"an independent online kurdish website

بەهاری ۱۳٦۸ کاتێک د .قاسملوو سەردانی مەڵبەندی شومالی کرد بە بیرمدا دەهات لەوانەیە خۆم ڕۆژێک شەهید بم بەڵام قەت بە بیرمدا نەدەهات د. قاسملوو شەهید بێت .

لە نیوەی دووهەمی مانگی پووشپەڕ بە قاچاخە ڕێدا بە هێزێکی نێزیک بە سەد کەسی لە بێشێ مقەڕی زستانەی مەڵبەندی شومال وکۆمیتەشارستانی شنۆش بە هێزێکی ٥۰ کەسییەوە لە مام خەتیب لەگەڵ ئەوەی ڕێگاکە دژوار و دەبا بە چەند مەیدانی مین دا تێپەڕین و و دوو لایەنی شەڕی ئێران و عێراقیش لە سنوورەکاندا هێزێکی زۆریان لە بەرانبەریەکتر داهەبوو لەو کاتەش دا عێراق ڕێگای بە چوونەوەی هێزەکانی ئێمە نەدەدا لە هەڵگوردەوە بەرەو سپی ڕێز و…. بەرەو ناوچە ۆەڕێ کەوتین.

مەڵبەندی شومال مانگێک پێشتر ٥۰ کادر وپێشمەرگەمان ناردبوونەوە، کومیتەی شارستانی شنۆش دەستەیەکی ۳۰ کەسیان لە ناوچەدابوون ، هەرچی بێ هەر دوو هێز بە پێ و هەر یەکەمان بەهەڵگرتنی کۆڵە پشتێکی پڕ لە خواردن بۆ ماوەی٥ ڕۆژ لە گەڵ ڕەخت و خەشابی پڕ لە فیشەک و ۲۰۰ فیشەکی زیادیش لە کۆڵەپشتییەکانمانداکەکۆڵەکەی بە تەواوی قورس کردبووین.بەدڵێکی خۆشەوە ملی ڕێگامان گرتبوو تا پاش ٥ ڕۆژ لە ڕۆژی ۲۲ ی پوشپەڕگەیشتینەکویستانەکانی مەرگەوەڕ “شابتان”.

بەیانی ئەو ڕۆژە دوو تیمی هاوبەشی هێزی ئاگری و هێزی کێلە شین لە شەڕێکی ئازایانەدا گروپێکی زەربەتی ڕێژیم کە بۆ ڕاوڕوت و ئەزیەت وئازاری کوێستانچییەکان هاتبونە ئەو کویستانانە وەبەر پەلاماردا و لە ئاکامدا فەرماندەی گروپەکە کوژراو ۱٥ کەسەکەی دیکەیان بە دیل گیران.

کاتژمێر ۱۰ی بەیانی بوو، بێسیمچییەکانمان چوونە سەر خەت و لە لایەن دەفتەری سیاسییەوە ئاگادار کراین کە د.قاسملوو کەوتوتە بەر پەلاماری تێروریستی و بریندارە ، لەو پەیامەدا هاتبوو خۆڕاگربین و چاوەڕوانی هەواڵی دواتر بکەین. ئێمەش چەند بەرپرسێکی شومال و شنۆ بڕیارمان دا هەواڵەکەجارێ بە پێشمەرگەکان ڕانەگەیەنین و هەر لەوێ بڕیارمان دا۱٥ ئەسیرەکە کە ۱۲ کەسیان کورد و۳ کەسیان تورک بوون و هەموویان سەرباز بوون ئازاد بکەین، ترسی ئەوەمان هەبوو لە ئەگەری بیستنی هەواڵەکە لە دژکردەوەی پێشمەرگەکاندا ئەو سەربازانە کە هەموویان بە زۆرەملی چەکدار کرا بون و کوڕی خەڵکی هەژاری ناوچەکە بون بکوژرێن .کاتژمێر نێزیک ۱۲ ی نیوەڕۆ بوو کە هەمویانمان ئازاد کردن.

کاتژمێر یەک و نیوی دوانێوەڕۆ ڕادێۆ ئاڵمانمان گرتبوو کە باسی تێرۆرەکەی کرد و ئیتر دڵنیا بوینەوە کە دەفتەر ویستوویەتی زەمینە سازی لە نێو هێزەکانیدا بکات و دواتر ئەسڵی هەواڵەکە ڕابگەیەنێت.

کەم کەم هەۆاڵەکە لە نێو پێشمەرگەکاندا بڵاو بویەوە و هەموو چاوەڕێی هەواڵی کۆتایی دەفتەر یا ڕادیۆدەنگی کوردستان بوین ،خەم و پەژارە هەمومانی داگرتبوو کە دیدبانەکانمان هەواڵی هێرشی ڕێژیمیان پێ ڕاگەیاندین ، دەس بەجێ دەستەکان بۆ خاڵە دیاریکراوەکان بەڕێکران و کاتژمێر ۳ی ئێوارە شەڕ دەستی پێکرد و لە ئاکامداچەند کەسێک لە هێزەکانی ڕێژیم کوژران و ۲ سەربازی دیکەش بەدیل گیران ،بەهۆی هەڵەی دوو دەستە لە پێشمەرگەکانمان و لێکدانیان بە داخەوە پێشمەرگەی ئازا و بەورە “جەمشید بەدەلی” لەو شەڕەداشەهید بوو.ڕۆحی شاد بێت.

پێش لەوەی هێزەکەمان کۆ بکەینەوە و بەرەو بناری داڵانپەڕ کە مەقسەدی دواییمان بوو وەڕێ کەوین جەنازەکەی شەهید جەمشیدمان بەشەهیدلوقمان مهفەڕ و نایب مشایخی و چەند کادر و پێشمەرگەیەکدا بەرە و بنلیسان بناری داڵانپەڕ بەڕێکرد .

ئێوارە کە هێزەکەمان کۆ کردەوە و تا ئەوکات ورەمان بە پێشمەرگەکان دەدا ، ملی ڕێگامان بەرەو بن لیسان گرتبووە بەر،کە ڕادێۆ دەنگی کوردستان بەمارشێکی خەم هێنەر کرایەوە و هەواڵەکەی ڕاگەیاند و ئیتر گریانی هەمووان ولەوانە خۆم کە زۆر هەوڵمدا بۆ ڕاگرتنی ورەی پێشمەرگەکان خۆڕاگرم ونەگریم ، ئاخر ئەوە کام دڵە ڕێبەرێکی وەک قاسملووی لێ شەهید کرابێ و بتوانێ خۆ ڕاگرێت ، مرۆڤ خۆ بەرد نییە ، هەست و سۆزی هەیە و…. لەم جۆرە کارەساتانەدا تەنیاگریانە بڕێک هێورت دەکاتەوە، منیش مرۆڤم و هەستم هەیە بەڕاستی خۆم پێ ڕانەگیرا و گریام و بە دڵ گریام بۆ لە دەستچوونی ڕێبەرێکی بێ هاوتا و زانا.

هەر چۆنێک بوو ملی ڕێگامان گرتە بەر و بەرەو ئامانجی دیاریکراو وەڕێکەوتین و ڕۆژی دواتر جارێکی دیکە ڕێژیم هێرشی کردە سەرمان و پێی وابوو بە تێرۆر کرانی د.قاسملوو پێشمەرگەکان ورەیان بەرداوە و ئەو دەتوانێ زەربەیەکی کاریمان لێبدات ، هەرچەند کەوتبوینە گەمارۆی دوژمن و لەو ڕۆژەشدا من و چەند کەسێکی دیکە بریندار بوین، چەند ڕۆژ ڕێگامان بڕیبوو  ماندو و برسی بوین بەڵام بەو حاڵەشەوە جارێکی دیکە بە کوشتنی ژمارەیەکی دیکە لەجاش و بەکرێگیراوەکان ڕێژیممان تێک شکاندوسەری شۆڕی بەردایەوە پاشەکشەمان پێکرد..

هەر ئەو ئێوارەیە کۆبوونەوەیەکم بۆ پێشمەرگەکان گرت و لەسەرئەو کارەساتە قسەم بۆ کردن وێڕای سەرەخۆشیم لێیان و دڵدانەوەیان داوام لێکردن خۆ ڕاگربن و ئەگەر د. قاسملومان خۆش ئەوێ ئەبێ ڕێگاکەی بگرین و تۆڵەی لە دوژمن بکەینەوە . لە ڕاستیدا ئەم کۆبوونەوەیە پەیمان نوێکردنەوەش بولە گەڵ گیانی پاکی شەهیدی ڕێبەر د.قاسملووی نەمر کە لەو دا ڕامگەیاند دەبێ بێ ترس و دوو دڵی درێژە بە ڕێبازەکەی بدەین و دوژمنی پیلانگێڕ لە ئاست پیلانەکانیدا نا ئومید و داماو بکەین.

زۆربەی قسەکانی خۆم لەو کۆبونەوەیە لە بیرە ،بۆ ئەوەی بابەتەکە درێژ نەبێتەوە لە نوسینیان خۆم دەبوێرم.

لەو ساڵەدا بە حزوری بەردەوام لە قوڵایی ناوچەکانی ورمێ و سەڵماس و هەروەها بەڕێوە بردنی چەندین چالاکی بەهێز دەرسێکمان بە دوژمن دا کەتا هەتایە لە بیری نەچێتەو

سڵاو لەهێزی دوژمن بەزێنی ئاگری کە لەو هەلومەرجەدا،خۆڕاگرانە نیشانی دا ئەگەر چی دوژمن توانێویەتی بەجەستە قاسملوومان لێ بستێنێ بەڵام قەت نەیتوانیوە و ناتوانێ بیرو ڕێبازی قاسملوو و ئامۆژگارییەکانی لە دڵ و دەرونی کادر و پێشمەرگە و خەڵکی خەباتگێڕی کوردستاندا بسڕێتەوە.

سڵاو لە ڕۆحی، گەورە ڕێبەری مێژووی کورد قاسملووی نەمر

یادی هەرمان

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی