"an independent online kurdish website

هەمیشە براوەی شەڕ و داگیرکەر بەپێی بەرژەوەندی خۆی مێژوو دەنووسێتەوە بەڵام شاردنەوەی ڕاستییەکان لەڕێگەی بەکارهێنانی زەبر و زەنگ بەردەوام نابێت!

 مێژوو ناکرێت لە چوارچێوەی بردنەوەی شەڕ و داگیرکاری قەتیس بکرێت و شوێنەوار و کەلتووریی ژیاریی نەتەوەی ژێردەست یان تەنانەت لەناوچوویش بسرێتەوە، ئەگەرنا ناوی دەیەها نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بوونیادنەری شارستانی بڵند بوون لە مێژوو دەسڕایەوە! ڕاستییەکی تریش ئەوەیە کە ئەمە جێگەی شەرمەزارییە نەک شانازی ئەگەر نەتەوەیەک بیەوەێ بە زەبری هێز نەتەوەی تر داگیربکا و ستەمکاری بکا! لە هەمان کات نەتەوەی ستەملێکراو لە هەموو ڕوویەکەوە بەرەنگاری لە پێناسەی هەبوونی خۆی دەکات و بەدوای دەرفەتێک دەگەڕێت، دەقۆزێتەوە یان دروستدەکات کە نەک هەر مافی ئازادی، مرۆڤانە و نەتەوەیی خۆ بەدەستبهێنێت، بەڵکو هەوڵدەدات زانیاری زیاتر لەسەر ڕاستییەکانی مێژوویی بەدەستبهێنێت، کۆبکاتەوە، ڕێکبخات، لێکدانەوەی نوێی بۆ بکات و سەرلەنوێ دایبڕێژێت و پێشکەش بە نەوەی نوێی بکەن!

ئەم ڕاستی و داکەوتەیە پەیوەست بە نەتەوەی کورد کە حەمید تەیموری لە بەشی یەکەمی کتێبی “مێژووی شاری زەهاو و حەلوان” جەختی کردۆتەسەر! تەیموری لە لایەک باس لە ئەو هەموو ناداپەروەرییانە دەکات کە چۆن نووسەرانی نەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان کورد بێ مێژوو دەکەن بەڵام ئەو لە بەرامبەردا باس لە ئەو پێکهاتە دێرینانەی نیشتەجێی کوردستان دەکات کە بە سەرچاوەی نەژادی کورد هاتوونەتە خەمڵاندن و دامەزرێنەری چەندین شارستانی و حوکمڕانی بوون! هەروەها تەیموری لە ئەم بەشە باس لە چەندین شەڕ، ڕووبەڕووبوونەوە و داگیرکاری دەکات کە کورد پتر بە نەرێنی بەشداری تێدا کردووە تاکو شەڕی یەکلاکەرەوەی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤ زاینی کە سوپای عوسمانی سونی مەزهەب بەسەر سوپای شا عەباسی سەفەوی شیعەمەزهەب سەردەکەوێت. دەرئەنجامی ئەم شەرەش، لەپاش چەندین پەیماننامەی نەزۆک، بوو بەهۆی پەیمانی زەهاوی ساڵی ١٦٣٩ز کە بۆ یەکەمین جار کوردستان بەفەرمی لەنێوان ئەم دوو ئیمپراتۆڕە دابەشکرا!

بەشی دووهەمی کتێبەکە دەربارەی ناوچەی زەهاو و حەلوانە! لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆڕیەتی ساسانی ٦٥١ ز  بە دەست سوپای عەرەبی ئیسلامی ئەوا ناوچەی زەهاو و دەوروبەری هەمیشە ئاڵودەی دۆخێکی ناجێگیری شەڕ و پیلانگێڕیی بووە و هەربۆیە لە ڕوانگەیەکی مێژوویی ناکرێ ئەم ناوچەیە لە دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی خۆی جودابکرێتەوە. ئەمەش کارەکەی تەیموری ئاڵۆزکردوە بە تایبەتی ئەگەر ئێمە بۆ جارێکی تر ئەو ڕاستییە بهێنینە یاد کە پانتایی جوگرافی ئەم ناوچەیە بەهۆی شەڕ و ئاشوبەوە ئاڵوگۆڕی بەسەرهاتووە و مێژوویکەشی لەلایەن داگیرکەران و بە زمانی ئەوان نووسراون!  هەڵبەت مێژوویەکی شێوێندراو و گومانلێکراو و ناداپەروەر. نووسەرانی ئەم کتێبانە نەک ڕێز لە قوربانیانی ناوچەکە ناگرن بەڵکو کوشتن، ڕوخاندن، تاڵانی و بە کویلەکردنی خەڵک بە دیاردەیەکی ئاسایی دەنەخشێنن و دەگێڕنەوە. بەڵام ڕاستییەکی زەق لە دووتوێی ئەم کتێبە مێژوویانە دەردەکەوێت؛ ئەویش هزری دەمارگیری و لووتبەرزیی ئاغایانی بنەماڵەکانی کوردە بەرامبەر بە یەکتری بەڵام نۆکەریی و سوک و چروکایەتییان بەرامبەر بە دوژمن!

حەمید تەیموری  ناتوانێت بێزاری خۆی بەرامبەر ئەم دیاردە دزێوە، بەڵام بەردەوامە، نیشان نەدا، کە وەک خۆی دەنووسێت: ئەم دیاردەیە هەتاکو ئێستاش لە سیاسەتی نێوخۆی کورد لەلایەک، لە سیاسەتی کورد لەگەڵ دوژمنانی لە لایەکی تر دووپات دەبێتەوە! تەیموری بە چاو و دڵێکی پڕ لە زامی مێژوویی کە هەتاکو ئێستا خوێن و فرمێسکی لێدەڕژێ دەپرسێ بۆچی ئێمەی کورد ناتوانین ڕێچکەی خیانەت بەرامبەر یەکتر و بوون بە کەرەستەیەکی بێنرخی دەستی دوژمنان بۆ کوشتن و تاڵانکردنی یەکتر ناخەینە زبڵدانی مێژووەوە!

هیوادارم کتێبی داهاتووی حەمید تەیموری، کە هەم ئەکادیمی و هەم سیاسیشە، دەربارەی داکەوتەی ئێستا و دیتنێکی ئەرێنی بۆ ئایندەی نەتەوەکەی لە دووتوێی لاپەڕەکانی بەرجەستەکردبێ! کتێبێک نەک هەر ڕاشکاوانە و بوێرانە باس لە هۆکارەکانی دووبەرەکی و تەنگبینی پێشڕەوانی بەناو شۆڕشەکانی کورد دەکات، بەڵکو کتێبێک مەبەستی ئاشتەوایی ماڵی کورد بێ و میکانیزمی لەگۆڕنانی هزری بنەماڵەیی، فیۆداڵی و خیانەتی لەخۆگرتبێ!

غازی عەلی خورشید

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی