Hoppa till innehåll
Hem » ڕەشاد حۆسەینی ڕە مزی داکۆکی لە پیرۆزیەکانی ڕەچەڵەکێکی دێرین، سەدیق بابایی

ڕەشاد حۆسەینی ڕە مزی داکۆکی لە پیرۆزیەکانی ڕەچەڵەکێکی دێرین، سەدیق بابایی

لە ڕەوتی ژیانی هەر نەتەوەیەکدا هەندێ بابەتی پیوەندیدار هەن ئەگەر نرخ خۆیان نەدرێتێ جۆرێک لە بەجێ ماوی، تەریک کەوتنەوە، لاساری بەرانبەر بە ویەردە و ڕەچەلەک یا کەم بایخدان بە پارێزگاری بەها نەتەوەییەکان زیاتر وەرد نادرێتەوە.

بەها گەلێک ڕیشەی ڕابردوو بۆ بۆنیاد نان و دەوامی دواڕۆژ ڕەنجی پێوە کێشاوە. ئەم تایبەتمەندیانە زۆرن. دەکرێ بە نموونە؛ لەئاسەواری هەڵکەندراو لە سەر شاخ، دیواری ئەشکەوت، ئاسەواری حەشار دراو لە ژێر تەپۆڵکە ی خاک، هەرمان یا سازکراوی خوڵقاوی دەست وەک کەرسەی جۆراوجۆر، پەند و گوتەی زارەکی، ناوی بە جێ ماوی قارەمانانی هەڵکەوتە لە قالبی ئۆستورە، ناوی دێرینی شاخ، گوند، کانیئاو، ڕۆبار، قەلا، بەرزایی، تا ئاستی خوالەی پیرۆز ناودێر بکرێن.

ئەگەر دەرفەت بە لێکۆڵینەوەی ئاسەوار ناسی بدرێت دەسەلمێندرێت، ئەم ناوگەلە هەرکام مێژووێکیان لە پشت نووستوە.

بۆ پاڵ پشتی وتەکە ئەتوانین لە مەڵبەند یا ژینگەی ژین و ژیانی سەرەتایی ڕشاد حوسینی تۆزێک بە ناخ وناوئاخنی وتەکەدا هەڵکشێن. ئەمە خۆی زیاتر تیشک هاوێژ بۆ ڕاستی ئەبێت تا بزانین ئاوقەد بوون وتێکەڵی دواتری ڕێزدار ڕەشاد لە گەڵ ئەو جۆرە لە ژیانی دواڕۆژ بە کام هۆ کار و لە سەر چ بنەمایێک بوە.

کاشتەر/ ئاکاشە.

کاسا/ کاسی / کاسۆ/کاسۆیا/کۆسە/کۆش//کاشی/کەشی/کاشۆ/ کەشۆ/کەش؛

کاک/کاکۆ/کاکە

ئەمە نێوی ڕەگەزێکی کۆن یا مرۆڤ گەلێکی لەمێژینەی نیشتەجێ کێوەکانی زاگرۆس (بەیت بەگیە، بەغستان، گەنجوور کۆی گەنج ـ شاهۆ [ئەسپروز کوە، شاهوی بیدار دل بە وتەی فێردەوسی] لە شاهنامەیە، لانی کەم بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێنەوە.1

ئەم ڕەگەزە دێرینە توانیویانە ماوەی ٥٠٠ ساڵ قەڕنی ١٨ تا ١٢ی پێش زاین دەسەڵاتدار لە ناوچەیەکی بەریندا بن.

جێ ناو، شوێنەوارە دۆزراوی ئەوتۆ هەن هەبوونی کاسیەکان لە هۆرامان، هەرسین، کرماشان و لۆڕستان پشتڕاست دەکەنەوە. کاسە کووزە ،زیوەر و خشڵی ژنانە. زین و لەغاو بۆ ئەسپ. ئەڕابەی ئەسپ لە هەرسین ئەم وتە زیاتر دەسەلمێنێت.

