"an independent online kurdish website

ئەمڕۆژانە مەریوان نوێترین شوێن بوو کە سەلەفییەکان هێزی خۆیان نیشان بدەن. گەرچی لە مەریوان، بەپێچەوانەی شارەکانی دیکە لەگەڵ بەرەنگاریی خەڵک رووبەڕووبوونەوە.

سەلەفییەکان لە ساڵانی رابردوو لە شارەکانی دیکەی وەک سنە، سەقز، روانسەر و جوانڕۆ هێرشیان کردبووە سەر ئەو شوێن و کەسانەی کە لەگەڵ بیروباوەڕەکانی ئەوان نەدەگونجان.

رووداوێک کە لە مەریوان روویدا هەندێ کەس دەڵێن لەسەر فرۆشتنی مەشرووب لە مانگی رەمەزاندا بووە و هەندێک دەڵێن لەسەر کوفرکردن بووە، بەڵام هەرچی بێت سەلەفییەکان لانیکەم سێ شەو کەشێکی نائارامیان لە مەریوان دروستکرد.

بۆ شەوەکانی دووەم و سێیەم سەلەفییەکان لە مەریوان کۆبوونەوەیان کردبوو بۆ ئەوەی بزانن چی بکەن، توانیان لە گوندەکانی سێف ژوروو، بارام ئاوا و قەڵاجێ سەلەفییەکان کۆبکەنەوە و بۆ شەڕ بیانهێننە مەریوان. تەنانەت سەلەفییەکانی شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیان لەو هەوڵەی سەلەفییەکانی مەریوان کرد، بەڵام ئەمە لەگەڵ کاردانەوەی دانیشتووانی مەریوان بەرەوڕوو بوو، شەوی 2-5-2021 خەڵک و سەلەفییەکان بەرامبەر یەکدی راوەستان، بەڵام هێزیکی زۆری پۆلیس ناوبژیوانی کرد و رێگەی نەدا شەڕ گەورە بێتەوە.

مەریوان لە ساڵانی رابردوو وەک شارێکی مەدەنی ناسراوە. لەم شارەدا ژمارەیەکی زۆر رێکخراوی مەدەنی و NGO چالاکبوون و چالاکییەکانیان لەنێو خەڵکدا کاریگەریی هەبووە. بۆیە چالاکی سەلەفییەکان و هەوڵدانیان بۆ بایکۆتی کەسانێک کە بیروباوەڕەکانی ئەوانیان قبووڵ نییە، جێی سەرنجە.

سەلەفییەکان لە مەریوان چۆن گەشەیان کرد؟

سەرهەڵدانی بیری سەلەفی لە مەریوان کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، سەرهەڵدانی سەلەفییە جیهادییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییان لەسەر هەبووە و هەڵکەوتەی جوگرافیایی مەریوان، کە شوێنێکی هەستیاری سنوورییە، یارمەتی بە برەوسەندنی بیری سەلەفی لە مەریوان کردووە.

دوای ئەوەی کە ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان لە ساڵی 2001 لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە رووخا، لە ناوچەی هەڵەبجە لە باشووری کوردستان ئیمارەتی بیارە لەلایەن ئەنسارولئیسلامەوە دامەزرا. مەریوان لە شلێر و لە ناوچەی پێنجوێنەوە تاوەکوو تەوێڵە و بیارەی هەورامان، سنووری هاوبەشی لەگەڵ باشووری کوردستاندا هەیە، ناوچەیەک کە شوێنی هاتووچۆی ئەنسارولئیسلام بوو.

بەگوتەی موختار هوشمەند، توێژەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنسارولئیسلام وەک نوایەکی ئارام کەڵکی لە ناوچەی مەریوان وەردەگرت، پێداویستییەکانیان لەوێوە دابیندەکرا.

ئەنسارولئیسلام لە دیوی باشوور لە گەمارۆی توونددا بوو، بۆیە لەڕووی ئابوورییەوە گرێدراوی گوندە سنوورییەکانی دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. دوای ئەوەی ئەنسارولئیسلام رووخا، دانیشتوویەکی خەڵکی گوندی دزڵی، لەسەر سنووری باشوور و رۆژهەڵات، گوتبووی: لەوەتەی ئەنسارولئیسلام نەماوە کەسابەتی ئێمەش نەماوە.

ئەو جیهادییانەی کە دەیانەویست بچنە لای ئەنسارولئیسلام، خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بە پارە دەیانبردن بۆ ناوچەی بیارە، موختار هوشمەند دەیگێڕێتەوە کە خەڵکیان بە 500 تمەن دەگواستەوە، بەڵام جارێک یەکێک لەو عەرەبانە تمەنی پێنەبووە و 500 دۆلاری داوە، کە ئەمەش بۆ ئەو کاتانە پارەیەکی زۆر بووە.

