ئەرکی سەرشانی ئێمە ئەوەیە قازانج و بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان، خۆشەویستی و ڕێز بۆ ڕێگە و ڕێباز، تێکۆشان بۆ ناسینی پێداویستییەکانی ژیان و هەوڵدان، خۆشەویستی و هاوکاری بۆ ئاوەدانیی نیشتمان،

ڕاهێنانی نیشتمانپەروەرانەی منداڵەکانمان، ڕەچاوکردنی ئەخلاقی مرۆڤدۆستی، بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و پێداویستان و زۆری تر؛ بەڵام گرنگتر لە هەمووان، پەروەردەی ڕوحیی مرۆڤەکانە.
بەداخەوە زێدەکەمان داگیرکراوە؛ داگیرکەران بە هەموو شێوەیەک بەردەوام هەوڵی لەناوExternalبردنی فەرهەنگ و کلتوور و تایبەتمەندییەکانی زانستی ڕوحی و هەموو شتێکی باشی ئێمەیان داوە. بەڵام جێی سەربەرزی و شانازییە دایکانی کورد ڕۆڵەکانیان بە پەروەردەیەکی ڕوحی گەورە کردووە، باشتر بڵێم: ڕۆڵەی کورد بە ژەکی دایکی کورد فرچک دراوە. شێرەژنانی کورد لە پەروەردەی ڕوحیی منداڵەکانیاندا بەڕاستی شاکاریان کردووە و مایەیان داناوە. بۆیە ڕۆڵەی کورد وەک بێچووەمراوی وایە، هەر گەیشتە ئاو، مەلە دەزانێ.
کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە پەروەردەی ڕوحی هەیە، ئەوەش تەنیا بە دایکە نەبەرد و بوێرەکانی کورد ئەسپێردراوە. من بەشبەحاڵی خۆم ناتوانم وەک پێویست سوپاسیان بکەم، تەنیا دەڵێم: هێشتا بژین بە سەربەرزی دایکانی کوردستان، بەهەق ئەرکی خۆتان بە زیادەوە بەجێ هێناوە.
بۆ ئەوەی بتوانین پەروەردەی ڕوحی لەنێو کۆمەڵگادا دابەزێنین، دەبێ (٣) چەمکی گرنگ و پڕناوەڕۆک ڕەچاو بکەین، وەک:
(١) دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
(٢) بەرانبەری.
(٣) ئەمر بەچاکە و پێشگرتن لە خاپە.
زۆرینەی ئۆمەتانی پێش ئیسلام و دوای ئیسلامیش، لە شۆڕشەکانی جیهاندا جیاوازی لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگادا هەبووە و دەبێ. لە دابەشکردنی ڕێگە و ڕێبازەکان و سەرمایە و سامانیشدا وەک پێویست چاوەدێری کراوە و دەکرێ. هەرچەند هەنگاوی زۆر هەڵهێنراوەتەوە، بەڵام وەڵامدەرەوەی کەشوهەوا و ویستی کۆمەڵگای ئەوڕۆ نییە. بۆیە شۆڕشێکی زانستییانە پێداویستییەکی مێژووییە.
با بزانین دادپەروەریی ئیسلامی چییە و چۆنە؛ واتە بڕیاردانی دەسەڵاتی حاکم لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی بدرێ، نەک حکومەت یان کەسانێک.
{نیساء: ١٣٥} «ئەی گەلی ئیمانداران، بە یەکسانی و بێ جیاوازی بەکاری خەڵک ڕابگەن، لەسەر هەق شایەدی بدەن، ئەگەر بەزیانی خۆتان و دایک و باوکتان و خزم و کەسانتانیش تەواو بێ. شایەد بۆ دراوەکە دەوڵەمەند بێ یان فەقیر، خوا بۆ ئەوان دڵسۆزترە. وەدوای ئارەزووتان مەکەون، لە ڕاستەڕێگا لامەدەن، خۆ لە شایەدی مەشارنەوە. هەرچی ئێوە دەیکەن خوا لێی ئاگادارە.»
