"an independent online kurdish website

کاتێک قارنێ، قەڵاتان و سۆفیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە بەر پەلاماری هێزە دڕندەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، سیاسەتوانان و هاووڵاتیانی تورک، عەرەب و فارس دەنگیان لێوە نەهات.

ئەنفال، بەشێک لە هاووڵاتیانی باشووری کوردستان قڕ دەکات و هەڵەبجەیش لە سێدارە دەدرێت، بەڵام دەنگی ناڕەزایەتی لە تورکیا، ئێران و سووریا نەبیسترا. عەفرین، شنگال و باکووری کوردستانیش هەر بە دەردی پارچەکانی دیکە دەبرێن، دیسان دەنگی ناڕەزایەتی لە “هاوڕێیان”، “برایان” و “گەلان” هەر نەگەییشت!؟

بەڵام کاتێک ئیسرائیل و ڕێکخراوی تیرۆریستیی حەماس و جهادی ئیسلامی لێیان دەبێتە شەڕ، کورد بە سەر دوو بەرەدا دابەش دەبێت و لە چەند شاری هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان دژ بە ئیسرائیل وەڕێ دەخەن، ئەوەیش لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ڕێگە بە “برایانی سوننە”یان نادات لە تاران مزگەوتیان هەبێت، بەڵام ئیسلامییەکان، هەروەها بەشێک لە سیاسەتوانان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بیر لە مزگەوتی فەلەستینییەکان دەکەنەوە!؟

تەنانەت هەر ئەو ئیسلامییانەی کوردستان بۆ جارێکیش بوێری ئەوەیان نەبوو کە باس لە دڕندەییی کۆماری ئیسلامی دەرهەق بە کوردەکانی ڕۆژهەڵات یان بە زاراوەی خۆیان “برایانی مسوڵمانی خۆیان” بکەن!؟

ئەوەیش زۆر ڕوونە، کە بەرگریی ئەو خەڵکە لە فەلەستینییەکان پەیوەندی بە مرۆڤ و مافی مرۆڤەوە نییە، بەڵکوو گرێدراوی ئایدۆلۆژیا (هزری ئیسلامی و جۆرەکانی سەر بەو هزرە)وەیە، کە هەر خۆیشیان لە کردەوەدا پیشانیان داوە، هزرە ئیسلامییەکەیان سنووردارە و پەیوەندیی بە بەرژەوەندییی خۆیانەوە هەیە. پرسیارێکی زۆر سادە، ئێوە کە پێتان وایە ئیسرائیل زوڵم لە فەلەستینییەکان دەکات، ئایا کۆماری ئیسلامی زوڵم لە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (برای ئایینیی ئێوە)، ناکات؟

ئەگەر سەرکوتیان دەکات، بۆچی بە دژی کۆماری ئیسلامی لە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا دەنگ بە دژی کۆماری ئیسلامی هەڵنابڕن؟ زۆر ئاگادار بن، نیشانی پرسیارتان زۆر لەسەرە و، شک و گومانیش لەسەر ئێوە گەلێک زۆرە!

کۆماری ئیسلامی کە بەردەوام باس کە پرسی برایانی مسوڵمان دەکات و بەرگرییان لێ دەکات، تەنانەت داڵدەی گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستەکانیش دەدات، بەڵام چونکە کاری بە دەوڵەتی “چین”ە و بەرژەوەندییەکەی لەگەڵ ئەوان دابین دەبێت، لە بەرانبەر سەرکوت و زوڵمی دەوڵەتی چین دەرهەق بە ئیغوورەکان کە مسوڵمانن، تەواو بێدەنگە، واتە ئیسلامی ئازیز و بەرگرییەکەی لەوێدا بڕ ناکات، چونکە بەرژەوەندییەکەی وا دەخوازێت. ڕێک ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستانیش وەکوو کۆماری ئیسلامی بیر دەکەنەوە. بۆ فەلەستین دەنگیان نێرە، بەڵام لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا سڕ کراون یان سڕێندراون!؟

کەمێک ئارام ببنەوە و بیر لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە و، هەوڵ بدەن بەهێزی بکەن. پێشینانی ئێمە زۆر ئاقڵانە فەرموویانە: “ئەوەی بۆ ماڵ پێویست بێت، بۆ مزگەوت نابێت!”

هەر بەهێز و ڕاوەستاو بێت کوردســـــتان!

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی