"an independent online kurdish website

فەرماندەریی و تایبەتمەندیەکانی فەرماندەر ، کە ڕەمز و جەوهەری سەرکەوتنن بۆ فەرماندەر لە ڕوانگەی سەربازییەو فەرماندەریی لێهاتوو ، ئاگادار لە زانست و پێشکەوتنەکانی رۆژ ئەندازیاری  فەلسەفەی سەرکەوتنه لە گۆرەپانی شەڕدا.

 ماهیەت و جەوهەری فەرماندەریی چیە؟

یەکێک لە پایە سەرەکیەکان و بەشێکی لێک گرێ دراوی هێزە چەکدارەکان، فرماندەریی یە و بۆ بەدەست هێنانی ئاکامێکی باش لە ئەرکە دیاری کراەکان و گەیشتن بە سەرکەوتن لە ناو هێزە سەربازیەکان دا، دەبێ فەرماندەرێیکی  شیاو و کارامە و خاوەن تەدبیر و تەگبیری هەبێ. لەم نووسینەم دا ، دەمەوێ لە روانگەی سەربازی یەوە و بە ئیلهام وەرگرتن لە فەرماندەرە سەرکەوتووەکان و زانستی نوێ ، شێوەی هەڵسوکەوت و رواڵەت ،

 لێ بڕاوی، زانستە تاکتیکی و تێکنیکیەکان ، زانایی و لێهاتوویی و ئازایەتی ، سەرنج بخەمە سەر تایبەتمەندیەکانی فەرماندەرەکان. گرینگترین پێناسە کە کەسێکی فەرماندەر دەبێ هەیبێ ، زانیاری یە . ئەم زانیاری و شوناسە ، ئەو کاتە دێتە دی کە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ، لە کەسایەتی فەرماندەکەدا هەبێ. فەرماندەر بە کەڵک وەرگرتن لەو ناسینە ، کەسانی بەردەستی خۆی بەرێوە دەبا. خوڵقاندنی خۆشی و دڵ گەرمی ، لە پێویستی یەکانی بەرێوەبردن و ئاراستە کردنی هێزەکەیەتی.

لەبەر ئەوەی دڵخۆشی و گەرم و گوڕیی ، تەنانەت زیاتر لە چەک و چۆڵ و کەرەسەی شەڕ و راهێنان و … بۆ بوونی ئەنگیزە و دروست کردنی رێک و پێکی و دیسیپلینێکی توند و پتەو ، بە مەبەستی گیان فیدایی لە پێناو ئامانجەکانی هێزە چەکدارەکان دا ، کاریگەر دەبێ. فەرماندەر بەبێ  لەبەرچاوگرتنی باری دەروونی تاکەکان، توانای بارهێنان، بەرزکردنەوەی ورە و ئاکارو ئەخلاقی هێزەکەی خۆی نابێ و قەت ناتوانێ بۆشایی گەورەی دوو لایەنی لەش ورەی وان پڕ بکاتەوە . بەرزیی ئەخلاق ، ئازایەتی، مەردایەتی و بەردەوامی ئەنگیزە ، کاتێک وەدی دێ کە هەوێنی سەرەکی کارەکە بوونی هەبێ و یەکەم هەنگاو بۆ قایم و پتەو بوون لە هێزەکەدا ، ناسینی روح و رەوانی خەڵکەکەیە و کەسانی ژێر فەرمانیش کە بزانن فەرماندەرەکەیان دەیان ناسێ و لە هەموو لایەنەکانی رۆحی و پێویستی یە دەروونیەکانیان تێ دەگا، ئەوکاتە بەتەواوەتی و بە شۆرو شۆقەوە ، مل کەچی فەرمانەکان دەبن.  دەبێ ئەوە بزانین کە هێزە چەکدارەکان لە ناوەندەکان دا، سێ دەستە و تاقمن. دەستەی یەکەم : ئەو کەسانەن کە حەزیان لە  کار و هەوڵ دانە.

دەستەی دووهەم : ئەو کەسانەن کە بەگوێرەی هەل و مەرج دەجووڵێنەوە .

دەستەی سێهەم : ئەوانەن کە هەوڵ دەدەن خۆیان لە کار بدزنەوە و کەسانێکی تر ئەرکەکانیان راپەڕێنن.

ئەگەر فەرماندەر لە ناو هێزەکەدا بتوانی چاوی لە دەستەی یەکەم بێ و بایەخی پێ دا و هەل و مەرجەکە بەو ئاقارەدا بەرێ ، دەستەی دووهەم کە زۆرینەن چاو لە دەستەی یەکەم دەکەن و ئەگەر نەتوانن لەو ئەرکەدا سەرکەوتووبن و تووشی شکست ببن ، دڵنیایی و متمانەی خۆیان لە گرووپەکەیان دا لەدەست دەدەن و هێزەکەیان ئەو هێزە ئامادە بۆ شەڕ و سەرکەوتووە نابێ.

لە درێژەی باسەکەدا بە کورتی ئاماژە بە چەند خاڵ دەکەم کە هیوادارم فەرماندەرە ئازا و دلێرەکان بە رەچاوکردنیان ، بتوانن هونەری فەرماندەیی لە خۆیان دا بەهێز بکەن.

١- هۆکار و ئەنگیزە ؛ ئەم تایبەتمەندیە بەهێزە لە ناو هەموو رێبەر و فەرماندەرەکانی مێژوو دا هەبووە و ناسازیەکانی رۆژگار ، قەت نەیتوانیوە کار بکاتە سەر کەم کردنەوەی.

٢- شارەزایی و لێ زانی لە پێوەندیەکان دا ؛ کەسێکی فەرماندە ، کاتێک ، سەرکەوتوو دەبێ کە توانای وتاردانی بەسوود و کارتێ کەری لە ناو ژێردەستەکانی دا هەبێ. دەبێ پەیام و مەبەستەکانی خۆی بە شێوەێیک بەیان بکا کە گوێگر لێی تێ بگا و لە بکارهێنانی دەستەواژەی ئاڵۆز گومان هێنەر خۆی بپارێزێ . بوونی شارەزایی لە پەیوەندیەکان دا ، هونەرێکە لە ئەرکی فەرماندەری دا ، دەورێکی بنەرەتی هەیە.

٣- خۆراگریی ؛ بە لەبەر چاوگرتنی  ئەوەی کە کەسێکی فەرماندەر، لە ماوەی خزمەتی خۆی دا تووشی ناخۆشی و تێ شکان ، بێ هیوایی و سەرکەوتنی جیاوازیش دەبێتەوە و هەر کام لەو رووداوانە گۆڕانکاری بنچینەیی یان لەسەر ورە و ئەنگیزەی  فەرمانبەرەکان و هێزەکان دەبێ ، کە وابوو فەرماندەری سەرکەوتوو کەسێکە کە بتوانێ  بەر لە دەست پێ کردنی گۆرانکاریە کان ، هێزەکەی خۆی ئامادە بکا و بۆ پاراستنی ورە و روحیەی خۆی لە هیچ هەوڵێک درێغی نەکا.

٤- ئارام گرتن و لەسەرخۆیی؛  ئارام گرتن و لەسەرخۆیی،  دەتوانی کلیلی سەرکەوتنی زۆربەی فەرماندەرە گەنجەکان بێ . کارێکی قورس و گرانە، بەڵام نەبوونی هاوسەنگی لە دەروونی فەرمەندەردا، دەتوانێ بۆ ژێردەستەکانی زیانبار بێ

 ٥-  زانایی و هەبوونی زانیاری؛ ئەو تایبەتمەندیەش بە بێ بوونی پێوەندی لەگەڵ ژێردەست ، چاوەدێری بەردەوام و بەراست و دروستی بە کارهێنان و سەرکەوتوانەی ناوەند ، بەردەست نابێت.