لەو ئایەتەدا خوا دەفەرموێ سوور بن لەسەر دادپەروەری، شایەدی بەهەق بدەن لەڕای خوادا، نەک لەبەر بەرژەوەندییەکی دنیایی خۆتان یان لەبەر دەوڵەمەندیی کەسێک، چونکە خوا باشتر ئاگای لە هەموو شتەکانی ناو دڵتانە. ئەگەر گۆڕیتان یان خۆتان لێ بوارد، بزانن خوا لە کردەوەکەتان ئاگادارە.
خوا بەوەش بەسی نەکردووە و فەرمانی داوە بە موسوڵمانان یاسای عەداڵەت بەڕێوە بەرن، تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانیشتاندا. دژایەتیتان لەگەڵ کەسانێک وادارتان نەکات عەداڵەت بەڕێوە نەبەن. مرۆی دادپەروەر لە خوا نیزیکترە. ئەگەر حاکم بوون، بە عەداڵەت حوکم بکەن. لە سەرجەم ئەو ئایەتانە دەردەکەوێ خوا پەیامبەرانی بە کتێبەوە بۆیە ناردووە تا دادپەروەری لەسەر زەوی دابین بکەن. لە مانا و ناوەڕۆکی ئایەتەکان دەردەکەوێ کەلامی خوا بۆ سەلامەتی و ئارامی و بەختەوەری لە ژیاندایە.
لە بەرانبەریدا مرۆڤ تا ڕادەیەک هەست بە بەرزیی ڕوح دەکات، ئامادەیە تا سنووری مەرگ بەرگریی لێ بکات و دوودڵ نەبێ. ئەگەر پاشماوەکانی تایەفەگەری و خۆبەزلزانی پێیان وابێ لە هەموو کەس شیاوترن بۆ ڕێبەری و گەورەیی و هەر لایقی ئەوانە، خوا پێیان دەڵێ: لەبیرتان نەچێ باشترینەکان ئەوانەن کە ناویان لە دەفتەری خۆپارێزاندا هەبێ. کەس گەورەیی بەسەر کەسەوە نییە، بە کردەوەی باش نەبێ. خزمەتی خەڵک و قوربانیدان لە ڕێگای دادپەروەریدا لە دەفتەری ئەعمالیدا سەبت کرابێ.
پەیامبەر لە حەجی ماڵاواییدا فەرمووی: پەروەردگارتان یەکە، باب و باپیرانتان یەکە، هیچ عەرەبێک زێدەبەشی بەسەر غەیرە عەرەبێکەوە نییە، ڕەش هیچی لە سپی کەمتر نییە؛ یانی بەردی بناغەی ئیسلام لەسەر یەکسانی دانراوە. ئەوە یاسایەکە ١٤٤٤ ساڵ لەمەوبەر لە عەرەبستانێکی سەردەمی نەزانیدا ڕاگەێندراوە.
گەورەپیاوانی عەرەب تەواو دژی ئەو بەرانبەرییە بوون، دەیانگوت: ئێمە چۆن دەبێ لەگەڵ عەبدێک یان کەسانی ئاسایی وەک یەک بین؟ لەگەڵ بیلاڵی حەبەشی، سەلمانی فارسی، سوهەیبی ڕۆمی و خەڵکی ئاسایی دابنیشین؟! ئەوانە دەرکە، ئەو جاران ئێمە دێین لەگەڵت دادەنیشین! یان ڕۆژێک ئێمە دێین با ئەوان لێرە نەبن!
پەیامبەر قبووڵی نەکرد و خواش ئەو ئایەتەی بۆ نارد:
{ئەلعەنعام: ٥٢ و ٥٤} «ئەوانە مەتۆرێنە و دەریان مەکە کە شەو و ڕۆژ، لەیل و نەهار یادی خوا دەکەن، هانای وەبەر دێنن، داوای لێ دەکەن و بۆ ڕەزای ئەو تێدەکۆشن… تا دوایی»
پەیامبەر لە مافدا لەنێوان ڕەش و سپی، ئازاد و بەندەدا هیچ جیاوازییەکی دانەناوە. بیلاڵی ڕەشی کردووەتە والیی مەدینەی مونەوەرە، سەلمانی کردووەتە والیی یەمەن. ئەو بەرزییەی کە ئیسلامی پێ ڕازێندراوەتەوە، ئەگەر بەراوردی بکەی لەگەڵ پێشکەوتوویی ئێستا، دەزانی چ شاکارێکە؛ ڕوح بەرزی و کەرامەتی ئینسانی نیشان دەدات. مەبدەئی ئیسلام موساواتە، هانی مرۆڤەکان دەدات بە ڕێزەوە ڕەچاوی بکەن، فەلسەفەی بۆ نەتاشن! مرۆڤ دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ و هەر کەس مافی خۆی بدرێتی، ئەوەش بەستراوە بە هیچ ئایدیا و ئایینێکەوە نییە.
لەوە بەهێزتر بەڵگە چییە؟! چونکە عەقڵی لێزان، هەرچەند بڕواتە پێش لە ئاکاری چاکدا، ناتوانێ بگاتە ئەودێوی بیر و فکری خۆی، بەڵام لەو دیوی بیری ئەودا زۆر شت هەیە کە نەیزانیوە. پێش ئیسلام مانای عەداڵەت و زوڵم دەزاندرا، بەڵام چۆنیەتی و سنوورەکەی نەدەزاندرا. هەر گەلێک و وڵاتێک بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆی دەپیوا. بۆ وێنە یۆنانییەکان لایان وابوو گشت مافێکی نەتەوەیی هەر بۆ ئەوانەیە کە ئەسڵە یۆنانی بن و زۆری تریش.
با چاو لە ئێستاش بکەین بزانین داخوا مانای عەداڵەت لە دنیای ئیسلامدا بەتەواوی زاندراوە و دابەزێندراوە؟! بەدڵنیاییەوە نا. دەقەکانی عەداڵەت لە ئیسلامدا بەپێی دەستووری خوایی لە قورئاندا ڕەچاو کراون؟! ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە سەرچاوەکەی مرۆڤ نییە، بەڵکوو قودرەتی خوایە.
عەداڵەت نموونەیەکی بەرزە لە ئیسلامدا، پەیڕەوانی بەرپرس دەکات بەڕێوەی بەرن و دادپەروەرانە لەگەڵ خەڵک ڕەفتار بکەن، بەبێ وەبەرچاوگرتنی هیچ چەشنە دەسەڵات و پلە و پایەیەک. خواش دەقاودەق فەرموویەتی:
«ئەی ئیمانداران، بە جیدی عەداڵەت بەڕێوە بەرن، شایەدی حەق و دادپەروەری بن تەنیا لەبەر خوا، نەک لەبەر مەبەستێکی دنیایی. چاوەدێریی خۆتان، منداڵ و کەس و کار و نیزیکانتان بکەن، ئەو چاوەدێرییەش لەڕای خوا و ویژدانتاندا بکەن. چاو لە فەقیری و دەوڵەمەندی و دووری و نیزیکی مەکەن، بزانن خوا پێیان ڕادەگات. بە زۆریان بە پووڵ نە خۆتان شایەدیی بەدرۆ بدەن، نە ئەو کارە بە کەسانی تر بکەن. خوا ئاگاداری چۆنایەتیی هەموانە و بەکاری هەموان ڕادەگات، و پاداشت و سزاش هەر بەدەستی ئەوە.»
براتان
مەلا برایمی مەجیدپوور
٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
١٨ی مەیی ٢٠٢٦ی زایینی