مەریوان رێڕەوی هاتووچۆی سەلەفییە جیهادییەکان بووە. ئەبو موسعەب زەرقاوی ساڵی 2001 بۆ ماوەی نزیکەی 6 مانگ لە شارەکانی بانە و سەقز بووە، دوای ئەوە لەوێوە چووەتە مەریوان، شەوێک لە گوندی دزڵی بووە و لەوێوە چووەتە باشوور و بەیعەتی بە ئەنسارولئیسلام داوە. زەرقاوی دواتر بووە رێبەری ئەلقاعیدەی عێراق و ساڵی 2006 لە تەمەنی 39 ساڵیدا کوژرا. ئەو لە رۆژهەڵاتی کوردستان شانەکانی رێکخراوی قاعیدەی دانا.

دوای ئەوەی کە ئەمریکا لە بەهاری ساڵی 2003 بنکەکانی ئەنسارولئیسلامی لە ناوچەی هەورامان بۆردوومان کرد و ئەنسارەکان رایان کرد، چوونە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکیان و لەوانە ژمارەیەک لە رێبەرە سەرەکییەکانیان لە شارۆچکەی کانی دینار و هەندێ لە گەڕەکەکانی مەریواندا داڵدە دران یان خۆیان داڵدە دا. مەریوان بووە ناوەندی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەنسارولئیسلام.

ئەبوزەکەریا، ئەندامی پێشووی ئەنسارولئیسلام لە کتێبی “ساڵێک لەگەڵ ئەبوزەکەریا” کە لەلایەن موختار هوشمەندەوە ئامادەکراوە دەڵێ: “کاتێک کە ئیمارەتی بیارە رووخا ئەنسارەکان روویان لە رۆژهەڵات کرد و هەندێ لە رێکخراوە ئیسلامییەکانی رۆژهەڵات و ئەندامانی ئیحتیاتی ئەنسارولئیسلام بە ئاگاداری و رێنوێنی سوپای پاسداران، بۆ گواستنەوە و داڵدەدان یارمەتی ئەنسارەکانیاندا.

بەگوتەی ئەبوزەکەریا، ئەو کاتەی ئیمارەتی بیارە هەبوو بەشێک لە کوردە سەلەفییەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی جیهادکردن پەیوەندییان بە ئەنسارولئیسلامەوە کردبوو، بەڵام ئەنسارولئیسلام ئەمانی بۆ کاتی پێویست لە رۆژهەڵات راگرتبوو.

سەرکردەکانی ئەنسارولئیسلام لە مەریوان

مادێح عەلی مەلا خەڵکی ناوچەی هەڵەبجە بوو، ساڵی 2007 لە مەریوان پەلاماری درا. لەو هێرشەدا بریندار بوو، بەڵام کەسێک کە لەگەڵیدا بوو کوژرا. دوای ئەوە مادێح چوو بۆ سنە و لەوێ دەستی بە بازرگانی کرد.

بنەماڵەی جووتیار والی عەلی و زوبەیری برای لە گەڕەکی میانەییەکانی مەریوان جێگیر بوون، دواتر هەوڵی کوشتنی ئەمانیش درا، نارنجۆکیان خستە ماڵیانەوە، بەڵام بەرنەکەوتن، دوای ئەم رووداوە ئەمانیش چوون بۆ شاری روانسەر لە پارێزگای کرماشان.

موختار هوشمەند دەڵێ: ئەمانە کەسانێکی کاریگەر بوون و لە مەریوان کۆمەڵێک خەڵکیان لە ناوچەی مەریوان لە دەوری خۆیان کۆکردەوە. حیزبە عیلمانییەکانی کوردستان هەوڵی کوشتنی ئەوانیان داوە.

ئەنسارولئیسلام لە ناوچەی مەریوان

ئەبو زەکەریا دەڵێ: ئەنسارولئیسلام سەرەتا مەیلی بەوە نەبوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چالاکی بکات، چونکە پێیان وابووە ئەمە بارودۆخیان لەگەڵ تەنگوچەڵەمە بەرەوڕوو دەکات. بۆیە ناکۆکی لەنێوان ئەندامانی ئەنسارولئیسلامدا هاتووەتە ئاراوە و لە ئەنجامدا لە مانگی 9ی ساڵی 2003 جیابوونەوە لەنێویاندا روودەدات. جیابوونەوەکەشیان لە شارۆچکەی کانی دیناری مەریوان دەبێت.

ئەم رەوتە لەلایەن عومەر بازیانی و هێمن بانیشاری، کە هەردووکیان خەڵکی باشووری کوردستان بوون، رێبەریی دەکران، هۆکاری ئەمەش ئەزموونێک بوووە کە ئەو دوو کەسە هەیانبووە. بەشێک لە سەلەفییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت مەریوان لەگەڵ ئەم رەوتەدان.

ئەمان رێکخراوەکەیان بە تەوحید و جیهاد ناودەنێن. بەگوتەی ئەبو زەکەریا، تەوحید و جیهاد زەرقاوی وەک ئەمیر قبوڵ دەکەن و لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لە هەموو ئێران دەست بە چالاکی دەکەن، ئەمان توانیان سەرنجی بەشی زۆری سەلەفییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ لای خۆیان راکێشن، لقی تەوحید و جیهادی رۆژهەڵاتی کوردستان دواتر ناوی خۆی بۆ (کتائب القاعدە فی الکردستان) گۆڕی.

موختار هوشمەند ئەم رووداوە وەک قۆناخێکی گرنگی برەوسەندنی سەلەفییەت لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەزانێت.

کەتیبەکانی کوردستانی قاعیدە ساڵی 2005 پلانی تیرۆری مەلا بەختیار، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیان دانا، بەڵام تێیدا سەرنەکەوتن. ئەوان لە ساڵی 2006ـەوە دەستدەکەنە هێرش بۆسەر پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی پێنجوێن، بەگوتەی هوشمەند، ئەم چالاکییانەش دیسان لە برەو سەندنی بیری سەلەفی لە مەریوان کاریگەرییان دەبێت، چونکە چالاکییەکان بە هاوبەشیی لەگەڵ سەلەفییەکانی رۆژهەڵات و لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان بووە.

بەگوتەی موختار هوشمەند، بابەتێکی گرنگی دیکە لە برەوسەندنی بیری سەلەفی جیهادی لە مەریوان کاریگەریی هەبووە، بوونی ئەمیری کەتیبەکانی کوردستان لە مەریوان بووە. ئەو ناوی سۆران محەممەد و خەڵکی شارباژێڕی باشووری کوردستان بووە. سۆران محەممەد بەردەوام هاتووچۆی مەریوان و سەلەفییەکانی مەریوانی کردووە.

بەگوتەی موختار هوشمەند، سۆران محەممەد خاوەن پرستیژ و ئۆتۆریتەیەکی تایبەتی بووە، خاوەن ئەزموون بووە و ساڵانێک لە بەریتانیا ژیاوە و زمانی ئینگلیزی زانیوە، لە سنە ژنی هێناوە و هاوژینەکەی ناوی فەرەحناز بووە. دواتر لەبەر هەندێ هۆکار ئێران دەیگرێت، یەکێک لەم هۆکارانە ئەوە بووە ئێران لێی بە گومان کەوتووە. ئەویش دوای ئەوەیکە شێخێکی عەرەب 500 هەزار دۆلاری بۆ هێناون، بەڵام سۆران پارەکەی لای خۆی راگرتووە.

ئەبوزەکەریا دەڵێ: ئەو کات کەتیبەکانی کوردستانی قاعیدە حاڵەتی خۆمتکردنیان گرتووە و درێژەیان بە دەعوەت و بانگەواز لەنێو سوننەکاندا داوە، کەتائب وەک موبایەعی رێکخراوی قاعیدە لەو باوەڕەدابوون کە نابێ شەڕ لەگەڵ حکومەتی ئێراندا بکرێت، لانیکەم لە هەلومەرجی ئەو کاتدا جیهادکردن دژی دەسەڵاتی ئێرانیان بە پێویست نەزانیوە و باوەڕی بە دواخستنی ئەو جیهادە هەبووە.

وادیارە لەبەر ئەوەی کە سۆران محەممەد زۆر لەگەڵ ئەمەدا نەبووە، کەتیبەکانی کوردستان دواتر کەسێکی دیکە لەشوێنی دادەنێت و دەبێتە بەرپرسیان، کە زیاتر لەگەڵ سیاسەتی ئێران گونجا بووە. هەر ئەمەش لەگەڵ ناڕەزایەتی رۆژهەڵاتییەکانی ناو کەتیبەکانی کوردستان بەرەوڕوو دەبێت. ئەم ناڕەزایەتییە بە جیابوونەوەی رۆژهەڵاتییەکان کۆتایی دێت. ئەوان دیسان گرووپی “تەوحید و جیهاد” دادەمەزرێن.

بەگوتەی ئەبوزەکەریا، چونکە ئەندامانی کەتیبەکانی کوردستان زۆر بوون، بەربەست و چاودێرییەکانی کەتیبەکانی کوردستانی قاعیدە، نەیانتوانیوە ئەندامەکانی دابمرکێنێتەوە.

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، گرووپی تەوحید و جیهاد لە ساڵەکانی 2009 و 2010دا کۆمەڵێک تیرۆر و هێرشی چەکداری ئەنجام دەدەن، یەکێک لەوانە کوشتنی مامۆستا بورهان رەبانی، کەسایەتی ئایینیی خەڵکی سنە یان مامۆستا مەلا محەممەد شێخولئیسلام، نوێنەری پارێزگای سنە لە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێراندا بوون. وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رۆژی 3-8- 2016 رایگەیاند: کردەوەکانی ئەوان بەگشتی کوژرانی 20 کەس و برینداربوونی 40 کەسی دیکەی لێکەوتووەتەوە.

سەرکوتی سەلەفییە جیهادییەکان

سەرەتای مانگی 5ـی ساڵی 2009 ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران سەردانی سنە دەکات و چەند رۆژێک لەوێ دەمێنێتەوە. ئەمە هاوکات دەبێت لەگەڵ چالاکییەکانی گرووپی تەوحید و جیهاد.

خامنەیی لەو سەردانەدا لە کۆبوونەوەیەکدا باسی لە سەلەفییەکان کردووە. دوای ئەمە دامەزراوە ئەمنییەکان لە سنە بە بەشداریی خامنەیی کۆبوونەوە دەکەن و بڕیار دەدەن بەرەنگاری سەلفییەکان ببنەوە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رۆژی 3ـی 5ـی 2016 لە راگەیێندراوێکدا گوتی: لە 21-4-2011 تاوەکوو کاتی راگەیێندراوەکە 102 کەس لە ئەندامانی گرووپی تەوحید و جیهاد دەستبەسەر و ژمارەیەکیشیان لە تێکهەڵچوونەکاندا کوژراون. دەستبەسەرکراوەکان بە سێدارە یان زیندان حوکم درابوون.

محەممەد جەواد مونتەزری، داواکاری گشتی ئەو کاتی ئێران سەرەتای مانگی هەشتی 2015 رایگەیاند: 20 کەسیان بە تۆمەتی کردەوەی تیرۆریستیی لەسێدارە داوە. کە بەشێکیان ئەندامانی گرووپی تەوحید و جیهاد بوون. گەرچی ئەوان تۆمەتەکانیان رەتکردەوە و بۆ نموونە گوتیان لەکاتی کوژرانی مامۆستا بورهان رەبانی، ئەوان لە زینداندا بوون.

ئەبوزەکەریا کۆمەڵێک فاکتەر باس دەکات کە کاریگەرییان لە برەوسەندنی بیری سەلەفییەت لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبووە.

یەکەم: سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەلەفییەتی جیهادی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی لە نەوەدەکانی سەدەم بیستەم

دووەم: دروستبوونی رێکخراوی قاعیدە، سێیەم دامەزرانی ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان، چوارەم دروستبوونی جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام و دامەزرانی ئیمارەتی بیارە لە دراوسێیەتی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنجەم هەڵاتنی ئەنسارەکان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان پاش شەڕی بەهاری 2003 و رووخانی ئیمارەتی بیارە، شەشەم پەرەسەندنی ئینتەرنێت، حەوتەم دامەزارنی لق و رێکخراوەکانی قاعیدە و ئەنسارولئیسلام لە رۆژهەڵات، نۆیەم سستبوونی چالاکی حیزبە عیلمانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک کۆمەڵە و دیموکرات.

چالاکی سەلەفییەکان لە مەریوان

دوای کاردانەوەی تووندی ئێران بە چالاکی سەلەفییە جیهادییەکان، ئەوانیش تاڕادەیەک شێوازی چالاکییان گۆڕیوە. بەڵام لە شارە جیاوازەکان ناوەناوە کاری جیاوازیان کردووە، وەک هێرش بۆ سەر جگەرەفرۆش، یان هۆڵی جوانکاری ژنان.

لە مەریوان سەلەفییەکان درەنگتر لە شارەکانی دیکە خۆیان دەرخست. موختار هوشمەند دەڵێ: تەسەوف لە مەریوان کۆسپێکی بەردەم سەلەفییەکان بووە.

مامۆستایەکی ئایینی لە مەریوان، کە لەبەر باری ئەمنی نایەوێ ناوی بڵاو بکرێتەوە، دەڵێ: سەلەفییەکان ئێستا لە مەریوان چوار مزگەوتیان هەیە کە ناوەندی کۆبوونەوەی سەلەفییەکانن، ئەوانیش مزگەوتی چوارباخ، مزگەوتی داسێران، بیلال حەبەشی و مزگەوتی نوورە.

مزگەوتی چوارباخ ناوەندی سەرەکی سەلەفییەکانە لە مەریوان، زۆربەی سەلەفییەکانیش، سەلەفی جیهادین. ئەو مزگەوتانەش دەچنەوە سەر مزگەوتەکانی گوندی کۆڵان لە نزیک مەریوان کە مەلا رەئوف مەلایەتی و شارۆچکەی جوجەسازی( هیجرەت) مەلا رەئووف مەلایەتی.

ئەو مامۆستایە دەڵێ: دوو مانگە مامۆستای مزگەوتی داسێران گۆڕاوە و مەلایەکی سەلەفییان داناوە، کە ناوی مەلا ساڵەحە، مزگەوتەکەش بووەتە پێگەیەکی سەلەفییەکان.

داسێران ئەو گەڕەکەیە کە شەڕەکانی چەند شەوی رابردووی لەنێوان سەلەفییەکان و خەڵکی ئاساییدا لێکەوتەوە. ئەم گەڕەکە گەڕەکێکی هەژارنشینی پەراوێز شارە و کۆنترین گەڕەکی شاری مەریوانە. ئەو مامۆستایە دەڵێ: سەلەفییەکان چالاکییەکانیان لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی وەک داسێران و چوارباخ چڕکردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، سەلەفییەکان هەڕەشیان کردووە، هەر شوێنێک فەسادی تێدا بێت، کۆی دەکەنەوە، بۆ نموونە هەڕەشەیان لە دینار فرۆشەکان کردووە کە بازاڕێکە لە دەروازەی شاری مەریوان بەرەو سنووری باشماخ و ئاڵوگۆڕی دراوی تێدا دەکرێت.

ئەو مامۆستا ئایینییە بە رووداوی راگەیاند: “حکومەت سەلەفییەکان دەگرێ، تووندیشە لەگەڵیان، بەڵام هاوکات دەرفەتیشیان پێدەدات، ئەمەش بۆ ئەوەیکە هەم ناکۆکیی لەنێو سوننەکاندا دروست بکات و هەمیش سبەی رۆژێ بەناوی سەلەفیبوونەوە سوننەکان سانسۆر و سەرکوت بکات. لەلایەکی دیکەشەوە پێگەی حیزبە نەتەوەییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی پێ لاواز بکات، چونکە رەوتە ئیسلامییەکان زۆر دژی نەتەوەخوازیین”.

هەر رەوتێکی مەدەنی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ببێت، سەلەفییەکان ئیدانەی دەکەن، باوەڕیان پێیان نییە، بۆ نموونە کەیفیان بە ڤەژین نایە، کە ناوەندیکی فەرهەنگی و فێرکاریی زمانی کوردی و راهێنانە، یان دژی ئەنجوومەنی سەوزی چیان، کە رێکخراوەیەکی پاراستنی ژینگەیە.

یەکێک لەو مامۆستایانە دەڵێ: سەلەفییەکان لە مەریوان تاوەکو ئێستا رەوتێکی فیکری بوون، بەڵام ئێستا لەبەر سێ هۆکار بەرەو تووندوتیژی دەچن، یەکەم، دەستێوەردانی حکومەت، دووەم نەبوونی دیالۆگ و وتووێژ لەنێوان رەوتە ئیسلامییەکان کە هەردوو لایەن زۆر یەکتر تەکفیر دەکەن و سێیەم هەموو لایەنێک خۆی بە خاوەن حەقی رەها دەزانێت، ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەیکە تێگەیشتنیکی دروست لەنێوانیاندا دروست نەبێت.

ئەو هۆکارێکی برەوسەندنی زیاتری بیری سەلەفی بۆ مەریوان بۆ ناکۆکی لەنێوان مەلا و مامۆستا ئاینییەکان دەگەڕێنێتەوە کە بەسەر رەوتە ئیخوانی، وەهابی، تەسەوف (دەروێش و سۆفی) و سەلەفییەکاندا دابەشبوون.

سەلەفییەکانی ئێستای مەریوان دەچنەوە سەر داعش، واتە سەلەفی تەکفیرین. ئەمانەش خوێندنەوەی خۆیان بۆ فتوا ئایینییەکان هەیە و پێیانوایە لە هەر کوێ فەساد هەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ موفتی خۆیان دەتوانن تەکفیری بکەن.

سەرچاوە: رووداو دیجیتاڵ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی