"an independent online kurdish website

لە پێشدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی حیزب و گەلەکەمان بەگشتی وبەتایبەت ڕووحی بەرزی هاوڕێ کاک لوقمان میهفەر، ئەندام و کادری بەوەجی ڕێبەرایەتی حیزبە تێکۆشەرەکەمان،

کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا ماڵاوایی لێکردین و چووە نێو ڕیزی کاروانی شەهیدان و گیان بەختکردوانی ڕێبازی حیزبەکەمان و  خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵكی کوردستان.

هەروەها سڵاو دەنێرم بۆئێوە خوشک و برایانی خۆشەویست، بەشداران و گوێ گرانی ئەو وێبنارە، ئەو کۆبوونەوەیە، کە بۆ رێزگرتن و بەرز ڕاگرتنی ناو و یادی هاوڕێی خۆشەویستمان کاک  لوقمان مێهفەر، پێکهاتووە.

خۆشنیە لە پێوەندیی دەگەڵ مەرگی ئینسانەکاندا قسەبکەی، بەتایبەتی مەرگ و شەهید بوونی ئەوکەسانەی کە هەم وەک هاوڕێ و هاوسەنگەر و هەم وەک دۆست و ئاشنا بۆمان ئازیزن.

 بەڵام بۆئێمە، تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و دێموکراسی و مافە نەتەوایەتیەکانی میللەتەکەمان،  قەدەر وایە کە جارێ هێشتاش هەر دەبێ لە موناسەبەتی وەک ئەوەی ئێستادا لەدەوری یەک کۆبینەوە، تا ناو و یادی هاوڕێ و هاوسەنگەرە گیان بەختکردوەکانمان  بەرز ڕاگرین.

لە پێشدا بۆ ئەوەی پەیمان و بەڵێن لەگەڵ ئەوان و ئامانج و  ڕێبازەکەیان نوێ کەینەوە. پاشانیش بۆ ئەوەی ڕێز لە خەبات و تێکۆشانیان بگرین و ژیان و خەباتیان  بکەینە سەرمەشقی ژیان و خەباتی خۆمان.

 لەوەش زیاتر بۆ ئەوەی تایبەتمەندیە بەرز و ئینسانی و شۆرشگێریەکانیان بکەینە سەرچاوەی ئیلهام. بۆ ئەوەی  ژیانی خەباتگێرانەیان بکەینە سەرلەوحەی کار و تێکۆشانی خۆمان تا باشتر بتوانین درێژە بەو ڕێبازە بدەین کە ئەوان پێیدا ڕۆیشتن.  تا باشتر بتوانین ئەو میراسە سیاسی یە بەرینە پێش کە  ئەوان بۆیان بە جێ هێشتووین و بە ئێمەیان سپارد.

لێرەدا هەوڵدەدەم زۆر بەکورتی  هەندێک لە سەرخەتە بنەڕەتیەکانی داستانی ژیان و خەباتی نەمر کاک لوقمان میهفەر بخەمە بەرباس.

 کاک لوقمان هێشتا لاوێکی ١٦ و ١٧ساڵانە بوو کە لە جەنگەی گەشەی خەباتی سیاسی و تەشکیلاتی حیزبەکەماندا، پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، پێی نایە مەیدانی خەبات و لە ڕیزەکانی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا  خۆی دیتەوە.

 یەکەم جار من لە  بنکەی  حیزب  لە پاسگای سێڵوێ دیتم. هەندێک  عەسکەری عێراقی  سنووریان پەڕاند بوو، پێشمەرگەکان گرتبوویانن، لە پاسگای سێڵوێ لە  بنکەی حیزب لە زیندان دابوون. من لە خزمەت نەمر کەک سەید رەسوڵی بابی گەورەدا بووم کە بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەری وەزعی ئەوان چو بووە سێڵوێ. کاک لوقمان لەوێ بوو. قەتم لەبیر ناچێ کاک لوقمان بە  شەهیدی نەمر کاک سەید ڕەسوڵی بابی گەورەی گوت لێرە ئەمن خەڵک بە نمایندەی قاسملووم دەزانن.  کاک سەید رەسوڵ کە سایکۆلۆژی لاوانی چاک دەزانی و ڕێبەرێکی گەورە و جەماوەریی حیزب بوو، گوتی کاک لوقمان جەنابت لێرە بەدواوە  نمایندەی منیشی.

مەبەستی کاک لوقمان ئەوە بوو كە خەڵک ئاوام وەردەگرن و بۆ خۆشی هەرخۆی ئاوا دەناساند.

 لە زانستی پێداگۆگی و سیکۆلۆژی گەشەکردندا، ئەوە زۆر گرنگە شاییت بە خۆ بێ و بڕوات بەخۆ بێ و تەجەسومێکی موسبەت  و پۆزەتیفت a positive self image لەخۆت هەبێ.

 فەیلەسوفی هاوچەرخی ئیسڕائیلی پرۆفیسۆر یوڤاڵ نوح هەراری، نوسەری باناوبانگی ساپیەنس، واتە مێژووی گەشەی مرۆڤ، دەڵێ ئەوەی ئێمە ئینسانەکان لە مەمکدارەکانی دیکە، لە ئاژەڵەکانی دیکە، جیادەکاتەوە بریتیە لە توانای داستان و ئوستۆرە دروست کردن، بریتیە لە توانای خەڵق کردنی حکایەت و داستان و ڕۆیشتن بە دوای ئەو داستانانەدا. میعراج و وەحی ئیلاهیش کە پێغەمبەران، پیاوچاکان و عارفانی وەک  مەولانای روومی و مەلای جزیری  ئەزموونی دەکەن، جۆرێکی دیکەیە لەو تەجروبەیە.

 پاش دەیان ساڵ خوێندن و خوێندنەوە و دەرس گوتنەوە و حیزبایەتی و شارەزایی لە میتۆدەکانی لێکۆڵینەوەی زانستیدا،  بڕوایەکی نزیک لە یەقینم هەیە کە هەر ئەو وێنە موسبەتەی کە کاک لوقمان لە سەرەتادا لەخۆی هەبوو، وەک ئەو ئینێرژیە تاریک و نادیارەی گالاکسەکان، واتە گەلە ئەستێرەکان بۆ پێشەوە پاڵ پێوەدەنێ، ئەوی لە خەباتدا، لە کاری حیزبی و تەشکیلاتی دا، لە ژیان و گەشەو هەڵداندا بردەسەر.