٦- راستی و پاکی؛ ئەگەر بێتوو فەرماندەرەکە بۆ خۆی راست و پاک بێ و جێی باوەری ژێردەستەکانی بێ ، ئەو کارە دەبێتە هۆی پەرەسەندن و پاراستنی پێوەندیەکان لە نێوان فەرمانبەرەکان و هێزەکان دا و گوێ رایەڵی و ڕایی کردنی فەرمانەکان بۆ ژێردەست ، باشتر و لە ئاکام دا فەرماندەریەکە کاریگەرتر دەبێ .

٧- دەست خۆشی لێ کردن لە کاتی خۆی دا؛ هەر وەک چۆن کە سزادانی نابەجێ ، کاریگەری پێچەوانەی هەیە، دەست خۆشی لێ کردنی نابەجێ و ناراستیش لە دابەزاندن  و رووخاندنی ورەی هێزەکە دا دەوری هەیە. دەست خۆشی لێ کردن دەبێ بە شێوەێیکی بەجێ بکرێ ، بۆ ئەوەی کەڵک دار و کاریگەر بێ . تەنانەت دەست خۆشی  لێ کردنی زارەکیش دەبێ بە شێوەێیکی شیاو بکرێت.

٨- هێزی پێش بینی کردنی رووداوەکان؛ بە ئاگادار بوون لە تایبەتمەندیەکان ، تواناکان، ئیمکانات ، روحیە و هەروەها ئاگادار بوونی تەواو لە یاسا و رێ و شوێنە کان ، فەرماندەر دەبێ هێزی پێش بینی رووداوەکانی هەبێت و لە کاتی خۆی دا بتوانێ پێش بینی زەرەر و زیانەکان بکا و پووچەلێان بکاتەوە .

٩- پیاوی کردار بوون؛ ئەو تایبەتمەندیە لە لایەنە نهێنیەکانی رێبەران و قارەمانانی مێژووە کە هەرچی بەقسە دەیڵێ بە کرداریش بیکات.

١٠- دابەش کردنی دەسەڵات و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی؛ زۆر جار فەرماندەر بە تەنیایی ناتوانێت ئەرکەکانی بەرێوە بەرێ لەبەر ئەوە بۆ کردنی کاری باشتر و دروست کردنی هەستی بەرپرسیارەتی و ورووژاندنی هەستی کاری هەرە وەزەیی ، دەبێ توانای دابەش کردنی دەسەلاتەکەی  هەبێ ، بەڵام ئاگای لەوە بێ کە بەرپرسیارەتی بەردەوام لە ئەستۆی فەرماندەرە و پشتگیری کردنی دروستی ژێردەستەکانی نابێ لەبیر بکات.

١١- ماندوویی نەناس بوون ؛ درێژماوە بوونی کاتی کارکردن و سەردانی کردنی زۆر بۆ چاوەدێری کردن ، دوو پێویستی بنەرەتی بۆ فەرماندەر دەژمێردرێن.

١٢- وردبینی ؛ فەرماندەر دەبێ لە بەرێوەبردنی  ناوەندەکەی خۆی بە سرنج و زۆر وردبین بێت. لە سەردانەکانی دا سەرەتا دەبێ سەرنجی لەسەر چارەسەری پێداویستی یەکانی شوێنی ژیانی هێزەکەی، بێ و لە چالاکی و بریاردان دا بەوردی بجووڵێتەوە.

١٣- پشت بەخۆبەستن؛ پشت بەخۆ بەستن ، یەکێک لە تایبەتمەندیە هاوبەش و گرینگەکانی فەرماندەرەکانە و فەرماندەر نابێ لە مەیدانە مەترسی دارەکان دا کە هەموو چاوەکان لەسەر ئەون ، هەست بە ترس بکات، هەڵە و شکانەکان نابێ ، کاریگەری خەراپی لەسەر روحییەی ئەو بێ و بە دەرس وەرگرتن لە هەڵە و شکانەکان پشت بەخۆبەستنی خۆی لەدەست نەدات.

