بەدوای هاتنەئارای شەڕی ئەمریکا و ئیسرایل دژی ئێران، لە نێو کوردی ڕۆژهەڵات دا دوو بۆچوون و خوێندنەوەی جیاواز هاتنەگۆڕێ: حیزبەکان و بەشێک لە چالاکانی سیاسی ڕایانگەیاند کە ئەو شەڕە شەڕی ئێمە نییە.

بەشێکی دیکە پێیانوایە، ئەو شەڕە شەڕی ئێمەشە، لەبەر ئەوەی دژ بە کۆماری ئیسلامیی کە سەرکوتکەری کوردە بەڕێوەدەچێ و ئەوانەی کوژراون و دەکوژرێن، ٤٧ ساڵە ئێمە دادەپڵۆسن، ڕوحمیان بە چووک و گەرەی کورد نەکردوو، مافەکانی کورد پێشێل دەکەن، لاوازکردنی ڕێژیم لە بەرژەوەندیی کورد دایە و دەرفەتێکی باشی بۆ کورد ڕەخساندووە کە لە بەرەی ئەمریکا و ئیسرایل دا بچێتە شەڕەکەوە.
بە بڕوای من، بە هەمووی ئەو ئیستدلالە ڕاست و بەجێیانەشەوە، کوشتنی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی ڕێژیم بەشێوەی ئوتوماتیک شەڕەکە ناکات بە شەڕی کوردیش، بەڵام بە دەرفەت!
بەشێکی ئاڵۆزیی و جیاوازیی بۆچوونەکان ڕەنگە بۆ جیاوازبوونی ناوەرۆکی دوو ”مفهوم”ی شەڕی هاوبەش و دەرفەت بگەڕێتەوە کە لە جێگای یەکتر دا کەڵکیان لێوەردەگیرێ.
ئەگەر ئامانجی ئەو شەڕە، لێبڕاوانە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیکردن لە هاتنەسەرکاری سیستمێکی دێموکراتیک بایە، ئەو ئامانجە هاوبەشە کوردیشی دەکرد بە هاوبەشی شەڕەکە. ئەوکاتە، دەکرا زۆر ڕیسکی بۆ وەخۆبگری. بەڵام ئامانجی ڕاگەیەندراوی شەڕەکە ڕووخانی ڕێژیم نییە.
بۆ ڕوونبوونەوەی پرسەکە با هەست و سۆز وەلابنێین و بە چەند پرسیار لە مەنتق یارمەتی وەرگرین:
دوناڵد ترامپ چەند جاران بە شان و باڵی ڕێبەرانی ”ژیر و تێگەیشتووی” ئیستای کۆماری ئیسلامی دا هەڵکوتووە، وتووێژیان لەگەڵ دەکا و بەتەمایە لەگەڵیان ڕێکبکەوێ. هەروەها، تڕامپ بەئاشکرا ڕایگەیاند کە شەڕی ئەو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ دابینکردنی دێموکراسی نییە، بۆ ئەویە ڕێژیم نابێ ببێت بە خاوەنی چەکی ناوکی! ڕۆژی ١٣ی مای ٢٠٢٦یش وەزیری شەڕی ئەمریکا ڕایگەیاند ”ئەمریکا یەک ئامانجی هەیە ئەوە کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ناوکی رانەگات”.
باشە، ئەگەر ڕێکبکەون و کۆماری ئیسلامی بمێنێتەوە، هەر دەڵەین ”شەڕی ئێمەشە”؟ ئەگەر وابێ، ئێمە شەڕمان بۆ ئاڵووگۆڕکردن بە چەوسێنەرانی خۆمان کردووە و شەڕمان بۆ شەڕ کردووە!!
هەروەها، چەند ڕۆژ لەوەپێش هەواڵێک بڵاو بۆوە کە کاربەدەستانی ئەمریکا لەسەر داوای ئیسرایل چەند جاران لەگەڵ رضا پهلوی دانیشتوون. دەشزانین کە ئیسرایلیش بەئاشکرا و بەنهێنی یارمەتی بە سەڵتەنتخوازەکان دەدا. دەی، ئەگەرهاتوو سبەی ڕۆژێ بە کوودێتا رضا پهلوی و سەڵتەنەتخوازەکانیان هێنایە سەر دەسەڵات، بەوحاڵەش ڕەوایە بڵەین ”ئەو شەڕە شەڕی ئێمەیە”،بێ قەید و شەرت؟!