 ئەو وێنە پۆزەتیفە کە هەر لەسەرەتای تەمەنی لاویەوە کاک لوقمان لەخۆی هەبوو، وەک ئینێرژیەکی مداوم،  ئەوی بردە پێش و کردی بەو تێکۆشەرە تەواو عەیارەی کە لەو چەند دەیەیی دوایی دا بە گشتی و لە سەرپێچە تووندە کانی مێژووی حیزبدا،بتوانێ مەئموریەت و مەسئولیەتی گەورە لە حیزبدا قبووڵ بکات و بە ڕووسوریش لە ژێریان بێتەدەر.

ئەو جەوهەر و تێمپرامێنتە بوو ئەو نەمرەی کردە ئەو کادرە بەوەجەی حیزب کە دواتر نەک هەر لە  ناوچەیەکی بچکۆلەی وەک بەربنە، بەڵكوو لەسەرتاسەری کوردستاندا، وەک نوێنەری بیر و ڕێبازی قاسملوو، وەک یەکێک لە ڕێبەرانی حیزبی پێشەوا و قاسملوو و هەزاران شەهیدی دیکە، یانی حیزبی دێموکرات، دەرکەوێ و وەرگیرێ و بناسرێ و بدرەوشێتەوە.

ڕۆژ لە ئاسۆ هەڵدێ و لە کەلەپۆ ئاوا دەبێ. بەو هەڵاتن و ئاوابوونی بێ وچانەی تۆماری ڕۆژ و هەفتەو مانگ و ساڵەکان دەپێچێتەوە و ماشەری ڕۆژگار هەڵدەکاتەوە. قەتاری زەمان بە خێرایی باو و بروسکە  بەسەر شێلمانی تەمەنی ئەو خەڵکەدا دێ و ڕادەبرێ. لەو بگرە و بەردەدا دەستە دەستە مرۆڤ لە نێو دەچن و خۆیان و ناویان دەبنە بڵقی سەر ئاو و دەپوچێنەوە. کار و ناویان  دەچنە هەمبانەی فەرامۆشیەوە و لە بیر خەڵک دەچنەوە.  بەڵام ئەوانەی ژیانیان بۆ خزمەت بە میللەتی خۆیان، بۆ بردنە پێشی عەداڵەت و ئازادی، بۆ دیفاع لە مافە کانی مرۆڤ، بۆ پشتیوانی لە چەوساوەکان و مەزڵوومان، بۆ بردنە پێشی مەسەلەیەکی ڕەوا و بەرحەق تەرخان دەکەن، قەتاری زەمان لە ئاست ئەوان چاوی کوێر دەبێ و دەستی ڕەق دەبێ . ئەوان لە ویژدانی میللەتی خۆیاندا بە زیندویی دەمێننەوە.

هرگز نمیرد آن که دلش زنده شد به عشق

ثبت است بر جریده عالم دوام ما

ئاخر ژیان و خەباتی ئەوان خزمەتە بە گەل و نیشتیمانی خۆیان، بە ئازادی و بە عەداڵەت. گەل و نیشتیمان و ئازادی و عەداڵەتیش لە زەمان و ڕۆژگار بە هێزترن و هەمیشە خۆیان نوێ دەکەنەوە.

لە خۆڕانیە ئەرمەنیەکان کە لە مێژوودا زۆر کارەساتیان بەسەرهاتوون، دەڵێن ئینسان ڕۆژێک هەر دەمرێ، جاکەوایە چ شانازیەک لەوە گەورەترە کە مرۆڤ لە پێناوی گەل و نەتەوە و نیشتیمانی خۆی دا بمرێ. لە پێناوی ڕزگاری وڵاتی خۆی دا بمرێ.

 وەک وتمان ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر لەدایک دەبن و دێنە سەر دونیا. گەورە دەبن دەچنە مەدرسە، دەچنە بازاری کار، یان دانشگا و مەدرەکێک وەردەگرن و ڕەگەڵ لەشکری بێکاران دەکەون یا لە کارخانەیەک یا لە جێگایەک کار دەکەن و پاشان هاوسەرگیری دەکەن و دەمرن. ئەوە پرۆسەیەکی گشتیە.

 لەو نێوەدا هەموو ئەوانە بەکەمێک جیاوازیەوە وەک یەک دێن و تێدەپەڕن. نەزم و نۆڕمی گشتیش ئەوەی دەوێ. بنەماڵە و دایک و باوک ئەوەیان دەوێ. دەوڵەت و مەدرەسە و پۆلیس و ئاسایش ئەوەیان دەوێ. کلیسا و  مزگەوت و تێمپەڵ هەر ئەوەیان دەوێ.

بەڵام هەندێک کەس هەن نایانەوێ وەک ئەو خەڵکە بن. ئەوان بە پێچەوانەی ئەو ڕەوتە گشتیە دەیانەوێ جیاوازبن. ئەوان دەیانەوێ لە دونیایە حاڵی بن، لە دونیا تێبگەن. دەیانەوەی وەک حەزرەتی ئیبڕاهم بە گژ بتەکان دا بچنەوە. دەیانەوێ بە دژی ئەو نەزمە، بە دژی ئەو بێ عەداڵەتیە کە لە گۆڕێ دایە بێنە مەیدان.

 بۆ کارێکی لەو چەشنە و بۆ هاتنە مەیدانی خەباتێکی لەو چەشنەش، مرۆڤ پێویستی بە ئازایەتی و جورئەت و شەهامەت و ئیدامەکاری و مانەوە وسووربوون لەسە ڕێباز و ئامانج هەیە. ئەو جۆرە کەسانە، وەک ماسیە ڕەشە بچکۆلەکەی سەمەدی بهرەنگی، دەبێ قاوغی خۆیان بشکێنن و گۆمی مەندی ژیانی ئاسایی جێ بێڵن و بەرەو چۆم و ڕووبار و دەریاکان سەرهەڵگرن تا لە دونیا بگەن و فەلسەفەی ژیان فێربن و لە مانای قوڵی ژیان و جوانی  و خۆشەویستی بگەن.

 لە ساڵانی کۆتایی دەیەی شەستی میلادی دا جارێک سەمەدی بهڕەنگی بە خوێندکاران و  ڕوناکبیرانی ئێرانی کە ئەودەم لە پاتوقەکانی شەقامەکانی دەوروبەری زانستگای تاراندا  ئێواران لێک کۆدەبوونەوە دەڵێ ئەگەر دەتانەوێ ڕیسالەتی خۆتان بەجێ بێنن، بڕۆن لە تێکۆشەرانی کوردستان فێربن بزانن چۆن بەگژ ئەژدیهای زووڵم و ستەم دا دەچنەوە. سەمەد ئەو قسەیەی کاتێک کردوە کە لە کوردستان جوڵانەوەی خەباتگێرانەی ساڵانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی لە گۆڕی دابوو.  ئەو دەم کە خەباتگێرانی وەک شەریفزادەکان، لاجانیەکان، موعێنی و ئاوارە و زەنگەنەکان، دووڕگەی ئارامی حەمە ڕەزاشایان وەلەرزە خستبوو.

