەخەڵکیش بـڵێن: پـەرستن وخـۆش ویـستن جـیاوازن.زۆر شـت هـەیـە مـرۆڤ خۆشی دەوێێ بـەڵام نایپەرستێ. ئەم دنیایە و هەرچی تێیدایە خوا بۆ مرۆڤەکانی خەڵق کردوە. لێگەڕێن با لە نیعمەتەکانی بێبەش نەبن . جێژن و شادیش یەکێکن لەو نیعمەتانە کە خوا بە مرۆڤی داوە. بەس بۆنە نەتەوەیی و ئـایینیەکان بـفرۆشن . بـەس ببنە نۆکەر و بڵیندگۆی دوژمنان و داگیر کەران و کوردستان فرۆشان. ئەگەر دەزانن ڕاستیە خواییەکان بڵێن. ئەگەر نازانن بەچاوی بەستراو مرۆن، چونکە پێشتان ڕەوەزە و هەڵدەدێرە.
براتان مەلا برایمی مەجیدپور ١٤ خاکە لێووەی ٢٧٢١ کوردی
٣ /٤ / ٢٠٢١ زایینی