خوالەی مێردۆک لە شاخی شاهۆ ڕووکاری پاوەپشتی کەندەلە (شاهۆ)، تاپۆ بەردینەکەی تا ئەم دواییانە مابوو. مخابن تاڵانچێ ناسراو وردووخاشیان کرد! مێردۆک خوالەی پیرۆزی ئاشوور، بابل، کاسی وسۆمر بوە.

سەریاس( سۆریاش ) ناوی گوندێک لە نێوان پاوە و روانسەر، خوالەی، خۆر پیرۆزی تایبەتی لای کاسیکان هەبوە.

کەشۆ ـ کەش ، کەشی [ لای بابلیەکان ؛ بۆ بە جەرگ ،ئازا و پالەوان هاتوە2. ] لە هۆرامان ئەم ناوگەلە هێشتار گۆ دەکرێن.

کاشۆ/کۆشی/ کاش/کاشتۆ؛ خوالەی هێز بووگن هەروەتر خوالەئ ئاسمانی ئاوی ڕەنگ ـ کەوە ـ شین.

ئەکاشە/ ئاکاشی

کاشی، کاشتۆ، کاشتەر(ئاوایی کاشتەر) وەک خوالەی هێز بو3وگە. گۆڤاری هەزار مێرد . سلێمانیکۆسای لە سەرچاوە مێژووییەکاندا ناوی کاسی ـ کان بوە.

ئاکاشە پاش زاڵ بوونی مسڵمانان بە سەر ناوچەکەدا بە ڕادەیەک لە هزر، هۆش و باوەڕی خەڵکی دەڤەرەکەدا جێگای هێقمی گرێدراو بە ڕەچەڵەکی خۆی داکوتا بوو بە ناچار مسڵمانەکان وەک پێغەمبەر ناسیییان. تا هەنووکە مەڵبەندی بێڵەوار بە گشتی وەک ناوەندی بڵ، بەردەنووسی تەنگیئوەر( قەڵای زیندانە) هەڵکەندراو بە فەرمانی سەلمانسەری دووهەم پادشای ئاشوور وەک لە نووسراوەکەدا هاتوە لە پەنای مێردۆک خوای ئاشوور وبابل کە ئەویش پەیکەرەکەی لە شاخی شاهۆ ڕووکاری پاوە جێگیر کرابوو [ بەداخەوە تاڵانچی ئاسەوار لەم دواییانەدا بە مەبەستی دیتنەوەی زيروزێو وردوخاشیان کرد!] لەوە ئەچێت ڕێزی شوێنەکە بە ئانقەست لای ئاشووریەکان ڕا گیرابێت.

ئەم ناوچە کۆگایەک لە خوالە پیرۆزەکانی لە دڵی خۆیدا حەشار داوە. لەوانە ؛ مێردۆک، بڵ، وەنەن(خوای پارێزگاری لە تووڕەیی سرۆشت)، مۆڵ و ئەشنان خوڵەی دانەوێڵە، تشتار یان تشار؛ خوالەی عەشق و هێز بەخشین بە سرۆشت و ژیانی پڕ بەرهەم، گاوؤڵ یا کامۆڵ[هاوینە هەواری هەجیج] ، ژوونێ (خواژنی یۆنایەکان) هاوینە هەواری ئاویی ڕوار، ت .د

ئاسەوارەکانی وەک؛ قەڵای تەنگیوەر،تەپەی تووبرەڕیز، قەڵای ماتێ ( گاوماد)بەرانبەر شاری پاوە، قەڵای تەوریوەر، قەڵای دەریوەر(نێوان پاوە و نەوسود) ملەی ئارێز ( هێمای جەنگاوەر وپاڵەوان) هەر یەک بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرن بۆ نرخ و پێویستی بە دواداچوونی ئەو تایبەتمەندیانە ڕەشاد و ڕەشادەکانی وەک [ئەحە مێسری، شەمک، وپاڵەوانانی هاوبیر] شوێنیان گرتبوو. دیارە لە ئەوێستادا وەر یا وەریبۆ قەڵا هاتوە.

هەڵبەت ئەبێت پێداگری بکرێت، پەند و ئامۆژگاریەکان لە پێوەندی دێرینە بوونی ویەردەی پیرۆز و دەوڵەمدی ژینگەی ڕەشادەکان تا ئاستی تۆمار لە شانامەی فێردەوسی وێرای دوژمنکاری بێ بڕانەوە لە حەکایەتی فێردەوسی و زۆحاکیش دا سەبارەت بە کورد نەشاردراوەتەوە. لۆ ئەوە تایبەتمەندی بە پێزی ناوچەکە شیاوی ئیشارەت پێکردن زانراوە.

چنین گفت شاهوی بیدار دل

کە ئەی پیر دانای بسیار دل

ئەیا مرد فــــرزانە تیز ویــر

ز شاهوی پیـــراین سخن یاد گیر

شانامە. ص ٦٣٠. حسین شهیدی مازندرانی

نیاسود تیرە شب و پــاک ڕوز

هەمی راند تا پیش کوە اسپروز

بـــدانـــجا کەکاوس لشکر کــشید

زدیو و ز جادو بدو بـــد رسید

دیوان شاهنامە. ص. ١٢٧

بۆ زۆرکەس؛ ناو، ناوبانگ، مێژوو وداستانی هەمبەروەستانی گاوماد بەرانبەر کودتاچیانی هەخامەنش (کورش) دژ بە نەتەوەی ماد[کورد] ناسراوە. بەردەنووسی بیستون خۆی حەکایەتی خەمباری کۆیلەتی وبە ئانقەس هەڵکەندراوی ئەم درامایە هەمبەر نەتەوەیەکە حەولی سڕینەوەی بە هەزاران ساڵە دەدرێت بەڵام هێشتار هەشە.

وەک لەک ئەمیر شاعێری خاوەن هەست دەڵێت:” ئەوە ئەجدادی ئێمەن کە هێشتار لە ژێر پۆستاڵی داریوش لە بێستون دا دەناڵێنن.”

ترۆری گاوماد تا ڕۆژگاری ئێمە لە لاین نەتەوەکەی کۆرش بێ پسانەوە لە درێژەی وەسیەت کردنی کەمبوجیە باپیریان کە دەڵێت ئێمە دەسەڵاتمان لە مادەکان ئەستاند. ئەبێت حەول بدەین چ کاتێک جارێکیتر لە دەستمان دەر نەچێت.”

ئەوەتا ئەم وتە تا ڕۆژگاری ئێمە هەرنەبێت بەرانبەرمان خۆی بە قورس و قایمی لە سەر پێێان راگرتوە!

ئەوە نیە لە مانگە کانی سەرتای ئەمساڵ ٢٠٢٦ کوشاری دەیان هەزار کەسییان لە شەقامەکان وێنەی هەرە زیندووی هاوشانی خوێنڕێژیەکانی کورش و داریوش بە بێ سڵ کردن لە هەر پێوەرێکی مرۆڤی درێژە پێ دەدەن!

ڕەشاد لە کاشتەر یادگاری کەسایەتی ئاکاشە و سالار لە گۆمەتە (ناوی زیندووی ــ گاوماتە) خۆی بەڵگەی داکۆکی نەبەزانە و خۆڕاگر بە نرخی خوێن پشتی کوردی بە نەچەماوەیی لە سەر پێیان وەک شاخەکانی شانشین.کوڕەی مریەم، زاوڵی، وقیت ڕاگرتوە.هەر ئەم نەریتە پیرۆزە گڕ لە ورەی پۆڵایینی ڕەشاد بەردەدات تا نەترس وەک ئەجدادی نە هێزی زەبەلاحی دوژمن بە هێند بگرێت و نە تۆزقاڵێک بەرانبەریان تەنانەت پاش یەخسیر کران مل کەچی بنوێنێ. وەک مەلەوانێکی باوەڕمەند لە شکاندنی شەپۆلەکانی بێڕەحمی دەریا خۆی ڕادستی سەلماندنی ئیرادە بۆ ئەوە بڵێت دەتوانن بە جەستە نابوودمان کەن بەڵام ئێرادەمان خۆڵقێنەری داستان گەلی بەزاندنتان لە کۆتایی بێ سەمەری حەولەکانتاندایە هەرچەند دڵخۆش بن بە دەوامی بێ نرخ و گرێدراویتان بە خوێنڕشتن بێت.