 دوکتۆر محەممەد مهدی ئەردەبیلی، لە جەژنی کۆتایی دەورەی خوێندنی خوێنکارانی فەلسەفە لە  زانکۆی تەباتەبایی دا، ڕوو لە خوێندکارەکان دەکا و دەڵێ ئەو مەدرەکەی ئەمڕۆ وەری دەگرن، هیچ بایەخێکی نیە. ئەگەر بەڕاستی عاشقی فەلسەفەن. ئەگەر دەتانەوێ لە دونیا بگەن و شوێنەواری لەسەر دانێین و  بیکەن  بە شوێنێکی باشتر بۆ ژیان، دەبێ جیاواز بن.  جیاواز بوونیش، ماڵیاتی دەوێ. دەبێ وەخت و تەمەن و ئینێرژی بۆ تەرخان کەی، دەبێ مایەی بۆ دانێی، دەبێ فیداکاری و گیان بازی بۆ بکەی و ئامادەی چوونە سەردار بی. دەبێ عاشق بیت. ئەو کەسەی عاشقە لە پێناو عیشقی خۆی دا هەموو شتێک دەکات. وەک پەپوولە بە دەوری شەمعی خۆی دا دەسورێتەوە و ئەگەر سوتاش  هەر سەرمەستی عیشقی خۆیەتی. مەجنون ڕوو لە کەژ و کێو دەکا و فەرهاد بێستتون بە عشقی شیرینەوە دادەتاشی. دیارە لەو جۆرە حاڵەتانەدا ئینسان تەنیا بۆخۆی دەبێ بە دوای عیشق و بیرو باوڕی خۆی دا بڕوا و گوێ نەداتە ئەوەی کە خەڵک چت پێدەڵێن و لەو رێگایەدا چت بەسەر دێ. مەبەست ئەوەنیە مرۆڤ بیر نەکاتەوە، مەبەست ئەوەیە گەڕان بەدوای حەقیقەت و ئازادی دا جورئەت و لە خۆ بردوویی و پاکباختەیی دەوێ.

 بەڵێ ئەو ڕێگایە ئینسانی ڕەند و عاشقی دەوێ. هێمنی نەمر دەڵێ:

 هەتا دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم

 ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر

 دیارە وەک وتمان ئەو جۆرە ژیانەش ماڵیاتی دەوێ. ماڵیاتەکەی جاری وایە هەر ئەوەنیە کە گیان دادەنێی و دەڕۆی، جاری وایە منداڵ و نەوەکانیشت لەو ئاگرەدا دەسوتێن.  وەفایی ئەو مەبەستە بە جوانترین شێوە بەیان دەکات.

هەر کەسێک هات و گوتی من عاشقم بڕوامەکە

تا لەسەر گۆنای نیشانەی زەخمی مارانگاز نەبێ.

شجاعت، کلید فلسفی زیستن است، دکتر محمدمهدی اردبیلی   YouTube

لەو ڕێگایەدا  لەباری مادی و لەززەتە ڕووکەشەکانی دونیاوە هیچمان دەستناکەوێ. بەڵام چوونە پێش بە ڕێگای خەبات دا، دەمان کات بە  خەباتگێر، بۆ خەباتگێربوون دەبێ مرۆڤ ئامادەی قومارێ بێ، ئامادەی مایە لەخۆ دانان بێت و لەوەش زیاتر تەنانەت ئامادەی سەردانانیش بێت. جارێک دوکتۆر سەعیدی نەمر پێی گوتم برایم ئەگەر نەبووبامە پێشمەرگە، لە باشترین حاڵەتدا مامۆستایەک بووم سەد دووسەد خوێندکار دەیان ناسیم و هیچی تر. بەڵام ئەوەتا ئێستا لەهەموو کوردستان خەڵک بە کوری خۆیانمان دەزانن.

کاک لوقمان بەوجۆرە هاتە نێو تەشکیلات و لەگەڵ کاروانی خەبات دا چۆپێش. بە مایە لەخۆدانان و فیداکاری، بە بڕوا ‌هێنان بە ڕیسالەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گەیشتە ئەو دەرەجەیە لە هەڵدان و گەشە،  کە وەک هەموو ئەندامانی رێبەری حیزب، ببێتە جێگای هیوا و ئومیدی خەڵکی کوردستان.

ئەمن پێم وایە سێ هۆکاری سەرەکی لەسەر گەشە و هەڵدانی کاک لوقمان لە تەشکیلاتدا کاریگەریان هەبووە.

پێش هەموو شتێک وەک باسم کرد ئەو هەر لە لەحزەی ئەوەڵەوە شایی بەخۆی بوو، موسبەت تەماشای خۆی دەکرد، مەوجودیەت و ڕیسالەت و هەویەتی خۆی لە خەبات و  تێکۆشان و کوردایەتی دا دۆزی بۆوە. لەوەش زیاتر تێمپڕامێنتی کاری سیاسی و خەباتگێرانەی تێدابوو.

 ئەوە، ئەو بنمایەیە زۆر گرنگە. لە فێنۆمینۆلۆژی و میتۆدۆلۆژی هێرمۆنۆتیکدا دەگوترێ لەکاتی لێکۆڵینەوە لە دیاردەیەکدا، هەرگیز نابێت تایبەتمەندیە جەوهەریەکەمان لەبەر چاوان ون بێت.

 وەک باسم کرد ئەو جەوهەر و شایی بەخۆبوونە، ئەو بنمایەی کە وای لە کاک لوقمان کردبوو، وێنەیەکی پۆزتیڤ و موسبەتی لە خۆی هەبێ، لە چوونە پێشی ئەو نەمرەدا لە مەیدانی خاباتدا، فاکتۆرێکی بنەڕەتی بوو.

مەسەلەی دووهەم ئەوەیە کە کاک لوقمان  هەر زوو ڤیزشن واتە پەیام و ڕیسالەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانی ناسی و  وەریگرت وخۆی و خەبات و تێکۆشان و فەلسەفەی ژیانی خۆی لەگەڵ ئەو ڕیسالەتە و ئەو پەیامە لێک گرێ دا.

 لەو چل سالەدا، زۆر جاراران،  حیزبی ئێمە و خەباتی میللەتی ئێمە توشی هەوراز و هەڵدێر و گەوە و گێرەو کێشەی نێوخۆیی  سیاسی و تەشکیلاتی و شەڕ و شکان و  پاشەکشە بووە.

 مانەوە و ڕاوەستان لەبەرانبەر ئەو هەموو نا هەمواری و چاڵینجانەدا، سووربوون لەسەر ئیدامەکاری و درێژەی خەبات بەڕاستی سەختە. ئینسان دەبێ حەوت جار جەرگی بەقەدەر سێڵ بێ تا بتوانێ خۆی تێدا ڕاگرێ. 

  جارێک دوکتۆر قاسملوو گوتی حیزبایەتیم نەکردبا قەت سەرم سپی نەدەبوو.  ئاخر جگە لە پیلانەکانی دوژمن، جگە لە نەداری و هەژاری و مەینەت بەشیەک کە لەو رێگایەدا بۆمان دێتە پێش، ململانێی سیاسی و تەشکیلاتی و دەروون حیزبی و کێشەو نەخۆشیەکانی نێو کۆمەڵگای دواکەوتووی کوردەواری، کە بەجۆرێک لە حیزبیش دا ڕەنگ دەدەنەوە، دەردی هەرە سەرکین، دەردی سەرباری هەموو دەردانن. بەڕاستی زۆرتر ئەوانەن کەسانی خەباتگێر بەلادا دێنن.

 ئەو جەوهەرەی لە کاک لوقمان دا هەبوو بۆ کاری سیاسی، ئەو توانایای کە بۆ خزمەت بە حیزب و ئامانجەکانی حیزب لەخۆی نیشان دەدا، ئەو مەسئولیەت قبووڵ کردنەی کە هەمیشە بەشیک لە فەلسەفەی ژیان و خەباتی بوو، کاک لوقمانیان وا لێ کرد لەمەیدان دا بمێنێتەوە و هەمیشەش ئاسۆی خەبات و پەیامی حیزب و دروشم و سیاسەتەکانی حیزبەکەمان بکاتە قوتبنمای کار و تێکۆشانی خۆی. قورئان داوا لە  ئیمانداران دەکات دەست بە گوریسی خواوە بگرن و بەری مەدەن. (واعتصموا بحبل الله). ئاخر ئەوجۆرە ستڕا تیژیە، لە سەر پێچە سەختەکاندا، لە تۆفان و گێژەڵوکە و گەردەلولەکاندا، مرۆڤ  لە کەوتن و هەڵدێران و کوێرزەینی سیاسی و بێ بەسیرەتی دەپاریزێ.

 بەوجۆرە بڕوای ئەو بە ئامانجەکانی حیزب و ڕیسالەتی حیزب و ئامادەیی بۆ کار و مایە لەخۆدانان ئەویان کردە ئەو رۆڵە تێکۆشەرەی حیزب کە دواتر لە ڕیزەکانی تەشکیلاتدا گوڵ بکا و وەک هەزاران کچ و کوڕی دیکەی  نێو بنەماڵەی گەورەی دێموکرات، ببێتە جێگای ئومێدی خەڵکی کوردستان.

 ئەندڕاگۆگی، واتە پێداگۆکی گەورە ساڵان دەڵێ هیچ شتێک وەک مەسئولیەت قبووڵ کردن ئێمە ناباتە پێشێ. ئەوە لە حیزبایەتی و کاری سیاسی و خەباتگێرانەدا هەر زۆر ڕاستە. ئەگەر برای تێکۆشەرمان کاک مستەفا هیجری هەروەها  هاوڕێی  خۆشەویست کاک حەسەنی شەڕەفی و بەندەی  موخلیستان و سەدان و هەزاران کادری دیکەی حیزب  لەو خەباتەدا بەرپرسایەتیمان قبووڵ نەکردبا، قەت نەدەبووینە ئەو کەسەی  کە ئێستا هەین یان هەبووین.

وەک باسمان کرد کاک لوقمان کە هاتە ناوچەی پیرانشار لاوێکی  تینئیجەر بوو.  زوو لە نێو ڕیزەکانی تەشکیلاتی یەکیەتی لاواندا گوڵی کردو و بوو بە سیمایەکی خۆشەویست.  هەر لەو دەورەیەدا بوو کە دەگەڵ ماڵی مامۆستا مەلا عەبدوڵڕەحمانی لاهیجانی ئاشنابوو و ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خوشکە خەدیجەی لاهیجانی پێکهێنا.

ئەو ڕووداوە شوێن پێ و ڕەگی کاک لوقمانی لە نێو تەشکیلاتی حیزب ، لە نێو بیۆسفیری حیزبی  دێموکرات و کولتوور و فەرهەنگی  حیزبی دێموکراتدا بەجۆرێک داکوتا، کە بە هیچ ڕەشەبایەک نەلەرزێ.

 مامۆستا  مەلارەحمان لاجانی، یا  بە وتەی خەڵکی پیرانشار كاڕەش کەسایەتیەکی سیاسی و حیزبی ناسراو بوو. قارەمانی بەربەرەکانی و خۆڕاگری نێو سیاچاڵەکانی ڕێژیمی شابوو. بۆ ماوەیەکی زۆر لە زیندانەکانی رێژیمی  شادا مابۆوە.  وەک زیندانیەکی سیاسیی خاوەن ئیعتیباری سیاسی  و جێگای متمانەو ڕێزی خەڵک و  بێروڕای گشتی بوو.

 هەر لە سەرەتای دەست پێکردنی شۆڕشە گەلانی ئێران  بەرپرسی شوڕای ئینقلابی شاری پیرانشار بوو. کەسایەتیەکی تەشکیلاتی و گەورەی حیزبی بوو لە پیرانشار. دۆستایەتیەکی نزیکی لەگەڵ کۆڵەکە گەورە و کادرە قەدیمیەکانی حیزب لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، لە  ناوچەکانی سندوس و شنۆ و لاجان و پیران و بەربنە و نەڵێن و بەری مێرگاندا هەبوو. یەکێک لە کۆڵەکە پتەوەکانی تەشکیلاتی حیزبیش بوو لە نێو خەڵکی پیرانشار. وەک سەید حاجی کەڵەوی، عەوڵای مەلا عوسمانی، مام عەوڵای سەعیدی، کاک حەمەدی سەروکانی، وەک وسێنی ئەستیە، مەلا سادقی زەندی، سەید حەسەنی بابی گەورە، مەلا محەممەدی عوسمانی، وەک دامرۆتێ، وەک مامە سوارە سەکر، وەک مەلا رەسوڵی گەردی، کاک خدری میشەدێ،  مەلا بایزی محەممەدی و مەلا نەجمەی ئاڵواتان، وەک مام رەسوی ئەمین عەشایری، وەک قادر لاجانی، وەک فەقێ رەسوڵی پایموزد،  وەک کاک فەقێ برایم، وەک مەلا محەممەدی پوریا و دەیان  کادری تێکۆشەری دیکەی حیزب کە پێش شۆڕش و دوای سەرکەوتنی شۆڕش لەو ناوچەیەدا  کاری حیزبی و تەشکیلاتیان کردبوو. خۆ لە خۆڕانیە ئێستاشی دەگەڵ بێ لە پیرانشار، هیچ هێزێکی سیاسی دیکە ناتوانێ ڕەقابەت و ململانێی سیاسیی لەگەڵ حیزبی دێموكرات بکات. ئەو ڕەگە پتەوانەی حیزبی دێموکرات لەو ناوچەیە دای کوتاون، بەشێكی زۆری بۆ ئەو کۆڵەکەو پنجە تەشکیلاتیانەی حیزب لەوێ دەگەڕێنەوە.