ئەمریکاش دەزانێ ئەگەر ڕێژیم لەو شەڕەدا ”قسر” دەربچێ، بۆ خەلکی ئیران بەگشتی و بەتایبەتی بۆ نەتەوە نافارسەکان و بەهۆی بوختانی کاک تڕامپەوە بەتایبەتی تر بۆ کورد، دەبێتە کارەسات.
کەوایە، لەو شەڕە دا ئامانج و پرسی دوای تەواوبوونی شەڕەکە بۆ ئێمەی کورد یەکلاکەرەوەیە و دەبێ لەبەرچاو بگیرێ.
پاشان، ئایا ئێمە لە دەستپێکردن و دواییپێهێنانی شەڕەکە دا دەورێکمان بووە و دەبێ؟ ئایا ئەمریکا بۆ سازان لەگەڵ تاران پرسێک بە ئێمە دەکا و ویستێکی ئێمە لەبەرچاو دەگرێت؟ لەسەر هێرشی بەردەوامی ڕێژیم بۆ سەر حیزبەکانمان وەدەنگ دێ و پڕۆسەی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیم پەک دەخات؟ تەنانەت راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کورد دەکات بە مەرجێکی ڕێککەوتن؟
لەسەر عەرزی واقیع نە بە دروشم ، ئایا کورد ئەو هێزەیە کە چارەنووسی شەڕەکە بگۆڕێ، لە کوردستانەوە هەزان کیلومیتر ببڕێ و بچێ تاران ڕزگار بکات؟ (ڕەنگە ئەوە تەنیا بۆ پێکەنین گوترابێ). ئەگەر ئەو هێزەیە، چۆنە سەرەڕای دنیایەک خەبات و قوربانیدان، ٤٧ ساڵە ڕێژیم لەجیی خۆیەتی؟!
هەموومان دەزانین کە وڵامی هەموو ئەو پرسیارانە مەنفییە! هەرکە ڕێککەوتن، ئەمریکا کاری بە کورد نامێنێ و ئەوکاتە، ترامپ دەڵێ پووڵ و چەکم پێداون شەڕم بۆبکەن – ئەوەی بە کوردی ڕۆژاواشی گوت!
دیارە گلەییکردن لە ئەمریکا و ئیسرایل و داوای تەزمین کردن لەجێی خۆی دا نییە. هیچ ولاتیک حیزبە کوردستانییەکان بەو پڕشووبڵاوییەی ئێستا وەک هاوپەیمان و هێزی کاریگەر سەیرناکا کە خۆی لەسەر پیاوخراپ بکات. کورد خۆی وەک ”شەڕکەری چاک”ناساندووە نەک وەک جووڵانەوەیەکی سیاسیی دێموکراتیک و خاوەنستراتێژی. بۆیە، ئەمریکا و ئیسرایلیش کوردیان تەنیا بۆ شەڕ دەوێ.
ئەمریکا تەنانەت ئامادە نەبوو پەڕۆیەک لە کۆماری ئیسلامی دادڕێ و ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بکات بە مەرجێکی لاوەکی ئاگربەس لەگەڵ ئێران!
بگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو. عێڕاق و کورد لەدژی ئێران لە شەڕدا بوون، بەڵام ئەویش شەڕی کورد نەبوو، چون ئامانجی شەڕەکان جیاواز بوون. دەرفەتێک بۆ حیزبەکان ڕەخسا بۆ بەهێزکردنی خۆیان و جوولانەوە لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی دا کەڵکیان لێوەرگرت.
هەر ئەوکات نەمر دوکتور قاسملوو لە لێدوانێک دا رایگەیاند کە ”ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئامادە بێ ئەسڵی خودموختاری لە یاسای بنەڕەتی دا بگونجێنێ، ئێمە ئامادەین شان بە شانی سوپای ئێران پارێزگاریی لە سنوورەکان بکەین” (نقل بە مضمون). مانای ئەو هەڵوێستە ئەوەیە کە کورد شەڕ بۆ ماف و دابینکردنی بەرژەوەندیی خۆی دەکات نەک بۆ نەفسی شەڕ.