١٤- ئەرک ناسی و گوێ رایەڵی باڵادەست تر لە خۆێ؛ فەرماندەری سەرکەوتوو و ئەرک ناس ، خاوەنی ویژدانی کاری و کۆنترۆڵ کردنی خۆیەتی کە سەرەڕای  بوونی  روحییەی گوێ رایەڵی لە باڵاتر لە خۆی ، ویستی دەروونی ئەو بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی بە باشی ، لە زاتی دا هەیە.

١٥- سەقامگیری ؛ فەرماندەرێکی باش شان دەداتە بەر گیروگرفت و فشارە دەروونیەکان و دەبێ بە گەشە کردنی رەوان ناسی هێزی خۆگونجاندن لەگەڵ کێشە و گرفتەکان ، خۆی ئامادە بکات. سەرەرای تایبەتمەندیەکانی سەرەوە ، کەسێکی فەرماندە دەبێ ، پاڵ پشت و راوێژکارێکی باش بێت بۆ ژێردەستەکانی  و ژێردەست وەک سیمبولێک لێی بروانێت. ئەوشتەی کە فەرماندەرێک بۆ پێش خستنی ئامانجەکانی پێویستی پێیەتی، لە پێش دا بەجێ گەیاندنی ئەرکەکان و هەبوونی باوەری قووڵ بە رێک و پێکی و دیسیپلینە کە هۆی سەرەکی لە هەموو بوارەکان دایە . کەوابوو ئامادەیی مەیدانی کاتێک دەبێ کە رێک و پێکی سەقامگیری بە باشی لە ئارا دابێ و دواتر زەمینەکانی فێرکردن و پاراستن و هی تر فەراهەم بکرێت.

بایەخ و ئاڵۆزیی هونەری فەرماندەریی ؛

لە زۆر ڕووەوە، کاری فەرماندەرێکی سەربازی و بەڕێوەبەری دامەزراوەیێکی شارستانی، وەک یەک دەچن ؛ بەڵام بەگشتی لە سێ ڕووەوە جیاوازییان لە نێواندا هەیە:

 ١ـ دەسەڵاتی بەرفراوان و فەرمانکەرانە .

٢- زاڵبوونی تەواوەتی بەسەر ژێردەستاندا .

 ٣ـ  سەرنج دانی زۆر بە ئاراستەکردن و کۆنتڕۆڵ کردن ، لە لایەنە جیاکەرەوەکانی نێوان فەرماندەر و بەڕێوەبەرێکی ئاسایین . دەبێ لەوە تێبگەین کە بایەخی دیار و بەرچاوی هونەری فەرماندەریی لەبەر ئاڵۆزیەکەیەتی. ئاڵۆزیەکانی بریتین لە: زۆریی گۆڕانکاریەکان، چۆنیەتی گۆڕانکاریەکان، دووپات بوونەوەی ڕووداوەکان و بابەتەکانی بڕیاردان و دیاری کراوبوونی کات

 

فەرماندەریی: باسی زۆر لەسەر ئەم وشەیە هەیە. هەموو باسەکان لە دوو تەوەردا هاوبەشن؛ بەئەنجام گەیاندنی پێ سپێردراوێک  و زاڵبوونی فەرماندەرێک بەسەر کەسێک یان تاقمێکدا.  بە تێکەڵ کردنی ئەم دوو تەوەرە هاوبەشە لەگەڵ یەکتر، دەکرێ بەم شیوە باسی فەرماندەری سەربازی بکەین: کاریگەریی و قسەڕۆیی بەسەر تاکەکاندا بەجۆرێک کە ئەوان دەبێ ئەرکە پێ سپێردراوەکانیان بەجێ بگەیێنن. فەرماندەرێک دەبێ لانیکەم دوو دەوری هەبێ؛ ئەو دەبێ لە یەک کاتدا هەم فەرماندەر و هەم بەڕێوەبەرێکی باشیش بێ . بێتوو لە کاتی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ژێردەستانی دا، دەسەڵاتەکانی خۆی بە باشی نەسەپێنێ، ناتوانێ لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێ و بە شێوەیێکی  شیاو کەرەسە و چەک و چۆڵی هێزەکەی بەڕێوە ببات و بێ گومان ناشتوانێ  بۆ جێبەجێ کردنی پێ سپێردراوە ڕێکخراوەییەکان، بیانخاتە  ژێر ڕکێفی خۆیەوە . کەسێکی فەرماندەر نابێ بە تەنیا ڕێ وشوێنەکانی ڕێبەری کردن لەبەرچاو بگرێ بەڵکوو دەبێ لە هۆکار و چۆنیەتی هەڵس و کەوتی هێزەکانی ژێرفەرمانی بە باشی تێبگا .