چەند ڕۆژ پاش شەهید بوونی کاک دوکتۆر قاسملوو، ڕۆژێک مامۆستا بانگی کردم و بۆ پەیمان نوێکردنەوە و بۆ پشتیوانی و هاوپێوەندی نیشاندان دەگەڵ رێبەری حیزب چووینە خزمەت کاک دوکتۆر سەعید. مامۆستا پێی وت بۆیە هاتووم تا بە ناوی هەموو میللەتی پیرانشاری، وەک نوێنەری مەنگوڕ و مامەش و پیران، لەو وەزعە سەختە دا  پشتیوانی خۆمت پێ ڕاگەیەنم و داوات لێ بکەم  بەرپرسایەتی  بردنە پێشی ئەو  ئەو حیزبە وەئەستۆی خۆت بگرە. ئەمن پشتیوانیت لێدەکەم و لەگەڵتم. کاک دوکتۆر بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە هەستاو هات دەستی دەدەستی مامۆستا ناو سوپاسی ئەو هەڵوێستەی کرد. ئاخر ئەو دەیزانی لەو هەل و مەرجەدا کە ئەو دەم  حیزبی ئێمەی تێدا بوو، ئەو قسانەی مامۆستا چ مانایەکی بەرز و مێژووییان هەیە.  بەڕاستی ئەو نوێنەری میللەتی پیرانشاری بوو. خەڵکیش هەرئاوایان چاو لێ دەکرد.

 دواتر کاک مراد تاقانە کوڕی مامۆستاش هەر لەو ڕێبازەدا سەری نایەوە.  پێگەو جێگەی ماڵی مامۆستا لە نێو خەڵک و حیزبدا هێندە گەورە و بە هێزبوون، کە کاک لوقمانیش دەیتوانی وزەو ئینێرژی وکریدیبیلیتی یانی ئیعتباری سیاسی و کۆمەڵایەتیان لێوەرگرێ.

 دەڵێن لە پەنا هەر پیاوێکی سیاسی و خەباتگێڕی گەورە ژنێکی گەورەو مەزن هەیە. ئەگەر ئەوە لە هیچ شوێنک ڕاست نەبێت، لە پێوەندی دەگەڵ کاک لوقمان و براژنە خەدیجە دا بەتەواوی ڕاستە. نەک هەر ئێمە کە دۆست و ئاشنای بنەماڵەی ماڵی کاک لوقمانین، بەڵکوو ئێستا هەموو بەدەنەی حیزب و تەشکیلاتی حیزب دەزانێ کە خوشکە خەدیجە بەڕاستی قەڵایەکی گەورە و پتەو بوو بۆ پشتیوانی لەکاک لوقمان و لە تێکۆشانی سیاسی و حیزبایەتی ئەو نەمرە. لەوەش زیاتر بۆ ئێمەش و بۆ هەموو ئەوکەسانەش کە لە نێوخۆ و دەرەوەی حیزبی دێموکراتدا پێویستیان بە موحیبەت و چاکە و گەورەیی و دڵ فرەوانی خوشکە خەدیجە بووە، هەر ئاوابووە. ئێستا پێشمەرگەکان خوشکە خەدیجە بە خوشکی گەورەی خۆیان دەزانن .  گەورەیی و موحیبەتی خوشکە خەدیجە بۆ حیزبەکەمانیش مایەی شانازی و ئیفتیخارە. ئەو پەیکەرەی ئازایەتی  و رووحیەی بەرزو لە شکان نەهاتوویی یە. لە یەک قسەدا  لە مەزهەبی  خوشکە خەدیجە دا  دیفیتیزم و شکەستپەزیری نیە.  ئەوە فەرهەنگی حیزبی دێموکراتە. ئێمە لە جنسی دار حەیزەرانین، لە ژیر فشاردا ڕەنگە بچەمێینەوە، بەڵام قەت ناشکێین.

ئەمڕۆ وێنەیەکیم دی کە پاش ئەو کارەساتە چۆتەسەردانی پێشمەرگەکان لە قەندیل و کێلەشین جێگایەک کە لەو چەند ساڵەی دوایی دا کاک لوقمان بۆ جۆش دان و سازمان دانی سەرلەنوێی خەباتی چەکداری، زەحمەتی زۆری تێدا کێشا. ئەو ڕووحیەی لە باوک و براکەی وەک میرات بۆ ماوەتەوە. مامۆستا لە ئاخرین لەحزەکانی ژیانیشی دا، دڵی تەنیا بە عیشقی  ئازدی و چوونە پێشی حیزبەکەی، لێی دەدا.

 دوای ئەو کارەساتە من و دایکی زانای  لە خزمەت  هەڤاڵان کاک سەید رەسوڵ و کاک محەممەدە ڕەشەدا،  بۆ هاوپێوەندیی نیشاندان دەگەڵ گەلاوێژ گیان و بەیان گیان کە لە نۆروێژ دەژین، سەردانمان کردن. بەیان بۆی گێرامەوە گوتی دایکم بە ورەیەکی بەرزەوە لە نەخۆشخانەڕا زەنگی لێداوە و پێی گوتوم، ئەوە لوقمانی دەبەمە گۆڕستانی شەهیدان، تەسلیمی  خاكی نیشتیمانی دەکەم و لەوێرا دەچمەوە ماڵێ.

 ئەو غروور و ئیفتیخارە لەو شەرایتە سەختانەدا، هەر لە ژنێکی وەک خوشکە خەدیجە  چاوڕوان دەکرێ.

ئاخر گۆڕستانی شەهیدان لەفەرهەنگی حیزبێکی خەباتگێڕی وەک حیزبی ئێمەدا،  قەبرەستانێکی ئاسایی نیە کە ئەوەی دەچێتە ئەوێ بکەوێتە نێو هەمبانەی فەرامۆشیەوە و لەبیر بچێتەوە. قەبرەستانی شەهیدان لە فەرهەنگی حیزبی دێموکراتدا زیارەتگایە. شوێنی پەیمان نوێکردنەوەیە. جێگای بە خۆداچوونەوە و خۆ سازمان دانەوە وکۆکردنەوەی ورە و هێزی ئەژنۆیە بۆ رێپێوانی زیاتر.