کەوایە، دەتوانین بڵەین ئەو شەڕەش دەرفەتی بۆ کورد ڕەخساندووە. بەلام ئاخر هەل و دەرفەتیش لەخۆڕا نابێت بە دەسکەوت و ماف: هەل دەبێ بتوانی کەڵکی لێوەرگری. ئایا بەو وەزعەی ئیستا، کورد توانای کەڵکوەرگرتنی لەو دەرفەتە هەیە؟ وڵامی ئەو پرسیارە گرینگە ڕەنگە کارنامەی ”هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران” بیداتەوە:
ئایا ”هاوپەیمانی لەو بارودۆخە هەستیار و دژوارە دا توانیویە نوێنەرایەتێکی هاوبەش پێکبێنێ کە لە ئاستی نیودەوڵەتی دا زمانحاڵی کوردی ڕۆژهەڵات بێ؟ هیزی پێشمەرگەی حیزبەکانی ئەندامی هاوپەیمانی وەسەریەک خستۆتەوە؟ پلانێکی هاوبەشیان بۆ ڕۆژی گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات و بەڕێوەبردنی کوردستان داڕشتووە کە هەر لەسەر سنوور تووشی پێکهەڵپڕژان نەبن؟ ”هاوپەیمانی” تەنانەت نەیتوانی بە بەیانێکی هاوبەش قسەکانی تڕامپ لەمەر پێدانی چەک بە حیزبەکان بەرپەرچ بداتەوە (هەر حیزبە بەجیا بەیانی دەکرد!). لە کۆبوونەوەی ئێرانییەکان لە لەندەن، سێ لایەنی ”هاوپەیمانی” بەشدار بوون، بەڵام نەک هەر نوێنەرایەتی هاوبەشیان بۆ دیاریی نەکرابوو، تەنانەت هەواهەنگیشیان نەبوو و هەر یەکەی قسەیەکی دەکرد. وەک ئەوەی چووبن فارسەکان دڵنیا بکەن کە ئێمەی کورد توانا و ئیرادەی ئەوەمان نییە یەکبگرین و بە دەنگێک دیفاع لە مافەکانمان بکەین!
هەل و دەرفەت بە زەرفییەت و هێز و ستراتێژیی هاوبەش دەقۆزرێتەوە و کەڵکی لێوەردەگرێ، فاکتورێک کە لە دنیا و مناسباتی ئەوڕۆ دا هیچ لایەنێک، تەنانەت زلهێزەکانیش، لێی بێنیاز نین و بەردەوام هەوڵی بۆدەدەن. دەرفەت بە دروشم بەخۆداهەڵکوتن هیچی لێ شین نابێتەوە.
گرینگ: خەباتی ئازادیخواز دەبێ بەپێی ئولەوییەت هەنگاو هەڵگرێ و سەرەتا پێویستە نێوماڵی خۆی ڕێکبخا و یەکگرتوویی و تەبایی لە نێو ڕێزەکانی خۆی دا دابین بکات، ئەوکاتە دەبێتە هێزی خاوەن ئیعتبار و بەهەند دەگیڕێ. دەنا هەر لایەنێک تووشی ئەو تەوەهومە کوژەرە بێ کە بەتەنیا دەتوانێ وڵامدەری دۆخەکە بێ و بەسەر کێشە چاوەڕوانکراوەکان دا زاڵ بێ، لەگەڵ خۆی، جوولانەوە و بەرژەوەندیی کوردی ڕۆژهەڵات بەقوڕێ دا دەبا.
چەک و هیزی نیزامی گرینگن، بەڵام گرێدانی چارەنووسی جووڵانەوەی کوردستان تەنیا بە چەک و بەدیکردنی ئیعتبار و ڕزگاریی تەنیا لە لوولەی تفەنگ دا، هەر کارەساتی لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر ئەوەمان کرد، هەر وەک تاقمێکی چەکدار دەبیندرێین و زۆر بەهاسانی وەلا دەنرێین و مامەڵەمان پێوەدەکرێ بەبێ ئەوەی تێچوویەک بۆ مامەڵەپێکەر هەڵبگرێ. هەر ئەوەمان پێ دەمێنێ هاوار بکەین خەیانەتمان پێکراوە و ئەم و ئەو تاوانبار بکەین!
پاشان، ئاخۆ هەواهەنگییەک لەبەینی هێزە سیاسییەکانی چواربەشی کوردستان هەیە؟ ئەگەر ئەو ئەسڵەمان لەبەر چاو بێ کە ڕووداوەکانی بەشەکانی کوردستان کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر یەکتر هەیە، گرینگیی بوونی ئەو هەواهەنگییە حەیاتی و فاکتورێکی یەکلاکەرەوەیە.
ڕووداوکانی چەند مانگی رابردوو جارێکی دیکە بەڕوونی دەری خست کە لایەنە بڕیاربەدەستەکانی شەڕ نازانن بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەنگ کێیە و ڕوو لە کوێ بکەن. با لەجیاتی ئەوەی خۆڵ لە چاوی خۆمان بکەین، بە هێزی یەکگرتوومان بەسەر ئەو دۆخە دا زاڵ بین.