رەشاد؛ شەریف زادی سەردەم یان ڕۆحێکی بێ ئۆقرە

سیاست و تێکۆشانی کورد بە درێژایی هەر نەبێت زیاتر لە سەت ساڵی رابردوو پر لە هۆرازولیژ، هەڵکشان و داکشان لە ژێر سێبەری کەمتر فام کردنی پێویستی زاڵ کردنی ڕێوڕچەی نەتەوییی و باڵا دەستی دەوری کەسایەتیکان ڕوایەتی بە خۆی داوە!

ئەمە لە سەر دەمی بڕیارە بێ ئۆقرانەکەی ڕەشاد و کۆمەڵێکیتری هاوڕبیری لە لای بەرپرسەکانی حێزبەکەی بوو بە ماکەی کێ بەرکێ هەمبەرئەو نەیارانە لە باڵیتر کە ڕوانگەی ستەمی دابەزینی پلەو پایەی خۆیانیان تێدا بەدی دەکرد.

ڕەنگدانەوەی بۆچوونگەلی وەها ڕەنگ بێت لە سەر ئەو بنەما بۆ نیشان دانی توانا و سەلماندنی خاوەندارەتی لە ئێرادی زاڵی خۆ بە ساحەب کردنی باوەڕداران بیر لە بزاوی دڵخوازی ڕەشادەکان وەک شەریفزادی سەردەم کەڵک وەر بگیردرێت تا لە لایک بە لاین یا بالی هەمبەر بسەلمێندرێت ئەمان خاوەندارەتی لە ئێرادەی شۆڕشگێری دەکەن و لە لایێکیتر پیشاندەری ئەوە بن کەسایەتیە هاوبیرەکانیان تا چ ئاستێک بۆ نیشان دانی جەوهەری بڕوا و شێلگیری فەرمانی ڕێبەرانیان مکووڕن. واتە ماکەی پێداگری و داکۆکی درێژەی شۆڕش ڕێوشوێنی لێرە لای ئەمان پارێزراوترە!

وەک وترا چەندین کەس بۆ ڕاسپاردەی ئەوتۆ دەس نیشانی ڕیبەری بۆون تا فەرمانبەرداری و ئامادەیی ئەندامان لە کردەوەدا سەلمێندراو بۆ هەر نەیار و ناکۆکێکی خۆجێیی و دوژمنی کورد بێت.

ڕەشاد لە روانگەی خۆیەوە بە پێ خسلەتی پەروەردەی ژینگەکەی، بە باوەڕ بڕیاری ڕاگەیێندراو بە هەلی زێڕین بۆ شوێن کەوتنی ئامانجەکانی لێک دەداتەوە. نووسەر لانی کەم وەک هاوسەنگەرێکی ڕەنگە بە ئەزموونتر دوو جار بە وردی مەترسیەکانی شوێن کەوتی بڕیارێکی ئەوتۆ لە هەلومەرجێکی وەهادا ناوچە شانسی ئامادەیی پێشمەرگەی وەک جاران لە ناوچەکاندا بۆ پاڵپشتی و با هانا هاتنەوە تووشی قەتیسمان و کزی هاتوە بۆ کاک ڕەشاد شی دەکاتەوە. هەیهات! ڕەشاد لەوانە نیە چ دوژمنێک بەرانبەر بە خۆی وەها خاوەن ئێرادە بزانێ تا ڕاوێژی ئەوتۆ کاریگەری لە سەری هەبێت.