  لەو شوێنە کە خوشکە خەدیجە باسی دەکات، سەدان تێکۆشەری ئەو حیزبە کە هەموو ژیانی خۆیان لە خەباتدا داناوە، بە خاک سپێردراون. لەوێ ڕێبەرانی وەک کاک سەلامی عەزیزی، جەلیلی گادانی، چەکۆ، سەید رەزا دروودگەر و نەسرینی حەداد و سوهەیلا خاتوون و  کەریم سەقزی و مەنسور فەتاحی و دەیان کادر و پێشمەرگەی دیکەی بەوەجی ئەو حیزبە بەڤخاک سپێردراون. لەوێ مامۆستا مەلا رەحمان لاهیجانی و دایکە مەلا ژن و کاک رەسوڵی باوکی ڕاسان واتە نەوە جوانەکەی کاک لوقمان بە خاک ئەسپێردراون.

 کاتێک بەیان ئەو قسەی دایکی بۆ گێڕامەوە، دەستبەجێ گوتم بەیان گیان ئەوە  سوننەتی بنەماڵەی ئێوەیە، دایە مەلا ژنیش، واتە دایە گەورەش  ئەو دەم کە تاقە کوڕەکەی شەهید دەبێ  و دەچێ تەرمی پیرۆزی  بێنێتەوە هەر هەلوێستێکی ئاوا لە خۆی نیشان دەدات.

  پۆلێک لە کادر و پێشمەرگەکان لە گوندی زێوەی قەراخ پیرانشار دەکەونە شەڕێکی دەستەویەخە لەگەڵ دوژمن. کاک مراد بریندار دەبێ و دواتر شەهید دەبێ. پێشمەرگەکان تەرمی کاک مراد لەو وەزعە سەختەدا ڕادەگوێزن بۆ نەمنجێ و لە جێگایەک دەیشارنەوە. کاک محەممەدە ڕەشە کە فەرماندەی پێشمەرگەکان دەبێ دەگەڵ کاک لوقمان وەڵام دەنێرن بۆ شار کە خەبەر بدەنە داک مەلاژن و لەو رووداوە ئاگاداری کەن. زۆر ناکێشێ هەر ئەو شەوە دوژمن بە شوێنی شاردنەوەی تەرمی کاک مرادی شەهید دەزانێ و دێن دەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ نێوشار و بنکەکانی سوپا. ئێمە ئەو کادرانەی حیزب کە  بەرپرسایەتی سیاسی و تەشکیلاتی حیزبیمان لەسەر شان بوو، ڕاپۆرتەکانی  پێوەندیدار بەو کارەساتەمان لە دەیان کاناڵەوە پێ گەیشتن، دایە گەورە  بە رێنوێنی تەشکیلاتی حیزب دەگەڵ چەند کەس لە خێرومەندانی شاردەچێ تەرمی کاک مراد، کوڕە تاقانەکەی وەردەگرێتەوە. لەژێر فشاری خەڵکدا رێژیم ناچار دەبێ کە تەرمی کاک مرادی شەهید بدەنەوە دەست خەڵک و بنەماڵەکەی. کە مامۆستا ژن دەگاتە سەری وەک کێوی قەندیل بە هەیبەتەوە لەسەری ڕادەوەستێ و بێ ئەوەی خۆی تێکداو بێ ئەوەی فرمێسکی لە چاوی بێ، بەدەستی خۆی تەرمی کاک مراد دە پێچێتەوە. هێندە بەسام دەبێ بەرپرسانی دەزگا ئەمنیەتی و نیزامیەکانی رێژیم لە هەیبەت و گەورەیی و سامی ئەو ژنە  کوردە دەترسن و سەریان سوڕدەمێنێ. ئیدی تەرمی کاک مراد  وەردەگرێتەوە ودەیباتەوە ماڵێ و دەی شوا. جا لە چوار دیوارێ ماڵێ خۆی دا، دوور لە چاوی دوژمنان ئەوجار بۆی دەگریا. خەڵکی پیرانشار ئەو هەڵوێستە ئازایانەی داک مەلاژن قەت لە بیرناکەن و ڕۆژێک دێ میللەتی ئێمە لە ڕۆمان و فیلمە سینەماییەکانی دا ئەو سەحنە مێژووییانە، بەرجەستە بکات.

ئێمە ساڵانێکی زۆر هەم لە شاخ و هەم دواتریش لە ئاوارەیی دەشتی کۆیەدا لەگەڵ خوشکە خەدیجە جیرانی ماڵ بە ماڵێوە بووینە.  دایکی زانای دەگێڕیتەوە کە هەر کات وڵات بێ دەنگ دەبوو، براژنە خەدیجە بە تەنێ دەچۆوە ژوورێ و بۆ کاک مرادی شەهید، بۆ تاقە براکەی شێنی دەگێرا و دەگریا و بە دەنگە خۆشەکەی کاک مرادی دەلاواندەوە. نەی دەهێشت کەسیش پێ بزانێ. بەڵام ئەمن کە جیرانی دیوار بە دیوارەوە بووم گوێم لەو گریان و شینگێریە دەبوو، گوێم لە خوشکە خەدیجە دەبوو کە برا شەهیدەکەی دەلاواندەوە و پێی هەڵا دەگوت و داستانی قارەمانەتیەکانی براکەی لە شەرەکاندا بە لاواندنەوە دەگێڕایەوە. ئاخر کاک مراد لە دەیان شەڕی قارەمانانەدا لە شەڕەکانی جادەی سەردەشت پیرانشار و شەڕەکانی دیکەی ناوچەدا شان بەشانی باقی پێشمەرگەکانی دەستەی شەهید ساڵح لاجانی و لکی سێی هێزی ئاوارە و دواتر هێزی قەندیل ئازایەتی و قارەمانەتی لە خۆی نیشان دابوو. چەند جار لەو شەڕانەدا بریندار بوو.

دوێنێ و پێرێ کە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی کاک لوقمان بوو سەفیە پێی گوتم وەرە تەماشاکە براژنە خەدیجە دەسماڵی سپی هەر لەسەرە و دەسماڵی ڕەشی لەسەر نەناوە و لە جیاتی ئەوە ئاڵای کوردستانیشی هاویشتۆتە سەر دەسماڵە سپیەکەی. دایکی زانا گوتی دەگەڵ باجە پەروانە قسەم کردوە گوتوومە وەزعی براژنە خەدیجە چۆنە، لە وەڵام دا دەڵێ گوتی ئەو هەر دەڵێ  سەری ڕێبەری حیزب و سەری کاک مستەفا هیجری خۆش بێت.  ئێمەش لەکاتی قسەکردن دەگەڵ خوشکە خەدیجە دا بەڕاستی هەر ئەو هەڵوێستەمان دیتوە.  بەڕاستی ئەو دڵی ئێمەی دەدایەوە.