 

 شێوەی هەڵسوکەوت وسیما وڕواڵەت: ڕواڵەتی کەسێکی فەرماندەر بریتییە لە  سیمای دیار و بەرچاوی ئەو. شێوەی هەڵسوکەوت و ڕاوەستان و ئاکاری تایبەتی ئەو سیمای فەرماندەرێکی ستاندارد دەردەخات  کە کار دەکاتە سەر ژێردەست و هاوپلە و باڵادەستەکانی. شێوەی ڕاوەستانی دەبێ ڕێک و قنج بێ. بەرگ و پۆشاک و کەل و پەل و دەرکەوتنی فەرماندەر دەبێ ببێتە سەرمەشقی کەسانی تر . شێوەی ئاکار و دەرکەوتنی ئەو دەبێ ڕێنوێنی و وشیاری ، گورو تین، توانا و باوەڕبەخۆبوونی ئەو بێ . لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵ کردنی دەنگ جووڵەی دەستیەوە، دەتوانێ قورسایی و سەنگینی خۆی نیشانی دەور و بەرەکەی بدا .  باوەڕبەخۆبوون و هێمنایەتی فەرماندەر لەگەڵ ئاگاداربوونی بەتەواوەتی ئەو لە دۆخەکە و خۆ بەدوورگرتن لە ڕەنگدانەوەی مەترسیەکان، لەو هۆکارانەن کە ورەی هێزەکان دەبەنە سەر . کرداری نەشیاو ، تووڕەیی بەردەوام و قسەی سووک، هەموویان نیشانەی کۆنتڕۆڵ بەسەرخۆدانەبوون و بێ ئەدەبیی فەرماندەرن .فەرماندەرێک کە  خۆی پێ کۆنتڕۆڵ نەکرێ، چۆن چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێ  کە بتوانێ خەڵکی تر کۆنتڕۆڵ بکا . بەکارهێنان و کەڵک وەرگرتن لە وشەی ناشیرین و سووک و ڕووشکێن کردنی ژێردەستەکان بەتایبەت لە کاتی فەرمان پێکردن دا، بێجگە لە نەحەواوەیی و تەنانەت دژایەتی کردن و سەرپێچی کردن لە فەرمانەکان، بەرهەمێکی دیکەی نابێ .

 

تایبەتمەندیەکانی فەرماندەری لە ڕوانگەی سەربازییەوە بریتین لە ؛

 

١- بیری زانستی و تێگەیشتن لە فەرمان

٢- چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن و دەرکەوتن

 ٣ـ ئازایەتی

 ٤ـ دڵنیایی دەر

 ٥ـ هێمن و لەسەرخۆ بێ

٦ـ تامەزرۆی کارکردن

 ٧ـ ڕاستگۆیی و پاکی

٨ـ خاوەن تێگەیشتوویی

٩ـ دادگەر

١٠ـ خاوەن زانیاری

 ١١ـ ئەمەکدار بێ ( بە ئەمەک)