شەریف زادەکەی کاشتەر؛ ئەم بڕیارە بۆ ئامادەبوون لە نێو ئاپۆرای جەماوەری نێوخۆی وڵات و دیدار لە گەڵ ئەویندارانی هاو بیری یەخسیر لە ژێر ستەمی دەسەڵاتی زاڵ بە حەجی دوو حەج دەس بۆ خۆی هەڵدەسەنگێنێ. بۆ ڕەشاد ئەگەر کابە یا مەکەیەک هەبێت نێوخۆی وڵات و ڕەوانتر بوترێت بێڵەوار و دیداری سەرلە نوێ ئازیزانی لێ دابڕاویەتی. ئەوەیە بە قەرارێک شەیدای گەڕانەوە بۆ زێد سەرخۆشی دەکات توانای گوێ بیس بوون و گوێدان بە بیستنی چ مەترسی گیانی سەرڕێگا و چ ئامۆژگاریێک کاریگەری لەو پێوەندیە دا لە سەری نابێت.

کاتێک مرۆڤ بە ناخی ئەم هێزە لە شەیدایی بۆ پیوانی ڕێگایەکی پیرۆز، ڕێگایێک قەت خەتەر ومەترسی گیانی بۆ پێوانی تێیدا جێی نابێتەوە وەرد دەداتەوە هۆش بۆ ئەو لایە ڕەکێش دەکات دەبێ جەوهەر و بزوێنەری ئەم دینەمۆ مەترسی نەناسە لە کوێڕا سەر چاوەی گرتبێت؟

ئاکام دەگاتە ئەوە تەنیا بە ناخداچوونی ڕابردوو و و ئاوڕدانەوە لە ڕیشەی ڕیشەئاژۆتوو لە دڵی مەڵبەند ێکی کەسایەتی پەروەر بۆ نیشتمان و خەمخۆری کەرامەتی نەتەوییە کە بە درێژایی هەزاران ساڵ وەک لە ئاسەوارەکان دەر دەکەوێت مەودا بە کورت هێنان، نکوولی و پاش گەز بوونە لە کەرامەت پارێزی نادات، جا بە چ نرخ وقیمەتێک پارێزگاریەکەی پێویست بکات ئەوە سەرو لەش ئامادەیە.

ڕەشاد بە زانابوون ، باوەری قوول، زانیاری و متمانەبە خۆبوون ڕێگاکەی هەڵدەبژێرێت. ئیتر دەوروبەر لاینەکان و ئەوانە توانای جووڵەی ئەو و ئێرادەکەی بۆ خۆیان بە زیان دەبینن ئەوە ناتوانێت تۆزقاڵێک لە بڕیارە ەکەی پاشگەزی بکاتەوە.

ئەو کەسانە دوا دیداری ڕەشاد لە زیندانە خۆفناکەکانی ستەمکارانی دژ بە ڕەشادەکان شاهد بوون باسیان لە ئاسەواری ئەشکەنجە لە سەر جەستەی ئەو جوانمێرەیان کردوە بەڵام وێرای ئەوە حەلاج ئاسا پاش هەر جارە لە گۆ گەوتنێک دیسان گوڕەی پێشمەرگانەی ڕیسی بەزین و هیوای بێ هیوای دوژمنان بە خوری دەکاتەوە. یادی پڕ ڕێزی ڕەشاد و ڕەشادەکانی تر بە حورمەت تر.

سدێق بابایی / ٧/٥/٢٠٢٦

تکایە ئێرە کلیک بکەن بۆ زانیاری زۆرتر PDF

https://peshmergekan.com/babet_pdf/Stone_and_Spirit-2-reshad-huseni.pdf

1 هەمەدان نامە.لاپەڕە ٤٩٤ ـ دەروازەکاسیان ـ پ. اذکایی١٣٨٠. م . مردوخ، مێژووی مەردووخ.لاپەڕە ٧٦ ـ ٨٠ فارسی

2 گۆڤاری هەزارمێردژمارە ١٢. ساڵی ٢٠٠٠ سلێمانی

3 گۆڤاری هەزار مێرد ژمارە ٣٨. ژمارە ١٢