بەڵێ دەبێ هەموومان فێربین سوژدە بۆ ئەو ئازایەتی و فیداکاری و بڕواو ئیمانە بەرین. بەوجۆرە خوشکە خەدیجە جارێکی دیکەش هەر ئەو پەیامەی ناردەوە کە کاتی خۆی داک مەلاژن لە کاتی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕە تاقانەکەی دا ناردبووی. ئەو هەڵوێستانە دەبێ بکەینە سەرمەشق و  سەرچاوەی ئیلهام و هەوێنی فێربوون و پوختە بوون و گەشەکردنی حیزبیانەو تەشکیلاتی و خاباتگێڕانە.

 میللەتێکی ژێر چەپۆکە پێویستی بەو سەرمەشقانە هەیە. دەبێ ئەو  هەڵوێستانە بە خەتی زێرین لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەمان و بزووتنەوەی میللی و دێموکراتیکی  کوردستاندا تۆمار بکرێن.

گەشەو هەڵدانی کاک لوقمان لە تەشکیلات دا ئەوەشمان نیشان دەدات، ئەوەشمان بۆ دەردەخات کە تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات، ژینگەو ئەتمۆسفیری حیزبی دێموکرات، دانشگایەکی گەورەیە و قوتابخانەی پێگەیاندنی  ڕێبەرانی لێوەشاوەی میللەتەکەمانە.

ئەو جاریش دەیلێمەوە لە حیزبی ئێمەدا کەس جێگای کەس ناگرێتەوە، هەرکەس جێگای خۆی دەکاتەوە، هەرکەس بە مایە لەخۆدانان، بە کار و مەسئولیەت قبوول کردن و هەوڵدان بۆ فێربوون و گەشەکردن و بە بەکار هێنانی تواناکانی بۆ خزمەتی حیزب، ئەگەر لە لایەک کۆمەک بە بردنە پێشی کاروانی خەبات دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە بۆخۆشی لەگەڵ ئەو کاروانە دەچێتە پێش و بە وتەی میشیل ئوباما، لە دوا دێرەکانی بیۆگرافیاکەی خۆی دا، خۆشی درووست دەکات.

میشێل ئووباما  خانمی یەکەمی پێشووتری ئەمرێکا لە دوا دێرەکانی کتێبە پڕ خوێنەرەکەیدا  (Becoming) بەوجۆرە لە ڕەوتی گەشە و  هەڵدانی ئینسانەکان  دەدوێ و دەڵێ:

 “For me, becoming isn’t about arriving somewhere or achieving a certain aim. I see it instead as forward motion, a means of evolving, a way to reach continuously toward a better self. The journey doesn’t end.”

― Michelle Obama, Becoming

 واتە بۆ من گەیشتن بە جێگایەک، گەیشتن یا نەگەیشتن بە ئاوات و ئامانجێکی تایبەتی  نیە.  لە جیاتی ئەوە  من ڕۆیشتن بەو ڕێگایەدا بە چوونە پێش و هەڵدان، بە وەسیلەیەک بۆ گەشەو تەکامولی زۆرتر و  بە رێگایەکی بەردەوام و هەمیشەیی  بەرەو خۆ پێگەیاندنی زۆرتر و باشتر بوون  دەزانم. ئەو سەفەرە قەت تەواو نابێ.

ئەگەر ئەو ڕۆژە دێنمەوە بیری خۆم کە بۆ یەکەم جار کاک لوقمانی لاوم دی و  بەراوردی دەکەم دەگەڵ نەورۆزی ئەمسال کە لەسەر مەسەلە سیاسی و حیزبیەکان پێکەوە دەدواین و ئەو لە مەوقعیەتی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی حیزبەوە مەسەلەکانی باس دەکردن، زۆر بەباشی ئەو مەودا گەورەیە دەبینم و ئەو گەشەو هەڵدانە گەورەیە دەخوێنمەوە کە کاک لوقمانی نەمر پێی گەیشتبوو.

لەو چەند ڕۆژەدا زۆر لەسەر کەسایەتی خەباتگێرانەی کاک لوقمان قسەکراوە و لە پەیامی ناوەندی سیاسیش دا، کارنامەی تەشکیلاتی کاک لوقمان باسکراوە بۆیە من لێرەدا ناچمەوە سەر ئەو مەسەلانە.

لە کولتووری حیزبی ئێمەدا سیفات و تایبەتمەندیە بنەڕەتیەکانی تێکۆشەرانی حیزبی لە سیمای دێموکراتدا دەست نیشان کراون.

لە جێگایەکی دیکەش ئەوەم گوتووە، سەرەڕای لێوەشاوەییە سیاسی و تەخەسوسیەکانی، ئەوەی کاک لوقمانی پێ دەناسرایەوە، ئەو پێوەندیە بەرین و بەربڵاوە سیاسی و تەشکیلاتی و کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی  و ئینسانی و خزمایەتی و پڕ لە سەمیمیەتە بوو کە ناوبراو لەگەڵ خەڵک، لەگەڵ  جەماوەری حیزب، لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان وتەشکیلاتی حیزب، لەگەڵ مامۆستایان و خوێندکاران و ژینگەی خۆی هەیبوو.  کاک دوکتۆر سەعید دەی گوت نابێ پێمان وابێ لەو شوێنەی کادرمان هەیە ئیدی پێویستیمان بە تەشکیلات نیە و لەو شوێنەش کە تەشکیلاتمان هەیە ئیدی پێویستیمان بە خەڵک نیە. ئێمە کادرمان بۆ  ئیدارە و هەڵسوڕاندنی تەشکیلات دەوێ و تەشکیلاتیشمان بۆ چوونە نێو خەڵک و رێبەری کردنی خەباتی خەڵک دەوێ. کاک لوقمان ڕاست  ئەو جۆرە مۆدێلەبوو لە کادری حیزبی. لەو جنسە  لە کادرەکانی حیزب بوو کە کاک  دوکتۆر سەعید نەمر،بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری حیزبی  وەک ئۆکسجین بۆ تەشکیلات و بۆ خەبات بە پێویستیی دەزانین و تەکیەی لەسەر دەکردن و لە کار و تێکۆشاندا حیسابی لەسەر دەکردن.

 لەوەش زیاتر، ئەو هەر ئەوەنەبوو کە پێوەندیەکی بەرینی دەگەڵ خەڵک هەبێ، بە زمانێکی زۆر سادە و ڕەوانیش مەسەلە  سیاسی و  حیزبیەکانی دەبردنە نێو خەڵک و کۆمیونیکاسیۆنێکی زیندوی دەگەڵ خەڵک هەبوو.

  ئەلحەق وەکیل یا موحامی و زمانحاڵ و نوێنەرێکی زیندووی خەڵک و بەدەنەو و بنەماڵەی شەهیدانیش بوو لە لای  رێبەریی حیزب. ماڵەکەی هەمیشە پڕبوو لە میوان و ئەوکەسانەی کە بەهەرهۆیەکەوە بوو ڕێگایان دەکەوتە لای حیزب.  ئەمن پێم وایە ئەگەر تێبینیە ئەمنیەتەکان نەبن، دەبێ ماڵی هەموو کادرەکانی حیزبی ئێمە ئاوا ماڵی خەڵک و جەماوەری حیزب بێ. لە حیزبی ئێمەدا کە حیزبێکی میللی و توودەیی یە، بۆرۆکراسی وشک وڕەق و مردوو دەبێ جێی نە بێتەوە.  مێژوو دەگێڕێتەوە کە ماڵ و دەفتەری کاری پێشەوای نەمر هەمیشە بەڕووی خەڵکدا ئاواڵابووە. با ئەو سوننەتە ڕابگرین و دەوڵەمەندی کەین و بەرەوپێشی بەرین. ئەوەی کە حیزبی ئێمەی هەروا ئەکتوێل و زیندوو هێشتۆتەوە، ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان حیزبی ئێمە بە حیزبی خۆیان دەزانن . هەربۆیەشە  هەمیشە پشتیوانی لێ دەکەن.

 بنکەی مەڵبەندی سپی سەنگ لە بناری قەندیل لە جێگایەک بوو کە هەموو ڕێگاکان ئەو جێگایەیان دەگرتەوە.  ئێمەش  بۆ پاراستنی  بنکەی مەڵبەند تێل دڕوومان لە دەوران دەوری ئەو شوێنەدابوو.لەسەردانێکدا کە کاک دوکتۆر قاسملوو میوانمان بوو، لەهەوڵین دانیشتندا گوتی ئەوە بە پێچەوانەی سوننەتی حیزبی دێموکراتە، بنکەو بارەگای حیزبی دێموکرات نابێ تێلدرووی بەدەورەوە بێ. بنکەی  حیزبی دێموکرات دەبێ دەرگای ئاواڵابی بۆ هەموو کەس. ئەگەر قەرارە مەسەلە ئەمنیەتەکان لەبەرچاوبگرن کە دەبێ وەبەر چاویان بگرن، بە شێوەی دیکە دەبێ  ئەو مەسەلەیە  چارەسەربکرێ و بیری لێ بکرێتەوە.

 بەڵێ ئەو تێکەڵاویە بەرینەی  کە کاک لوقمان لەگەڵ خەڵک هەی بوو، بە وتەی کاک دوکتۆر،  هەڵقوڵاوی سوننەت و کولتووری حیزبی دێموکرات بوو. هەر ئەوەش بوو کە کاک لوقمانیان کردبوە  رێبەرێکی جەماوەری. سەرەڕای ئەوانەش  کانیەک بوو لە ڕووحیەی پێشمەرگانە و سەفای دەروون و سەمیمەت. بۆیە  بە خۆت نەبوو زوو دەبوویە دۆستی. کاک لوقمان بەڕاستی باوکێکی باشیش بوو بۆ کچ و کوڕ و  نەوەکانی و دۆستێکی بەوەفاش بوو بۆ هاوڕێکانی. لەماڵی خۆشی و لە نێو بنەماڵەکەشی دا بەڕاستی ڕەفتارەکانی دێموکڕاتیک بوون.

لەباری تەشکیلاتیشەوە تەنانەت ئەگەر ئیختلافی سیاسی  و نەزەریشت دەگەڵ هەبوایە، قەت ئەوەی دەگەڵ برایەتی و دۆستایەتی و هاوخەباتی تێکەڵ نەدەکرد.

 ئەو شتانە ڕەنگە وەک شتی سەرەتایی بێنە بەرچاو، بەڵام لە خەباتێکی درێژخایەن و جدی و لە بنەماڵەیەکی گەورەی وەک حیزبی دێموکراتدا کە جیاوازی نەزەر و بۆچوون شتێکی سروشتیە، ئەو مەسەلە بەڕواڵەت بچوکانە، مەسەلەی بنەڕەتین و کاریگەری خۆیان هەیە. دەکرێ لەوبارەشەوە  لەکاک لوقمانی نەمرفێربین.

کاک لوقمان لەگەڵ کاروانی خەباتدا چووەپێش و گەشەی کردو مایەی بۆ خەبات داناو و هەربۆیەش لەو کاروانە پڕ لە شانازیەدا جێگای خۆی کردوە. ئەو شەپۆلی خەموپەژارەیەی کە بە بڵاوبوونەوەی خەبەری مەرگی کاک لوقمان،  کەوتە سەر دونیای مەجازی ونێوژینگەی حیزب و بزووتنەوە،  نیشانی دا کە تێۆشەرانی حیزبی ئێمە موڵکی گەل و سەرمایەی میللەت و کۆمەڵگای کوردستانن. بۆیە با هەموومان شانازی بکەین کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانین.  با بە غرورو شانازیەوە بەو رێگایەدا تا سەرکەوتن بڕۆینە پێش. لەو رێگایەدا یاسەردەکەوین و جەژنی ئازادی میللەتەکەمان دەگرین، یان بەسەربەرزیەوە سەردەنێینەوە و دەچینە ڕیزی کاروانی شەهیدان و گیان بەختکردوانی  ڕێگای ئازادی  کوردستان.

شانازی بۆ ئەوانەی لەگەڵ کاروانی خەباتی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی حەقخوازانەی کوردستاندا دەڕۆنە پێش و لەو رێگایەدا مایە لەخۆیان و تەمەن و سەرو ماڵیان دادەنێن و کۆمەگ بە چوونە پێشی جوڵانەوەی میللی و دێموکراتی خەڵکی کوردستان دەکەن.

 هەموومان جێگای کاک  لوقمان نەک هەر لە کۆڕی خەباتدا، بەڵکو لە نێو کۆڕی گەرمی  دۆست و  بنەماڵەکانیشماندا، بە خاڵی دەبینین و هەستی پێدەکەین. بەو هیوایەی بە سووربوون لەسەر رێباز و بردنە پێشی ئامانجەکانی، بتوانین رووحی کاک لوقمان و هەموو شەهیدانی حیزب و گەلەکەمان شادبکەین و ئاڵای تێکۆشانی حیزبەکەمان هەروا بەرز و شەکاوە ڕابگرین.  

سەرکەوتوبن

ئیبڕاهیم لاجانی

١٧ی ئاپریلی ٢٠٢١

ئۆسلۆ

قسەکانی کاک برایم بە ڤیدیۆ 

وتەی هاوڕێیان لە سەر کاک لوقمان 

پوختەیەک لە ژیان و خەباتی شەهید لوقمان مێهفەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی