Hoppa till innehåll
Hem » گرنگـییەکانی خەیـاڵ لە گەشەکـردنی منـداڵان.. رەزا شـوان

گرنگـییەکانی خەیـاڵ لە گەشەکـردنی منـداڵان.. رەزا شـوان

خەیـاڵ یان ئەنـدێـشە، گەورەتـرین سامانی مـرۆڤە. کـلـیلی داهـێنانەکانە. هەمـوو ئەو داهێنان و پـێـشکـەوتـن و شارستانی و شـتە سەیـر و سـەمەرە تەکـنەلـۆژیـانەی، کە مـرۆڤ دروستیانیکـردوون.

هـەمـوو ئەو گـۆڕانکارییـانەش کە لە بـوارەکانی ژیـانـدا هاتـوونەتەدی. لە سایەی خەیاڵی مرۆڤـدا هاتـوونەتەدی. راستیە بەرجەستەبووەکانی ئەمڕۆمـان، خەیـاڵ و خەونەکانی دوێـنێـمانن. خەیـاڵ و خەونەکانی ئەمـڕۆشـمان، لە سبەینێدا دەبن بە راستی و دێنەدی. خەیاڵ رەگەزێکی سەرەکییە لە هەموو داهێنانێکی هـونـەری و زانستیدا. خەیـاڵ ئەو هـێزە ئەفـسووناوییە، کە مرۆڤی خستە سەر مانگ، لە سـاڵانـێکی نـزیکـی داهـاتـووشـدا، دەیخـاتە سـەر گـڕەهـەسـارە مـەریـخ”. خەیـاڵ دەمانباتە هەر شوێـنێک کە بمانـەوێـت. نە بازگـەی لێ هـەیە و نە پاسـپۆرتی دەوێـت.

(تـایـلـۆر) دەڵـێـت:”ئـەوە هـێزی خـەیـاڵە، کـە کـارەبـای ئـەم شـارەی بەدیهـێـناوە”.

خەیاڵ چالاکـییەکی ئەقـڵـییە، بریتییە لە تـوانای دروستکردن و کۆنترۆڵکردنی وێنـە و سیناریۆ و بیرۆکەی دەروونی. یان دووبارە دروستکردنەوەی وێنە لە مێشکدا بۆ ئەو شـتانەی لە جیهـانی راستەقـینە و لـۆژیکـیدا بوونیان نییە. خەیاڵ جیهـانێکی فـانتازی دروست دەکات. خەیاڵ هـانی مـرۆڤ دەدات بۆ هـێنانەدیی خەون و ئامانجـەکانیان، لە میانەی خەیاڵکردن و هەستکردن بە خۆشیی هـێنانەدییان. ئەمـەش هـانیان دەدات بۆ کۆششکـردن و کارکردن بۆ ئەوەی بیانکەن بە راستی. زۆر جار خەیاڵ پەیوەستە بە داهـێـنان و توانـای بینینی جیهـان، لـە روانـگەیەکی نـوێ و پەرەپێـدانی داهـێنەرانە. خەیاڵ بەردی بناغەی داهـێنان و دۆزینەوەی چارەسەرکردنی کـێشەکانمانە. زاخاوی هـزر و خولـیا و ئارەزووەکانـمان دەدات، بۆ گۆڕانکارییەکی راستەقـینە لە جیهانـدا. خەیـاڵ پیـویستـیەکە لە پێویـستـییە گـرنگەکانی مـرۆڤ، لە هـەر تەمـەنـێکـدا بێـت.

(ئەلـبـێرت ئەنـیـشـتایـن) دەڵـێـت:”خەیـاڵ گـرنگـترە لـە زانـیـن. زانـیـن سـنووردارە، بەڵام خەیـاڵ هـەمـوو جـیهـان دەگـرێتـەوە. هـانی پێـشکەوتـن دەدات و بەشـداری لە گەشـەکـردنـدا دەکـات”.

خەیاڵی منـداڵان، بـریتییە لە توانـای منـداڵان بـۆ پێکهـێـنانی وێنـە و بیـرۆکە، کە لە راستیدا بوونیـان نییە. منـداڵان بە خەیـاڵ جیهـانێکی ناوازەی نمـوونەیی تایبـەت بە خۆیـان بنیـات دەنـێن. گەورەکان دەتـوانـن بە ئاسانی جیـاوازی لـە نێـوان راسـتی و خەیـاڵـدا بـکەن. بـەڵام زۆرجـار منـداڵانی بچـووک، خـەیـاڵ و راسـتی تـێکەڵ دەکـەن.
بە خەیـاڵ دارستانێکی جـوان دروسـت دەکـەن، پـڕە لە ئاژەڵی منـداڵـدۆسـت. دەتـوانـن لەگەڵ منداڵانـدا قـسە بکەن. یان دەبینین منداڵێک دەچـێتە ناو سندوقێکی کارتـۆنەوە و بە کەشتییەکی ئاسمانی دەزانێت، بە خەیاڵ گەشتی ئاسمان دەکات و دەچێتە سەر مانگ و هەسارەکان. ئەمـانە هەمـوویان لە جیهـانی خەیاڵـیی منـداڵانـدا ئاسایی و سـروشتین.

خەیاڵ تـوخمێکی چارەنووسسازە لە گەشەکردنی منداڵان. دەرگای جیهانێک لە زانستی و فـێربـوون گەشەکـردن و کارامـەیی و ئەگـەرە بێـسنوورەکـانیان لـێـدەکـاتەوە. ژیـانی منـداڵان بە خەیـاڵ دەستـپـێدەکات. دواتـر وردە وردە دەچـنە نـاو جیهـانی راسـتەقـینەی سەخـتەوە. جیـاوازی لە نیوان راسـتی و خەیـاڵـدا دەکـەن. لووتکەی خەیـاڵی منـداڵان، لە تەمـەنی سـێ تا شـەش ساڵـییە، واتـە قـۆنـاغی پـێـش قـوتـابخـانەی بنەڕەتـیـیە.

خەیـاڵ لە ئەمـڕۆ لە داهـاتـوودا، رۆڵێکی گرنگی لە ژیانی منـداڵان هـەیە. منـداڵان لە رێگەی خەیـاڵەوە، بەسەر بەربەسـتەکـانی کـات و شـوێـن و ئەسـتەمـدا، بـازدەدەن و سـنووری هـێزەکانی خۆیان تێـدەپەڕێـنن و دەستیان بۆ ئەو شتانە درێـژدەکـەن کە لە راسـتیـدا ناتـوانـن بەدەستـیان بهـێـنن. جیهـانێکی ئەفـسووناوی ناوازە و فـانتـازی و دڵخـوازی ناراستی دروسـت دەکـەن.

(س. ج. مبلـیرانـت) دەڵـێت:”واز لە منـداڵەکانتان بهـێـنن، با باڵـەکانیان تاقـیـبکەنەوە، لەوانەیە نەبـن بە هـەڵـۆ، بەڵام ئـەوە بـەو مانەیە نیـیە، کە نابێـت بە ئـازادی بفـڕن”.

خەیاڵ زۆر لەوە زیاتـرە، کە ئامرازێکی یارییەکی خەیاڵی یارییەکی درامـیمنـداڵان بێـت، یان زینـدەخـەونێک بێـت. بەڵکو خەیـاڵ رەگەزێکی سەرەکی و ئـەو بناغـەیەیە، کە منـداڵان، تێگەیشتـنی خۆیان لەسەری بنیات دەنێن. پەرە بە گەشەکردنی زانستی و هـزری و سـۆزداری و کۆمـەڵایەتی منـداڵان دەدات. خەیـاڵ خۆدەرخستن و کـنجکاوی منـداڵان دەورووژێنێـت و چـرای داهـێـنان هـەڵـدەکـات.

گرنگـییەکانی خەیـاڵ لە گەشەکـردنی منـداڵان:

پەرەپێـدانی خەیاڵی منـداڵان، لە ساڵانی پێکهـێـنانیـدا، گـرنگـییەکی زۆریـان لە ڕووی هـزری و کۆمەڵایەتییەوە هـەیە. زۆر بە کورتی و بە چـڕی چەند سوودێکی سەرەکی خەیـاڵ، لە گەشـەکـردنی منـداڵان دەخـەینـەڕوو:

١ـ خەیـاڵ رۆڵـێکی گرنگی لە گەشەکـردن و بەرزکـردنەوەی زانستـیی منـداڵان هـەیە.
ئاسةتی زیـرەکی و هـۆشـیاری منـداڵان و کـارامـەییە جیـاوازەکـانیـان بەرزتـر دەکـات.

٢ـ خەیـاڵ متـمانە بەخـۆبـوون و گـەشـبینی و هـیوا و دەروون ئاسـوودەیی بە منـداڵان دەبەخـشێت. دەیانخاتە سەر ئەو باوەڕەی کە شتێک نییە ناوی ئەستەم بێت. لە میانەی خەیاڵکردن لە ژیـانی داهـاتوویەکی باشـتردا، لە سایەی ئیـرادە و بـڕیارێکی تۆکـمەدا، لە سایەی کوشش و کار و تاقـیکردنەوەدا، هەموو خەون و هـیواکانی مرۆڤ دێنەدی.

٣ـ خەیـاڵ پـەرە بـە تـوانی زمـانی زارەکـی و نـووسـراوی منـداڵان دەدات. منـداڵان لە کاتی یارییە خەیاڵـییە دراماییەکانیان. زۆر گـفـتوگۆ لەگەڵ یەکتریـدا دەکەن. یان لەبەر خۆیـانەوە قـسە لەگەڵ بابەتەکانی یارییەکـانیان دەکـەن. وشـەی نـوێ بەکاردەهـێـنن و وشەسازییان فـراوانـتر دەکـەن، پێکهـاتەی رستەکانیان باشتر دەبـن. توانای داڕشتنی رستەی ئاڵـۆزیان دەبێت. ئەمەش توانای زمـانیان بەهـێزتـر و بەرزتـر دەکات. توانای گـوزارشتکـردنی باشـتریان لـە بیـرۆکەکـانیـان دەبێـت. تـوانای پەیـوەنـدیکـردنیـشیان باشـتر دەبـێـت.

٤ـ منـداڵان لە رێگەی خەیاڵەوە، فـێری ئەوە دەبن کە چۆن پشـت بە تواناکانی خۆیان ببـەسـتن، لە چارەسـەرکـردنی ئـەو ئاسـتەنگی و کـێـشانەی رووبـەڕوویـان دەبنـەوە.

٥ـ خەیـاڵ ئـەو بناغـەیەیە، کە داهـێنانی لەسەر بنیات دەنرێـت. خەیـاڵ هـانی منـداڵان دەدات بـۆ داهـێنان و بـۆ گـۆڕینی جیهـانی دەوروبـەریـان. خەیـاڵ ئەگـەری بـێـسنوور دەکـاتەوە، هـانی منـداڵان دەدات بـۆ گـەڕان بـە دوای بیـرۆکە و چەمکە نـوێیـەکـانـدا. هەروەهـا دەرفـەت بـۆ کارلـێککـردن و بۆ دەربـڕین دەڕەخـسێنێت، ڕێگەیان پێـدەدات پـەرە بە دیـدگا ناوازەکـانیان بـدەن.

٦ـ خەیاڵ پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی منداڵان بەهـێزدەکات، فێری نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی دەبـن. دەبنە کەسانێکی زیاتر سۆزدار و میهـربان. باشتریش لە کەسانی تر تێـدەگەن. فـێری پەیـوەنـدیی هـاوڕێـتی و هـاوکـاری دەبـن.

٧ـ هـونەر و وێـژە، دوو ئامـرازی بەهـێزن بـۆ هانـدانی خەیاڵی منـداڵان. خوێندنەوەی پەرتووک و وێنەکـێشان و مـوزیک، دەتـوانن هەست و بیرکردنەوەی نوێ لە منداڵاندا بـورووژێـنن. پێویستە هـانی منداڵان بـدرێن بۆ بەشداریکردن لە چالاکـییە هـونەری و وێـژەییـەکانـدا. رێگەیـان پێبـدرێـت بە شـێوەیەکی داهـێـنەرانە بـیرۆکەکانیان دەربـڕن.

٨ـ هـيچ شـتێک لە خەیـاڵـێکی تەنـدروسـت گـرنگـتر نیـیە، بـۆ گەشـەکـردنی منـداڵان. ئازادیی ئەوەیان هـەیە، کە جیهانێکی دڵخـواز لە مێـشکـیاندا دروستبکەن. لە سایەی هـێزی خەیـاڵـدا، دەتـوانـن ببـن کەسـانـێکی تـر. فـێری سـەربەخـۆیی دەبـن.

٩ـ خەیـاڵ بەشـداری سـەرەکـیـیە، لە بنیاتنـایی کەسـایـەتی هـاوسـەنـگی منـداڵان.

١٠ـ خەیـاڵ کاردانـەوەی ئەرێـنـیی لەسـەر تەنـدروسـتی دەروونی منـداڵان هـەیە.

١١ـ خەیـاڵ پەرە بە تواناکانی بیـرکردنەوەی ڕەخـنەیی دەدات. سەکـۆیەک بۆ منـداڵان دابین دەکات، بۆ پراکـتیزەکردنی بیرکردنەوەی ڕەخـنەیی، لە ڕێگەی بەشداریکـردن لە سیناریۆی گریمانەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی داهێنەرانە. لە ڕێگەی تاقـیکردنەوە و هـەڵەکـردنەوە، منـداڵان دەتـوانـن کـێشە ئاڵـۆزەکانیان چارەسـەربکەن بەبـێ ئـەوەی دەرئەنجـامی نەرێـنییان لـێـبکەوێتـەوە.

١٢ـ زۆرجار یاریی خەیاڵی بریتییە (یاریی درامـایی) لە ڕۆڵگێڕان. ڕێگە بە منـداڵان دەدات کارەکـتەری جیـاواز وەربگـرن و پـەرە بـە هـاوسـۆزی بـدەن. ئـەم چـالاکـیـیانە یارمەتیدەرن بۆ پەرەپێدانی هـۆشیاری سۆزداری منـداڵان، بۆ خۆیان و کەسانی دیکە.

١٣ـ نوانـدنی جەستەیی و سـیناریـۆی خەیـاڵی، وەک یاریکـردنی مـاڵە باجـێـنەیان یاریی گـورگ و شـوان و مـەڕەکـانی”… هـتـد. ئـەم یـارییـە خەیـاڵـیـیە جەستەییـانە، یارمەتیـدەرن بـۆ پـەرەپێـدان و بەرزکـردنەوەی تـوانـا جـوڵـەییەکـانی منـداڵان.

١٤ـ پەرەپێـدانی خەیاڵی منـداڵان، یارمـەتی بیرکـردنەوەی داهـێنەرانە دەدات. منـداڵان دەتـوانن بیرۆکەی نـوێ بخەنە ژیانیانەوە و جـیهـانی دڵخـوازی خۆیان دروست بکەن. بەشداری لە گەشەکـردنی توانا دەروونییەکان و فـراوانکردنی ئاسۆی هـزرییان بکەن. یارمەتییان دەدات بۆ گوزارشتکـردن و بۆ تێگەیـشتن لە هەستەکانی ناوەوەی خۆیـان.

١٥ـ خەیـاڵ بەشێکی گرنگە لە تەندروستیی دەروونی منداڵان. هـێمنی و ئاسوودەییان پێـدەبەخـشێـت، یارمەتیی منـداڵان دەدات، بـۆ زاڵـبوون بەسـەر دوودڵی و دڵـتەنـگی و سـتـرێـسی و بـێـزاریـدا.

بێگومان وێـژەی منـداڵان، دەروازەیەکە بـۆ جیهـانە بێـسنوورەکانی خەیـاڵی منـداڵان.
بـە سـەدان چـیرۆکی ئەفـسانەیی خەیـاڵـئامـێزی کلاسـیکی و مـۆدێـرن هـەن، کە بە تایبـەتی بـۆ منـداڵان نـووسـراون. کە پەیـامی پـەروەردەییـان لەخـۆگـرتــوون.

ئامـاژە بـەوەش دەدەیـن، کە لەژێـر کاریـگەریی چەنـدیـن هـۆکـاردا، گـرنگی و رۆڵی خەیـاڵ لە گەشـەکـردنی منـداڵان، لـە منـداڵـێکەوە بـۆ منـداڵـێکی تر جیـاوازی هـەیە. وەک: تەمـەن و ژیـنگە و هـانـدان و ئەزمـوونە کەسیـیەکان و کارلـێککـردن لەگەڵ کەسانی دیـکەدا.

دوبـەی: ٢٠٢٦