 ١٢ـ دڵ ڕاگر

١٣ـ خۆ بە زل نەزان

١٤ـ داهێنەر بێ

١٥ـ نهێنی پارێز

١٦ـ دژمن بناسێ

١٧ـ تاکتیک بەکاربێنێ

 ١٨ـ ئاگاداری  زانست و پێشکەوتنەکانی ڕۆژ بێ

 ١٩ـ لەخۆبردوو بێ

 ٢٠ـ گەڵاڵەداڕێژ بێ

 ٢١ـ ڕێکخەر بێ

 ٢٢ـ بڕیاردەر بێ

 ٢٣ـ دەستپێشخەر و هاندەر بۆ داهێنان بێت

 ٢٤ـ هاودەنگی و کۆنتڕۆڵی هەبێ

 ٢٥ـ بەرهەمی کارەکەی بزانێ

 ۲۶- نەزم و دیسیپلینی هەبێ

 ٢٧- لێبراو بێت

 ٢٨- فیداکار و بەبڕشت بێ

 

هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی کە باسم کردن رەمزو و جەوهەری سەرکەوتنن بۆ فەرماندەر لە ڕوانگەی سەربازییەوە ، بەتایبەتی لە گۆرەپانی شەڕدا.

 

ئەو ڕێکارانەی ڕێ و شوێنەکانی فەرماندەریی بەیان دەکەن ئەوانەن ؛

 

١ـ خۆی بناسێ و لە پێناو پێشکەوتن و باشترکردنی خۆی دا، لە هەوڵ دا بێ

 ٢ـ لە باری تێکنیکی و تاکتیکییەوە شارەزایی پێویست پەیدا بکات

 ٣ـ بەرپرسیارەتی هەڵگرێ و هەست بە بەرپرسیارەتی بکا

 ٤ـ لە بڕیاردان دا بەبڕشت بێ

 ٥ـ پێداویستیەکانی هێزەکەی خۆی ببنێ و زەمینەی ئاسایشی ئەوان ساز بکا

٦ـ دڵنیا بێ لەوەی کە ئەرکە پێ سپێردراوەکەیان جێبەجێ کراوە

 ٧ـ هەستی بەرپرسیارەتی هەڵگرتن لە ناو ژێردەستەکانی خۆی دا بەهێز بکات

 ٨ـ کاریگەریی تاکەکانی ناو هێزەکەی، بەپێی تواناکانیان هەڵسەنگێنێ

 ٩- نەزم و دیسیپلین لە ناو هێزەکەی نەهادینە بکا کە ئەسلێکە بۆ فەرماندەریی

 

هەروەها توانای فیکری و زانستیی، هێزی تێگەیشتن و ئەزموون و شیکردنەوەی بابەت و گرفتەکان، وردبوونەوە، کۆنتڕۆڵی چاودێری کردنی کاروباری ژێردەستەکانی، ئارام گرتن و پشوودرێژیی، توانایهەڵگرتنی قورسایی کار و لەسەرخۆیی لە بەرامبەر تاکەکان و ناخۆشیەکان، هەرکامەیان  بەتەنیایی لە هۆکارەکانی سەرکەوتن و دەرخەری پێشکەوتن و سەرکەوتنی فەرماندەرێکی کارزان و بە مشوورە .

 

لە کۆتایی دا؛

کاتی خۆی که  لە دانشکەدە  بووم  مامۆستایەکم هەبوو دەرسی { ئوسول مدیریت }ی دەکوت، ئەو مامۆستایە  لە دانشکەدە بە ئوستاد فازل  مەنشوور بوو، ئوستاد فازل زۆرجار لە کلاسەکان بەراوردی مدیرێکی شایستەو فەرماندەرێکی سەرکەوتووی دەکرد و دەیکوت ؛ ئاگادر بن چ وەک مدیر چ وەک فەرماندەر ، ژێردەستەکانتان دەبێ  ئەوەندە بزانن { مەعلوماتیان هەبێ} کە پێویستە بیزانن نەک زیاتر، ئەگەر ئەو ئەسلە رەچاو نەکەن ناتوانن ببن بە  مدیرێکی شایستە یان فەرماندەرێکی سەرکەوتوو.

بۆ فایلەکە لێرە کلیک بک

فەرماندەیی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی