ئەم بەرهەمە کۆی کۆمەڵێ پرسیارە لە زۆر کایەی ژیاندا لە مامۆستا کراوە، هەر لە ئەقڵ و هزر و فیکر و ڕۆشنبیریی و ئایین و مێژووەوە تا زۆر بابەتی تری کەسی و تایبەت بە ژیانی مامۆستا و ڕووداوە سیاسییەکان و زمان و ژن و بیرەوەریی و شۆڕش و شتگەلی تر کە بڕیارە بە درێژی لە چاپی داهاتوودا تەواوی ئەو چیرۆکە و پاشخان و هۆکار و ناوەڕۆکەکەی ڕوون بکەمەوە.

هێندە بەسە بڵێم مامۆستا بە باشترین بەرهەمی خۆی دەزانێ، چونکە هەمەرەنگ و فرە بابەتە و بۆ هەر خوێنەرێک شتێکی تێدایە..
پێم سەیرە کەسانێک بیرەوەریی خۆیان دەگێڕنەوە و تەنیا بە من و هەر من و منمنۆکێی خۆی وەک پاڵەوان و بێ خەوش هەموو ڕووداوەکان گرێ دەدات.. ئاخر بە هەقیقەت سەختە مرۆ لەسەر خۆی بنووسێ و ستایشی کاری خۆی بکات، نەک خوا شاخ و باڵی لێ پەیدا بکات و بەپێی بەرژەوەندی و ڕۆژ ترشوخوێی زۆریشی پێوە بکات.. ئەم بەرهەمە کارێکی بەندەیە لەگەڵ مەسعوود محەمەد.. چاوپێکەوتن یان دواندنێکە کە تەنیا لەڕێی نامەوە ئەنجام دراوە.
چیرۆکی سازدانی ئەم بەرهەمەم لە چەند شوێنێ باس کردووە و بۆ چاپی ئایندەیشی بە درێژیی و تیروتەسەلتر دەیگێڕمەوە و کۆمەڵێ زانیاریی نوێشم بۆ ئامادە کردووە.. بۆیە لێرەدا خۆم لە تخووبی ئەو بابەتانە نادەم.
پرسیارەکانی ئەم کتێبە هەمەجۆرن بەپێی هەلومەرجی ئەو سەردەمە و ئەو دەرفەتەی لەبەردەم من و ئەودا شیاو بووە؛ پرسیار لەسەر بارودۆخی جیهان، ناوچەکە و کورد، پرسیار لەسەر مێژوو و کۆمەڵایەتی و ئەدەب، پرسیاری فیکری و ڕۆشنبیریی، پرسیار لەسەر ئایین و فەلسەفە و ژیان و ئارەزووەکانی نووسەر، پرسیار لەسەر ژیانی فیکریی و سیاسی و ئەزموونە شیرین و تاڵەکانی و زۆر لایەنی تر..
بەشێکی زۆری بیروبۆچوونەکانی ناو ئەم بەرهەمەی مەسعوود محەمەد کە لە خانەی بیر و هزری نەتەوەیی و کوردایەتیدا جێیان دەبێتەوە، چوونەتە دووتوێی کتێبی جیهانبینی نەتەوەییانە لە هزری مەسعوود محەمەددا کە ساڵی ١٩٩٨ چاپ کراوە..
لێرەدا هەوڵ دەدەم مشتێک لە بیروبۆچوون و تێزە گرنگەکانی بخەمە بەرچاو و بەپێی شیاو بەشداری بکەم لە خوێندنەوەیاندا..
سەرەتای دەرکەوتنی بۆچوونی ڕەخنەیی لەسەر بیری مارکسیزم و دیاردەی ستالینیزم لای مامۆستا مەسعوود محەمەد، بەتایبەتی گوتاری فکریی ڕەخنەیی کە جیاوازە لە وتاری سیاسی و حیزبی ڕەخنەیی.. ئەمەش بوێریی و ڕوومەتێکە بە باڵای م. م دا دەبڕدرێت.
> [لە ساڵی ١٩٤٩-١٩٥٠ ەوە وتوومە: مارکسیزم ئەگەر هەموارکاری (تەعدیلاتی) بنەڕەتیی تێدا نەکرێت ناشێ بەردەوام بێت، چونکە لەگەڵ سروشتی مرۆڤ و ڕاستییەکانی کۆمەڵایەتیی بێتەئەول ناگونجێت.. دەمێنێتەوە کۆمیۆنیزم وەک بیروباوەڕێک کە لە مارکسیزمەوە پەیدا بێت، ئا ئەو کۆمیونیزمە بە بەریەوە هەیە ماوەیەکی درێژدار بژیت نەک لەبەر لایەنی سێکۆلار (علمانیەتی) کەوا بێگومان (بەلای منەوە بێگومان) بەشێکی زێدە گرنگی پێوەندیی بە واقیعەوە نییە و پتر بەلای گریمانە (فرضیە) و ئارەزووی خاوەنەکەیدا دەچێتەوە کە ویستوویەتی (چینی ڕەنجدەر) لە تیۆریدا (نەزەریە) بکاتە خاوەنی مێژوو و لە ئایندەدا حوکم بەدەستەوە بگرێت(..) شیووعییەت نەک لەبەر لایەنی عەلمانیە بەڵکە لەبەر لایەنی سۆز (عاتیفە) و تاوگیری و تیژڕۆیی دەروێشایەتییەکی تێیدایە تەمەندرێژتر دەبێت لەوەی خەڵک چاوەڕوانی دەکات]. ل ١١
بوونەوەرێک هۆشی نەبێت، ئەقڵیشی بە دیاردەکان ناشکێت.. ئەگەر لە ڕابردوودا تێگەیشتنێک بۆ زۆر بابەت و ڕووداو نەبوو بێت، هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوون و پەیدانەبوونی هۆشی پێویست.
> [بەر لە پشکووتنی هۆشی مرۆ ئیمکان نەبووە کاری سەر بە کۆمەڵایەتی پەیدا بوو بێت]. ل ١١
مرۆڤایەتی بە هۆی بیرە گەش و مرۆڤدۆست و ئاشتیخوازانەکانەوە دەرەتانی خەمڵاندنی بۆ دروست دەبێت.
بایەخ و گرنگیی لەبەرچاوگرتنی بەهای ئەم لایەنە گرنگەی بە چارەنووسی مرۆڤە بەندە، دەبێت ئامانجی فکریی و سیاسی و هەر هێز و دەزگا و لایەن و تاکێکی ناو ئەم گەردوونە بێت. مرۆڤەکان و گەل و نەتەوەکان لە ئاکامی پرۆسەیەکی دوورودرێژ هەندێ تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆیان بەرهەم هێناوە و بوونی مرۆڤیان لەسەر گۆی زەوی فرەڕەنگ و هەمەچەشنە کردووە.. لێ لە بنەڕەتدا دەبێت ئەوە چەسپاو و زەلال بێت، هیچ نەتەوە لەوی تر پیرۆزتر و گرنگتر و لە پێشتر نییە.
بۆیە دەبێت کۆمەڵگەی نەتەوەکان بە توندی بەگژ هەر بیر و لێکدانەوە و ئاڕاستەیەکدا بچنەوە کە بە زیانی پێکەوەژیان و دابڕان و وەتاق کەوتنەوە و وەڕسبوون لە مرۆڤ بوون و ڕووە و فیتنەگێڕیی و ئاژاوەنانەوە و توندوتیژی ملی ڕێ بگرێت.
> [بێگومان هەر بیروباوەڕێکی کەندی قووڵی جوداوازی و لێک دڕدۆنگ بوونی ئادەمیزاد، چ لە مەیدانی نێونەتەوەییدا و چ لە مەیدانی نێوان ڕیزەکانی یەک نەتەوەدا بێت هەڵکەنێت، بە دوژمنی مرۆڤایەتی دەژمێردرێت با موژدەی ئاوی حەیاتیشی لەگەڵدا بێت، کە دەزانین هەرگیز ئاوی زیندەگانی و گوژاڵی خەڵک تێکبەردان بەیەک شەلەگەدا ناڕۆن]. ل ١٢ ـ ١٣
قسە لەسەر مرۆڤ، کرۆک و نەک هەر جەوهەریی بەشێکی بەرچاوی بەرهەمەکانی مامۆستا مەسعوودە، بگرە سەنگینترین ناوەڕۆک و بەشی پێک دێنن.
مرۆڤ وەک بکەر و کاریگەر، و مرۆڤ بە هۆشی ڕووناک و تاریکەوە، بە زاتی باش و کوێر و بەدەوە، بە هۆشی کراوە و زیندووەوە یاخود کول و شێوێندراوەوە.
لێرەدا یەکێ لە بەهێزترین و جوانترین کۆپلە پێناسەکردنی مرۆڤمان دەکەوێتە بەرچاو..
ئەم تێزە بۆخۆی نەتەنیا کەرەسەی جۆرەها توێژینەوە و کاری زانستی و ئاکادیمیاییە…
چاکە و خراپە کردن، جوان و ناشیرین نواندن، دروست و نادروست، ڕاست و هەڵە، تاریک و ڕووناک هەمووی مرۆڤ بکەریانە و ئەقڵ و هۆشی وا لە پشتیانەوە!…
> [ـ من کە دێم باسی مرۆڤ دەکەم بە هەموو عەیب و عاریەوە، لە پێشەوە سەلماندوومە و لە خۆم کردووە بە ئایین کە مرۆڤ هەرچەند لە پلەی زێدە کز و بەرەژێری تێگەیشتن و بە خۆنازین و ڕەفزی بەندەییدا بێت، دیسانەوە هەر خۆی تاکە کاریگەری مێژوو و کۆمەڵایەتییە و بێ ئەو ڕووت و ڕەجاڵەی کە جارێکیان دەبێتە میری سەربڕ و جارێکیشیان پێڵاوی ئاغا و شێخ و ڕابەری سیاسی ماچ دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە چرای زانست و داد و شەرافەت هەڵدەگرێت، بێ ئەو مەخلووقە هەرچی سروشت هەیە گیانی شانازی و نرخی بەرز و ئیبداع و دۆزینەوە و داهێنان دەدۆڕێنێت و دەبێتە قەپیلکێکی حەتاڵ و بەتاڵ، بێئاگا و بێنیاز… مرۆ ئیعجازی هەرە هەرە هەرە گەورەی چەرخوفەلەکی نۆ نهۆمی کۆنینە و فەزای بێسنوور و بڕانەوەی سەردەمی زانست و تەکنیکە. (هەتا دەمی ئەم نووسینە قسەکەم بە ڕاستی موتڵەق دەزانم، ئەوجا ئەگەر لە دواڕۆژدا ئیعجازی گەورەتر پەیدا بوو، واتە دۆزرایەوە، ئەوسا قسەکە دەگۆڕێت بە هێنانە خواری مرۆڤ لە ژمارە یەکەوە بۆ ژمارە دوو]. ل ١٨
**دژە ئیسرائیل Antisemitismus ئەنتی سێمیتیزم**
خەو و خاڵە نەرێنییەکانی مێژووی چەپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەت هی تورک و فارس و عەرەب، پەڵەیەکە بە هیچ دەرمانێک ناسڕدرێتەوە.
سەرچاوەی بیری چەپایەتی زمانی ئەوان بوو، هەڵوێستەکان لەژێر کاریگەریی ئەواندا بووە و ڕەنگدانەوەی سیستەمی ناوچەکە بووە لە ململانێی شەڕی سارددا.
بە تێکڕا باوەڕ و ڕێبازەکە وابەستەی سیاسەتی دەرەوەی سۆڤیەت بووە کە دەکاتە بەرژەوەندیی بلۆکی ڕۆژهەڵات و خودی ڕووسیای جاران.
خڵتە و پڵتەی ئەمانە ڕژاوەتە ناو دنیای ڕوانینی چەپی کوردەوە کە پاشکۆیەکی ناسنامەبزری سەر گۆڕەپانەکە بووە.
بەم واتایە دەگەینە ئەوەی خەوش و ناتەواوییەکانی ئەو حیزب و بزاڤانە بە ئۆتۆماتیکی ڕژاونەتە ناو هەناوی ئەوانەی کوردەوە.
> [کۆمۆنیستی کورد هەموو ئەو عەیبانەی تێدایە کە لە تێکڕای کۆمۆنیستی جیهاندا هەیە، چونکە لەسەر ساجی عەلییەوە بێ پاشخانی مێژوویی و بێ ژێرخانی سەردەم و بێ ئومێدێکی دنیایی کوردانە و بێ هەبوونی هیچ هۆیەکی سەقامگیربوونی دیمۆکراسی و بێ نان و پاتێکی دڵدەرەوە و بێ هەرچی دارایی و شانازی پێوەکردنە. ئا لەو بیابانە کاکی بە کاکی وێرانەدا مێشک ئاخناو بووبێ بە دەرمانێکی فەلسەفیی بە ڕوواڵەت زانستی و جێی ئومێد و مایەی شانازی]. ل ٢٥
> [نەتەوەیەکی ژێردەست بێت پتر لە نەتەوەی دەسەڵاتدار هەست بە تامەزرۆیی دەکات بۆ خۆهەڵدانەوە، چونکە هەر ئەو دەرمانەی خۆمەدحکردنی هەیە کەموکوڕیی خۆراک و پۆشاک و شەکرەمەنی و سووتەمەنی و تفەنگەمەنی و تەیارەمەنی و هەموو شتەمەنیی پێ بکاتەوە، وەک ئەوەی کە هەژار پتر بە خۆیدا دەشکێتەوە پێڵاوی دڕاوی لەپێدا بێت، بەڵام پیاوی دەوڵەمەند کە بێ پێڵاویش بێت سمێڵەخنکەی دێنێ]. ل ٣٢
> [بیروباوەڕ کە چەسپا لە هەموو هاندەرێک تەوژمی پتر دەبێت. دین و ئایدۆلۆژی و ئابووری وەک هەویری ئاوخواز زۆریان بەبەرەوە هەیە باسیان لێوە بکرێت]. ل ٣٣
کورد وەک لەشکرێکە لە سەنگەردا شەڕ دەکات.
شەڕکەریش مەگەر زێدەگێل بێ وەیا بەکرێ گیرابێ،
دەنا بەبیریدا نایەت لە شەڕکەری تەنیشتییەوە بپرسێت:
تۆ لەسەر چ دین و مەزهەبێکی؟ باوکت مووچەخۆرە یان پارەدار یا ڕووت و ڕەجاڵ یان دەرەبەگە؟
چونکە دوژمن کە تەشریفی هێنا بەخێر دێت، لە پێناسەی ئەو خەڵقە ناپرسێتەوە گۆیا ڕۆڵەی هەژار یان بەگزادەن. ل ٤٥-٤٦
هێندە هەیە کە جۆرە ڕۆشنبیرییەک (سەقافەت) هەیە هەمووی سیاسەتە، وەک مارکسیزم وەیا عەقیدەی دینیی تازەبابەت، کە جاران دین بریتی بوو لە دەرس و دەوری مزگەوت و عیبادەت و تەڵاق چاککردنەوە. ل ٤٩
> [من لە گۆشەی گۆشەگیریی پڕ تەوازعمەوە لەماوەی ٤٠ـ٥٠ ساڵدا، خەریتەیەکی هەمەگیری جیهانی ماددی و حەیوانی و ئینسانیم پێکهێناوە کە هیچ یەکێک لە ناوەڕۆکەکانی جێگە بە جیرانە دوور و نزیکەکەی لەق ناکات… بەڵێ، بەتاڵایی شتی نەزانراو لەو خەریتەیەدا هەیە، پان و بەرینیش، بەڵام بە بەریانەوە هەیە جێگەی هەموو ڕاستییەکی تازە دۆزراوەی زانستی سەردەم لەو خەریتەیەدا بکەنەوە و بایی خۆیان لەو بەتاڵاییەدا پڕ بکەنەوە]. ل ٦٣
> [من لە تەبیاتمدا ئەسیری چەند بنەمایەکی بنەڕەتیم و لەو بیروڕایەی بە نیازی هێنانی قەناعەتی بیسەر و خوێنەر وەدەریان دەنێم: ١ـ دەستخاوێنی و نیازپاکێتی ڕەها (مطلق). ٢ـ ڕوونکردنەوەی بابەت تا ڕادەی کوشتنی کرمی گومان لە دڵی مرۆی حەقسەلمێندا. ٣ـ تێخوێندنەوەی پاساوی (عوزری) کەسانێکی بە نیازی پاکەوە هەڵە دەکەن و بەسەر خۆیانیدا دەسەپێنن و بۆی دەبن بە دەروێش، بە مەرجێک زۆر لە خەڵق نەکەن بە زەبری کوتەک یان چاوزەقکردنەوە هەست و نەستیان بخەسێنن]. ل ٦٣ ـ ٦٤
> [مرۆ بە ئازادی هەڵە بکات بە شەرەفترە لەوەی بکرێتە عەبدی سوخرەکێشی حەقیقەت، لە هەموو حاڵانیشدا مەرجی ئەساسی ئەوەیە کەس هەڵە و ڕاستی خۆی نەکاتە کۆت و زنجیری گەردن و دەروونی کەس]. ل ٦٤
> [بەداخەوە لە کوردستانەکەی خۆمان کەم جێگەی ئاوەدان هەیە بەهۆی بایەخی پیرۆزی مێژوویی وەیا شکۆی پاڵەوانەتیی خۆبەختکردووان ڕێزی لێ نرا بێ. بەردەقارەمانی لای دەربەندی بازیان ناتوانێ گیسکێک لە دزین بپارێزێت بە دەوری خۆیەوە؛ کەچی ئێڵە کۆچەرەکان لە گەشتی بەرەو کوێستانیان بەشێکی کەلوپەلی ماڵەکەیان تەسلیم بە مەرقەدێک دەکرد و دڵنیابوون دز ناوێرێ دەستیان بۆ بەرێت]. ل ٧٣
> [ئایین ئەو بیروباوەڕ و نەریت و دەستوورەی لە سەرچاوەی ”ئەفسانە”وە هەڵدەقوڵێ و فڕی بەسەر حەقیقەتەوە نییە و زادەی لایەنی سەلبیی هۆشە کە بەرانبەر ”نامۆییی تریفەدار” واقی وڕ دەمێنێ، ئا ئەمە ئایینی مرۆکرد کە لەوپەڕی سافیلکەیی و سەرەتایەتیی لێکدانەوە و هەڵێنجان و پێوانە، خۆی سەپاندووە بەسەر هەست و هۆش، دەشبێ لێرەدا بڵێم ئەو ئەفسانانە و داب و نەریتانە لە هەموو جیهانی مرۆدا یەک شێوە نەبووە]. ل ٧٧
> [بە عادەت مرۆ لە نرخاندنی ڕەفتاری غەیر پیتۆڵتر و نیشانەپێکاوترە، ڕابردووشی عاقڵانەتر دەداتە بەر نیگای ڕەخنە، هەرچی کاتی سەردەمە بە خۆی و ڕووداوەکانی زبرتر وەیا نەرمتر لە هی کۆن دێنە بەر هەستیەوە، لە کردن و نەکردنیشدا کاریگەریی یار و نەیار بە زەقی خۆی دەنوێنێ. بەشی هەرە زۆری ئەو شتانەی بایەخی تایبەتییان هەیە بەلایەوە بەشێکن لە پێکهێنەری میزاژ و خۆشویستن و نەویستن و ترس و تەماکانی کە دەبنەوە بە دروستکەری بڕیارەکانی، ئەوجا دەشێ کە بە خوێنی ساردەوە بڕیارێکی بەر لە سی ساڵی خۆی نابەجێ دابنێت. ل ١٣٢ ـ بە لای باوەڕی منەوە ڕۆشنبیر کەسێکە لەگەڵ مانای وشەکە گونجاو بێ. دەبێ بیریار بێت و بیرەکەشی ڕوون بێت، هەم لەلایەن ڕاگەیاندنی پاتەوپاتەوە کە ڕووناکییە، هەم ئەو ئاکار و ئەخلاقەی لە مرۆی دروستبین دەوەشێتەوە. بابایەک خۆی تەیار بکات بە زانست و تەکنیکی ئەزەل و ئەبەد بە نیازی لە خشتەبردنی خەڵک وەیا لە کردنەوەی قاسەی موجەوهەرات وەیا لە نانەوەی فیتنە… ڕەنگە پێی بوترێ بلیمەت، بەڵام لەگەڵ ”ڕۆشن” بە هیچ جۆرێک خزم نابێت]. ل ١٤٩ ـ ١٥٠
> [گەورەترین ئاواتم ڕزگاربوونی ”مرۆ”یە لە ستەم، کە کورد یەکێکە لە نەتەوە ستەمدیدەکانی هەرە زەق و زۆپی ڕۆژگار]… ل ١٦٨
> [من هەرگیز لەو بیروڕایەدا نەبووم کە ئەگەر دەستکەوتی جەماوەر لە ڕێی خەباتی شۆڕشگێڕانەوە نەبێت بێبایەخە. بگرە بە پێچەوانەوە دەستکەوتی بێ هەرا و لەسەر بنچینەی پێداویستی نەک ورووژاندن، بەرهەمهێنترە لە کاری عاتیفە و مەیلی شۆڕش، چونکە بێگومان هەر کارێکی لەسەر دڵگەرمی و هەڵپە و کڵپە بنیات نرابێ، مەگەر چۆن بێت، دەنا دوورە لە بەرژەوەند و ساغڵەمی]. ل ١٧٠
> [هەرچەندە خۆهەڵداشتن لە ترۆپکی چیاوە تا بڵێی ئازایی پێوەیە، بەڵام پاداشت لەگەڵدا نییە، چونکە مێدالیە بەسەر سینگی مردووەوە بۆ مردووەکە بێسوودە، ڕەنگە میراتگرێکی خوێڕی خۆی پێ هەڵداتەوە]. ل ١٨٤
> [”شۆڕشگێڕی نموونەیی ـ ڕەسەن”، کەسێک ئەو وەسفەی پێ ڕەوا دەبینرێت کە: ١ـ ڕۆشنبیرێکی فرەلایەنە بێت. ٢ـ واقیعبین بێت. ٣ـ مومکینخواز بێت. ٤ـ درەنگتر لە خەڵک خۆی بەبیردا بێت]. ل ١٩٨ تا ٢٠٠
> [کۆمەڵگەی یەکسان، بەهەشتی مرۆی هەڵکەوتووە]. ل ٢٠٤
> [تا ئەم دەمە هیچ ڕێکخراوێکی خەباتگێڕ لە جیهانی سێیەم چاکەیەکی ڕاستەقینەی بە خەڵک نەگەیاندووە. یەک ڕێکخراوی شۆڕشگێڕ نەبوو دوای گەیشتنی بە دەسەڵات ئیفلاسی خۆی بە ئیسپات نەگەیاندبێت، دەوامەکەشی بەهۆی کوشتن و بەندیکردن و چاوترسێنی بووە. ڕۆژ لە ڕۆژیش باری گوزەران و ئارامی و ئازادیی بیروباوەڕ و داد و سەقافەت بەرەو کزی و بێنرخی بووە]. ل ٢٠٩
> [بێدەسەڵاتی + نەداری + کەرتبوون + سەختیی هەڵکەوت + فرەدوژمنی + نەریتی باری سیاسیی ناوچە دژ بە چارەنووسی کورد + دڵ و چاونووسان لە ئاست خۆویستی + قوڵایی ٢٥٠٠ ساڵی ژێردەستی = ئەو حاڵەتەی بە چاوی خۆمان دەیبینین لە کوردستان]. ل ٢٢٥ ـ ٢٢٦
> [بەر لە هەر شتێک لە مێژوودا کورد دەبێ فێری عاقڵی بێت کە بریتییە لە: (١) یەکبوون. (٢) یەکبوون. (٣) یەکبوون. (٤، ٥، ٨٠، … ٩٩) یەکبوونە هەتا ئەو ڕۆژەی، چ بە فەرمانی سیاسەتی جیهانییەوە بێت چ بەهۆی ڕووداوی ڕەخساوی ڕێکەوت بێت، خۆی لە بارێکدا دەبینێت ئەویش وەک مرۆی جیهانی عادەتی مافی کوڕینی و خۆگێلکردنی هەبێت کە بەڕاستی زێدە زێدە بەتامترە لە خۆتاسوولووسدان و ئاپلی و داپلی بوون و بزەی سەری لێوان]. ل ٢٢٦ ـ ٢٢٧